دوو هەوالَى زۆر سەرنج ڕاكێش
Friday, 31/03/2017, 20:27
كاتى خۆى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە گەڕەكى بەكرەجۆى شارى سلێمانى لە نزیك زانكۆى ئەمەرێكى ژمارەیەك خانوى بۆ مامۆستایانى زانكۆ دروست كرد . لە ڕاستیدا دەبوو ئەو خانوانە بدرێنە مامۆستایانى كەم دەرامەت و بێ خانوو . واتە ئەو مامۆستایانەى تازە دادەمەزرێن و موچەكەیان زۆركەمە.
بەڵام كاتێك خانوەكان تەواو بون و كاتى دابەشكردنیان هات ، لە برى ئەوەى بە پێًی پێداویستى لەسەر بنەماى خالَبەندى دابەش بكرێن ، بەرپرسانى یەكێتى نیشتمانى كوردستان كە خۆیان بە خاوەنى هەموو شتێكى ئەم دەڤەرە دەزانن ، خانوەكانیان دابەشكرد بەسەر دۆست و ناسیاو خزم و ئەوانەى تەنها سەربە حیزبەكەى خۆیان بون . مامۆستاى وا هەبوە لە بەر ئەوەى خۆى خانوى هەبوە، بۆ ئەوەى خانوى زانكۆ وەرگرێت ، چوەخانوەكەى خۆى فرۆشتوە یان لەسەر كەسێكى تر تاپۆى كردوە .
پزیشكى واهەیە كە پڕۆفیسۆرەو نورینگەى باشى هەیەو موچەى بەرزیشى هەیە لەبەر ئەوەى لە كۆلیجى پزیشكى وانە دەلَێتەوە ، بەهۆى ئەوەى كەسێكى حیزبى ناسیوە خانوى زانكۆى وەرگرتوەو خۆشى خانوى هەیە . ئەمە لە كاتێكدایە مامۆستاى وا هەیە كە تازە دامەزراوەو سیستەمى پاشەكەوتى موچەش لە ئارادایە ئەو پارەیەى وەرى دەگرێت بەشى كرێی خانوەكەى ناكات نەك ژیانى . كورت و كرمانجى خانوەكانى زانكۆ بە پێی ویست و ئارەزوى بەرپرسانى حیزبى دابەشكراون و ڕەچاوى هیچ بنەمایەك نەكراوە . ئەوەى زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژەى بۆ بكەم ئەوەیە ئەم خانوانە خانوى حكومەتن و بە پێی یاسا نابنە مولَكى كەس. كاتێك ئەو كەسەى لە خانوەكەدایە خانە نشین كرا یان یاسا ڕێگاى پێنەدا زیاتر لەو خانوەدا بمێنێتەوە ، دەبێ خانوەكە بداتەوە بە حكومەت و دواى ئەوە دەدرێتە كەسێكى موستەحەق .
هەوالَە سەرنج ڕاكێشەكە لێرەدا ئەوەیە گوایە حكومەتى هەرێم بە نیازە ئەو خانوانە لەسەر ئەو كەسانە تاپۆ بكات كە خانوەكانیان وەرگرتوە . ئایا لەسەر ئەو كەسانەش تاپۆ دەكرێن كە كاتى خانە نشینییان هاتوە ؟.
هیوادارم سەر لەبەرى ئەم هەوالَە درۆبێت و دوور بێت لە ڕاستییەوە چونكە ئەگەر ئەمە ڕاست بێت ، جگە لەوەى كارێكى نایاساییە ، كارێكى زۆر قێزەونەو دوور دەبێت لە هەموو پڕەنسیپ و ئادابى كۆمەڵایەتى و عەدالەتى كۆمەڵایەتیشەوە .
هەوالَى دوەمیش هیچى كەمتر نییە لە هەوالَى یەكەم و ئەویش پەیوەندى بە بوارى زانكۆوە هەیە . وەكو ئەلَێن و باسى ئەكەن گوایە سەرۆكى ئێستاى زانكۆى سلێمانى لە پۆستەكەیدا نامێنێتەوە . هەرچەندە نازانم بە هۆى ئەوەیە خانە نشین دەكرێت یان هۆكارى ترى لە پشتەوەیە.
بەڵام دەنگۆى ئەوە هەیە ئەو كەسەى كە دەبێتە شوێنگرەوەى سەرۆكى ئێستاى زانكۆ كەسێكە بڕوانامەى دكتۆراكەى نادیارە ، ونە ، باوەڕ پێكراو نییە ، لەوانەیە ئەگەر هەشى بێت تەزویر بێت . جگە لە بابەتى بڕوانامەكەشى وەكو ئەلَێن ئەم پیاوەى ناوى بۆ ئەو پۆستە هێنراوە ڕابوردویەكى سیاسى تاریك و گوماناویشى هەبوە .
هەرچەندە تا ئێستا دیار نییە ئەو كەسەى ئەم گومانانەى لەسەرە بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكرێت و ئەوەى دەگوترێت هەرقسەیەو باشیش نییە وەكو كورد دەلَێت ( تفەنگ بە تاریكە شەوەوە بنێیت ) بەڵام ئەگەر ئەمە ڕاست بێت دەبێتە ژمارە هەشتى شتە عەجایبەكانى جیهان . وەكو ئەوەى لەم كوردستانەو لە نێوان سەدان كەسى خاوەن بڕوانامەدا كەسێكى بىَ بڕوانامەو گوماناوى بكەیتە سەرۆكى زانكۆى شارى سلێمانى كە بە پایتەختى ڕۆشنبیرى دەناسرێت . ئەگەر ئەم هەوالَە ببێتە ڕاستى سێو دوى لێناكەم پڕبەدەم هاوار دەكەم نەعلەت لەو شارەى ناوى پایتەختى رۆِشنبیرییەو سەرۆكى زانكۆكەى بڕوانامەى نییەو خاوەنى ڕابوردویەكى گوماناویشە .
شارێك ناوى پایتەختى ڕۆشنبیرى بێت و پیاوێكى خاوەن ڕەوشتى بەرز و نیشتمانپەروەر و ڕابوردو پاكى تێدا هەلَ نەكەوێت ببێتە سەرۆكى زانكۆكەى هەر بۆ وێران بون باشە . ئەگەر خەلَكەكەشى كەسێكى ڕابوردو گوماناوى قبولَ بكات ببێتە سەرۆكى زانكۆكەى ، بمرن باشترە لەو حالَەى هەیانە . لە هەموو ئەمانەش خرابتر ئەو كەسە كێیە ئەوەندە خاوەن دەسەڵاتە و بەزۆر كەسێكى ڕابوردو پیس و بێ بڕوانامە دەكاتە سەرۆكى زانكۆى ئەم شارە . بەڕاستى ئەم پیاوە واسیتەیەكى گەورەى هەیە.
26/3/2017
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست