کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەورۆز ...ئاڵای سەفرە یا ئاڵای کوردستان

Thursday, 30/03/2017, 20:17


ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی هەڵکردنى ئاڵای کوردستان لەسەر بینایەى پارێزگای کەرکوک وهەندێ  لەدام و دەزگاکانى ئەو شارەدا، شەڕە دندووک و کێشەو ململانێیەکى توند کەوتۆتە نێوان بەرپرسانى کورد لەو شارە و تورکمان و عەرەبەکان لەلایەکى دیکە.. بۆیە پێشبینى دەکرێ ئەو بابەتە زیاتر قووڵ ببێتەوە و   شتى دیکە بەدوای خۆیدا بێنێ.
ئەوەى من لە چەند رۆژی نەورۆزدا وەک دیمەنێکی سەرنجڕاکێش لەسەردانیکردنى گوندى تۆمار کە سەر ناحیەى شوانە، بینیم خەلکانگەلێکى زۆر لە کەرکووکەوە  بەمەبەستى گەشت و گوزار و بەسەربردنى کاتێکى خۆش لەدەرەوە، بەرەو  باکوری  ئەو شارە، ڕووەو گوندەکانى سەر بە شارەدێی ڕێدار و  شارۆچکەى تەق تەق  شۆڕ بوونەوە، هەڵبەتە سەیارەیەکى  بێشومار ئاڵای کوردستانیان پێوە بوولە کورد – عەرەب – تورکمان.. کاکڵی مەبەست  کە لامدایە لای یەک لە دەستگێرێکى فرۆشتنی ئاڵای کوردستان و ئاڵا ولۆگۆی  لایەنەکانی دیکەى کوردستان.. تاوێ لای مامەوە، ژمارەیەک خەڵکى عەرەب و  تورکمانی ئەو شارەم بینى سەیارەیان لادەدایە لاوەوە، لەسەیارەکەیان دادەبەزین و دەهاتنە لای ئەو دەستگێڕە ئاڵای کوردستایان دەکڕی و دەچوون بەسەیارەکەیانەوە دەبەست.. چەندین کەسم بەرچاو کەوت هەر لەناو سەیارەوە بە کابرای دەستگێڕیان دەوت: ئەرێ  ئاڵای سەفرەتان هەیە.. لەوەشدا زاتى ئەوەیان نەدەکرد و ئەو هەقەیان بەخۆیان نەدەدا ناوى کوردستان بێنن.
لێرەدا ئەوەى  تێبینى دەکرێ:
1-  ئاڵای کوردستان بۆ  ئەو نەتەوانە  هیچ بەهایەکى نیە و ئەو دەستەواژە  وەک بەسووک سەیرکردنى  ئەو هێما شەکاوەیەو هیچی تر.
2-   ڕەنگە لەتەک هەڵکردنى ئەو ئاڵایە لە سەیارەکانیان  بۆ ئەو رۆژە تەنها مەبەستیان ئەوەبێ زاڵگەکانى سنووری هەرێم ئەوەندە ڕایان نەگرن و زۆو بەڕێیان بکەن.
لەوەوە  ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ:
1-   جگە لە کوردانى ئەو شارە، لایەنە سیاسیەکانى  تورکمان و عەرەب  وەک چاویان بەو ئاڵایە هەڵنایەت، هەتا بۆیان بلوێ دژایەتى ئەو هەوڵەو ئەو ئاڵایە دەکەن.
2-   لایەنەکان  بەو هەوڵانەى دەیدەن بەڕاشکاوى ئەوە دەسەلمێنن کە ئاڵای عێراقیان پێ لە ئالای کوردستان پیرۆزترە هەر بۆیە کوتلەی کەمە نەتەوەکانی ئەوشارە ئەو هەنگاوە بە تێکدانى یەکڕیزى و پێکەوە  ژیانى  ئەو شارە دەزانن.
3-   حکومەتى ناوەند ئەوە  بەخاڵێکى نەرێنى تێ دەگات بەوەى ئەگەر ئەو کارە سەربگرێ ئەوە سەلماندنى کوردستانیبوونى کەرکوکە و لەدیدگای ئەوانیشەوە ئەو بابەتە قبوڵکراو نیە، جا بەدەردی بڕینى بودجە و داو و دەرمان بۆ هەرێم هەنگاوێکى لەو شێوەیە  مەسەلەیەکى کرایەوەیە دەبێ پێشبینى بکرێ.
4-   من وای  دەبینم ئەو وردە بابەتانە بابەتی دیکە بەدوای خۆی دێنێ لەکاتێکدا یەکڕیزى کورد و رێکخستنەوەى نێو ماڵ و  یەکگوتاری پێویستیەکە دەبێ لایەنە سیاسیەکانى کوردستان بەجددى لەسەری بوەستن پێش ئەوەى هیچ شتێکى تازە بڕسکێت.
5-   ئەو بارە قورسەى بەناوى  قەیرانەوە بەرۆکى هەرێمى گرتووە ئایا دانیشتوانى ئەو شارە دەتوانن  بەو چارەگە مووچە ژیان تەى بکەن؟  ئایا بەهەمووان دەتوانن هێمنى و ئارامى  شارەکە بپارێزن؟ ئایا دەستوەردانەکان چ هەرێمایەتى ، چ  نێودەوڵەتى – بۆ   ئەو شارە و فشارەکان هێندەى دیکە قووڵ نابێتەوە؟ زەمانەت بۆ تێکنەدانى پێگە و هەڵکەوتەى نەتەوەو ئاین و ئاینزاکانى ئەو شارە  چیە؟ ئەمەو دەیەها پرسیاری تر لەداهاتوو بۆ داهاتووى ئەم شارە ڕوون دەبێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە