کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پانۆرامای پیاوەکان

Saturday, 25/03/2017, 23:17


هەر کەسێک کۆمەڵی خەڵکی بە خۆییەوە خەریککرد، ئەو کەسە کەسێک نییە تاکو ببێت بەکەس، بەڵکو دەبیت بخرێتە نەخۆشخانەی دەرونییەوە تا لەژێر چاودێری کەسێکدا بێت.

شوێن بەر قاپی نیشتیمان
ژمارەی خانوو ٤٦
ژمارەی گەرەک ٧٦
مێژووی لە دایکبوونی ١٩٢٢
ڕەچەڵەک: کورد
شوێن: باشور
کات: ئێوارەیەک بەدەم سەحەری پیاوێکەوە
ڕووناکی دەچێتە سەر مناڵێک کە بەپەلە خۆیی دەکات بە شانۆداو دەست بۆ دواوەی خۆییەوە ڕادەکێشێت‌‌ و دەڵێت:
پیاوێک هاتووە لە ڕۆخی ڕووبارەکە وەستاوە، بە دوو دەست سیغار دەکێشێت
لە ماسیگر دەچێت وەک لە پەیکەرتاش!
حیکایەتخوان:
چاوەڕوانی پیاوێکین تاکو لە پیاوێکمان ڕزگارکات
چاوەڕوانی پیاوێکین تاکو وڵاتێکمان بۆ چێکات
چاوەڕوانی پیاوێکین تاکو پیاومانکات
ئێمە هەر هەموومان پیاوی ئەو پیاوەین
ئەو پیاوەیش پیاوی پیاوێکە
پیاوی ئەو پیاوە دوژمنی ئێمەیە
دووژمنی ئەو پیاوە دۆستی ئێمەیە
حیکایەتخوان هەڵدەسێتە سەرپێکانی‌و دووری دەڕوانێت وەک ئەوەی سەیری کاتو زەمەنکات:
دەشێت هەڵەیەک هەبێت ئەگینا ئەو پیاوە دەبوایە ئێستاکانە لێرەدا ئامادەبووایە!
ئینجا سەیرێکی چواردەوری خۆیدەکات‌و وەک ئەوەی بۆ ئەو پیاوە بگەڕێت دیسانەوە دەڵێت: 
ناء دەبوایە ئەو ئێستاکە لێرەبوایە! بەڵام ئەو لێرە نییە وەک ئەوەی ئەو پیاوەی پێشتر دیبێت.
 پیاوێک: جا ئەو پیاوە چۆن پیاوێکە؟
حیکایەتخوان: ئەو پیاوێکە مێژووی لەدایکبوونی دەبێت ئەمڕۆکە بێت و تەمەنیشی ٤٠ ساڵی ڕێکە
پیاوێک گوتی: جا ئەمە چۆندەبێت؟
حیکایەتخوان بەدڵنیاییەوە گوتی: ئا دەبێت. من حسابوکیتابی خۆمم هەیە، 
دەبوایە ئەو ئێستاکە لێرەبوایە، بەڵام ئەو لێرە نیە. لە پڕدا گوتی ئەمڕۆکە چەند شەمەیە؟
پیاوێک ووتی: چوارشەمەیە بۆچێ؟
کەواتە دەبوایە لێرە بوایە حیکایەتخوان جارێکیتر وایگوت.
کۆڵانی یەکەم:
لەدەرگای ماڵی پیاوێک دەدرێت، مناڵێک دەیکاتەوە
پیاو: ئەوە کێیە؟
مناڵ: باوکە ئەو سواڵکەرە
پیاو: پێبڵێ خوا بداتێ
مناڵ: خوا بداتێ
سواڵکەر: خوا سواڵکەری پێداوم لەوە زیاتر چیترم لێکات
مناڵ دەرگاکە بەهێواشی بەسەر سواڵکەرەکەدا دادەخاتەوە

پاش ماوەیەک لە دەرگای ماڵی هەمان پیاو دەدریتەوە
تاق، تاقی دەرگایە
پیاو؛ ئەوە کێیە؟
مناڵ دەرگا دەکاتەوە باوکە ئەوە حیزبە، حیزب!
دەرگای لێنکەیتەوە بابڕواو ملـــــــــــــــــی....... ب..ش..ک..ێ..ن..ێ
مناڵەکە دەرگاکە بە قایمی دادەخاتەوە
پیاوی یەکەم
لێرەوە لەبەردەم قەرسیلی چاوەکانی نیشتیماندا، لەبەردەم دەرگا ئاسنە ژەنگرتووەکانی تەمەندا، لەبەردەم کۆڵانەکانی برسیتیدا پیاوێک بەخۆیی‌و جامانەکەی ملیەوە، پیاوێک بە خۆی‌و کراسەکەی جەستەیەوە، پیاوێک بەخۆی‌و ئازارەکانی ناخییەوە، پیاوێک شۆخ باڵا بەرز باریکەلانە گەنم ڕەنگ بەخۆی‌و دەنگی نوساو و سکی برسییەوە لەسەر شەقامە توڕەکانی دڵی نیشتیماندا دەیگوت: ئەی پیاو! ئەی پیاوی نیو خەیاڵو ئەندێشەو بیرەوەرێکانی من کەی دهێتەوە؟ ئەی پیاوی! پیاوی بەر ڕەهێڵەو زریانی من کەی دهێتەوە؟ پیاوێک بەخۆی‌و سەرابی یەک دنیا خۆزگەو یەک دنیا دڵنیاییەوە دەیگوت: پیاوێک بەڕێوەیەی لە شێوەی ڕوناکی بەر ئاتەشتگە جودا لەئێمەو جودا لە دووپێکانی بەرقاپی قەسابخانەکانی نیشتیمان، جودا لە جەلادەکانی بەرقاپی زیندانەکانی ڕۆح. پیاوێک کتێب بەدەست چاویلکە لە چاو بەئەدەب، دڵی پڕە لە هەڵوەڕینی باخچە، هیواکانی ئەو دڵی هەموویانی داگیرکردووە. ئەو فەرهاد نەبوو کەچی دڵی هەموو شیرینەکانی نیشتیمانی برد بۆ خۆی، ئەو پیاوێک بوو لە بروسکەو ڕووناکی بەم سەحەری ئێوارەیە مژدەی بەیانی پێبوو بۆ سبەی، بەم سوتماکی جەستەو ڕۆحەوە ئەو ئارامی دەبەخشیەوە ئەو دڵنیایکردین لە دڵنیایی. ئەی دڵنیایی ئەگەر لەدەرگای ماڵەکەت بدەم لێمدەکەیتەوە؟ ئەی ئاسمان ئەگەر دەستم بەرزکردەوە هانام بۆبردیت باران دەبارێنن بەسەرماندا؟ ئەی پیاو! ئەگەر من لە تەنیایی تۆ نەدەم کەسێکیتر هەیە لەمن تەنیاتر؟ پیاوێک هاواریکرد: ئەم دەڤەرە پڕە لە پیاوی دز کەچی پیاوێک نەبوو تەنیاییمان لێبدزێت. 
پیاوێک ئیرەی دەبات و دەڵێت:
ئەو کوێی جوان بوو؟ باڵایەکی لارو نوشتاوە، لەشێکی لاوازو، دەستێکی زبرو سنگی پڕە لە دوکەڵی جگەرە و هەناسەی بۆنی دووکەڵی دوودڵی لێدهێت!
پیاوێک بە نیگەرانییەوە دەڵێت:
ئەو هەرگیز لە سکی برسی ئێمەی نەپرسی؟ عەقڵی ئەو جوان بوو بەڵام سکی برسی هۆشی بۆچییە؟
ناپاکیکردن لەم نیشتیمانە پرس‌و ڕای بۆچییە؟ عەقڵی برسی نانە، نان! سزای ناپاکیش زیندانە، زیندان!
پیاوێکی تازەپیاکەوتووی بەر میکرۆفۆنەکانی سیاسەت ووتی: 
چل ساڵ خەباتی شاخمانکرد قەیدی چییە با چل ساڵیتریش خەباتی شاڕ بکەین!.
پیاوێک هەڵیدایەو گوتی: جا تەمەنی ئێمە هەمووی یەک چل ساڵێکە لەکوێ بەشی دوو چلیتر دەکات؟
کابرایەک لە شێوەی پیاودا ئاگام لێبوو سەری بادەدات!
پیاوێك دەڵێت:
ئەم ئێوارەیە ساردە دەشێت ڕیشۆڵەکانی نیشتیمان ئێستاکە سەرمایان بێت!
دەشێت کوکوختیە گەردن خاڵاوێکانی نیشتیمان ئێستاکە دەنوک لە سفرەی خاڵی ماڵە هەژارەکان بگرن،
مناڵێک بە عەقڵی پیاو گوتی:
ئۆردوگا کوشتمی! ئۆردوگا ناسنامەکەی لێساندمەوە! ئیستاکە هاوڕێکانی تەمەنی من لەکوێن؟ 
منیش لە باوەشی دایکێکی بێوەژندا لەبەردەم پەنجەرەی چاوەڕوانی ئەنفالدا، دایکم بۆ پیاوەکەی‌و 
منیش بۆ باوکم دەڕوانم ئاخۆ کەبێتەوە ماڵی چۆڵوهۆڵمان.
هەرماڵێک هەناسەیەک‌و مشتێ گەنمی تێدا نەبێت بۆ ژیان ئەو ماڵە ماڵ نییە ئەو خاکە بێبەرە و 
ئەم نیشتیمانەی ئێمە خاکی بێبەرە، پەنجا ساڵە بەرهەمی خاک ئەنفال، هەڵەبجە، کۆچ، کوشتن، قەرەجئاسا بەدووی ڕۆحی خۆماندا دەخولێینەوە هیچ پێناسێک نییە بمانگرێتە خۆی جگە لە گەمژەیی نەبێت.
ئێوارەیەک بەدەم هەناسە تەنگییەوە گوتی:
پیاوێک لەبەردەم مزگەوتی گەورەدا، لەبەردەم قاپی ماڵی خوادا وەستاوەو خەریکی فرۆشتنی مناڵەکانێتی
شۆفێری تەکسییەک لە جنسی پیاو ووتی: موسافیرەکانم لە پێنجیان یەکیکان هینە!
من تاکو ئەوساکە نەمزانییبوو کە پیاویشمان هەیە لە جنسی هین!
ئێرە شەقامی بەردەم کاک ئەحمەدی شێخە پڕە لە پیاوی تەزبیح فرۆش، پڕە لە ژنی زکرکەر، 
پڕە لە هەناسی ئەنفال بەم ڕۆژگارە خەریکی فرۆشتنی بژێووی ژیانیانن.
گۆرانیبێژێک لە کۆنسێرتێکی گۆرانی‌و موسیکدا فوویکرد بە میکرۆفۆنی هونەردا:
ئەنفال..ئانفالیانکردین.. ئەی کوردینە..ئەی مەردینە.. ئەنفال..ئانفالیانکردین
دەنگی چەپڵەی گوێکانی کەڕکردم.. دەنگی چەپڵە وەک زلەیەکوابوو لە منی دەدات..هوتافـو هاوارکردنی جەماوەر هۆڵەکەی هەژاند..گۆرانیبێژ دیسانەوە.. ئەنفال..ئەنفالیانکردین
پیاوێک لە شێوەی دەنگی خۆمدا ووتی:
ئەنفال ئەوەتا لەبەردەمی دەرگای هۆڵەکەدا ڕاکشاوە و بەم گەرمایە خەریکی فرۆشتنی تەزبیح و چەرخ پاکەتی جگەرەیە. ئەنفال لەبەردەم دەرگای مزگەوتەکاندا خەریکی فرۆشتنی لفکە و گۆرەیی چنینە و نەکەسێک پاکەتیک یاخود لفکەیەک دەکڕێت، نەکەسێکیش لێیاندەپرسێتەوە، بەپاڵ کردیانمە دەرەوە منیشیان لە هۆڵەکەدا جارێکیتر ئەنفالکرد.
حیزب لە شێوەی پیاوێکدا گێرایەوە گوتی:
پیاومان هەیە لە شێوەی کۆد بەم ڕۆژگارە خەریکی ناردنی کۆدەکانی سیخورییە بۆ دەسەڵات. وەختیخۆی یەکێتی نیشتیمانی لە ساڵەکانی هەشتاکاندا کۆمەڵیک کۆدی هەبوو لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانەوە بڵاوی دەکردەوە بۆ نمونە؛ لە ئاسۆوە بۆ ڕێبوار، لە عەبە ڕەقەوە بۆ فاتیح بۆ هەوکاری هەتاکو دوایی بەڵام ئەم کۆدانە لای پارتی سیخوری دیموکراتی کوردستان ئاشکرابوون لە دواییدا یەکیتی کۆدەکانی گۆری‌و کردینیە جڵفە بە ژمارە کۆدەکانی دەنارد بۆ نموونە: لە ٤٥٦ بۆ ٧٨٩٠ هتد. پارتی لەم جڵفە کۆدانەی نەدەزانی باوڕناکەم تاکو ئێستاکەیش ئەو کۆدانە بۆ پارتی شتێکی زانراوبیت بەڵام دەشێت هەر لە بناغەدا ئەو کۆدانە هەر نەبووبن تەنها بۆ سەرلێشواندنی پارتی بوون. 
پیاوێک کە ناوی خۆینابوو حەڤدەی شوبات بە خۆیو بەردەکانی دەستییەوە بە تورەییەوە گوتی:
برسی بووین، هیلاک بووین، نائومێد بووین، جامی توڕەبوونمان لێواو لێو لێدەڕژا کاتێک کە سک و هۆش‌و گەدەمان برسی بوو ئیتر هاڕ دەبێت و کە برسێتیش هاڕ بوو بەردیش بێت دەیخوات! ئێمە لە حەڤدەی شوباتدا هاڕ بووین برسێتی زۆر بۆ هێنابووین ویستمان هەرچی بەردو خاشاکی ئەم نیشتیمانەیە هەیە بیانخۆین تاکو سکی برسی خۆمانو مناڵەکانمان پێپڕکەینەوە، ئێمە دەمانتوانی ئەم نیشتیمانە کە سیمای تەڵخ‌و ناشیرین‌و دزێوبووە لە سکی برسیمانە بهارینیو لە ناشیرینی ڕزگاریکەین دەمانتوانی بەسکی تێرو هۆشێکی پاک نێشتێمانێکی جوان بۆ خۆمان جارێکیتر دروستکەینەوە! کەچی ئەو پیاوە بەخۆی‌و گوتنە کورت‌و شرینێکانیەوە سکی هەموومانی تێرکرد! کەچی ئەو بەخۆی‌و گفتە جوانەکانییەوە هەموومانی سەرسامکرد، ئەوە چیبوو جادووبوو لێمانکرا کەوا کوتوپڕ قۆڵو دەمی پەلمانی بەیەکەوە بەست؟ خۆ ئەو دارەکەی موسای پێنەبوو تاکو لە دەریایی خنقاندنە ڕزگاریکردین؟ خۆ ئەو تەنها پیاوێک بوو وەک ئێمە کەچی هەموومانی خستە ژێر ڕەحمەتی دارەکەیی خۆیەوە. ئەوە معجیزەی خۆی بوو یاخود دارەکەی؟ ئەگەر ئەوە خۆی بێت ئەوا ئێمەیش هەموومان پیاوین! ئەگەر دارەکەی دەستی بێت ئەوا ئێمە ئەو دارەمان نییە دەبێت بەشوێن ئەو دارەدا بگەڕێن تاکو دەیدۆزینەوە یاخود دەبێت یەکێکمان ببێت بە دار ئەویترمان ببێت بە پیاو!. پرسیاری من ئەوەیە کێ دەبێت بە دارو کی دەبێت بە پیاو؟ بۆ دەبێت ئێمە هەمیشە بەدووی پیاوێکدا وێڵبین کەخۆمان لە جنسی پیاوبین؟ 
پیاوێک بە خەمبارییەوە ووتی: نان سکمان تێردەکات، ئازادی مێشکمان، بەڵام ئیمە لەو دووانە هیچیمان نییە، ئێمە نە سکمان تێرە، نە مێشکیشمان تامی ئازادی کردووە.
ڕۆشنبیرێک: 
دەچێتە سەرسەکۆی ئازادیی‌و هاواردەکات اللەواکبر لەسەر سکرینی کەنالەکانیش باسی ئازادی ئافرەتم بۆ دەکات موچەکەیشی موچەی بندیوارە.
موسلمانێک لە شێوەی پیاودا دەڵێت: 
نوێژی جومعەی سەر جادەکانی ئازادی خێرەکەی زیاترە و قورسایی خۆیی هەیە لای خوا!
ژنێک بە شەرمی مێینەی خۆیەوە گوتی: تاکو ئێستاکە پیاوەکەم پێنەوتووم خۆشمدەوێت!
پیاوێک ووتی: کەواتە ئەویشمان نییە!
مناڵێک گوتی: لەوەتەی باوکم ناسیبێت هەر دەڵێت نیمە بەڵام هەمیشە کە دەڵێن شەڕە ئیتر ئەو بێیەکو دوو تفەنگەکەی دەکاتە شان‌و دەچێت بۆ شەڕ وەک ئەوەوایە هەر من مناڵی ئەویش نەبوبم.
تاپوتێک گوتی؛ پیاو کە خاوەنی سێ مناڵ و یەک ژن بوو ئیتر چۆ دەبێت بچێت بۆ جەنگ؟
مناڵێک بە غەمبارییەوە گوتی: کورە شەهیدم باوکم نازانم مردووە، کوژراوە، گوومبووە، بیسەروشوێنە، زیندانییە، ئیتر نازانم تەنها ئەوە دەزانم دایکم هەموو مانگێ دەچێتە بەر قاپی دەزگایەک کە پێدەڵین شەیهدان موچەکەی باوکم وەردەگڕێت منیش وەک خووعادەت دەڵێم دایە ئەو پارەیەت لە کوێ بوو؟ ئەو هەمیشە وەک خوی دایکم دەڵێت: پارە شەهیدانی باوکتە.
جەنگ هەمیشە ماڵوێرانی بەدووی خۆیدا هێناوە، چاڵەکانی جەنگ هەرگیز نەیانتوانییوە گوڵێکی تێدا بڕوێ، جەنگ هەرگیز نەیتوانییوە سک‌و سفرەی خاڵی ماڵە هەژارەکان تێرکات بەڵکو زیاتر برسیو هیلاکو بێهوایکردووەو زیاتر هەژارتربوون بەپێچەوانەیشەوە دەوڵەمەندەکان زیاتر دەوڵەمەندو تێرتر.
جەنگ هەمیشە بەدەستپێکردەی یەک پیاو بووە و پانتاییەکیش بووە پیاوە ئازاکانی تێدا کوژراون‌و نێژراون. ئەو پیاوە کێیە کە بەم جەنگە نەگلیسەوە سەرقاڵیکردوین؟ ئەو پیاوە کێیە کە ئێمەی پیاوی وەک مێگەل لە گۆرەپانی گەمەکانی خۆیدا بەناوی شەڕەفی نیشتیمانەوە ڕەوانەی کێڵگەکانی کوشتارکردووە؟ ئەو پیاوانە کێن کە قەسابخانەکیان بۆ خوڵقاندووین ناویانناوە نیشتیمان؟ شێتخانەیەک‌و نەخۆشخانەیەکی گەورەیان بۆ دروستکردووین ناویانناوە هەرێمی کوردستان؟ بەڵام شەڕێک لەسەر ئابرووی نیشتیمان بکرێت هەمیشە ئابروومەندانەیەو و دەچێتە خانەی بەرگیری‌و سەروەری نەتەوەوە ئەگەرچیش ئەو جەنگەیش سەرکەوتون بەدەست نەهێنیت. ئێمەی کورد هەمیشە شەڕمان لەسەر ئابروو و خاکی خۆمانکردووە بۆیە هەمیشە جەنگەکانی ئێمەی کورد جەنگیێکی پیرۆزەو نابێت لێپەشیمانبینەوە تاکو دەگەین بە خەون‌و خاکی خۆمان. ئایا جەنگەکانی ئێمە جەنگی پیرۆز بووە یاخود جەنگی پیاوێک بووە هەر لەسەرتاوە ئێمەی بە خۆیو شەڕو جەنگەوە سەرقاڵکردووە؟ ئایا پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ژیان بە شەڕو جەنگ تاوانە؟ نەخۆشییە؟ یاخود شەڕێکی پیرۆزە؟ ئێمەی کورد سەرمان لێشێواوە ئێمەیان خستۆتە گۆمێکی مەنگی لیخنەوە کەدەست بۆ هەر چڵە پوشیکیش بەرین ناتوانین لەم دۆزەغی دووپێیانەدا ڕزگارمان بێت. ئێستاکەیش بۆمان ساغنەبۆتەوە ئێمە شەڕ لە پێناوی چیدا دەکەین؟ نازانین دەمێک عێراقین! دەمێک ئێرانین! دەمێک تورکین! دەمێکیش دەڵێن: پەشیمانین کە کوردین! کەچی هەرگیز ئێمەی پیاو وەک کوردێکی ڕاستەقینە خۆمان نەبینییەوە؟ ئێمە خەڵکمان هەیە بە شێوە پیاو بەناخ دڕندە، بە شێوە پیاو بەکردار سیخور، بەشیوە پیاو لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتووە کەچی هەرچی تەختوتارای ئەم نیشتیمانەی هەڕاجکردووە! ئێمەی مناڵمان هەیە لەشێوەی پیاودا تەمەنی بەقەد هەردوو پەنجەکانی دەستم نابێت کە هەڵدەسێتە سەرپێکانی یەک سوپا لەدوایەوە هەڵدەسێتە سەرپێو قیت ڕادەوەستێت! ئەمە کۆیلایەتییە یاخود پیاوەتی؟ پیاو چۆندەبێت لەچاوەڕوانی پیاوێکدا ببێت بە ئاو؟ ئاو چۆندەبێت بچەمێتەوە بۆ پیاو؟ ئەو پیاوە هەمیشە چەمیوەتەوە بۆ ئاو بۆ خاکا! دەزانی پیاوانی ئێمە بۆ ناچەمنەوە بۆ نیشتیمان؟ چونکێکە هیچیان خاوەنی ئەم نیشتیمانە نین! نیشتیمان خاوەنی بۆچییە؟ ئێستاکە ئەو هوتێلێکە ناومانناوە هوتێل کوردستان ڕۆژانە، مانگانە، ساڵانە دەیدەین بەکڕێ پارەکەیش کەس نازانێت دەچێتە گیرفانی کام لە پیاوەکانەوە؟ 
پیاوێک لە شێوەی داهاتوودا گوتی:
لە دنیادا دوو پیاوە هەیە یەکیان شۆرشگێر ئەویتریان ناپاک، لە دنیادا دوو فەلسەفە هەیە یەکیان ئادیال ئەوتریان ماتریال، لەدنیادا دوو خوا هەیە یەکیان ئاسمان ئەویتریان خاک، لە دنیادا دوو پیاو هەیە یەکیان جوان ئەویتریان ناشرین، لە دنیادا دوو پیاو هەیە یەکیان خوێندەوار ئەویتریان بێسەواد، لە دنیادا دوو بۆچون هەیە یەکیان ڕاست ئەوتریان چەپ، لە دنیادا دوو پۆلیس هەیە یەکیان توندڕەو ئەویتران میناڕەو. لە هەموو دنیای ئێمەدا یەک پیاو هەیە ئەویش نەخوێندەوار، کەللە ڕەق، لوتبەرز، ناشیرین ناپاکییشیکردووە بە بنێشتی کوردی هەرجارێک بیەوێت دەیجوێت کەسێکیش نییە پێبڵێت: بنێش جوین بۆ پیاو نابێت عەیبە، عەیب! 
بەشی دووەم/
پیاوی دووەم
چاوەڕوانی پیاوێکین شمشیرێک لە ڕوانبێژی، پیاوێک لە زیندانی خەونەکانی ئێمەدا هیوایەک، پیاوێک لە تێگەیشتنی ئێمەدا ڕێگایەک، لە زیندانی فاشستەکاندا بۆمبێک! پیاوێک کە سەری بەسەر کتێبەکانیدا سپیبووە و دەستەکانی توند بە ئەژنۆوە گرتووە تاکو نەچەمێتەوە لەگەڵ خۆیدا خۆڕی ئێمەی پیاویشی بردووە، ئەو پیاوە لە زیندانی فاشیستەکانەوە توانی ڕەنگبێژی و پلانی کانتۆنەکانی وڵاتی خۆڕ داڕێژێت و نیشتیمانێک لەسەر بناغەکانی عەقڵ داڕێژێت، ژن بکات بە چەقی بیرکردنەوە و نیشتیمانێک دروستبکات بۆ ژیان، گوندێک بێت بچکۆلانە پڕ لە هیواو پر لە خۆڕی سەربەستی نەک شارێک بێت پڕبێت لە پیاوی دەمامکدار. کاتێکیش فاشیستەکانی بەردەرگای زیندانی ئیمراڵ پێیانزانی ئیتر ئەو پیاوەیان گوومکردو ئیتر نەمانبینیوە. 
کۆڵانی دووەم/
دەڵاڵێک لە شێوەی پیاودا بەدەم دەڵاڵیکردنەوە جارنامەی دەخوێندەوە:
پیاومان دەوێت لەم جۆرە پیاوانەی خوارەوە:
لیستەکەی لەگیرفانیدا دەرهێناو دەیخوێندەوە:
یەکەم: پیاومان دەوێت لە شێوەی گسک 
بەم ڕۆژگارە خەریکی سرینو گسکدانی گەندەڵێکانی دەسەڵات بێت بەپلەی مقەدەم
دووەم: پیاومان دەوێت لە شێوەی فلچە تا خەریکی بۆیاخکردنی پێڵاوەکانی حیزب بێت بە پلەی زابت
سێیەم: پیاومان دەوێت لە شێوەی مەکینەی ماستاو 
تابەم ڕۆژگارە خەریکی ماستاوکردنی دەسەڵات بیت بە پلەی نایبزابت
چوارەم: پیاوێکیترمان دەوێت کە زۆر پێویستە بە خێراترین کات دادەمەزرێت 
لە شێوەی زیندان بە پلەی ئاسایش
پێنجەم: کۆمەڵێک پیاومان دەوێت لە شێوەی دەهوڵوزورنا بە پلەی ڕەفیق دادەمەزڕێن چونکێکە هەمیشە ئیشمان پێیان دەبێت بەتیبەتی لە کاتی هەڵبژاردندا.
پیاوێک گوتی: جا ئەو دامەزاندنە گەڕەنتی هەیە؟
دەڵاڵ؛ ئەی چۆن بۆ زانینیتان دوو ساڵ لەمەوبەر پێاوێکمان هەڵبژارد بە پلەی ئەندام پەرلەمان چونکێکە لە کەناڵێکی ئاسمانیدا قسەی دڵی هەموومانیکرد ئێمەیش دەنگمانداپێداو دامانمەزراند، بۆڵنیایتان و گەڕانتی ئەو پیاوە تاکو ئێتساکەیش موچەی تەواو وەردەگرێت‌و لەگەڵ تۆزێک زیاد مەسرەفیش.
پیاوێکیتر بە هەڵەداوان هاتە پێشەوە گوتی: ئەی! ئەی شاعیر. نوسەر، فەیلەسوف وەرناگرن؟
دەڵاڵ: نا، نا لەوانەمان زۆر زۆر هەیە بۆ بیرخستنەوەتان واژووی زیاد لە دوو هەزار لەمانەمان هەیە بۆ کورسی دەسەڵات. بەڵام پێویستیمان بە پیاوێکە بەمەرجێک ناوی موحسین بێت دایدەمەزرێن بە پلەی مولازم!
کورسێکمان هەیە نە چۆڵە نەگیراوە هەر کەسێکیش دەیەوێت بابیبات بۆ خۆی و لەسەردانیشێت یاخود بشکینیت بیکا بە دار بۆ ماسی برژاندن یاخود گۆشت بژاردن چونکە ئەم کورسە ئەگەر بیشسوتێ هەر گۆشت‌و ڕۆح دەسوتێنێت لەبەر ئەوە ئەم کیشوەرەی ئێمە دوکەڵ قەدەغەیە بۆ ژینگە باش نییە! 
پیاوێک دەڵێت: ژیان ئەوەندە بێقیمەتبوو ترسانکبووە تەنانتە گومان لە گوڵی باخچەکانیش دەکەم
پیاوێک دەڵێت جا گوناحی دڕەخت و باخچەکان دەبێت چیبیت تاکو گومانیان لێکەیت؟
ئەم مێژووە قەموورە، ئەم مێژووە پشت کیسەڵە تەمەن دڕێژە ڕەزا قورسە نازانم بۆ نامرێت ئیتر لە کۆڵمان بێتەوە، ڕەزای ئەم مێژووە ئەوەند گڕانە هەموو جارێک خۆم لە قوڵپی ڕشانەوەدم دەبینم، ئەم ڕابردووە نەفرەتلێکراوە وەک سێبەرەکەم بەدووامەوەیە و لێمنابێتەوە، ئەم سەرە پڕ لە ژاوەژاوەی من، ئەم دڵ پڕ لە غوربەتەی من، ئەم تەمەنە پڕ لە نەفرەتەی من، دەست بۆ ئاسمان هەڵدەبرم ئەی ئاسمان تاوانی من چیبوو کە توشی ئەم هەموو بەدبەختییە ئەم دووپییە ڕەزاگرانەتکردم؟ دەبمرە ئەی مێژووی نەعلەتی! دەبمرە ئەی پیاوی بەشێوە پیاو لەناخا نامەرد بمر. 
پیاوێک گوتی: دەستمان بە کڵاوی گەمژەیی خۆمانەوە گرتبوو دەمان ویست وەک گەمژەکان ئێمەیش پێکێک لە ژیان بدەین بە باخچەکاندا بگەرێنین‌و بڵێن ئای تامی گەمژەیی چەندە خۆشە! بەڵام پیاوێک هات لە شێوەی دەسەڵات گەمژەیی لێسەندینەوە و بردی بۆ خۆی ئیتر لەو ڕۆژەوە ئێمەی عاقڵ خەڵتانی جەنگ‌و برسێتی‌و نەهامەتی‌و کوشتنو برینی یەکترین، دەسەڵاتیش پێکی گەمژەیی بەخۆشییەوە هەڵدەدات.
پیاوێک بە توورەییەوە گوتی:
پیاومان هەیە لە شێوەی جوتێ پێڵاو بەم ڕۆژگارە بە شەق خەریکی تێهەڵدانی کەرامەتی نیشتیمانە
پیاومان هەیە لە شێوەی زیندان بەم ڕۆژگارە خەریکی زیندانکردنی جریوەکانی نیشتیمانە
پیاومان هەیە لە شێوەی بێدەنگی گەر دنیا بسوتێت ئەم نقەی بۆناکات
پیاویشمان هەیە لە شێوەی گەمژە کۆدی گەمژەیی ئەو پیاوانە لای دەسەڵاتە
پیاوی سییەم:
پیاوێک لە ڕابردووە هاتووە، ناوی خۆیناوە داهاتوو، سنگی پڕە لە بەستەڵکی سەرما بەلای هەر پیاوێکدا تێپەڕێ تۆزێک گەرمیی لێدەبات و ساردیدەکاتەوە. پیاوێکە جودا لە پیاوەکانیتر، فاڵچییەک قاوەی بەختی بۆ گرتۆتەوە ئیتر لەو ڕۆژە بەخت یاوەریبووە. ئەو پیاوێکە جگەرە کێش نییە بەڵام یەک ملیۆن پیاوی بەخۆییەوە تۆشی جگەرە کردووە، ئەو پیاوێکە قاوەچییەک بەختی بۆگرتۆتەوە پێویستی بە خوێند و مەکتەب‌و کتێب نییە، هەموو ئەرشیفی ئەو پیاوە بگەڕێت کتێبێک نابینیت. پیاوێک گوتی: [کتێب عەقڵی وشکراوەی مرۆڤەکانە] بەس ئەو پیاوەی هەموومانی بەخۆیەو وشککردۆتەوە تاکو سەرئێسقانی بردووین و بەم ڕۆژگارەیش چەکوشێکی گەورەی بەدەستەوەیە وخەریکی وردوخاشکردنی کەرامەتی پیاوەکانە. ئەو نە شمشێرەو نە لە جنسی با ئەو ڕابردووەو هەردەبێت بچێتەوە بۆ ڕابردووو. پێاوێک ووتی: هەرگیز داهاتووم لەودا نەبینیوە؟ ئەوە منم کە داهاتووم لکاندووە بە ڕابردووی ئەو پیاوەوە کە داهاتووە! 
کؤڵانی سێیەم/
دەمەقاڵێ نێوان دوو پیاوی ماڵە دراوسێ:
پیاوی یەکەم لەبەر خۆییەوە لە حەوشی ماڵی خۆیانەوە دەڵێت: 
ڕابردووم ئەوەندە تاڵو تفتە شەرمەزاری لێدەتکێ هەموو ڕۆژێک خۆم لە قوڵپی ڕشانەوەمدا بەدیدەکەم. ئەم زەمەنە ئەوەندە قورس‌و بێئابرووە هەموو جەستەمی هاڕیوە... نەرمە بایەک هەڵمدەگرێو لەنێو لیخاوی یادێکدا بەجێمدهێڵیت.. دەبێت ئەو یادە کامەتان بێت کەوا تاڵە دەرزووی ئەم ژیانەمی تێوە ئاڵۆزکاوە؟ 
پیاوی دووەم لە نۆهەمی سەرەوە وەک ئەوەی دەست بۆ پیاوی ماڵە دراوسێ ڕاکێشێت بەسەرنجێک ئینجا لەشێوەی پیاوێکی عاقڵدا سەری ڕاوەشاندوو گوتی: تۆ دەتوانیت ساختمانێکی تەندروست‌و پتەو دروستبکەیت لەسەر ڕۆحی مرۆڤەکان نەوەک لەسەر تێکشاکاندنیان. چەکوشەکەی دەستی تۆی پیاو بۆ تێکشکاندن‌و ڕووخاندنە نەک بۆ دروستکردن.
پیاوێک ووتی:
تۆ ئەی پیاو دڵت خۆشە؟ تۆ قەت پرسیارێکی وات لە خۆت کردووە کە دڵ خۆشتکا نەک تێکتبشکێنی؟ 
ئێمە خەڵکی وڵاتێکین ڕوخاندنی پردێکمان لائاسانتربووە وەک لە دروستکردنی! لەوەتەی هەیەن کار لەسەر تێکشکاندنی ڕۆح‌و ئێسکو پەراسۆکانی جەستەو نیشتیمان دەکەین لەبەر ئەوەی ڕۆحی مرۆڤەکان سەخت بنیاتنانەوەیان هەروەک دروستکردنی پردێک لامان وایە کەئەویش هەر سەختە، ئێمە کار ئاسانیمان بۆ زۆر شتکردووە وەک تێکشکاندنی ڕۆح‌و جەستە. 
پیاوێک ووتی: تۆ ئەی پیاوی! کەوازوو بەگەنجی پیر بوویت و کەسیش پێینەزانی! تۆ دەزانیت پیاو لە دوای چل ساڵییەوە دەبێت ئیتر بریاری خۆیبدات کە خاوەنی خۆیبێت یاخود کۆیلەی ڕۆژەکان؟ دەزانیت خۆشترین ژیان گەڕانەوەیە بۆ ماڵە سادەکەی بەختەوەری؟ ئەی تۆ! ئەی پیاوی دوای چل؟ قەت بەختەوەر بوویت؟ 
حیکایەتخوان:
لە هەر شوێنێک پیاوی سیاسی زۆربوون ئەوا پیاوی دووڕوو و پیاوی سێڕوو زیاتر دەبێت! لە هەر شۆێنێک حیزب هەبوو سوکایەتیکردنی بە ڕۆحی مرۆڤەکان زۆرتر دەبێت، داپڵۆسین و چەوساندنەوە زیاتر دەبێت!. فرۆشتنی خاک بووە بە سیاسەت، بێدەنگی لە سوکایەتیکردنی بە ئابرووی گەلێک بووە بە سیاسەت، نۆکەریکردن‌و سیخوریکردنی بۆ دووژمنان بووە بەسیاسەت، برسێتیکردنی میلۆنەها مرۆڤ بووە بە سیاستە! توخوا ئەمە پێدەڵین سیاسەتکردن یاخود گەوادیکردن؟؟ هەر کەسێک کۆمەڵی خەڵکی بە خۆییەوە خەریککرد، ئەو کەسە کەسێک نییە تاکو ببێت بەکەس بەڵکو دەبیت بخرێتە نەخۆشخانەی دەروونییەوە تا لەژێر چاودێری کەسێکدا بێت تاکو دەبێت بە کەس.
تاراوگە لە شێوەی پیاوێکدا ووتی:
ئەم جیهانەم ئەوەندە لابچوکبۆتەوە جێگەی جووتێ پێڵاومی تێدا نابێتەوە بۆ لەپێکرد.
نیشتیمان لە شێوەی پیاوێکدا ووتی:
ئەگەر بڕۆیت بیرم دەکەین، ئەگەر نەڕۆیت دەتکوژم!
گەر نەتکوژم سوکت دەکەم، گەر سوکمکردنی دەربەدەرت دەکەم!
پیاوێک پێشماڵئاوای ووتی:
ئێوارەیەو دنیا ڕەنگی پرتەقاڵی گرتووە کەچی وەک بێزووکەر حەزم لە نارجە! دەبێت بڕۆم نازانم پێش ماڵئاوایم کامتان لەگەڵ خۆم بەرم؟ کام لە ئێوە بەم سەحەری زەردەپەڕەوە نارجم بۆ پەیدادەکات؟ ئێوارە دڕەنگەو کۆڵانەکانی دڵنیایی پڕە لە پیاوی دەمامکدار، کامتان لەگەڵ خۆمبەرم؟ شمشێر، با، یاخود چەکوش؟ دڵنیام کە ڕۆشتم نایەمەو! دڵنیام کە نەڕۆشتم ئیتر نامبینەوە! تکایا ڕێگەمبدەم بانەڕۆم! کەڕۆیشتم بیرم هەر لای ئێوەیە! ئەگەر نەڕۆم ئەوا هەموو ژیانم لای ئێوەیە! کە ڕۆێیشتم کەڕۆیشتیتیشم ئەوا دڵم هەر لائێوەیە. 
پیاوی یەکەم گوتی: 
من بەرە لەگەڵ خۆت هیچ نەبێت جگەرەیک لەگەڵتا دادەگیرسێنم، هیچ نەبێت خەمێک بە بادا دەکەین، من بەرە منیش وەک تۆ هەنگاوەکانم شل و دەستو مەچەکم شلتر،دەشێت لەو ڕێگایەدا باسی زۆر شتبکەین کە ڕۆژانە هەموومانی پێوە سەرقاڵکردووە! 
پیاوی دووەم:
 نا من بەرە دڵم پرە ئارامی، سەرم پڕە لە سێبەر، دەشێت لەو ڕێگایە ببینە هاوڕێ و باسی ئازادیت بۆ بکەم! دەشێت لەو ڕێگایە من و تو هاوتا بە دڵ و جودا بە هزر بەیەک بگەین! من بەرە لەگەڵ خۆت دڵم پڕە لە حیکایەتی پەرەسێلکە! سەرم پڕە لە تێڕوانین بۆ داهاتوو! دەشێت لەو ڕێگایە باسی ژن و ئاو و عەشقت بۆ بکەم! دەشێت لەو رێگایە باسی زۆر شت بکەین جگە لە زیندان! من نامەوێت خۆڕی ئەم نیشتیمانە لە زیندانەکانەوە هەڵبێت! زیندان دیوارەکانی دەمترسێنن بەڵام من دڵم پڕە لە خوێندکار هزر جوان، دەشێت لەو ڕێگایە باسی زۆر شتبکەین، دەشێت باسی زۆر شت بکەین.. 
پیاوی سییەم:
من، من بەرە لەگەڵ خۆت دەشێت لەو ڕێگایە پێویستیت بەمن بێت، من چەوکشم، کوتەکم دەتوانم لەو رێگایە یاوەریتکەم و ترسم بخەمە دڵی پیاوەکانەوە، منبەرە! من ڕابردووی تاریکیم لەگەڵ خۆمدا هەڵگرتووە و داهاتووت بۆ ڕوناک دەکەمەوە، کۆڵانەکانی ترست بۆ دەشکینم، بیرت نەچیت من چەکوشم لە جنسی ڕوخاندن! 
پیاوێک ووتی: هەموویان بەریت سێیەمیان نەبەیت!
پیاو تۆزێک ڕامان، تۆزێک چاوەڕوان، تۆزێک دڵ، یەک دنیا هزر، دنیایەک دڵنیایی دواجار بە دڵناییەوە دەستیدایە چرایەک‌و گوتی: کەستان نابەم لەگەڵ خۆم جگە لەم چرایە! ئیتر دەبێت خۆم خۆمبم، کەسیێکیتر نەبم جگە لەخۆم نەبێت دەستی دایە چراکەو و بەدەم ڕێگاوە: ماڵئاوا، ماڵئاوا ئەی کۆڵانە قورینەکانی شارو مناڵە برسێکانی نیشتیمان. ماڵئاوا ئەی پیاو کە هەرگیز نەتوانیوە بۆ تەنها جارێکیش چییە خۆتبیت. 
حیکایەتخوانێک هاواریلێکرد.
ڕاوەستە ئەی پیاو! پیاوی نێو چیرۆکو حیکایەتەکانی من ڕاوەستە! پیاوی نیو دێرو شەوانی من، جێمەهێڵە چراکەت بهێنە منیش دهێم لەگەڵتا، منیش ئیتر بێزاربووم لە گێرانەوەی حیکایەتەکانی پەرەسێلکە، بێزاربووم لەم تەقەو دەرگا لێدانە، بێزارم لە گێڕانەوەی حیکایەتکانی بێکۆتا لە گێرانەوەی سرودی ئەو پیاوە ترسنۆکانەی کە وەک.... نمایشمدەکردن، ئەو پیاوانەی لەسەر سفرەو خوانی ماڵە دراوسێکانماندا کۆدی ژیانی ئێمەیان دەگۆڕییەوە بە شەوە جەهەنەمێکانیان، ڕاوەست ئەی پیاوی نێو گێرانەوەی حیکایەتەکانی ئەودیو چیا ڕاوەستە، منیش بێزاربووم لەو هەویرە ترشاوەی مارمارۆکەو ماروپەیژەیە بێزاربووم. حیکایەتخوان بەدەم هاوارکردنەوە هەڵساو دوایکەوت ئیتر ئەویش گوتی ماڵئاوا ئەی حیکایەتەکانی نێو بێرەکانی بەر ئاتەشتگە، ماڵئاوا ئەی پیاوی نێو چاوەڕوانی‌و سەرکەشەکانی من! سەد ساڵە چاووەڕوانی پیاوێک دەکەین دەبوایە ئەو ئێستاکە لێرەکانە بووایە بەڵام هەرنەهات، ئەو لە چاوەڕوانی گۆتەدا زیاتر چاوەڕوانیکردین، منیش دهێم لەگەڵتان ئەم چاوەڕوانییە ئاویپێ بردم و ئەو هەرنەهات، پیاوێک دهێت؟ پیاوێک نایەت منی سەدان جاریتر بە چاوەڕوانییەوە پەرشوبڵاو سەرقاڵکردوە وەک لەوەی کۆمکاتەوە. 
مناڵێک بە ڕەنگوبۆی پیاو ووتی:
منیش بەرن لەگەڵخۆتان، منیش د‌هێم لەگەڵتان، منێک کە تەنها ئەنفالو جەنگ میراتم بێت کەواتە منیش بەرن لەگەڵخۆتان. منێک کە کراسەکەی جەستەم کەڕەنگی خاکی گرتووە چیتر شکدەبەم! مناڵ بە ڕەنگوبۆی پیاوەوە هەڵساو گوتی منیش ماڵئاوا! ئەو بستە خاکەی کەناوتانناوە نیشتیمان بستێکی لەسەر من تاپۆنییە گۆری دایکو باوکیشم ئێستاکە بەدەم ڕەشەبای لوورەلووری سەگەکانی نورگەسەلمان و عەرعەرەو زریکەیان دهێت و هاواردەکەن، ئێستاکەیش ڕۆحی دایکو باوکم لە بیابانەکاندا ئەنفال دەکرێن‌و دەکوژرێنەوە لەتاو کەڵبەو لوورەی سەگ نازانن سەر بەکام شوێنوجێ خوادا بکەن. هەڵساو ڕۆشت. 
کچێک لەغیرەتی پیاوێکدا ووتی:
منیش دهێم ئەمە نیشتیمانی دووپێکانی جەنگە، یادگارێکانی ئەم نیشتیمانە تەنها پارچە ئاسنە ژەنگرتۆکانی جەنگ بوو، تەنها یاری دەستی ئێمەی مناڵ قەوانی تۆپ هاوێژەکانی جەنگ بوو، قەوانی ئەو گولانەبوو کە باوکمانی پێکوژرا، کە براکانمانی پێکوژرا لە کۆتایدا ناویاننا شەڕی براکوژی، من نیشتیمانێکم ناوێت کە براکان بەخوێنی سەری یەکتری تینووبن، من کچم تایبەتمەندی خۆمم هەیە بۆ ژیان نەک فیشەکو قەوان پیاوی سیاسی دۆراو. منیشدهێم لەگەڵتان. 
مناڵی پیاوێک ووتی:
منیش بەرن لەگەڵخۆتان چونکە باوکم ئەوەندە دەرگاو پێکردوومەتەوە و دەرگای پێداخستوومەتەوە ئیتر منیش بێزاربووم لە تەقە و دەرگای پیاوەکان، منیش دهێم لەگەڵتان. 
پیاوێک سەری خۆی بادەدات و لێوەکانی دەکرۆژ، قاچەکانی بە زەوێکەوە نوسابوون هەڵسانی سەخت، سەری بەسەر ئەژنۆکانییەوە شۆرکردبۆوە و تووند پێکانی لەم خاکە چەقاندبوو، پیاوێک کوتومت لە خۆمدەچوو، پەنجەکانی ئەوگوت ماخۆلانیانە بەنێو پرچی ڕەشوبرێنجیدا دەهێناو دەبرد هاواریکردوو بە دەنگیدا ناسیمەوە کەئەو پیاوە خۆم! خۆم! ویستم بڵێم منیــ...ش. 
پیاوێک گەڵەگەت بە هەیکەل قسەی پێبریم گووتی:
ئەم خاکە نیشتیمانی پیاوە ئازاکانی جەنگە! نیشتیمانی ئەو پیاوانەن کەچەند سەدەیەک پێش ئێستاکە بە تەیمورلەنگیان گوت: نەء جلی سەربازی تۆ نەء پیاوی پێش سوپای تۆ! تەیمورلەنگ گوتی: ئەمانە کوردن! کورد! ئێرە نیشتیمانی ماردینەکانی بەر تاتەشگەی زەردەشت‌و گاتاکانی ژیانە! مەڕۆن دهێم لەگەڵتان منیش بەرن لەگەڵخۆتان لە چراکەتان دوورناکەوومەوە نەوەکجارێکیتر پێکانم هەڵدهێریو ئیتر نەتان بینمەوە، بمبەن لەگەڵخۆتان ئێرە خاکی پیاوە چاکەکان‌و ئازاکانە کە لە جەنگە نەگلیسەکاندا بەنامورادییەوە کوژران‌و کەسیش نەیزانی لەکوێ ئەم نیشتیمانەدا نێژران، ئێستاکەیش پیاوە دووپێکانی وڵات گۆرستانێکیان دروستکردووە لە ڕەشەباو با بۆ پیاوە ئازاکانی وڵات و ساڵی جارێک چەپێک دڕکو گوڵو درۆ دەخەنە سەر گڵکۆکانیان و نیشتیمانێکیشان دروستکردووە بۆ پیاوە چڵکاخۆرەکان‌و ملهورەکان‌ و هەوەسەبازەکانی خۆیان و ناویانناوە هەرێمی کوردستان! بەبێ دوودڵی دهێم لەگەڵتان. ماڵئاوا نیشتیمانی .
کچێک بە قردێلەی سەریەوە بە شەرمی کچێنی خۆیەوە بە زەردەخەنە‌و لێوی پڕ لە پێکەنینەوە گوتی: ژن تابەتمەندی خۆیی هەیە بۆ ژیان پیاویش هەروەها دەڵێنچی نیشتیمانێک دروستکەین لە جنسی من؟ 
حیکایەتخوان بەسەرسامییەوە گوتی: لە جنسی من واتە تۆ! سەری بادەدات و کەوتە بیرکردنەوەیەکی قوڵەوە.. کەواتە.. کەواتە .. من هەڵەبووم ئێمە چاوەڕوانی پیاوێک بووین.. نا، ناشێت شتیوا ڕووبدات! کەوتە بیرکردنەوە و حسابکردن دیسانەوە بە پەنجەکانی کۆدو مێژوو و ساڵەکانی دەژمارد ٤٦ کۆکەرەوە لەگەڵ ٧٦ واتە ١٢٢ لە ٢٢ دەرکە واتە سەد! دیسانەوە ژماردییەوە نەوەک هەڵەیەک لە حسابەکەیدا بێت، بەڵام هەرچۆن دەیژمارد سەدی دەکرد کەواتە ئـێمە ئەم هەموو ساڵە لە چاوەڕوانی پیاوێکی وەهمدا بوون کە هەر لە ئەزەلدا بوونی نەبووە وەک کۆدەکانی شاخ! کەواتە دەست بۆ کچەکە دڕێژدەکاتو دەڵێت کەواتە تۆ چراکەت هەڵگرەو پێشمانکەوە. کچەکە چراکە لە پیاوەکە وەردوەگرێت‌و پێش هەموویاندەکەوێتو دەکەونەڕێ. 
بەڵام من! ئای لە من! منێک قاچەکانم بەم خاکە تووندبووە، ڕۆحم وەک با زریکەی دهێت بەگیانما و دهێت‌و دەچێت، جەستەم وەک شۆرەبی لە سەرمادا هەڵدەلەرزێت‌و دەرزیئاژنی ناخم دەکەن. بەم سەحەری پیریەوە، بەم ئێوارەی مردنەوە، بەم مێژووە قەموورە، بەم هەموو سەرکەشی جەستەیەوە بەکوێ بگەم بەکێ بگەم لەبەرخۆمەوە گوتم: منیش دهێم لەگەلتان بمبەن لەگەڵ خۆتان منیش خوێندنەوە شپرزەیکردووم وەک لەوەی هێمنکاتەوە، خوێندنەوە زیاتر توڕەیکردووم وەک لەوەی ئارامکاتەوە، خوێندنەوە کاتەکانی هەموو بردووە بۆ خۆی هیچ نەهێشتۆتەوە بۆ خۆشەویستی! نوسین زیاتر ماندووکردووم وەک لەوەی هێزو توانامباتێ، نوسین دووژمنەکانی زیاترکردووەم وەک لەوەی لە دۆستەکانم نزیککاتەوە. لەبەرخۆمەوە گوتم ناء من نایەم لەگەڵتان! من پیاوێکم قەلەقیو ڕاڕایی ڕۆژێک هەردەمکوژێت! من ئیتر لێرە دەمێنمەوە، ئەمە نیشتیمانی منە، نیشتیمانی کۆڵانەکانی مناڵیم ‌و نیشتیمانی ئازارەکانی جەستەو ڕۆحم، من لەوەتەی هەم چاوڕوانم، بەڵام بەحیسابو کیتابی من ئەو پیاوە پێنج ساڵیتر دهێت چونکە ١٩٢٢ لە ٢٠١٧ دەرکە ڕێک پێنج ساڵیتر چاوڕوانم، حیکایەتخوان تۆ هەڵە بوویت حیسابو کیتابی تۆ هەڵە دەرچوو، ئاخر یەکێک بێسەواد بێت چۆندەتوانێت مێژوو بنوسێتەوە؟ چۆندەتوانێت حیکایەتەکان وەک خۆی بڵێتەوە؟ حیکایەتخوان تۆ هەڵە بوویت ماتماتیکەکەیت ڕاست دەرنەچوو؟ نازانم چیبکەم خۆمم لێبووە بە دوان دەبێت سەر بۆ لایەکیان شۆڕکەم. دەبێت ئەو سەریان کامەیان بێت؟ دەبێت ئەو یادە کامەیان بێت کەوا تاڵەدەرزووی ئەم ژیانەمی تێوەئاڵۆزکاوە؟ دەبیت ئەو پیاوە کامەیان بێت کە نایەت؟ 
مناڵیک هاتوو گوتی؛ پیاوێک هاتوو گەڵەکەت لە ڕۆخی ڕوبارەکە دانیشتووە بە دوو دەست سیغار دەپێچێت 
لە جامباز دەچێت وەک لە پەیکەرتاش. 
پیاوەکان:
چاوەڕوانبووین، زۆر دەترساین، لەرزو ترس ددانە چۆقەی لێبریبووین، گوێکانمان بە تەنافی ئەم ڕێگەیەدا هەڵخستبوو، گومان دەیکوشتین زۆر دەترساین قەرەجێک بێت خەونمان بەڕێت، ئیتر ژیان تائەبەد ڕەنگی پەنجەرە بگرێت. 
حیکایەتخوان:
ئەم ژیانە چ دۆزەغێکە کە بە مەرگی ئێمەی پیاو نوسراوەتەوە! ببینین کەچۆن بەناوی ئازادییەوە چ قەسابخانەیەکیان بۆ خوڵقاندووین! ببینن کەچۆن بەناوی نیشتیمانەوە هەموومانیان سوکوڕسواکردووەو لە سەنگەرەکانی جەنگو شەڕدا چؤن ئێمەیان بەسەر شەرەفی نیشتیمانەوە جهێشتووە! ئێمە لە شەرەفو نیشتیمانێک کە دۆڕاندمان ئیتر هیچیترمان نەبوو بۆ ووتن! ئای لە ئێمەی پیاو! لە چ نەزیفێکدا دەژین بۆ پڕکردنەوە واتاکانی بوونمان بە بوون! ئەم پیاوە کەڵەگەتە ماندووە گەنم ڕەنگە داوا لە ژیان دەکات کە لە تێکشکاندنی تاکێتیی خۆیەوە تابگەنە جوانێکان کە ئەویش یەکسانە بە خودی ناوەوەی پیاوەکان. لەمێژوە ئەم پیاوەی ناوەوەی ناخی من هاواردەکات کە ووریابن کە گوێڕابێنن لە هەناسەو ئارامێکانی ئەو بە ئایندە! ئەم پیاوە بە گوڵەبەڕۆژەکان دەڵێت: هوشیاربن کە ئیتر ڕوو لە خۆڕێ نەکەن کە ئاوابوونی بەدوویخۆیدا دهێنیت! ڕوو لە خۆڕێک مەکەن هەر کە ئێوارە داهات ئیتر دەبێت لە چاوەڕوانی ئەودا ئێشکبگرن تاکو خۆڕ هەڵاتنێکیتر، خۆتان خۆڕی خۆتانبن ئەی پیاو! 
ئێمە چاوەڕوانی پیاوێکین تێکمان بشکێنی یاخود کۆمانکاتەوە
تەوابوو

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە