تا بارزانی و تاڵەبانیەكان ھەبن گلەیی لەئەردۆگان مەكەن
Saturday, 01/04/2017, 1:42
ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركوك كاردانەوەی زۆری بەدوادا ھات، ھەم لەناوخۆو ھەمیش لەوڵاتانی ھەرێمی.
لەیەكەم كاردانەوە، توركیا دژایەتی خۆی دەربڕی.
توركیا مافی خۆیەتی دژایەتی دەربڕێ، چونكە ئەو وڵاتە بەدرێژایی مێژوو دژی ھەڵكردنی ئاڵای كوردان بووە، بەوپێیەی دوژمنی دۆزی ڕەوای كوردانە، بەڵام لەناوخۆودا دوژمنی ڕاستەوخۆی دۆزی كورد و ئاڵاكەی خودی سەركردایەتی سیاسی كوردە، ئەم حەقیقەتە ناكرێ بزر ببێت.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی MHP دەڵێت; ئاڵای كوردستان لەپەڕۆیەكی پیس زیاتر نیە.
ئەمە قسەی سەرۆكی پارتێكی نەتەوە پەرستی توركە.
چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت; ھەڵكردنی ئەم ئاڵایە دژی ژیانی پێكەوەیی گەلانی كەركوكە.
ئەمانە وایان گوت، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد لەدوای ڕاپەڕینەوە بەكردەیی دژایەتی ئاڵای كوردستانیان كردووەو دژی پێكەوە خۆش ژینی كوردانە، چونكە سێبەری ئاڵای وڵات لەبنەڕەتدا دەبێت ئارامی بێت بۆگەلان نەوەكو نەھامەتی، كە لە ٢٦ ساڵی ڕابردوودا لەسێ پارێزگای ژێردەستەڵاتی ئیدارەی كورداندا لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایە تەنھا دزی و تاڵان و گەندەڵی و لەیەكترازانی كۆمەڵایەتی بەرھەمھاتووە.
لەم سۆنگەوە بێ شك وگومان لەكەركوكیش ھەمان نەھج و بەرنامەیان دەبێت، لەبەرئەوەی بەرلەھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركوك زەمینەی یەكھەڵوێستی نەسازاوەو تەنانەت مەرجەعی بڕیاری یاسایی كوردستان كە(پەرلەمان)ە ئیفلیجكراوەو توانای یەك تاكەبڕیاری نیە لەپرسێكی بچوكیشدا نەك لەپرسێكی وەھا گرنگ و چارەنووس سازدا.
بەتێڕامانێكی خێرا لەكردەو سیاسەتی پارتە دەستەڵاتدارەكانی ھەرێم دەتوانین بڵێین; ھەڵكردنی ئاڵا نەك لەكەركوك لەتەواوی باشوری كوردستان تەنھا لەپێناو موزایەدەو فێڵ وتەڵەكابازی بووە لەخەڵكی كوردستان.
چونكە سوڵەتەی كوردی لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا ئەمانەی خوارەوەی بەبەردەوامی و بەچڕی ئەنجامداوە، تیرۆر و ڕفاندن و زیندانی لەدەرەوەی یاسا، عەقدی نەوت لەتاریكایی، سەپاندنی ھێزی چەك، داسەپاوی بەكورسی حوكم، پێشێلی مافی مرۆڤ و سوكایەتی بەدیموكراسی، جینۆسایدی عەقڵ ومەنتق و متمانە، ئەنفالكردنی ئینتمای نیشتمانی، سنور داخستن بەسەر خەڵكیدا، شەڕی گەرم وساردی نێوخۆیی، مۆنۆپۆلكردنی ئابوری و وەبەرھێنان، بەكارھێنانی قوت ومەعیشەتی خەڵك لەململانێ سیاسیە نێوخۆیەكاندا، داگیركردنی زەویە بەپیت وبەرەكەتەكان و دەستگرتن بەسەر بازرگانی و بازاڕدا.
سەرەڕای بەكەم زانینی كەرتی پەروەردەو تەندروستی و كشتوكاڵ و گەشت وگوزار. چونكە ئیدارەبەدەستانی ھەریم بۆ تەندروستی و پەروەردەو گەشت وگوزار تەنانەت بەكارھێنانی بەرھەمی كشتوكاڵی دەگەڕێنەوە بۆ دەرەوەی ھەرێم.
جگە لەنێوخۆی ھەرێمدا، یەكێتی وپارتی بۆ ڕازی كردنی ئێران وتوران و بەجێگەیاندنی خواستەكانی ئەو دوو دەوڵەتە داگیركارە پارتە كوردیە ڕكابەرەكانی ئێرانیان سڕكردن و شەڕی چەكداریشیان لەگەڵ پەكەكە ھەڵگیرساند، كەشەڕی پارتی-پەكەكە بەوەكالەتی توركیا تائەم ساتەش دەوامی ھەیە.
توركیا چەندە دژی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستانە پارتە دەستەڵاتدارەكانی ھەرێم دەھێندە زیاترو بەكردەوە لەژێر ئەم ئاڵایەدا دژایەتیان كردووە، وەك چۆن دەوڵەتی تورك و پارتە توركەكان بەسوك لەم ئاڵایەیان ڕوانیوە ئەوانیش بەھەمانشێوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەمێستاشدا لەسەر ھەمان سیاسەت و كردەوە بەردەوامن، بەخەڵەتاندنی گەلی كورد كە گوایە توركیا پشتیوانی مافی چارەنووسی كوردانی باشور دەكات.
سەرەڕای ئەوەش لەژێرسێبەری ئەم ئاڵایەدا لەباكوری كوردستان دژایەتی پارتە كوردیەكان دەكرێت و پاڵپشتی ماددی ھەردوو پارتی AKP و MHP دەكرێت.
ئاڵای نیشتمانی كوردانی باشور لای تاكی كورد پیرۆزە وەك پیرۆزی ھەر ئاڵایەك لای ئەو نیشتمانیانەی كەلەوڵاتەكانیاندا لەژێرسێبەری حوكمێكی سەلیم خۆشگوزەران دەژین، سەرەڕای ئەو ھەموو پێشێلكاریانەی كەدەستەڵاتی كوردی دەرحەق بەمافی خەڵك كردوویەتی و لەكردنی بەردەوامە. بەڵام سەرھەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری بەشێوەی شل وتوند حەتمیە لەبەرئەنجامی دەوامكردنی ئەم سیاسەت و كردە چەوتانەی كەحكومەتی كورد لەباشور لەژێر سێبەری ئاڵای كوردستان دەستی پێوە گرتوون.
كەركوك وەك چۆن لەژێر ھەژموونی ڕاستەوخۆی عێڕاق و ناڕاستەوخۆی ئێران وتوركیا ناسنامەی گوم بووە لەژێر ھەژموونی ئەجێندا خەڵەتێنەرەكەی پارتە دەستەڵاتدارەكانی ئیدارەی باشوریش گوم ناو بووە. چونكە ئەوان كەركوك تەنھا وەكو سامانەكەی تەماشا دەكەن بەبێ بیركردنەوە لەدانیشتوان و پێداویستیەكانیان.
بۆیە دەبێ بڵێم; كەركوك بەرلەوەی موحتاجی ئاڵابێت موحتاجی خزمەتە، موحتاجی بڕینی دەستی دزە خۆماڵیەكانە، موحتاجی حاكمێكی حەكیم و عادلە، موحتاجی سیاسەتێكی سەلیمە.
بە بیرخستنەوەی سیسەتەكانی حكومەتی ھەرێم لە٢٦ ساڵی ڕابردووداو تێڕامان لەئێستای كردەوەكانی بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە ئەو غەدرو زوڵمەی پارتە كوردیەكان لەگەلی كوردیان كردووە ھیچ دوژمنێكی كورد بەوڕاددەیە نەیكردووە. بۆیە غەدر دەكەین ئەگەر بڵێین دەوڵەتی تورك و ئەردۆگان دوژمنی ژیانی خۆش و سەربەستی كوردانن.
ئەوەی دوژمنی سەرسەختی ژینی پێكەوەو خۆشگوزەرانی و ھاوبەندی كۆمەڵگەی كوردین تەنھا حوكمگێڕە كوردەكانن.
ئەوەی دژایەتی; مافی ڕەوای گەلی كورد و مافی بەشداربوون لەداھات وسامانی نیشتمان و مافی ژیانی شەرەفمەندو سەربەستی و دیموكراسی و گشت مافەكانی تر دەكات دیسان تەنھا حوكمگێڕە كوردەكانن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست