بۆ 9 نیسان لە هیواوە بوو بەتراجیدیا؟
Sunday, 09/04/2017, 7:21
2003-4-9 رووداوێكی مێژوویی مەزن بوو بە رووخانی رژێمی ڕەگەزپەرستی بەعس كە سەددام نوێنەرایەتی ئەكرد لەهەمان كاتدا هەلێكی مێژوویی بوو بۆ گەلانی عێراق كە لە سەر بنەمای سروشتی نەتەوەیی، جوگرافی و مێژوویی بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندی هاوبەش و ژیانى ئاشتیانە نەخشەى ژیان و داهاتووی خۆیان بكێشن كە ئەشیا، ئەكرا و ئاسان بوو كە:
١- كورد هەموو ناوچەدابڕاوەكان وهەموو ئەم شوێنانە كە بە بەڵگەی مێژویی كوردستانین، بخاتەوە سەرهەرێم و دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەنێ، كە لەو كاتەداهیچ دامەزراوەیەكی عێراق بوونى نەمابوو كە بەرگری بكات وەك ئیستا، بەڵام نەبوونى ئامانجى سیاسی و نیشتیمانی و نەتەویی و نەبوونی سەر بەخۆیی لە بڕیاری سیاسی و هەست نەكردن بە ژیان و بەرژەوەندی و داهاتووی گەل و وڵات ئەمڕۆى پڕلە تراجیدیا دروست بوو بۆ خەڵك لەگەڵ میلشیاى (مێلتی ملیاردەرى) بێ شەرم و شووم، قەشمەر، سەرگەردان، بێ فكر و گالتەجاری دنیا، لە كاتى ئیستادا گالتەجاری بابەتی ئاڵا و دەوڵەت بوون، كە ورینەى ئەكەن دوافریو و گالتەكردنە بەخۆیان ئەمجار بەخەڵك.
٢- دوای 9-4-2003 دەوڵەتی تازەى عێراق بە هاوكارى سەرەكى میشلشیاى كوردى لەبرى پارە و هەندێ پۆست و ئیمتیازی پووچ (مزیف) دامەزرایە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تازەى عێراق كە هەموویان پاشخانی میلشیاییان هەیە و هەر یەكە هاوساری لە دەست وڵاتێکدایە، کە هەتا دوای بوون بەناو دەوڵەتداریش نەک هەر نەیان توانی خۆیان لە میلشیایی بوون و گرێدراوی بە وڵاتانی دەرەوە رزگار بکەن بەڵکو دەسەڵاتیان وەک هەلێ/فرسەتێک بەکار هێنا بۆ تاڵانی و گەندەڵی کە هەموو بواریکی ژیانیان بۆ خەلک کردۆتە دۆزەخ بە جۆری ئیستا خەڵک بە سۆزەوە هیوای ئەخوازێ بۆ رۆژانی دیکتاتۆریەتی سەددام.
بەردەوامى دەسەڵاتى میلشیا لەگەڵ بەردەوامی داڕمانى ژێرخانی كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، بەها نیشتیمانى و ئینسانیەكان بەدەستى میلشیاكان و ویرانبوونى فیكری و فەرهەنگ خەڵكى بێ هیوا كرد، كە ئەمەش بێگوومان دەرگاى هەموو ئەگەرێكى ترسناك بە رووی خەڵک و وڵاتدا كردۆتەوە مەگەر تەنها موعجیزەیەك لە بەختی خەڵکی بێبەخت رەوش بەجۆرێ تر بگۆردرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست