بۆ ئەوەى ساڵی (75) ى تر دووبارە نەبێتەوە!
Friday, 31/03/2017, 18:55
بە پێى هەموو نەریتە باوە نێودەولَەتی و پرنسیپە مرۆڤایەتیەكان و جاڕنامە و رێكەوتننامە جیهانیەكان هەموو گەل و نەتەوەیەك مافى رەواى خۆیەتى كە خاوەنى دەولَەتى سەربەخۆى سنوورى دیاریكراو و خاوەن ئالآى خۆى بێت ، بەلآم مەخابن لەگەلَ هەموو ئەو نەریت و یاسا و پرنسیپانەدا هێشتا گەلى كورد یەكێكە لە گەورەترین گەل و نەتەوەكانى دونیا كە بێبەشكراوە لەو مافە رەوایە .. ئەوەش زیاتر بۆ چەند هۆكارێكى ناوخۆیى و دەرەكى دەگەڕیتەوە لەو هۆكارانەش بەرژەوەندى ولآتە زلهێزەكان و دوژمنە سەرسەختەكانى كورد لە ناوچەكەدا و ناكارایى و ساویلكەیى و ناپاكى سەركردەكانى كورد بە درێژایى سەدان سالَەى نەتەوەكەمان لەسەر خاكى باوباپیرانى، بەلآم خۆشبەختانە لەم قۆناغە ناسكەى مێژوودا ئەگەر وریا بین و ژیرانە هەنگاو هەلَبێنین ئەوا هەل و مەرجێك هاتۆتە پێش كە دەتوانرێت ئەو خەون و ئامانجە سەدان سالَەى میلەتەكەمان بێتەدى و بۆ دواجار ببینە خاوەنى دەولَەتى سەربەخۆى خۆمان .. لەبەر ئەوەى بەندە باوەڕم وایە كە ئەو شتە مەحالَ نیە ئەگەر بتوانرێت متمانەى نێوان هێز و لایەنە ناوخییەكان بگەڕێنرێتەوە دۆخى ئاسایى و ریزەكانى ناومالَى كوردى هێندەى پێویست تۆكمە بكرێن و هەولَ و تواناى لایەنەكان یەكبخرێن ، هەروەها زرۆیش دلَنیام ئێستا بێت یان سبەینىَ دەولَەتى كوردستان هەر دروست دەبێت ئیتر ئەوە مەسەلەیە شتێكى حاشا هەلَنەگرە و تەنها مەسەلەى كاتە ، ئەگەر نا زوو بێت یان درەنگ ئەوە هەموومان دامەزراندن و دروست بوونى دەولَەتى كوردستان بە چاوى خۆمان دەبینین ، بە تایبەتى دواى تێپەڕبوونى سەد سالَەى رێكەوتنامەى سایكس بیكۆ و دواى داڕشتنەوەى نەخشەى ناوچەكە بە پێى پلان و نەخشەكەى ( بێرنارد لویس ) كە كۆنگریسى ئەمریكى بە دەنگدانێكى نهێنى سالَى ( 1983 ) دەنگى لەسەرداەوە و پەسەندى كردووە .. بۆ زیاتر دلَنیابوونیش سەبارەت بە دروستبوونى دەولَەتى كوردستان ئەو لێدوانانەیە كە هەندێك كەسایەتى ناودار و بڕیار بەدەستى ئەمریكى لە ناوەندەكانى بڕیاردا ناوبەناو دەى دەن بە گوێى دونیادا بە تایبەتى ئێمەى كورد و ئەوە دووپات دەكەنەوە كە لە عێراق و سووریادا شتێك نەماوە پێى بوترێت دەولَەت و جارێكى تریش ئەو دوو دەولَەتە ناچنەوە دۆخى جاران ئەو لێدوانانەش ئاماژە و هاندانێكى ناڕستەخۆ و ئاشكران بۆ ئەوەى گەل و نەتەوەكانى ئەو دوو ولآتە بیر لە ئایندە و چارەنووسى خۆیان بكەنەوە ، بۆیە دەولَەتى كوردستان لە خەونەوە دەبێتە واقیع بەندە زۆر لەوە دلنیام ،لەبەر ئەوە دەبێت خەمى دروستبوونى ئەو دەولَتە هى هەموو تاكێكى كوردى بێت و دەبێت بە هەموومان كارێك بكەین كە ئەم هەلە مێژووییەى كە هاتۆتە پێش لە دەست نەدرێت ، بەلآم قۆستنەوەى ئەو هەل و مەرجەش مەرج و بنەما و پرنسیپى خۆى هەیە نەك بە بڕیارێكى سەرپێیى و سۆزدارانە .
بەندە لەم وتارەدا دەمەوێت چەند تیشكێك لە شێوەى پرسیاردا بخەمە سەر بابەتى ئەنجامدانى مەسەلەى راپرسی كە سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ناوبەناو بە گوێى خەلَكى كوردستان و سەرجەم هێزە سیاسیەكاندا دەدات ، لێرەدا بەندە چەند پرسیارێك دەخەمە بەردەستى جەنابیان و خەلَكى كوردستان و سەرجەم هێز و حیزب و لایەنەكوردیەكانى تر بە هیواى ئەوەى وەلآمێكى لۆژیكى و گونجاومان دەست بكەوێت .
بەلَىَ بەڕێزان .. باوەڕ بكەن ئێوەى بەناو سیاسى و بەرپرسانى كورد بەردیش دێننە قسە .. ئاخر هەرێمێك كە تا ئێستا سنوورەكەى خۆشتان نازانن تا كوێیە ؟ ئایە كەركوك و سنوورى ناوچە داگیركراەوكانى ترى لەسەرە یان نا ؟ ئایە ئەى ئەو سنوورانەى ژێر دەستى داعش چارەنووسى چى دەبێت ؟ ئاخر ئێران و توركیا هەر كات بیانەوێت سنوورەكانى دەبەزێنن بە بێ ئەوەى هیچ حسابێكیش بۆ هیچ نەریتێكى نێو دەولَەتى بكەن ، تەنانەت ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانان نەبێت ئەوە چەتەكانى وێنەى داعش لە ماوەى 2 رۆژدا هەولێرى پایتەخت بە دەردى موسلَ دەبن ، لەگەلَ هەموو ئەوانەدا بڕیار و فەرمانەكانى عالى جەناب سنوورى دێگەلَە تێ ناپەڕێنێت .. ئیتر پێم نالَێن : باسى دەولَەتى چى دەكەن ؟ !!! ئایە بەڕێزان حەمام بەم جۆرە كارانە گەرم دەبێت ؟!
ئاخر ئەم هەرێمە فەرمانبەرەكانى ماوەى ) 2 ) سالَە بە دەست بێ موچەیی و لەتە موچەى دەنالَێنن .. لەوەتى نەوت دەفرۆشێت پارەكەى دیار نیە .. ئەوەى پێى بووترێت یاسا لەم هەرێمەدا بوونى نیە و دادگاكانى پەكخراوون .. گەورەترین دەزگاى یاسایى و یاسا دانان كە پەرلەمانە بە بڕیارى تەنها شەخێێك ئیفلیج كراوە .. گەندەلَى وەك خۆرە لە گیانى حكومەت و دەسەلآتەكەى داوە و لە مالَ و مێشكى سەرجەم بەرپرسەكانیدا گەراى خستووە .. هێزە سیاسیەكانى تا شەیتان حەزكات ناكۆك و ناتەبا و بێ متمانەن بەرامبەر یەكتر .. بەشێكى زۆر لە خەلَكەكەى رێگاى هات و نەهاتى گرتۆتەبەر و ولآت بە جێ دێلَێت و هەندێكیشیان لە دەریاكاندا دەبنە خۆراكى ماسیەكان و ئەوانەیشى كە لەم هەرێمەدا ماونەتەوە زۆربەیان بە دەستى سیاسى و نا بەرپرسەكانەوە توشى هەزاران نەخۆشى و دەردى سەرى و نەهامەتى بوون .. ئیتر پێمان نالَێن : بەم حالَەوە دەولَەت بە چى و بۆ كىَ دروست دەكەن ئاغایان ؟!
ئەرىَ باشە ئەم هەرێمە ( الیس فیها رجل رشید ) ؟ تا بە كاكى عالى جەناب بلَێت : تۆ كاتێك پالَپشت وپشتگیرى یاساییت هەبوو بۆ ئەم راپرسیەت نەكرد ؟ ئێستا لە كاتێكدا كە جەنابى عالى مەقامتان بە نایاسایى لەو پۆستەدایت ئیتر باسى یاسا و راپرسى چى بۆ ئەم خەلَكە دەكەیت كە بچوكترن حورمەت لە كەرامەتى نا گیرێت لە لایەن خۆتان و حیزبەكانتانەوە ؟!!! یان دەتانوێت بەم قسانە جارێكى تر خۆلَ بكەنە چاوى ئەو خەلَكە رەش و رووتە كە هەموو خەون و خۆزگەیەكیان دروستبوونى دەولَەتى كوردستانە .. ئەرىَ جەنابى عالى جەنابتان لە سالَى ( 2007) وە باسى چاكسازى و بە دادگایی كردنى گەندەلَكاران دەكەن ، بەلآم هەركات جەنابتان ئەمر دەفەرموون بۆ چاكسازى و دژایەتى گەندەلَى .. كەچى رێژە و قەبارەى گەندەلَى و دزى و ناشەفافى لەم هەرێمە بێ خاوەنەدا زیاد دەكات و تەنانەت خودى ئەندامانى حیزبەكەت هیچ ئەرزش و حسابێك بۆ فەرمانەكانى عالى جەنابیشت ناكەن !!! ئیتر نافەرموون : كام چاكسازیتان مەبەستە ؟ ئایە لەوەتى عالى جەنابتان لە سالَى ( 1992 ) وە فەرمانڕەوا و بكوژ و ببڕى مەملەكەت تەنها خۆت و حیزبەكەتن كە زیاتر لە چارەكە سەدەیەك دەكات نافەرموون : تا ئێستا چەند گەندەلَكارتان دایە دادگا و چەند چەتە و دز و تالآنچى و گروپەكانى مافیاى حیزبەكەتان و حیزبەكانى ترتان بە سزاى یاسایی گەیاند ؟!!! ئەرىَ بە راست نافەرموون : دەولَەت بۆ كێ رادەگەیەنن ؟!!! بۆ میلەت رایدەگەیەنن كە هیچ ئەرزش و نرخێكى نیە لە لاتان ؟ یان تەنها بۆ بازرگانەكانى شەڕ رایدەگەیەنن ؟ ئەوانەى كە ماوەى زیاتر لە ( 26 ) سالَە بازرگانى دەكەن بە مالَ و مولَك و سامان و سەرخان و ژێرخانى ئابوورى خەلَك و خاك و نیشتمانەوە ؟!
زۆر بەڕێز جەنابى سەرۆك لەوەتى جەنابت فەرمانڕەوایت دەفەرموویت : مولَكى گشتى دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حكومەت و خاوەنە راستەقینەكانیان ، كەچى لەو رۆژەوە سنوور و ژمارە و قەبارەى داگیركرندى مولَكى گشتى لە فراوانبووندایە و لە هەموو ماوەى فرمانڕەوایى دەسەلآتى بەعسدا بە قەدەر 01% لە سەدا یەكى ئەم ماوەى فەرمانڕەوایى عالى جەنابتدا مولَكى گشتى و زەوى وزارى حكومەت داگیر نەكراوە ، ئەگەر باوەڕ ناكەیت ئەوە عەرز و ئەوە گەز .. بەلَىَ بەڕێز عالى جەناب .. جار نیە جەنابت نەیەیتە سەر كەنالَەكانى راگەیاندن و وەكو هەوالَى بە پەلە و خەبەر عاجل نەفەرموویت : دەبێت وەزارەتى پێشمەرگە یەك بگرێتەوە و هێزەكانى پێشمەرگە یەك بخرێنەوە و رێك بخرێنەوە وەك هێزێكى نیشتمانى ، بەلآم ئایە لەسەر ئەرزى واقیع ئەو قسەى جەنابت تا چەندێك بەها و ئەرزشى هەبووە ؟ ئایە دەتوانیت بفەرموویت : كە تا ئێستاش ئەو هێزانە هیزى حیزبى نین ؟ ئایە دەتوانیت بفەرمویت لە كوردستاندا سەرجەم ئەو هێزانە هێزى نیشتمانین و تەنانەت میلیشیاى حیزبى نین ؟ خۆ بەندە دەزانم زۆرچاك خۆتان و حیزبەكەتان كەنالَە حیزبى و سێبەرەكانتان دەتوانن نان و پیاز بە وشەى میلیشیاوە بخۆن و خەلَكى لایەندارى پێشمەرگە و لایەنگرانى حیزبەكەتان بە لێزانانە چەواشە بكەن و بە لاڕێدا بەرن .. ئەم حەقیقەتەش خۆتان پێش هەموو كەس باشتر دەزانن كە ئەگەر هێزێك نیشتمانى و لە چوارچێوەى هێزێكى رێكخراوى نیشتمانى نەبوو ئەوە لە میلیشیا بەولاوە هیچى تر نیە تەنانەت ئەگەر ناویشیان جێگاى شانازى و ئەركیشیان پیرۆز و ناوازە و بێوێنە بێت .
زۆر بەڕێز عالى جەناب ئەى ئەو كەسەى كە خۆى لێبۆتە سەرۆك .. ئایە دەزانیت جەنابت تەنها لاى جەنابت و ئەندامانى حیزبەكەت سەرۆكن و هێزەكانى ترى كوردستان بە چەپ و راستیانەوە بە ئەوانەى رۆهەلآت و رۆژئاوا و باكور و باشووریانەوە جەنابت كە ئێستا لە پۆستەدایت بە نایاسایى و ناشەرعى دەزانن و ئەگەر بارودۆخى كوردستان و هەل و مەرجە سیاسیەكەى ناوچەكە نەبوایە ئێستا جەنابت لەو پۆستە هێنرابوویتە خوارەوە ئیتر بە خۆشى بوایە یان بە شتى تر .. ئاخر ئەگەر ئەوە پێگە و سەنگى راستەقینەى عالى جەنابتان بێت ئیتر بە چ حەقێك مافى ئەوە بە خۆت دەفەرموویت : كە تا مردن دەبێت لەو پۆستەدا بیت ؟
ئەرىَ بە راست جەنابت لە برازاكەتت پرسیوە كوا پارەى بانقە ئەهلى وحكومیەكان ؟ كواپارەى كۆمپانیاكان ؟ كوا پارەى پرۆژەكان ؟ كوا پارەى نەوت ؟ كوا موچەى موچە خۆران ؟ كوا داهاتى سەرخان و ژێرخانى ولآت و مەملەكەت و دەیان پرسیارى تر لەسەر دیار نەمانى سەروەت و سامان و ئابوورى ولآت ؟ ئەرىَ جەنابت ئاگادارى كە موچە لەم هەرێمەدا خەریكە بە وێنەى ( 31 )ى ئاب و شەڕى ناوخۆ دەبێت بە مێژوو ، واتە میلەت خوا هەلَناگرێت ئەوەندە زاكیرەى لاوازە خەریكە ئەو شتەى كە پێى دەلَێن موچە لە هزر و یادەوریدا نامێنێت ؟ ئەرىَ قەت پرسیوتە پارەى مانگانەى ئەو دەیان كەنالَە ئاسمانەى حیزبەكەتان لە كوێوە دێت بە تایبەت ئەوەى كوڕ و برازاكەت ؟ ئەرىَ جەنابت دەزانیت چەند دابەستەى بندیوار لە جیاتى موچەخۆران پارەى مەملەكەت وەكو هەباشە حەپەلوش دەكەن ؟ بەلىَ بەڕێزم عالى جەناب ئەم پرسیارانە و هەزاران پرسیارى تر كە دلَنیام تواناى وەلآمدانەوەیتان نیە ، ئیتر راپرسى بۆچى دەكەیت كە تۆ نەتوانیت تاكە كەیسێكى گەندەلَى چارەسەر بكەیت ؟ ئایە دەولَەت بە خەلَكى بێ توانا بەڕێوە دەچێت ئێمە هیچ نالَێین ئێوە خۆتان بلێن ، بەلآم تەنها ئومێدێك مابێت لێرەدا ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر هەموو ئەو پارە ونكراوانە بۆ رۆژى تەنگانە هەلَگیرابێت ئەوە شتێكى باش و ژیرانەیە ، هەروەك كورد دەلَێت مالَى سپى بۆ رۆژى رەش تۆ بلَێى ئە و پارانە بۆ رۆژى لێقەومان و تەنگانە هەلَگیرا بن ؟! كە ئەمەیان زۆر جێگا باوەڕ نیە كە ئێوەى بەرپرسانی ئەم دەسەلآتە بێ پلانە و بێ باك و بێ ستراتیژ و بێ بەرنامەیە ئەوەندە هەستى بەرپرسیارێتى لە لاتان بەرز و جێگا بایەخ بێت .
بەڕێز جەنابى عالى مەقام .. راپرسى كاتێك بەها و ئەرزشى هەیە كە میلەتەكەت مێشك و هۆشیان ئارام و دلَیان خۆش و ژیانیان مسۆگەر بێت .. ئاخر جەنابت نافەرموویت : میلەتێك گیرفانى بەتالَ بێت و زۆربەى زۆرى ئینتیماى بۆ هیچ شتێك نەمابێت و بە ناو سەركردە و وبەرپرسەكانى زۆربەى هەرە زۆریان دز و چەتە و تالآنچى و خائین بن بە خاك و خەلَكى ولآت ، ئیتر نافەرمووى : راپرسى و راگەیاندنى دەولَەت چ ئەرزشێكى بۆ میلەتێكى ماندووى ئاوها بێچارە وبێكەس دەبێت ؟ !!! ئایە جەنابتان ئەوە دەزانن كە هیچ هێز و حیزب و لایەنێكى ترى كوردى نیە و نەماوە چ لە ناوخۆ یان لەدەرەوەى سنوورەكانى هەرێم كە لە لایەن حیزبەكەى جەنابتەوە رۆژێك لە رۆژان زەبرى بەر نەكەوتبێت و دژایەتى نەكرابێت و نەكرێت و تەنانەت بە ئێستاشەوە خۆت و حیزبەكەت هۆكارى راستەقینەى پەرت بوونى ناومالَى كوردین و زۆربەى هیزە كاریگەر و بەهێزەكانى ترى سەر گۆڕەپانى سیاسى كوردستان لە ناوە و دەرەوەدا گیرۆدەى سیاسەتە نا بەرپرسانە و نا كوردانەكانى خۆت و حیزبەكەتانن ، ئیتر چۆن و بە چ روویەك و بە چ لۆژیكێك داواى هاوكارى و پشتیوانى لەو هێزانە و خەلَكى كوردستان و جەماوەرى ئەو هێزانە دەكەیت تا بۆ ئەم هەنگاوە پشتگیریتان بكەن ؟ ئێوە كەى رۆژێك لە رۆژان لە خۆتان بووران و خۆتان بە بچووك و خزمەتكارى میلەتزانى و داواى لێبووردنتان كرد و هەندێك هەنگاوى ئاشتەوایى و پێكەوە ژیان و هاوكاریتان نا لەگەلَ میلەت و هێزەكانى تر .. ئەو كات مافى خۆتانە كە كۆى میلەت و ئەو هێزانە هاوكار و پشتیوانتان بیت .
بەڕێز جەنابى خەمخۆرى سەربەخۆیى .. ئایە دەزانیت راگەیاندنى دەولَت سنوورى دیاریكراو و تەبایی نییشتمان و سەربەخۆیى ئابوورى و میلەتیكى ئازا و ئازاد و كۆمەلَە سەركردەیەكى دلَسۆز و پاك و حیزبى خاوەن هەلَوێستى نەتەوەیى و نیشتیمانى دەوێت ؟ ئایە لەم هەرێمەى ئێمەدا هیچ یەكێك لەو مەرجانە بوونى هەیە یان بە پێچەوانەوە ئەوەى كەلەم هەرێم ولآتەدا نەبێت ئەوانەیە ؟ ئایە ئەوە نازانیت لەوەتى جیزبەكەتان و حیزبەكانى تر لەسەر گۆڕەپانى سیایى كوردستان هەن لە جیاتى ئەوەى سەرقالَى دروستكردنى و بەهێزكردنى كەسایەتى تاكى كورد و بنیاتنانى مرۆڤگەلێكى ئازا و ئازاد بن ، كە چى بە پێچەوانەوە بە وێنەى دەواجین هەر خەریكى هەلَهێنان و ئینتاجى كۆیلە دروستكردن و بەرهەمهێنانى ئینسان گەلێكى ترسنۆك و دەستەمۆى حیزب و بەناو سەركردەكانیان بوون .. ئیتر بە چ بنەما و پرنسیپێكى لۆژیكى جەنابتان فەرمان و بڕیارى لەوجۆرە دەفەرموون ؟ بە راستى فەرمان و بڕیارەكەتان ئەوەندە نا واقیعى و نا لۆژیكییە تەنها بەرد ماوە لێتان بێتە دەنگ !!
بەڕێز جەنابى عالى جەناب .. ئەگەر بە قسەى هاولآتیەكى ئەم هەرێمە چەندین جار زامدار و بریندارە دەكەیت ، لەجیاتى ئەوەى ئەو مەسرەفە زیادەى كە دەتانەوێت لە ئەنجامدانى راپرسیدا بیكەن ، ئەوە ئەو مەسرەفە زیادەیەش مەخەنە سەرشانى خەلَك بۆ ئەوەى ئەوەندەى تر بارى ئابوورى و بژێوى ژیانیان قورستر و گرانتر نەبێت . ئەگەر نیازتان باشە و دەتانەوێت خزمەتێك بەم گەلە چەندین جار ستەم لێكراوە بكەن ، ئەوە یەكەم جار لە راوێژكارە گەندەلَكانى خۆتەوە دەست پێ بكە و ئەوانەیان كە لە راستیدا بەناوى دلَیسۆزیەوە دوژمنى راستەقینەى خۆت و حیزبەكەت و میلەتەكەتن و تا ئێستا چوار ئامۆژگاری باشیان نەكردوویت و هەمیشە و بەردەوام راستیەكانیان لێ شاردوویتەتەوە و بە هەلَەیاندا بردوویت .. ئەوانە بە سزاى خۆیان بگەینە ئەنجا سەرەتاى چاكسازى لە منالَەكانى خۆت و لە بنەمالَە و دەست و دائیرە و حیزبەكەتەوە دەست پی بكە ئەوكات پێویست بە هات و هاوار ناكات و راگەیاندنى دەولَت پێش ئەوەى راپرسى بۆ بكەیت ئەوە بەو كارانە پایەكانى دروست دەبن مەرجەكانى دروستبوونى دێنە دى ، ئەویش تەنها بە ئیرادەیەكى راستگۆیانە و دلسۆزانە و ئازایانە دەكرێت نەك تەنها بە هاتنە سەر شاشەكان و پێدانى نها و بلەز بە گوێى هاولآتیانى هەرێمێكدا كە هەتا دوا سنوورى نا ئومیدى نا ئومێدە لە جەنابت و حیزبەكەتان .
لە كۆتاییدا ئەوەى كە زۆر گرنگە بیرمان نەچێت ئەوەیە بۆ دروستبوون و دامەزراندنى دەولَەت بوونى چەند روكن و مەرج و بنەما و پایەیەكە كە ، مەخابن هیچ یەكێك لەو مەرجانە ئێستا لەم هەرێمەدا بەو جۆرە نیە كە مایەى دلَخۆشى بن تەنها مەرجێك كە هەبێت بوونى گەلە ، بەلآم گەلێكى شەكەت و ماندوو گەلێكى هەتا بلَێى بێ متمانە بە سەركردایەتى سیاسى و گەلێكى تەواو بێ ئینتیما بۆ خاك ، ئیتر مەرج و پایە و بنەما و روكنە گرنگەكانى ترى دروستبوونى دەولَت بوونیان نیە ، كە بریتین لەم روكنانە : بوونى دەستوور ، بوونى یەك ناوەندى سیاسى بڕیاردان ، روونى سیستمى سیاسى دەولَەت ، دیار بوونى سنوور ، بوونى دراوى دیاریكراو ، لەگەلَ ئەوانەدا كە بنەماى سەرەكى و بنەڕەتین چەند شتێكى تریش گرنگە لەوانە سیاسەتى دەرەوە دیار بێت .. هێزى چەكدار یەك كەس بتوانێت بیجولَێنێت ، ئایە هیچ یەكێك لە و پایە و رووكنانە ئێستا وەك پێویست لەم پارچەیەى كوردستاندا بوونیان هەیە ؟ لە كاتێكدا دامەزراندنى دەولَەت لە هەموو دونیادا بۆ پاراستنى یەكڕیزى نیشتمانى پێوێستى بە دەستوورێك هەیە كە رێكەوتنى لایەنەكانى لەسەر كرابێت و لەلایەن گەلیشەوە شەرعیەتى وەرگرتبێت ، پاشان روكنێكى ترى زۆر گرنگ بوونى یەك ناوەندى سیاسى بڕیاردانە لە ولآتدا واتە دەبێت لەم هەرێمەدا هەرسىَ سەرۆكایەتیەكەى هەرێم پێكەوە سەرچاوە و مەرجەعى بڕیاردان بن لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانیەكاندا ، ئایە ئێستا لە كوردستاندا شتێك بوونى هەیە بە ناوى پەرلەمان و حكومەت ؟ روكنێكى ترى زۆر گرنگ سیستمى سیاسى دەولَەت لە دەستووردا دیارى دەكرێت كاتىَ كە لە كوردستاندا دەستوور بوونى نەبێت ئیتر بە كام سیستمى سیاسى دەولَەتى تازە راگەینراو دەبرێت بەڕێوە ؟ بنەمایەكى زۆر گرنگى تر بوونى سنورێكى زانراو و دیاریكراوە ، بۆیە دەبێت لەوانە بپرسین كە دەیانوێت دەولَەت راگەیەنن .. ئەرىَ بە ئەرك نەبێت كوا سنوورى دیاریكراوى ئەو دەولَەتە ؟ ئایە تەنها سنوورى ئەو دەولَەتە تا دێگەلَەیە یان شەنگال و ناوچەكوردیەكانى موسلَ و شارى كەركوك و جەلەولا و خانەقین و بەدرەو جەسانیش لە خۆ دەگرێت ؟ شتێكى تر كە زۆر زۆر گرنگە بوونى سكە و دراوى ئەو دەولَەتەیە ، ئایە لە دەولَەتە تازەیەدا مامەلَە بە چ جۆرە درواوێكەوە دەكرێت ؟ ئایە كوا بانكى ناوەندى ئەو دەولَەتە كە دەبێتە داڕێژەرى سیستمى دارایى دەولَەت ئایە لە كوردستاندا یەك بانكى ناوەندیمان دەبێت ؟ یان وەكو كۆى كەرت و سێكتەرەكانى تر ئەوكاتیش دوو بانكى ناوەدیمان بە دوو رەنگى زەرد و سەوز دەبێت ؟ كىَ دەلَێت : ئەوكاتیش بە وێنەى ئێستا هەموو بەرپرسە بالآكانى نزیك لە بنەمالَەكان بانكى ناوەندى تایبەت بە خۆیان نابێت ؟ ئایە ئەو كات پارەى نەوت و داهاتى نیشتمان پارەى یەدەك لە كام بانكى ناوەندى دوەلَەتدا دەپارێزرێت ؟ یان كام یەك لەو بانكە حیزبیانە دەبنە خاوەنى راستەقینەى سەروەت و سامانى ولآت ؟! ئایە ئەو كات هێزى پێشمەرگە دەكرێتە هێزى دەولَەت و دەكرێنە هێزى نیشتمانى یان مەخابن ئەو هێزانە تەنها هێزى حیزبى و فیدایى سەركردەكان و میلیشاى پاراستنى دەسەلآتە گەندەلَەكان دەبن ؟ لەبەر ئەوە ئەم ئان و ساتەى كە ناوچەكە و میلەتەكامانى پێدا تێدەپەڕێت ئان و سات و قۆناغێكى زۆر هەستیارە و ئەگەر بە ژیرانە و وریاییەوە مامەلَەى لەگەل نەكرێت دوور نیە ( 75 ) ى تر دووبارە نەبێتەوە ،چونكە ئەم كەیس و پرسە زۆر هەستیار و مەترسیدارە و ناكرێك هەر ئاوها بە سەرپێى و سانایى و سادە مامەلَەى لەگەلَ بكرێت ، چونكە راگەیاندنى دەولَەت لە راگەیاندى شەڕ زۆر گرنگترە ئایە لە كاتى راگەیاندى دەولَەتدا نابێت خالَە بە هێز و گرنگەكانى بەرگە گرتن و مانەوەى ئەم دەولَەتە لە بەرچاو بگیرێن ؟ كە لە هەموویان گرنكتر یەكڕیزى نیشتمانى و تەبایى ناومالَى كورد و متمانەى میلەتە بە سەركردە بڕیار بە دەست و سیاسیەكانى و ئینتیماى خەلَەكە بۆ خاكى نیشتمان ؟ ئێوە خۆتان بلَێن : لەم ئان و سات و هەرێمەدا هیچ كەسێك ئەو شتانە بە چاو دەبینێت یان هەست پێ دەكات یان پێچەوانەكانیان بە داخەوە بۆتە هەلَكەوتە و دیاردەیەكى حاشا هەلَنەگر ؟
بۆیە بەندە دەخوازم و داواكارم ئەم هەل و مەرجە نەخوازاروەى ئێستا كە چۆن بە بڕیارێكى نابەرپرسانە دروستكرا ، ئاوهاش بە بڕیارێكى ئازایانە و بەرپرسانە دۆخەكە ئاسایى بكرێتەوە تا هەموومان پێكەوە كار بۆ دامەزراندن و دروستكردنى ئەو دەولَەتەى بكەین كە خەونى لە مێژنەى چەندین نەوە بووە لە باوباپیرانمان لەم خاك و بەشە ستەم لێكراوەى زەویدا ،ئەو خاكەى كە بستێك نەماوە تیایدا قوربانى خوێن و گیانى لە پێناودا نەدرابێت ، ئەو دەولَەتەى كە جێگاى شەرەف و شانازی دەبێت بۆ خۆمان و نەوەكانى ئایندەمان ، چونكە دلَنیام ئێستا بێت یان سبەینىَ ئەو دەولَەتە هەر دروست دەبێت ، لەبەر ئەوە هیوادارم كۆى هێز و لایەنەكان ناكۆكیەكان وەلا نێن و پێكەوە بە یەك دلَ و دەست هەنگا و بۆ بنیانان و دامەزراندن و دروستكردنى دەولَەتى كوردستان بنێن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست