بۆچى یەكێتى ماوە، تا نەخشە ڕێگاى هەبىَ؟
Thursday, 06/04/2017, 20:01
كاتێك پەڕلەمانى كوردستان دەستى برد بۆ پرسى هەموار كردنەوەى یاساى سەرۆكایەتى هەرێم و كۆتایی هاتنى ویلایەتى سەرۆكى هەرێم لەبەر ئەوەى لەبەرژەوەندى پارتى نەبوو قیامەت هەستا . پارتى پەڕلەمانى ئیفلیج كرد و ڕێگاى نەدا سەرۆكى پەڕلەمان بچێتەوە هەولێر و وەزیرەكانى گۆڕانیشى دوور خستەوە .
یەكێتى و پارتى و یەكگرتوى ئیسلامى و كۆمەلَى ئیسلامى بە یەكەوە خاوەنى پڕۆژەیەكى هاوبەش بوون بۆ چۆنیەتى هەموار كردنەوەى یاساى سەرۆكایەتى هەرێم و چارەسەرى كۆتایی هاتنى ویلایەتى سەرۆكى هەرێم . گۆڕان و كۆمەلَى ئیسلامى تا ئێستا خاوەن هەلَوێستى نەگۆڕى خۆیانن و پا بەندن بە جێبەجێكردنى ناوەرۆكى پرۆِژەكەیانەوە .
بەڵام سیاسەتى یەكێتى و یەكگرتوى ئیسلامى وەكو یارى پەیژەو مار وایە جارێك لە بانەو جارێك لە خوار . مەسعود بەرزانى بۆ كات بەڕێكردن و سەر قالَكردنى ئەو چوار حیزبە ناوە ناوە تۆپێك دەخاتە گۆڕەپانى ئەو چوار حیزبەوەو داواى دۆزینەوەى چارەسەرێك دەكات بۆ ئەو قەیرانە سیاسیەى لە هەرێمى كوردستان دروست بوەو دوا تۆپى كە خستویەتییە گۆڕەپانى ئەو حیزبانەوە ماوەیەكى زۆرنییە . لە ڕاستیدا قەیرانە سیاسیەكە پارتى بەدەستى ئەنقەست دروستى كردوەو ئەگەر بیەوێت كەسى ناوێت و خۆى چارەسەرى دەكات بەڵام لە ڕاستیدا نەك نایەوێت چارەسرى بكات ، بەلَكو بەربەستیش دروست دەكات بۆ ئەوەى بە چارەسەرنەكراوى وەكو ئێستا بمێنێتەوە چونكە ئەم بارودۆخەى ئێستا لەبەرژەوەندى پارتێدایە .. یەكێتى كە خاوەنى پێگەیەكى بەهێزەو دەتوانێت ڕۆلَى یەكلاكەرەوە ببینێت و پارتى ناچار بكات گوىَ بۆ لایەنەكانى تر بگرێت . بەڵام لە ئێستادا یەكێتى ڕۆلَى ناوبژیوان دەبینێت لە نێوان گۆڕان و پارتیدا . ئەمەى یەكێتى ئەیكات ماناى وایە هەمواركردنەوەى یاساى سەرۆكایەتى هەرێم و كێشەى كۆتایی هاتنى ویلایەتى سەرۆكى هەرێم تەنها پەیوەندى بە گۆڕانەوە هەبێت و ئەوە گۆڕانە لەگەلَ پارتى ڕێك ناكەوێت و كێشەى ئەوانى تر نییە .
ئەگەر یەكێتى بەڕاستى بیەوێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت ، دەبێ بێ پەردە دەست بخاتە سەر برینەكەو بە پارتى بلَێت ئەو قەیرانەى دروست بوە بە هۆى دكتۆر یوسفەوە نییەو ئەو كارێكى نایاسایی نەكردوە ، بەلَكو هۆكارەكەى دەگەڕێتەوە بۆ خودى مەسعود بارزانى كە ماوەى یاسایی دەسەڵاتەكەى تەواو بوەو بەردەوامە لە پۆستەكەیدا .
ئەگەر ئەو كاتەى پارتى پەڕلەمانى ئیفلیج كردوو وەزیرەكانى گۆڕانى دوور خستنەوە ، یەكێتى لە حكومەت بكشایەوە ئەو قەیرانەى ئێستا هەیە ، زوو چارەسەر دەكراو پارتى نەیدەتوانى بە ئارەزوى خۆى دست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت . ئێستاش ئەگەر یەكێتى ئەیەوێت ئەم قەیرانە سیاسیە چارەسەر بكرێت هەر بەو شێوەیە دەبێت كە لەسەرەوە باسمكرد .خۆخەریك كردن بە ئامادەكردنى پڕۆژەو نەخشە ڕێگاوە تەنها كات بەڕێكردن و خۆخەلَەتاندن و بەرامبەر خەلَەتاندنەو ئەوەش لەبێتوانایی و بىَ ئیرادەیی و بیدەسەڵاتییەوە سەرچاوە دەگرێت . خۆ ئەگەر یەكێتى ئەو ئازایەتیەى نییە لەبەر هەر هۆكارێك بێت ، ڕێگاى دووەم دەبێ بەرەیەكى بەهێز پێك بهێنێت لەگەلَ لایەنەكانى تر بۆ ئەوەى تەرازوى هێز یەكسان ببێتەوە یان لە یەكەوە نزیك بن . بەڵام یەكێتى ئەمەشى نەكردوەو ئیرادەشى نییە بیكات . كاتێك گۆڕان و یەكێتى ڕێكەوتنیان ئیمزاكرد ، ئومێدێكى گەورە دروست بوو لەناو جەماوەردا . بەڵام دروستبونى كێشە لەناو یەكێتیداو دابەشبونیان بەسەر دووبەرەدا ئەو ئومێدەى لەباربرد .
ئێستا لەناو یەكێتیدا ناوەندى بڕیار نەماوە ، فرە كوێخاییە ،كەس خۆى بە بچوكتر نازانێت لەوی تر ، كەس ناتوانێت پرسینەوە لەكەس بكات . كێشەكانى نێوان ئەندامانى مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى نە لەسەر بەرژەوەندى خەلَكى كوردستانەو نە لەسەر بەرژەوەندى یەكێتى و ئەندامەكانیەتى ، بەلَكو لەسەر بەرژەوەندى خۆیانە . لەسەر ئەوەیە بەشى تۆ زۆرەو بەشى من كەمە . لەسەر ئەوەیە ڕازى نابم لەمن زیاتر وەرگریت .
لەبەر ئەوەى لە ئێستادا یەكێتى چاو سوركەرەوەیەكى نیە ئەوانەشى بەرژەوەندییان هەیە ژمارەیان زۆرە و كەسیشیان دەست بەردارى ئەو دەسكەوتانە نابن كە بۆیان ڕەخساوە ، بۆیە زۆر زەحمەتە یەكێتى بتوانێت بچێتەوە دۆخى جاران و كێشە ناخۆیەكان چارەسەر بكەن . بە گشتى ئەو هێزە چەكدارەى لە هەرێمى كوردستان هەیە ، هێزێكى یەكگرتوى حكومى نییە ، بەلَكو مێلیشیاى حیزبیەو كەس نییە نكولَى لەوە بكات .
لە ئێستادا هێزەكەى یەكێتیش هێزێكى یەكگرتو نییەو دابەش بوە بۆ میلیشیاى بچوك بچوك و زۆرن ئەوانەى خاوەنى هێزى تایبەت بە خۆیانن و ئەوەتا كێشەكانى ناو یەكێتى گەیشتۆتە ئاستى هەڕەشە لە یەكترى كردن و بەكار هێنانى چەك . یەكێتى نەخشە ڕێگایەكى ئامادەكردوە بۆ چۆنیەتى چارەسەرى كێشەكان . ئەگەر بە وردى بیخوێنیتەوە ئەوە لە نەخەخشە ڕێگاى حیزبێك ناچێت ئەوەندەى لە دەركردنى بەیانێك دەچێت و ناوەرۆكى ئەو نەخشە ڕێگایە هیچ شتێكى تازەى تێدا نییەو ئەوەى نوسراوە قسە و داواكارى هەموو خەلَكى كوردستانەو بەشێك لەو داواكاریانەى لەو نەخشە ڕێگایەدا نوسراوە پەیوەندى بە خودى یەكێتى خۆیەوە هەیەو و ئەگەر ئیرادەیان هەیە با سەرەتا لە خۆیانەوە دەست پێ بكەن و دواى ئەوە داوا لە پارتى و لایەنەكانى تر بكەن .
بۆنمونە : نەخشە ڕێگاكەى یەكێتى لە 8 بەش پێك هاتوە . لە بەشى حەوتەمین و لە بڕگەى 12 هاتوە : پێكهێنانى حكومەتە خۆجێكان بە پێی ئەنجامەكانی هەلَبژاردن . داوایەكى زۆر بە جێیە . ئەم داوایە بەرەو ڕوى پارتى دەكرێتەوە . پارتى لە هەولێر خاوەن دەسەڵاتەو ئەو كارەى نەكردوەو ناشی كات .
بەلَى ئەوەتا لە سلێمانیش كە گۆڕان حیزبى یەكەمە ئەو كارەتان نەكردوە. چەند پۆستێكتان داوە بە گۆڕان و هەموو ڕۆژێك خەرێكى موئامەرەن لێیان و دەتانەوى َ كێشەیان بۆ دروست بكەن . ئەوەندە دەسەڵاتتان هەیە ئاوا هەلَس و كەوت دەكەن . كەواتە ئەم نەخشە ڕێگایەى ئێوە چ مانایەكى هەیە . بەڕاست لە سنورى یەكێتى نەوت بە قاچاخ نابرێت ئاوا داواى شەفافیەت دەكەن ؟.
لە كۆى حەوت زانكۆى سنورى سلێمانى گۆڕان پۆستى سەرۆكى زانكۆیەكى نییە . مامۆستاى زانكۆى واهەیە سەرەواوێكى لە مێشكانییەو ماستەر و دكتۆراكەى لە مەلزەمەیەكى 10 پەڕِەییدا وەرگرتوەو ئەوەشیان بۆ نوسیوەتەوە . دەكرێتە عەمید و معاون پڕۆفیسۆر هەیە سەر بە گۆڕانە نایكەنە عەمید. عەلى تالَەبانى عەمیدى 3 كولیجە . كۆلیجى پەروەردەى بنەڕەتى و وەرزش و دانەیەكى تر . ئەرى بەڕاست ئەمە فەیلەسوفەو زانكۆ پیاوى تێدا نەماوە و كەسێك 3 پۆستى بدرێتى و خەلَكى تر هیچ . زۆر نمونەو شتى سەیرو سەمەرە هەیە و هەندێكیان شایانى باسكردن نین . ئایا بەم عەقلَیەتەوە نەخشە ڕێگا ئامادە دەكەن و دەتانەوێت چارەسەرى كێشكان بكرێت .
لێرەدا پرسیار ئەمەیە : نەخشە ڕێگا ئەدەنە دەست كىَ بۆ چارەسەر كردنى كێشەكان ؟. ئەوەى بارودۆخى هەرێمى كوردستانى گەیاندۆتە ئەم ئاستە یەكیتى و پارتییە نەك لایەنەكانى تر . پارتى هیچ حسابێك بۆ یەكێتى ناكات و یەكێتیش تۆلَەى خۆى لە گۆڕان و لایەنەكانى تر دەكاتەوە .
من لێرەدا ڕاشكاوانەو بێ پەردە دەلَێم: ئەرى بەڕاست یەكێتى ماوە تا نەخشە ڕێگاى هەبىَ بۆ چارەسەر كردنى كێشەكان ؟. لە وەڵاما دەلَێم تەنها وەك ناو ماوەو رۆِژ لە دواى ڕۆژیش بارو دۆخى ناوخۆى یەكێتى بەرەو خرابتر دەڕوات و هیچ ئیرادەیەكیشیان نامێنێت نەك بۆچارەسەركردنى كێشەكانى هەرێمى كوردستان بەلَكو ناتوانن كێشە ناوخۆیەكانى خۆشیان چارەسەر بكەن ، بۆ ڕاستى قسەكانم سەرنجى ئەم خاڵانەى خوارەوە بدەن :
1- ئەم حیزبە ناوەندى بڕیارى نەماوە . سەركردەكانى ئەم حیزبە هەر یەكەیان بە دواى بەرژەوەندى خۆیەتى و كەسیشیان دەست بەردارى دەسكەوتەكانى نابێت . تێكچونى بارودۆخى ناو یەكێتى لەسەر دەسكەوت و سامانە. نەك لەسەر بەرژەوەندى خەلكى كوردستان و یەكێتى . لەسەر ئەوەیە چۆن ئەو سامانە لە نێوان خۆیاندا بەش بكەن . زۆرینەیان خاوەنى كارگەو كۆمپانیاو بیرەنەوت و كۆمپانیاى گواستنەوەى نەوت و مامەلەى نەوت بە قاچاخ و قۆرخ كردنى بازاڕن. كەسێك بە پاتەى لاستێكەوە گەڕابێتەوە كوردستان و ئێستا خاوەنى ملیۆنان دۆلار بێت چاوەڕوانى ئەوەى لێدەكرێت چاكشازى بكات و سزاى گەندەلَ كاران بدات واتە ( خۆى ئیعدام بكات )؟. گومانى تێدا نییە ئەوە مەحالَە . سەیركەن لەسەر گۆڕێنى بەرپرسى ئاسایشى گەرمیان و قایمقامى سەید سادق چ ڕویدا ؟. گەیشتە ئاستى هەڕەش لە یەكترى وبەكار هێنانى هێز . ئەوەتا بە ئاشكرا عەتا سەراوى لەسەر گوڕینى قایمقامى سەید سادق هەڕەشە دەكات .
لە ئەنجامى ئەمەدا ئەوەتا بەرپرسە باڵاكانى ناو یەكێتى كەوتونە شەڕە دەنوك و قسەو قسەلَۆك تۆمەتباركردنى یەكترى بە خیانەت و گەندەلَى . مەلابەختیار قسە لەسەر دكتۆر نەجمەدین و بەهرۆز گەلَى دەكات و ئەوانیش وەڵامى دەدەنەوە . هەندێك لە ئەندامانى سەركردایەتى داوا دەكەن مەلابەختیار لەپۆستى لێپرسراوى دەستەى كارگێرى مەكتەبى سیاسى دوور بخرێتەوەو بەسەرچاوەى كێشكانى ناو یەكێتى ناو دەبەن .
ئەگەر سەیر بكەى لە كۆبونەوەكانى مەكتەبى سیاسیدا جارێك مەلابەختیار خیش دەكات و ئامادە نابێت و جارێك دكتۆر بەرهەم و جارێكى تر كەسێكى تر ناچێت . ئاخر ئەمە حالَى سەركردەهەرە باڵاكانى ئەم حیزبە بێت ، دەبێ چ ئیرادەیەك هەبێت بۆ چارەسەرى كێشەكان ؟.
2- یەكێتى شەرەفى دەست پێكردنەوەى شۆڕشى نوێی گەلەكەمانى هەیەو خاوەنى دەریایەك لە خوێنى شەهیدانە . دەبوو لە ئێستادا حیزب و دەسەڵاتى یەكەم بوایە لە هەرێمى كوردستان ، بەڵام لە ئێستادا خاوەنى ئەو دەڤەرەش نەماوە كە لێی لە دایك بوە . پارتى هاتوە هێزێكى 500 كەسى بۆ كەسێك دروست دەكات بە ناوى حیزبێكەوە لەناو دلَى یەكێتیدا. دەولَەتى ئێران مەشق و ڕاهێنان بەو هێزە دەكات . ئەمە لێكدانەوەى زۆرى پێویستە. یەكەم ماناى ئەوەیە چیتر ئێران ئومێدى بە یەكێتى نەماوە . پارتى پەیوەندى باشى لەگەلَ توركیا هەیەو ئەوە ئێرانى نیگەران كردبوو . بەڵام عاقڵانە پارتى دلَى ئێرانى دایەوەو ئەوەتا پێگەى ئێرانى لەو دەڤەرە بەهێزكرد .
دووەم : پارتى یەكێتى تاقى كردەوەو چاوەڕوانى ئەوە نەبوە یەكێتى بەوە ڕازى بێت . لە ڕاستیدا یەكێتى نەدەبوو بە هیچ شێوەیەك بە دامەزراندنى ئەو هێزە ڕازی بێت چونكە ئەوە پێگەو مەكانەتى یەكێتى زۆر لاواز كرد و سوكایەتیشە بە یەكێتى .
با یەكێتى بیر لەوەش بكاتەوە لەم دەڤەرەدا هێزى چەكدارى كوردى ئێرانى لێیە و لە ئایندەدا عاقیبەتى ئەم كارە خێرى پێوە نابێت . یەكێتى ئەمە لە پارتى قبولَ بكات ، نابىَ چاوەڕوانى ئەوە لە پارتى بكات گوىَ بە نەخشە ڕێگاى یەكێتى بدات . پارتى تەنها یەك ڕێكەوتنى دەوێت لەگەلَ لایەنەكانى تر كە بە ویستى ئەو بێت .
3- پارتى ژیرانە لە ڕێگاى دكتۆر نەجمەدینەوە بە بەردێك چەندین نیشانى شكاند و خۆى كردە خاوەنى كەركوك كە لەسەر یەكێتى مالَ بوو . هەر كاتێك پارتى بزانێت بە گەڕانەوەى كەركوك بۆسەر هەرێمى كوردستان تەرەزوى هێز بە قازانجى یەكێتى ئەگۆڕێت ، مەسعود بارزانى بە هەر دە پەنجەكەى ئیمزا بۆ حكومەتى بەغدا دەكات كە كەركوك فڕى بەسەر كورستانەوە نییە و شارێكى عەرەبییە.
ئەگەر مەسعود بارزانى بەڕاستى ئەیەویست كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان ، لە برى ئەوەى ئێستا موزایەدە بە هەلَكردنى ئاڵاى كوردستانەوە بكات و كێشەو بەلبەلە دروست بكات و مەشاعیرى خەلَكى بجولَێنێت ، با ئەو داهاتى نەوتى كەركوكەى بە ملیارەها دۆلار دەخەملَێنرێت لە برى ئەوەى بۆ خۆى بەرێت بۆ شارى كەركوكى خەرج بكردایەو ئاوەدانى بكردایەوەو كێشەى بێكارى و بێكارەبایی چارەسەر بكردایە و ڕێزى توركمان و عەرەبیان بگرتایە و لە دام و دەزگاكانى حكومەتدا ڕۆلیان پێبدرایا ، ئێستا هەر خۆیان داوایین دەكرد كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان و پێویستى بە موزایەدە نەبوو .
گومانى تێدا نییە جەنابى دكتۆر نەجمەدینیش تۆمەتبارە بەگەندەلَى و تا دوێنى داواى فیدڕالَى بۆ پارێزگاى كەركوك دەكرد و ئەویش بۆ شاردنەوەى گەندەلَیەكانى بە فیتى پارتى مەسەلەى بەرزكردنەوەى ئاڵایان هێنایە پێشەوەو ئەوەتا خەلَكیان پێوە سەرقالَ كردوە . ئێمە كەسمان دژى گەڕانەوەى كەركوك بۆسەر هەرێمى كوردستان نین .بەڵام بەم شێوازە كەركوك ناگەڕێتەوەو چیتر بازرگانى بە كەركوكەوە مەكەن .
یەكێتى بەم كارە هەلَنەساوەو بە ناچارى دواى هەلَڵاى مەسعود بارزانى و دكتۆر نەجمەدین كەوتوە. سەعدى ئەحمەد پیرە دەلَێت : هەلَكردنى ئاڵاى كوردستان حەقى خۆمانە بەڵام كاتى نەبوو . باشە دكتۆر نەجمەدین كە خۆى ئەم كارەى كردوە ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكێتى نییە كاك سەعدى ئەم قسەیە دەكات و وا پێدەچێت كەسیان ئاگایان لەكەس نەبێت و ئەوە دكتۆریش خواعافوى كردو چوە ڕیزى ئازاد جوندیانەوە . خواسەبورى دلَى یەكێتییەكان بدات و ئەمە دواكۆستیانبێت . من خەمى نەخشە ڕێگاكەى یەكێتیمە دەبىَ ئەو قوربەسەرە چى بەسەر بێت . كار ئاوا بڕوات بەزیندویی دەچێتە قەبرەوە . 4- كاتێك عیماد ئەحمەد جێگرى سەرۆكى حكومەتەكەى پارتى بوو لێیان دەپرسى ئاگادارى پرۆسەى نەوت و غازى و ئەویش بە بەلَێ وەڵامى دەدایەوە . بە هەمان شێوەش ئێستا كە قوباد تالَەبانى لە شوێنەكەى عیماد ئەحمەدە ئەویش هەمان شێوەى ئەو قسە دەكات و گوایە ئاگاى لە هەموو شتێكە . بەڵام ئەوەى سەیرە ئەوەیە لە نەخشە ڕێگاكەى یەكێتى بەشى پێنجەم لە بڕگەى 5 هاتوە گرێبەستە نەوتییەكانى نەوت و گاز بە پێی پێوەرە نێودەولَەتییەكان بن .
باشە كە نوێنەرەكانى یەكێتى لە حكومەتدان و دەلَێن ئاگامان لە هەموو شتێكە چ پێویست دەكات ئەمە بنوسن ؟. یان ئاگاتان لە هیچ نییەو پێتان عەیبە بلَێن ئێمە شەریكى دەسەڵات نین و نوێنەرەكانى ئێمە لە حكومەت فەرمانبەرن و شوێنمان بۆ دۆزیونەوە بۆ ئەوەى موچەى باش وەرگرن و ئێمە دەستمان بەكڵاوى خۆمانەوە گرتوە با نەیبات و تكایە وازمان لێبێنن و ئێمە ڕازین و خەلَكى بۆچى وازمان لێ نایەنێت.
ئەگەر ئێوە هیچ پرسیكتان پێ كرابێت لە بوارى نەوت و گازدا پارتى لە ئەلقوش 176 ملیۆن دۆلار خەرج دەكات بۆ لێدانى بیرێكى نەوت چونكە سنوورى خۆیەتى . بەڵام لە چەمچەمالَ غازەكە خۆى دێتە دەرەوەو ڕێگا بە دانا غاز نادەن بەرهەمى بهێنێت . ئەوەندەتان پێ دەلَێم ئەوە سوكایەتیكردن نییە بە خەباتى پێشمەرگەكانى یەكێتى و خوێنى شەهیدەكانى كە ئەو نەنگییە قبولَ بكەن و لە حكومەتێكى ئاوادا بمێننەوە ؟.
خۆ ئەو سوكایەتییەى بە یەكێتى دەكرێت لە لایەن پارتییەوە هەر ئەوە نییە كە لەسەرەوە باسم كردون و سەیرى ئەمەى خوارەوە بكەن و ئەو كات بزانن یەكێتى چۆن لە ناو حكومەتەكەى پارتیدا مامەلەى لەگەلَدا دەكرێت. لە هەفتە نامەى ئاژانس ژمارە 33 لاپەڕە 3 هاتوە ( وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندنى حكومەتەكەى مەسعود بارزانى 9 سالَە خزمەتگوزارى ئینتەرنێتى بۆ یەكە ئیداریەكانى پارێزگاى هەولێر و دهۆك بە بڕى 6 ملیۆن دۆلار بۆ هەر سالَێك دابین كردووە . بەڵام یەكە ئیداریەكانى پارێزگاى هەلَەبجەو سلێمانى بێبەشكردوە . كۆى پارەكە لە ماوەى 9 سالَدا دەكاتە 54 ملیۆن دۆلار .
زۆریش قسە لەسەر نەسریەى پارێزگاكان شارەوانیەكان كراوە . پارێزگاى سلێمانى نەسریەكەى بەردەستیان 12 ملیۆن دینارە ناكاتە نەسریەى شارەوانى قەزایەكى دەڤەرى پارتى . بەڕێزینە خەلَكى بەشەرەفى كوردستان قبولَ كردنى ئەم سوكایەتییە بە دەڤەرى سەوز لە سایەى بەرپرسەكانى یەكێتییەوە چیمان پێ دەلَێت ؟.
ئاخر عیماد ئەحمەد و قوباد تالَەبانى ئاگایان لە مە نەبێت ، پێتان وایە ئاگایان لە دۆسیەى نەوتە ؟. ئاخر تاوان نییە ئەم جۆرە كەسانە ببنە نوێنەرى كەس و كارى هەزاران شەهید و ئەمانە ببنە ملیۆنێرلەسەر ماندوبون و خوێنى شەهیدان . یەكێتى ئامادەبێت ئەم هەموو سوكایەتیانە لە پارتى قبولَ بكات و چاوەڕوانیش لەپارتى دەكەن وەڵامى نەخشە ڕێگاكەیان بدەنەوە ؟.
با هەموو لایەك باش بزانن ئەوەى بەرپرسانى یەكێتى لە نەخشە ڕێگاكدا نوسیویانە بۆ ِرازیكردنى ئەم و ئەوەو نە هیچیان پێیەو نە هیچیان پێ دەكرێت ئەوەى بەلاى ئەوانەوە گرنگە ئەوەیە ئەم بارودۆخە بەردەوامبێت و دەسكەوتەكانیان مسوەگەر بێت .
لە ڕاستیدا كۆى بۆچونەكانى بەرپرسانى یەكێتى لەمەدا خۆى دەبینێتەوە كە دەچنە لاى پارتى و قسە دەكەن . پۆستى سەرۆكى هەرێم لە برى پۆستى سەرۆك كۆمارە ئەوە وەكو خۆى دەمێنێتەوە . پۆستى سەرۆكى حكومەتیش بە پێی بەركەوتەى هەلَبژاردن بۆ پارتى خۆیەتى . كەواتە كێشەكە پۆستى سەرۆكى پەڕلەمانەو گۆڕان عینادى دەكات و دۆخەكى خراپ كردوە . یەكێتى و یەكگرتو زۆر جار منەت بەسەر گۆڕاندا دەكەن و گوایە پارتى پۆستى سەرۆكى پەڕلەمان و وەزیرەكانى گۆڕانى پێداوین و وەرمان نەگرتوە . تكایە شەرم مەكەن و تازوە وەریبگرن خۆ ئێوە لە مێژە خاوەنى هەلَویست نین و خۆتان كردوە بە كۆیلەى پارتى .
لە كۆتاییدا دەمەوێت بە هاوڵاتیانى بەڕێز خۆشەویست بلَێم : حیزبێت بەم شێوەیە كار بكات و ئەو هەموو سوكایەتییە قبولَ بكات و نەتوانێت خۆى سەربەخۆ پۆلیسێك دامەزرێنێت و بەرامبەرەكەى لە دژى ئەو و لەناو دلَى ئەودا هێزێكى 500 كەسى لەسەر بودجەى هەرێمى كوردستان بۆ كەسێك دامەزرێنێت و نقەشى لێوە نەیەت ، دەتوانێت نەخشە ڕێگاى وادانێت كە كێشەكانى هەرێمى كوردستان چارەەسۆر بكات ؟. خۆتان وەڵام بدەنەوە .
بەڵام من خۆم ئەم پرسیارە دەكەم یەكێتى ماوە تا نەخشە ڕێگاى هەبَى؟.
پەیوەندى گۆر ِان و یەكیتى لەم دۆخەدا بەكوىَ دەگات ؟.
یەكێتى نیشتمانى نە ئەو پێگەیەى ماوە كە بەتەنها بتوانێت هیچ گۆڕانكارییەك لەم بارو دۆخە چەق بەستوەدا بكات و نە ئامادەشە لە حكومەت بكشێتەوەو نە ئامادەشە و نە ئیرادەشى هەیە كە ڕێكەوتنەكەیان لەگەلَ گۆڕان ڕاستگۆیانە بەرەو پێشەوە بەرن . چۆن پارتى لایەنەكانى مەشغول كردوەو كات بەڕێدەكات ، یەكێتیش ئاوا لەگەل َگۆڕان دەكات و كات بەڕێ دەكات . گۆڕان حیزبى یەكەمە لەم دەڤەرەو سەیرى بەركەوتەكەى بكەن و ئەوكات لە ڕاستییەكان دەگەن . كاتى ئەوەیە بزوتنەوەى گۆڕان ئەم پرسە لەگەلَ َیەكێتى بە ڕاشكاوى یەكلا بكاتەوە و پێیان بگوترێت ئەگەر دەاتانەوێت لەگەلَ ئێمە بە باشى ڕێك كەون پەنجە بخەنە سەر برینەكان و خاوەنى ئیرادەى خۆتان بن و ئەگەر دەتانەوێت ڕاستگۆیانە دەست بەرن بۆ چاكسازى فەرمون یان لە حكومەت وەرنە دەرەوەو با ئێمە ببینە شەرێك و هەولَى ڕێكەوتنیش لەگەلَ لایەنەكانى تربدەین . یان بەڕاستى پێمان بلَێن ئێمە ئەوەمان پێناكرێت . پارتى سوكایەتى بە یەكێتى دەكات و قبولَى كردوە . یەكێتیش تۆلَەى خۆى لە ئێمە دەكاتەوەو سوكایەتى بە ئێمە دەكات و كاتى ئەوە هاتوە ئەوە قبولَ نەكەین .
ئێمە ئەگەر لە حكومەتى هەریمیش و خۆجێكانیش بكشێینەوە ، هیچمان نییە لەدەستى بدەین و چیتریش گۆڕانخوازەكان سوكایەتى قبولَ ناكەن . دلَنیاتان دەكەمەوە یەكێتى بەم پێكهاتەى ئێستاى نەك هیچ ڕۆلَێكى دەبێت لە چارەسەرى كێشەكانى هەرێمى كوردستان ، چارەسەرى كێشەكانى ناوخۆشى پێناكرێت . بۆیە كاتى ئەوە هاتوە گۆڕان بڕیارى خۆى بدات و چاوەڕوانى دەستى دەستى ئەم ئەو نەكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست