ئایا یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ئێستادا ، شەریکى دەسەڵاتەتە ، هاوبەشى دەسەڵاتە یان پاشکۆى دەسەڵاتە؟
Saturday, 25/03/2017, 21:34
لە 11ى ئایلولى ساڵى 1961 شۆڕشى میللەتى کورد بە ڕابەرایەتى پارتى دێموکراتى کوردستان و سەرۆکایەتى مەلا مستەفاى بارزانى دەستى دایە خەباتى چەکدارى دژى ڕژیمى حکومەتى عێراقى. ئەو کات تەنها پارتى و حیزبى شیوعى لە کوردستانى عێراقدا بونیان هەبوو ، زۆرینەى هەرە زۆرى خەڵکى کوردستان لەگەڵ پارتى بوون .
دواجار ئەم شۆڕشە کە خاوەنى 150 هەزار چەکدار زیاتر بوو لە ساڵى 1975 بە بڕیارێکى مەلا مستەفاى بارزانى ئاشبەتاڵى پێکراو خەڵکى کوردستان دووچارى خرابترین کارەسات بونەوە و بەشێکى زۆرى پێشمەرگەکان ئاوارەى وڵاتى ئێران و هەندەران بون و ئەوانى تر بە ناچارى تەسلیم بە ڕژێمى عێراق بونەوە و توشى سزاو ئەشکەنجەو دورخستنەوەى خواروى عێراق بون .
بەڵام خۆشبەختانە زۆرى نەخایاندو دواى ساڵێک و 3 مانگ لە مانگى 6 ى ساڵى 1976 و لە بارو دۆخێکى زۆر دژواردا کە خەڵکى کوردستان زۆر بێ ئومید بون ، شۆڕشى نوێی گەلەکەمان بەڕابەرایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەسەر دەستى کۆمەڵێک تێکۆشەرى گەلەکەمان دەستى بە خەبات و تێکۆشان کردەوەو ئومێدیان بۆ خەڵکى کوردستان گەڕاندەوە . پارتى دێموکراتى کوردستان دوور و نزیک دەستی نەبوە لە دەست پێکردنەوەى ئەم شۆڕە نوێیە . کاتێک زانیان شۆڕ دەستى پێکردۆتەوەو ئەوانى تێدا نین ، هەنگاوى یەکەمیان بە دۆزمنایەتى ئەم شۆڕە نوێیە دەستى پێکردوو لە سنورەکانى ئێرانەوە خەڵکانى خۆیان ئەناردەوە ناو کوردستان و ڕاوى پێشمەرگەکانى یەکێتیان ئەکرد .
باشترین نمونە شەهید کردنى حەسەن خۆشناو شێخ حوسەینى یەزیدى و هاوڕێکانیان لە سنورى بادینان و کەسیش نییە ئاگادارى کارەساتى هەکارى ساڵى 1979 نەبێت کە چەند خیانەتێکى گەورەى پارتى بوو .
لە ناوەوەى کوردستانیش هەرچى ئەندامى خۆیان بوو فەرمانیان پێدەکردن دەچونە ناو جاشەکان و بە دواى پێشمەرگەدا دەگەڕان و شەهیدیان دەکردن . باشترین نمونە شەهید کردنى ئارام و ڕیشەن.
لە ساڵى 1986 دا یەکێتى و پارتى پەیمانى ئاشتیان بەست و دواى ئەوە پێشمەرگەى پارتى بە ئاشکرا لەو ناوچانە ئەگەڕان کە بە خوێنى شەهیدانى یەکێتى ئازاد کرابوو ، ژمارەى پێشمەرگەکانیشیان زۆر کەم بون .
تا ساڵى 1984 کە ئەو کات بەندە ئەندامى مەڵەبەندى یەکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بەرپرسى مالیەى مەڵبەند بوم ئاگادارى ئەوە بوم کە 4000 هەزار پێشمەرگەى قارەمانمان شەهید کرابون کە زۆرینەیان گەنج بون جگە لە هەزاران ئەندامى یەکێتى کە لە بەندیخانەکانى بەعسدا زیندانى کرابون و ئەبرانە بەردەمى قەنارەکان و چاوەڕوانى لە سێدارەدان بون .
ئەوەى مەبەستمە لێرەدا ئاماژەى بۆ بکەم قسە کردنە لەسەر ئێستا نەک ڕابوردو. بە پێی هەموو پێوەرکان و هەمو عەقڵ و مەنتیقێک بێت دەبوو لە ئێستادا یەکێتى نیشتمانى کوردستان زۆرینەى جومگە هەستیارەکانى دەسەڵاتى لە دەستدابوایە ، یان لانى کەم شەریکى ڕاستەقینەى دەسەڵات بوایە . بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئێستادا پارتى حیزبى یەکەمەو هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى لە دەستدایە.
لێرەدا دەبێ بگەڕێمەوە بۆ سەرەتاى پرسیارەکەم : ئایا لە ئێستادا یەکێتى شەریکى ڕاستەقینەى دەسەڵاتە یان هاوبەشى دەسەڵاتە یان پاشکۆى دەسەڵاتەو فەرمان جێبەجى دەکات ودواى بڕیارەکانى پارتى دەکەوێت . ئەگەر بەرپرسانى یەکێتى ڕاستگۆبن لەگەڵ خۆیان و ئەندام و لایەنگرانیان لەبەر دەم کۆى جەماوەرى خەڵکى کوردستان وخانەوادەى شەهیدان و خۆیان نەخەڵەتینن ، یەکێتى لە ئێستادا بە تەواوى بۆتە پاشکۆى دەسەڵات .
دیارە هۆکارەکانى ئەمەش زۆرەو باسکردنى ئەم هۆکارانە چەندین کتێب و ڕاپۆرت و ڕونکردنەوەى پێویستەو لێرەدا جێگاى نابێتەوە . بەڵام من تەنها هۆکارێکى گرینگى ئەم پاشە کشەو تێشکانەى بەردەوامى یەکێتى لەبەرامبەر پارتیدا باس دەکەم و ڕاستییەکى تاڵەو هیوادارم بە دڵى فراوانەوە وەرى بگرن .
هۆکارى یەکەمى شکستى یەکێتى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە بەڕێز مامجەلال ڕازى بوو ببێتە سەرۆکى کۆمارى عێراق . لە ڕاستیدا ئەو پۆستە پۆستێکى تەشریفاتیەو هیچ بڕیارێکى چارەنوسسازى پێنادرێت تەنها پۆستێکى مەعنەویە. گرنگترین کار کە دەبوو لەسەردەمى سەرۆکایەتى ئەودا جێبەجێبکرایا ، مادەى 140 بو کە بەداخەوە هەر لەبیر چۆتەوە .
بۆیە وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى کۆمار لە لایەن تاڵەبانییەوە ، هەڵەیەکى زۆر گەورەبوو . لە پێناوى ئەو پۆستەدا هەرێمى کوردستانى تەسلیم بە مەسعود بارزانى کرد ، کە لەمیژ بوو خەونى بەو هەلە زێڕینەوە دەبینى و ئەوەتا ئێستا بە ئارەزوى خۆى وەک تاکە سوارەى مەیدان ئەسپى خۆى تێدا تاودەدا و حساب بۆ کەس ناکات . هەڵەى دووەم : ئەوەبوو کە بەڕێزیان ئەو پۆستەى وەرگرت ، دەستبەردارى پۆستى سکرتیرى گشتى نەبوو . لەوەش خرابتر کەسێکى دەستنیشان نەکرد کە لە غیابى خۆیدا سەرپەرشتى یەکێتى بکات و لە بەغداوە خۆى سەرپەرشتى دەکرد . بە هۆى ئەوەوە کاک نەوشیروان وازى لە یەکێتى هێناو بزوتنەوەى گۆڕانى دروست کرد و گومانى تێدا نییە کاریگەرى نەرێنى لەسەر یەکێتى هەبوو .
دواى ئەوەى بەڕێز مامجەلال توشى ئەو نەخۆشیە بوو ، بارودۆخى ناو یەکێتى بەردەوام بەرەو خراپى دەچێت ئێستاشى پێوەبێت . بۆ ئاگادارى هەموو لایەک هۆکارى نەخۆشبونەکەى بەڕێز مامجەلال دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکیانەى بەردەوام لە نێوان مەسعود بارزانى و عەبادیدا هەبوو .
مەسعود بارزانى بەردەوام کێشەى بۆ مامجەلال دروست دەکرد لە ڕێگاى لێدوانە بێ بنەماکانى ئەویش بۆ موزایەدەى سیاسى وەکو دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى و سەربەخۆیی ئابورى هەرێمى کوردستان و مامجەلال دەبوو پاساو بۆقسەکانى مەسعود بارزانى بهێنێتەوە و خۆى توشى ئیحراجى بکات .
وەکو ئەڵێن ئەو شەوەى توشى جەڵتەکە بوە تا بەرە بەیان هەر خەرێکى ناو بژیوانى بوە لە نێوان مەسعود بارزانیى و عەبادیداو لە ئەنجامى ئەوەى نەگەیشتونە یەک توشى ئەو نەخۆشیە بوەو بەداخەوە تا ئێستا چاک نەبۆتەوەو هیواى چاک بونەوەى هەرچى زوترى بۆ دەخوازین .
هەتا مامجەلال تەندروستى باش بوو ، توشى ئەم نەخۆشیە نەببو ، بڕیاردەرى یەکەم بوو بۆ یەکلایی کردنەوەى هەموو پرسە گرنگەکانى ناو یەکێتى . بەڵام بەداخەوە دواى نەخۆشکەوتنەکەى، ناوەندى بڕیار لەناو یەکێتیدا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەرەو لاوازى ڕۆیشت و کار گەیشتۆتە ئەوەى لەناو مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتیدا کەس کەسێکى تر بە مەسئول نازانێت و فرە کوێخایی بۆتە نەریت و بەو هۆیەوە شیرازەى بڕیاردان تێک چوو ، تا کار گەیشتە ئەوەى یەکێتى بەسەر دوو بەرەى زۆرینەى مەکتەبى سیاسى و باڵى ناوەندى بڕیاردا بەشبون و بارودۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێکى مەترسیدار لەسەر ئایندەى یەکێتى بە تایبەتى و هەریمى کوردستان بە گشتى .
لە بیرمان نەچێت لەو کاتەوە بەڕێز مامجەل پۆستى سەرۆکى کۆمارى وەرگرتوە ، مەسعود بارزانى منەت بەسەر یەکێتیدا دەکات گوایە ئەو ڕازى نەبوایا ، مامجەلال ئەو پۆستەى وەر نەدەگرت . بەو هۆیەوە لەو کاتەوە بە بەردەوامى هەتا ئێستا یەکێتى تەنازول بۆ پارتى دەکات و دەستبەردارى زۆر پۆستى هەستیار بوە بۆ پارتى .
دواى دوور کەوتنەوەى مامجەل لە گۆڕەپانى سیاسى و بڕیارداندا پارتى بەردەوام کارى لەسەر ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى و بەرپرسە باڵاسەربازیەکانى ناو یەکێتى کردوەو بە تاک تاک و گروپ و هەوڵى داوە زەمینەیان بۆ خۆشبکات ببنە خاوەنى سەرمایەى خۆیان و بەو هۆیەوە پێگەى ئەم سەرکردانەى لاى ئەندامانى خوارەوەى حیزبەکەیان و جەماوەر لاواز کردوە
ئەم حیزبەى شەرەفى هەڵگیرسانەوەى شۆرشى هەبوو کە دەبوو لە ئێستادا حیزبى یەکەم یان لانى کەم خاوەنى زرینەى جومگە هەستیارەکانى دەسەڵات بوایە ، بەڵام بە پێچەوانەوە هەموو جومگە هەستیارەکانى دەسەڵات لە دەستى پارتیدایەو بەرپرسانى یەکێتى خاوەنى هیچ بڕیارێکى چارەنوسساز نین و چاوەڕوانى مەرحەمەتى پارتین . کار گەیشتۆتە ئەوەى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى یەکێتى کەوتونە وێزەى یەکترى و لە سایت و ڕۆژنامەکاندا یەکترى تۆمەتبار دەکەن بە خیانەت و گەندەڵى . ئەوەتا بە ئاشکرا هەندێک لە ئەندامانى سەرکردایەتى داوا ئەکەن لێپرسراوى دەستەى کارگێڕی مەکتەبى سیاسى لە پۆستەکەى دوور بخەنەوە چونکە پێیان وایە سەرچاوەى زوربەى کێشەکانە . هەندێکى تریان مەرایی و مامە حەمەیی بۆ پارتى ئەکەن و ئەوەتا کەسانێک لە ئاستى باڵادا واز لە یەکێتى دێن و بە شان و باڵى پارتیدا هەڵ دەدەن .
زۆر جار هەر لەناو یەکێتى خۆیاندا باس لەوە دەکرێ فڵانە کەس هەر لە مێژە پارتییە. زۆر جار بە یەکترى دەڵێن یەکێتیەکانى ناو پارتى . کێشەى گەورەى زۆرینەى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى یەکێتى لەسەر بەرژەوەندى خودى یەکێتى و جەماوەرى یەکێتى و زونى سەوز نییە ، بەڵکو لەسەر بەرژەوەندى پارەو سامانە بۆ خۆیان .
کێشەکە لەسەر ئەوەیە کە من بەقەدەر تۆم نییە . هەموشیان هەریەکە بە پێی خۆى دەسکەوتى باشى هەبوە بۆیە لە کاتى کۆبونەوەکاندا کەسیان ناتوانێت پێداگرى لەبەرژەوەندى هاوڵاتیان بکات و ڕەخنە لە بەرامبەرەکەى بگرێت چونکە خۆشى لە گەندەڵیەوە گلاوەو پەرێزى پاک نییە . بۆیە هەموو کۆبونەوەکانیان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و نەهێشتنى گەندەڵى بێ ئەنجام دەبێت .
لە سایەى ئەم بارودۆخەوە پارتى بۆتە بڕیاردەرى یەکەم و دەستى گرتوە بەسەر سامانى ئەم وڵاتەداو زونى سەوزى پەراوێز خستوەو ڕێگاش نادات سەرمایە گوزارى لە سنورى یەکێتیدا بکرێت . باشترین نمونە : لە ئەلقوش کە سنورى پارتییە بیرێکى نەوت هەڵدەکەندرێت ، بە 176 ملیۆن دۆلار کە لەوانەیە بایی ئەو پارەیەى نەوت تێدا نەبێت ، بەڵام لە چەمچەماڵ غاز خۆى دێتە دەرەوە پارتى ڕێگا نادات داناغاز پەرە بەکارەکانى بدات بۆ ئەوەى زونى سەوز نەبێتە خاوەنى ئابورى سەربە خۆى خۆی و پێویستى بە پارتى نەمێنێت . هەر لێرەوە دەمەوێت زۆر ڕاشکاوانەو ڕاستگۆیانەو بێ پێچ و پەناو بێ پەردە بڵێم : هۆکارى یەکەمى باڵادەستى پارتى لە بێ هەڵوێستى یەکێتییەوە سەرچاوە دەگرێت . پارتى چەند هەوڵى داوە سنورى سەوز پەراوێز بخرێت هیچ پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى تێدا ئەنجام نەدرێت ، تاوانى یەکێتى لە هى پارتى کەمتر نییە .
بە بۆچونى من دانا غاز چەند هەرێمى کوردستان قەرزدار بار بکات لەسەر ڕێگە پێنەدانى بۆ فراوانکردنى چالاکیەکانى لە سنورى زونى سەوزدا هەموى یەکێتى لێی بەرپرسیارە . لە پێناوى وەرگرتنى 200 ملیۆن دۆلارى شیرینى چاوپۆشى کرد لەوەى کارگەیەکى پیترۆکیمیاوى لە دەڤەرى چەمچەماڵ دروست بکرێت .
داناغاز بە نیاز بوو ئەوەندە یەکەى کارەبای دروست بکات بشى هەموو عێراق کارەبا بەرهەم بهێنێت وئەو کات یەکێتى بەم شێوەیەى ئێستا تەسلیمى بڕیارەکانى پارتى نەدەبوو ، زونى سەوز وێران نەدەبوو . ئێستاش ئەگەر یەکێتى دەیەوێت وەکو جاران لەسەر پێی خۆى بوەستێتەوەو ببێتەوە بە جێگەى متمانەى جەماوەر و چیتر پاشکۆیەتى پارتى قبوڵ نەکات و ئەگەر ناتوانێت لەم حکومەتەدا خاوەن بڕیاربێت ،با هەرچى زوترە لێی بکشێتەوەو چیتر پاساوى ئەوە نەگەڕێنێتەوە بۆ دروستبونى دوو ئیدارەیی و دنیا وێران نابێت و گورگ نامانخوات و گۆڕانکارى گەورە لە ناوچەکەدا بەڕێوەیەو وەکو دەڵێن ئەگەر دەرگایەک داخراچاوەڕوانبن دەرگایەکى تر دەکرێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست