ئەگەر ڕووەو حكومەتی ھەرێم چەك ھەڵگرم
Saturday, 08/04/2017, 22:05
ڕەنگە چەك ھەڵگرم، ھەر ئەو چەكە ھەڵگرم كەبەرامبەر حكومەتی عێراق ھەڵگیرا، چونكە بەھەموو پێوەرەكان حەقم ھەیە ڕووەو ئەم حكومڕانیە خۆماڵیە چەك ھەڵگرم و بەزەبری ھێزی چەك مافەكانم وەدەست بێنم، ئەو مافانەی كە پێشتر لەپێناویدا چەكم ڕووەو ڕژێمی عێڕاق ھەڵگرت و ئێستاش بەھەمان شێوەی ڕژێمی بەعسی عێراقی لەژێر سایەی ڕژێمێكی تاقی نەكراوە لەھەموو دونیا كەبەچەك ھەڵگرتنی من و ھاوخەباتەكانم بناغەكەی دانرا مافەكانم زەوت كراون و داھاتووی نیشتمانم خراوەتە ھەمان ئەو سەبەتە زبڵاویە كەڕژێمی عێڕاق تێی فڕێدابوو.
ئەوەی سەرەوە گوتەی چەك ھەڵگرێكی خەباتی شاخە...
لەماوەی ڕابردوو لەژێر ناوی جودا شۆڕش كراوەو قوربانی زۆر دراوە، گرینگترینیان شۆڕشی نوێ و ئەیلول، كەبەرامبەر حكومەتی عێڕاق چەك ھەڵگیرا لەپێناو وەدی ھێنانەوەی مافە زەوت كراوەكان، تا لەئەنجامی بەردەوامی چەك ھەڵگرتن ڕاپەڕینی بەھاری ٩١ی لێكەوتەوەو ئازادی بەدواھات، بەڵام تەنھا دوای دوو ساڵ ئەم نیشتمانە ئازادكراوە كەوتەوە بەرشاڵاوی داگیركاری ھێزە چەكدارە كوردیەكان، دوو ھێزی چەكدار ئەم نیشتمانە بچوكەیان كرد بەدوولەت و ھەریەكە لەبەشەكەی خۆی ناشیرنترین شێوەی حوكمیان تێدا دامەزراند كەتاكو ئێستا ڕۆژبەڕۆژ ناشیرنترو نابوتتر دەبێت.
لەم ماویەشەدا ھەرێم ڕووبەڕووبووەوە لەگەڵ چەكدارانی تیرۆرستانی داعش دیسان خەڵكی چەكدار كرایەوە بۆ بەرگریكردن، ھەژارانی ئەم نیشتمانە ھەزاران قوربانیاندا كەچی سەرانی دەستەڵاتدارێتی ھەرێم ھاوبەندیان لەگەڵ تیرۆرستان لێ ئاشكرا دەبێت.
لەم ھەرێمە ئازادكراوە سەرانی دەستەڵات گوزەرانی خەڵكیان قوڕسكردووەو خۆشیان شاھانە دەژین.
پەروەردەیان سەقەت كرد خۆشیان لەدەرەوەی وڵات دەخوێنن.
تەندروستیان وێرانكرد خۆشیان لەدەرەوە چارەسەر وەردەگرن.
كشتوكاڵیان لەناوبرد خۆشیان لەدەرەوە خواردنی تایبەت دەھێنن.
گەل منەتبارو چاولەدەستكراو خۆشیان بوون بەسەردار.
كۆشك وتەلاریان بونیاتناو بازاڕیان خستە بن دەست، سامانی گشتیان دزی، گەلیش كرا بەكرێچی و ئاوارە.
ئاخر خۆ ئەوە نەبوو كەخەڵكی بۆی ڕاپەڕی و قوربانی بۆدا...!
ڕژێمی عێڕاق زیندەباچاڵ و ئەنفال و زیندان و تەعزیب و ڕاگواستن و تاكڕەوی و خۆسەپاندنی كرد، كەچی ئەوانیش ھەمان شتیان دوپاتكردەوە.
یەكێتی لەزۆنێك و پارتی لەزۆنێكیتر، ھەرچی دژ بەمافە گشتیەكانە ئەنجامیاندا.
لەشەڕی نێوخۆیی و ئێستاش (ون بوو) ھەیە.
زیندانی حزب ھەیەو تەعزیب لەسەر ئەوانەیە كەدژایەتی حوكمی فاشی ئەوانە دەكەن.
ڕاگواستن ھەیە لەپێناو زیادبوونی دەنگی حزب لەوشارەی مەبەستیانە.
تاكڕەوی ٢٥ ساڵە بەردەوام نوێ بوونەوەو فۆڕمی تازە وەردەگرێت.
دوو حزب و لەناویشیاندا دوو بنەماڵە خۆیان سەپاندووە بەسەر سیاسەت وئیدارەو ژیان وگوزەران وكارو بازاڕدا.
ئەم دوو حزبە چەكدارە خۆ ئەگەر چەكی كیمیاویان ھەبوایە بێ شك بەرامبەر یەكترو ھاوڵاتیان بەكاریان دەھێنا، چونكە ھیچ كردارێكی بەعسی فاشی نەماوە دووبارەی نەكەنەوە.
لەڕێگەی گوتارو پەروەردەی حزب و سانسۆڕی ھێزی چەكداری حزبەوە سەركردەو بنەماڵەی حوكمگێڕیان بەموقەددەس ناساندووە، كۆمەڵێك لەخەڵكی كوردستان ناچاركراون پەرستشێكی شێوە ئایینی بكەن بۆ ئەم دوو بنەماڵەیە.
چی گۆڕا دوای ڕاپەڕین؟
ئێمە كەشایەت حاڵی ھەردوو زەمەنین زەروور نیە بڕوا بەگێڕانەوەكان بكەین، زەروورتر ئەوەیە نەھێڵین ئەو مێژووە ئەوان بینووسنەوە، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ نەخەڵەتێ بەدرۆ و دەلەسەی نووسراوەكانیان.
چی گۆڕا؟
لە ڕژێمی بەعس بەڕژێمی پارتی ویەكێتی زیاتر ھیچیتر نەگۆڕا، تەنھا بەردەوامی دان گۆڕا، لەھێواشیەوە بەرەو خێرا.
ڕژێمی عێڕاق ھێواش ھێواش زوڵمی دەكرد، بەڵام ڕژێمی خۆماڵی خێرا خێرا زوڵم دەكات و قۆناغ دوای قۆناغ شێوەی نوێ لەزوڵم دەگرێتەبەر.
لەدوای ٢٠٠٩ەوە بەكرداری ڕكابەری مەدەنی ھاتە وجوود، بەناوی گۆڕان.
ئایا چیان گۆڕی؟
ئەوەی گۆڕا تەنھا دزین و زوڵم و كردەوەی تیرۆری حزبی و تاڵانی نەوت وسەروەتی خەڵك لەقۆناغی نھێنیەوە گۆڕا بۆ ئاشكرا.
بۆیە نەگۆڕا چونكە بەرژەوەندیە ناشەرعیەكانی ئەم جووت حزبە لەق دەبوو، كەبەدرێژایی دروست بوونیان كاری بۆدەكەم.
بەرلە گۆڕان یەكێتی وپارتی لەچرپەی پێی ھەرناڕازیەك ترسیان ھەبوو، نەوەك نھێنیەكان ئاشكراببن، وایان دەزانی بەئاشكرابوونی كردەوە بەعس ئاساكانیان كۆمەڵی ناڕازی ھەڵوێستی توند وەردەگرن، بەڵام دوای ئاشكرابوونی ھەموو شتێ بینیان كەس بەھێزی چەك و كردەوەی توندڕەوی ڕووبەڕوویان ناوەستێ ئیتر باكیان نەماو بەبێ ترس و بەئاشكرا ھەرچی ویستبێتیان كردوویانەو دەیكەن، ئەوان كە خاوەن ھێزی میلیشیایین بۆیە تەنھا لەھێزی میلیشیایی دەسڵەمێنەوە، لەمەدەنیەت و حیواری سیاسی نەتێدەگەن نە حسابیشی بۆدەكەن.
بۆیە ڕەنگە چەك ھەڵگرم، چەك ڕووەو ئەو چەكدارانە ھەڵگرم كەدرۆیان لەگەڵ ھەموو میللەتی كورد كرد، خەڵكی كوردیان بۆ دژایەتی زاڵم و ڕزگاری مەزڵوم چەكداركرد كەچی خۆیان لەم ھەرێمە دوابەدوای ڕژێمی بەعس ڕێژەی مەزڵومانیان زێدەتر كرد.
حەقم ھەیە چەك ھەڵگرم، خۆ زاڵم لەسەری نەنوسراوە كە دەبێ تورك یان عەڕەب و فارس بێت، بەڵكو حكومەتی كوردیش زاڵم و تاڵانكارو چەتەی سەروەتی خەڵكە، ئینجا زاڵمی خۆماڵیش ھەزارھێندەی بێگانەكان خراپترە، چونكە ھەم فێڵی كردووەو ھەمیش زوڵم.
كێ دەڵێ خیانەتی كرد گەر چەك ھەڵگرم؟
ھەرئەو زالمەی كەبەردەوامیدا بەكردەوەی زاڵمەكەی پێش خۆی پێم دەڵێ; خیانەت لەنیشتمان و نەتەوە دەكات، خۆ ڕژێمی بەعسیش بەوانەی لەشاخ خەباتیان دەكرد دەیگوت; تێكدەرو ڕێگر.
كێ دەڵێ لادەرەو جێبەجێكاری ئەجێندای دوژمنانە گەر چەك ھەڵگرم؟
ھەرئەوانە وام پێدەڵێن كە لەشاخ ولەشار كلكی بێگانەو گۆچانی دەستیان و گوێ لەمستی دوژمنن، خۆ ڕژێمی بەعسیش ئەوانی بە بەكرێگیراوی وڵاتان دەدایە قەڵەم.
گەرچەك ھەڵگرم ڕووەو حكومەتی سیاسەت داسەپاو لەوكاتانە زیاتر حەقم ھەیە كە ڕووەو ڕژێمی عێڕاق ھەڵدەگیرا، چونكە حوكمی ئێستا خۆماڵیەو ھاوخوێنی كوردایەتی من و غەدر لێكراوانن.
مەدەنیەتمان ھەڵبژارد، بەڵام ھیچ نەگۆڕا، بۆیە گەر وابڕوات چەك ھەڵدەگرم، چونكە ئەوان تەنھا لەم زمانە تێدەگەن كەخۆیان بەكاری دەھێنن، ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمیشە سەرانی ئەم دوو حزبە خۆ سەپێنەن چونكە ھەموو ئەوشتانە لەدەست دەدەن كەبەناشەرعی بەدەستیان ھێناوە، ھەرچی منم ھیچ شتێ لەدەست نادەم، بەڵكو سەروەری تۆمار دەكەم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست