وێنە بەسەرچووەكانی بارزانی و تاڵەبانی
Monday, 03/04/2017, 18:33
ھەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی) بەجۆرێ ھیچ شەرعیەتێكی یاسایی و دەستوریان نەماوە، كەچی تاكو ئێستاش وێنەكانیان بەتاق ودیوارەكانی بەڕێوەبەرایەتیە حكومیەكانەوەیە.
ھەبوونی وێنەكانیان تەعبیر لەوە دەكەن كە ئەم دووانە سەرۆكی شەرعی كۆماری عێڕاق و ھەرێمی كوردستانن، كەچی لەبنەڕەتدا ئەم دووانە مافی ئەوەیان نەماوە وێنەكانیان ھەڵبواسرێن، چونكە ھەریەكە بەجۆرێ شەرعیەتی سەرۆكایەتیان لەدەستداوە.
جەلال تاڵەبانی بەھۆكاری ئەوەی كەنەخۆشەو توانای ئیدامەدانی نیە جێگرەی بۆ دانرا، مەسعود بارزانیش بەھۆی ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتی دوای جارێك درێژكردنەوە شەرعیەتی نەما.
ئەم دوو پارتە، كەدەستیان گرتووە بەسەر %٩٩ی ئیدارەو بارەگا ئیداریەكانی ئەم ھەرێمە تاكو ئێستاش وێنەی ئەم دووانەیان لەفەرمانگە حكومیەكان ھەڵواسیوە، سەرەڕای ئەوەی خەڵكی ھەرێم بەھۆی سیاسەتی پارتەكانی ئەم دووانەوە ئەم كارەساتانەیان بەسەردا ھاتووە; شەڕی نێوخۆیی، تیرۆری حزبی، تۆقاندن بەھۆی ھێزی چەكداری حزبی، دامەزراندنی بەكۆمەڵ لەسەربنەمای لایەنگری حزب، دوولەتكردنی باشوری كوردستان، ھاتنی سوپای بێگانە بۆسەر خاكی ھەرێم، بەتاڵانبردنی سەروەت وسامان، گەندەڵی ئیداری ودارایی، سیناریۆی قەیرانەكان، كۆچ وڕەو بەرەو تاڕاوگە....تاد. كەبوونەتە دیاردەو دووبارەدەبنەوە، حزبی حكومڕانیش شانازمەندە پێیەوە.
فۆاد مەعسوم جێگرەوەی تاڵەبانیە لەسەرۆكایەتی كۆماری عێڕاق، بەپێی ئەو ئیستحقاقەی كەیەكێتی نیشتمانی كوردستان وەری گرتووە، كەچی فواد مەعسوم تەنھا لەعێڕاق و ئەو باڵوێزخانەنانەی كەبەدەست حزبە عەڕەبیەكانەوەن سەرۆك كۆمارە، ئەگینا تائێستاش لەھەرێم ھەم بەوێنەو ھەمیش بەناوەڕۆك ھەر جەلال تاڵەبانیە، چونكە ماڵباتی تاڵەبانی بڕیاری تایبەت بەھەرێم دەردەكەن و فواد مەعسوم لەھەیكەلێك زیاتر بەھیچیتر ھەژماری ناكەن.
لەمانگی یەكی ئەمساڵ لەئەنكەڕە سەردانی باڵوێزخانەنانەی عێڕاقم كرد، وێنەی فواد مەعسومم بەدیوارەكانەوە بینی، پرسیم كێ سەرۆك كۆماری عێڕاقی فیدراڵە؟ كارمەندێكی عەڕەبی شیعە لەئۆفیسی پێشوازی وڵامی دایەوە، گوتی; سید د. فواد مەعسوم.
كە گەڕامەوە بەھۆی ئیشەكەمەوە چوومە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم، وێنەی بارزانی و تاڵەبانیم بینی، پرسیم; كێ سەرۆك كۆماری عێڕاقی فیدڕاڵە؟
كارمەندێك گوتی; مام جەلال.
گوتم; ئەدی د. فواد مەعسوم كێیە؟
گوتی; نایناسم.
ئەوەیە گۆڕینی بنەڕەتی كلتوری گەل، ئەوەیە ڕاھێنانی خەڵك لەسەر بەپیرۆزكردنی تاكێكی قوتبی سوڵتە، ئەوەیە بێ بەھاكردنی نوێگەری.
خەڵكی ھەرێمی كوردستان وا ڕاھێنراوە، كەئەگەر ھەركەسێكیتر ببێتە سەرۆكی كۆمار یاخود سەرۆكی ھەرێم ھەر ئەم دوانە سەرۆكن و كەس ناتوانێ بەفعلی جێگایان بگرێتەوە.
یەكێكیتر لەو ئیدیعایانەی كەئەم دوو حزبە خەڵكیان پێ جۆشداوەو لەسەریان ڕاھێناون.
یەكێتی دەڵێت; دوای تاڵەبانی وڵات وێرانە.
پارتیش دەڵێت; كەس ناتوانێ جێگرەوەی بارزانی بێت.
كەچی بنەڕەتی گرفتەكانی ھەرێم سیاسەتی ئەم دوو پارتەیە كە ئەم دووانە قوتبی بڕیاربوون تێیدا.
وێنەكانی ئەم دوانە جگە لەفەرمانگە حكومیەكان، بەگەورەكراوی و بەدروشمی جۆراوجۆرەوە كە بۆخەڵەفاندنی خەڵك نووسراون لەگشت شارو شاۆچكەكاندا ھەن، لەبەرزەپردو فلەكەو ناوبازاڕو باڵەخانەی بەرزو قەڵاو منارەكانەوە ھەڵواسراون، ھەواداری ھەردوو حزبەكەش ئەم دووانە بەپیرۆز دەزانن چونكە واتێگەیەنراون كە ژین و مانیان بەندە بەھەبوونی ئەوان، كەئەگەر بارزانی و تاڵەبانی نەبوان و نەبن ژیان لەسەر خاكی ئەم ھەرێمە بەكۆتا دەگات.
ئەم تێڕوانینە بووە بەفەلسەفەو لەناو كۆمەڵگەدا چەسپاوە، ئەم فەلسەفەیەش لەلایەن ئەم دوو حزبەوە كاری جددی مێژوویی بۆكراوە، كەلەگەڵ ناسنامەی شۆڕشدا نازناوی پاڵەوان و بیرمەندی ھەمیشەیی بەم دوو جەمسەری حزبیەوە نووسێنراوە، بەمەش حزب لەقاڵبی مەدەنی وسیاسی و تەنانەت ڕێكخراوی چەكداریش دەرچووەو شێوەیەكی دینی وەرگرتووە، بارەگا حزبیەكان وەكو مەعبەدو ئەجێندای حزب وەكو كتێبی پەیڕەوی و سەرۆكی حزب وەكو مەعبودو كاربەدەستی حزبی وەكو نێردراوی مەعبودو ھەواداریش وەكو عابید شێوەبگرێت، چونكە لەم ھەرێمە بڕیاری ڕەت نەكراوە تەنھا بڕیاری ئەم دووانەبووە، ئێستاش بڕیاری خانەوادەكانیانە.
ئەم فكری پیرۆزكردنە لەمپەڕی گەورەی بەردەم بەرەوپێشچوونی كەلتوری كۆمەڵگەی ھەرێمی كوردستانە، خۆ ئەگەر سیاسەت و ویستی گۆڕەڕی بارودۆخ ھەنگاوەكانی چڕوپڕ نەكات بۆ گۆڕینی زھنی تاك وكۆمەڵی كۆمەڵگەی ھەرێمی كوردستان ئەوا خەبات لەپێناو گۆڕان قوڕستر دەبێت، چونكە تادێت فەلسەفەی پیرۆزكردنی حزب و سەرۆكی حزب ھەرگەشە دەكات.
لەماوەی ڕابردوودا ڕەخنەم لەسیاسەتی خودی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی گرت، بەسەرچاوەی سەرەكی گشت كێشەكان ناوم بردن، بەدزو گەندەڵ و درێژەپێدەری كردەوەو سیاسەتەكانی بەعسم دانان، دەلیل وبەڵگەی زۆریشم خستەڕوو، كەچی ڕۆژانە ھەڕەشەی جۆراوجۆرم لێدەكرا، گوایە من دەستم بردووە بۆ پیرۆزیەكان و سوكایەتیم بەشعوری ھەوادارانی حزب كردووە، لەئەساسیشدا ئەوەی سوكایەتی بەم كۆمەڵگەیە كردووە پیرۆزكراوەكانن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست