دەنـگـی تــۆپ
Thursday, 06/04/2017, 19:46
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ ، گرمە گرمی گوللە تۆپەکانی سوپا سەرشۆرەکەی بەعس ، کە لە دوورەوە بە بەردەوامی ناوچەکانی بازیانیان دادەگرتەوە ، بە ئاسانیی دەگەیشتنە شاری سلێمانی ، خۆ هەر ئەوەندەی دەنگی تۆپەکان نزیکبوونەوە ، ئیتر بە تەواوی ترس و دڵەڕاوکێیان خستە دڵەوە و بە جارێک سلێمانییان خرۆشان. ئاخر خەڵکی ناهەقیان نەبوو ، چونکە هەر هەمان سوپا بوو چوار هەزار و پێنج سەد گوندیان لەگەڵ زەویدا تەختکرد ، سەدوهەشتاهەزار کوردی بێ گوناهیان بە زیندووی خستە ژێر لمە داخکراوەکەی باشورەوە ، هەر فرۆکەکانی ئەوانیش بوون لە تەنها چەند چرکەیەکدا و بە یەک گوژم پێنج هەزار گوڵە هەناری جوانی هەڵەبجەیان بە ژەهر هەڵوەراند . ترس لە جگەرگۆشەکانم کاریکی وایانکرد لە شار دەربچم و ڕووبکەمە شاخە سەرکەشەکان و چارەنووسێکی نادیار . لە ناو سەرچنارەوە ڕێگام گرتە بەر و لەسەر چوار ڕیانەکەی نزیک باڵەخانەکانی (پاک ستی) ئێستا ، مەجی وەکو شێرێک وەستابوو ، چەک و چەند ڕیزە فیشەکێکی بەرگریی لە باڵا بەرزەکەی خۆی بەستبوو ، خۆ کڵاشینکۆفەکەی دەستی ئەوەندە تازە تازە بوو ، لەوەنەدەچوو تەنها تاکە تەقەیەکی پێکرابێ ، هەر گەیشتمە نزیکی دەستی لیێ ڕاگرتم . کاتی وەستام هاتە نزیکم و بە ڕوویەکی گرژەوە وتی : ئەوە ئێوەش ئەم شار چۆڵدەکەن ؟ . ئەی باشە ئەگەر ئێوەمانان ، کە ڕۆڵەی ئەم شارەن پشتبکەنە داگیرکەر و بۆی دەربچن ، دەی باشە کیێ بەرگری لەم شارە قارەمانە بکات ؟ . وشەکانی وەک ساجێکی پڕ لە ژیلەمۆ ڕژانە ناخمەوە و تک تک ئارەقی شەرمەزاریان بە ڕووما هێنایە خوارەوە و هیچ وەڵامێکم بۆ قسە ڕاستەکانی نەبوو ، بۆیە نەمتوانی سەیری ناوچەوانی بکەم . ئەو هەستی بە ورە روخاوەکەی منکرد ، بۆیە وتی : بڕۆن دەی بڕۆن و وەک با بفڕن و خۆتان لەم شەرەفە گەورەیە بێ بەش بکەن ، بەڵام ئێمە لە جیاتی کەسانی وەک ئێوەش تا مردن بەرگری لەم شارە دەکەین و دەبێ داگیرکەر ، یان لە خوێنی خۆیدا بگەوزێ ، یان بەسەر لاشەی ئێمەدا بگاتە بەر دەمی دەرگای سەرا . وەی خوایە گیان وتەکانی چۆن بوون بە دەمە تەورێکی تیژ و بێ ڕەحمانە ڕۆحمی دەجنی و تک تک شەرمەزاریشی تێکەڵ بە هەموو دڵۆپە خوێنێکی ناو دەمارەکانم دەکرد . لەو کاتەدا بە دڵ حەزمدەکرد ببم بە دڵۆپێک ئاو و بە ناخی زەویدا ڕۆبچم ، بۆیە بە تەواوی دەمم چووە کلیلە و خۆم لە وتەکانی نەبانکرد و بە شەرمێکی زۆرەوە لەسەر ڕۆیشتن بەردەوام بووم و لە ناخیشەوە داوام لە خوای گەورە دەکرد مەجی و هاوڕێکانی بپارێزێت . کاتێک گەیشتینە نزیک یەکەم بازگەی دەرچوون لە شار ، دیمەنێکم بینی ، کە ناتوانم گوزارشتی لێ بکەم . بە سەدان ئوتومبیل بە درێژایی کیلۆمەترێک رێچکەیان بەستبوو و لە شوێنی خۆیان بێ جووڵە وەستابوون . ئاپورەی خەڵکی لە ئەندازە بەدەر بوو ، بەجۆرێک دێو و درنجیشی لە خۆ دەپرینگانەوە .. لەو لاشەوە چەند پێشمەرگەیەک ڕێگایان بۆ لێپرسراوە ترسنۆکەکان واڵا دەکرد تا خۆیان و خاو و خێزانەکانیان پشتکەنە شار و وەک ڕەشەبا تیێ تەقێنن . ئەو لێپرسراوانەی بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان نەبەستبۆوە بە نیشتمانەوە و هەمیشە لە پڕیشکی ئاگرە سورە بە دوور بوون ، بە جۆرێک حەپەسام چاوم لەسەر ڕێچکەی ئوتومبێلەکانیان هەڵ نەدەگوازت و هەموو شەرمەزارییەکەشیان لە بیربردمەوە و زوو زووش لە دڵی خۆمدا دەمووت : خۆزگە مەجی لێرەدا بووایە و ئەو قسانەشی بەو لێپرسراوانە بووتایە .. پاش زیاتر لە دوو کاژمێر و کاتێک تارمایی لێپرسراوەکان بە تەواوی لە چاو ونبوون ، ئنجا ڕێگا کرایەوە و دەتووت ڕۆژی حەشرە و وردە وردە کەوتینە ریێ و لەبەر لێشاوی خەڵکی هەر چەند مەترێک بە سەعاتێک دبڕڕا . بۆ لای نیوەڕۆی ڕۆژی دوایی گەیشتینە نزیک عەربەت و سەرلەنوێ رێچکەی ئوتوومبێلەکان بە تەواوی وەستایەوە ، ئەوەندە وەستاین بە جارێک بێزار بووین و تاقەتمان نەما ، بۆیە لە ئوتومبێلەکەم دابەزیم تا بزانم هۆکاری وەستانمان دەبێ چیی بێ ، لە دوورەوە قەڵەباڵغییەکی زۆرم بینی ، کە بەری ڕێگاکەیان گرتبوو ، بەرەو ئەو شوێنە ڕۆیشتم ، ئەوەی بینیم دیمەنێکی زۆر چاوەڕوان نەکراو بوو ، دوو ئوتومبیل بەریەک کەوتبوون و خاو و خێزانی هەردوو لایان هاتبوونە خوارەوە و کەوتبوونە پەلاماری یەکتری . ئەوەی لە هەمووشی سەیرتر بوو دیمەنی مەجی بوو لە نێوان ئەو دوو خێزانەدا خۆی کردبوو بە ریش سپی هەمووان و ناوبژی دەکردن . دیمەنی مەجی وا کاسیکردم ئاسمانم لە بەرچاو تاریکبوو ، خۆم پرسیارم لە خۆم دەکرد ، دەی باشە مەجی چۆن چۆنی باڵی گرت و لە پێش مندا گەیشتۆتە ئەم شوێنە ؟ . ئەی ئەو بۆ قسەکانی خۆی نەبردە سەر و شارەکەی بە جێهێشت و ئەو هوموو ئارەقەشی بە من ڕشت . خۆم بۆ ڕانەگیرا و دڕم بە لێشاوی خەڵکەکەدا و نەوەستام تا گەیشتمە بەردەمی و و پرسیارم لێکرد : ئەرێ کاکە مەجی ئەوە چۆنبوو لە پێش مندا گەیشتیتە ئێرە؟ . ئەی بۆ خاوەنی قسەکانی خۆت نەبوویت و بەرگریت لە شارە قارەمانەکە نەکرد؟ .. ئەو بەبێ ئەوەی تەنها یەک تۆز شەرم بکات و باخەڵی وەک باخەڵی من پڕبێت لە پشکۆی شەرمەزاری ، بە سیلەی چاو سەیرێکی کردم و زۆر لەسەرخۆ وتی : کاکە گیان نە بە تەنها بەرگریی لە شار دەکرێ و نە بە کڵاشینکۆفیش بەر لە تۆپ و تانکی دوژمن دەگیریێ ! . بێگومان ڕاستیشی دەکرد ، چونکە بە چاوی خۆم ئەو سەرکردانەم بینی بوو ، کە سەدان کەسی وەک مەجییان بە تەنها بەجێهێشتبوو .
بە ئازا و ترسنۆکەوە ڕوومانکردە شاخ ، ئەو شاخانەی بە درێژایی مێژوو کوردیان لە وەیشوومە و نەمان پاراستووە ، بەڵام نەمانتوانیوە دەوڵەتێکی سەربەخۆیان لەسەر دروست بکەین . ئاخر دەوڵەت لە شار و گوندی ئاوەداندا دروستدەکرێت ، بەرگریکردنیش لە شار بیری ورد و سەرکردەی خۆڕاگری دڵسۆز و نان و ئاو و چەک و تفاقی تەواوی دەوێت .
ئەوەی شایانی باسە مێژووی شکستەکانمان بە بەردەوامی خۆیان دووبارە دەکەنەوە و هۆکارەکەشی سیاسەتی چەوتی لایەنەکان و سەرکردە خۆسەپێنەرەکانە ، جا زوو بێ یان درەنگ داگیرکەران هێرش دەکەنەوە سەر کۆمەڵگا پەرتوبڵاوە برسییە بێ بەرهەمەکەمان ، خۆ ئەگەر هەر تەنها بە تەمای کەسانی وەک مەجیش بین ، ئەوا ئەوانیش ئەمڕۆ شەکەت و برسیین و وەک جاران زۆر بە تەنگ نیشتمانەوە نیین و دەبێ خۆمان بۆ ڕەوێکی کە ئامادە بکەین ، کە زۆر لە ڕەوەکەی ڕابوردوو خراپتر بێ . جا تکایە تا کار لە کار نەترازاوە با بەخۆماندا بچینەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست