کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورسى بکەنە قوربانى برسى

Friday, 17/03/2017, 0:06


هەموو ساڵێک کە دەگەینە  شانزەى سێ، هەموو حزب و لایەنەکان ئەکەونە خۆ دەرخستن و پۆزلێدان.هەریەکەو بەجۆرێک خۆى نومایش ئەکات، ئەخوازێت لەسایەى ئەو شارە بێ کەس و پەراوێزخراوەدا مەبەست و مەرامى خۆى بەجێبهێنێت. بەڵام پاش کۆتایى هاتنى  ئەو مەراسیمە چەند کاتژمێریە ئیدى بارگە و بنە دەپێچنەوە تا ساڵێکى دیکە کەس رێى ناکەوێتە  ئەو شارەو لە خەمى زیان لێکەوتوانى نابێت.
هەموو ساڵێک تەمەنا دەکەم کە ئەو مەراسیم و شین و شەپۆرە بگۆڕێت ، لەبرى ئەو یادە کلاسیکى وبێ بایەخە بکرێت بە یادێک بۆبوژاندنەو خزمەتکردنى ئەم شارە، تاڵاوى میحنەت ونەهامەتیەکان لەبیر دانیشتوانەکەى بەرنەوە.
 بەر لەهەرشت پێویستە لەسەرمان کەبزانین هۆکارى ئەو کارەساتە چى بوو؟  نهێنیە شارەواکانى ئەو تاوانە چى بوو؟ کى َ بوو وایکرد کە رژێم ناچار بکات پەنا بباتە بەر تاوانێکى وا؟ ئایا تاوانباران و بکەرانى ئەو کارەساتە بەسزاى خۆیان گەیشتون؟ئایا توانراوە بەئەندازەى گەورەیى تاوانەکە قەرەبووى بەرکەوتوان و شەهیدان بکرێتەوە؟ کە زۆربەى حزبەکان و سەرانى لەسایەى ئەو شارەوە بەدونیا ناسران.
هەموو یادێک وا بیردەکەمەوە کە ئەمساڵ بەرپرسان و  سەبەبکارانى ئەو تاوانە ویژدانیان ئازاریان دەدات، کە چەنیدن ساڵە نەیانتوانیوە  بچوکترین برینى زامداران و چارە بکەن. بەتایبەت کە چەند ساڵێکە بەناو کراوە بەپارێزگا بەڵام لەگوند و وێرانەیەک زیاتر هیچى دیکە نى یە.
     هەڵوێست و بایکۆتەکەى ئەمجارەى ئەدهەم بارزانیش سەلمێنەرى ئەوەیە، کە ئەو بەناو بەرپرسانە،تەنها بۆ خۆدەرخستن و خۆنواندن دێن، بۆ ئەو یادە، نەک بۆ هاوخەمى و بیرکردنەوە لەخزمەت و باشترکردنى رەوشى ژیانى ئەو شارە. ئەوەى ئەو پیاوە کردى ،بەروونى وئاشکرایى ئەوەمان پێدەڵێت کە هەموویان بۆخاترى دەرکەوتن لەتیڤى و نواندن دێن بۆ یادەکە،گەر نا هیچ کامێکیان بۆ چرکە ساتێکیش لەخەمى بچوکترین منداڵى ئەو شارەدا نین، ئەوەتا لەماوەى 2هەفتەدا لەلایەن حزبەکەى ئەدهەمەوە  نزیکەى سەدان ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەى خزمەتگوزاریى شارى دهۆک تەرخان کراوە، کەچى سێ ساڵە ئەو شارە بۆتە پارێزگار، تا ئێستا دوو جادەى باشى نى یە، دووترافیکى نى یە، یەک ئوتێل و شوێنى حەوانەوەى نى یە.
من دڵم خۆش بوو وتم رەنگبێت ئەدهەم بارزانى  بەر لەیادەکە گوزەرێکى بەناو شارو کۆڵانەکانى هەڵەبجەدا کردوە، وێرانە و کەلاوەکانى بەچاوى خۆى دیتوە، بۆیە ویژدانى ئازارى داوە، کە لە یادێکى روکەش و هەڵخەڵەتێنەردا بەشداربێت، بۆیە بایکۆتى کردوە،کەچى دوایى زانیم جەنابى لەسەر ئەوەى لەریزى پێشەوە دانەنراوە بۆیە پەست ونیگەران بووە هۆڵەکەى بەجێهێشتووە، چى دەبوو ئەگەر ئەمجارە ئەدهەم و تەواوى بەناو بەرپرسان وەک خەمخۆریەک بەوکەسانە، لەحزورى قوربانیان بوونایە و،ئەوان رابوەستانایە و خەڵکەکە دابنیشتایە؟یان کورسى و خۆنومایشکردن لەریزى پێشەوە بۆتە گرێ یەکى دەروونى سەرانى بارزانى، پێیان وایە کە ئەگەر لەریزى پێشەوە نەبن  یان کورسى تایبەتیان نەبێت ئەوا کابە کەچ دەبێت ، بەگەورەترین سوکایەتى و بێ رێزى دەزانن بەرامبەر بە جامانە سوورەکان. کە بەدڵنیاییەوە دەیڵێم هەڵوێست و بیرکردنەوەى تەواوى بەرپرسانى حزبى بەشداربووى ئەو یادە بەهەمان شێوەیە،هەموویان  بۆ کات بەسەربردن و ناوهێنان ریزى پێشەوە دەگرن. هەموو هەڵەبجە و قوربانیەکانى ئەکەنە ساقە سەرى مۆنیکا و تانکەرە نەوتەکانیان.وا بیست نۆ ساڵە ئەو یادە وەک شتێکى رۆتینى و عادەتى لێهاتووە، کە هیچ کام لەبەشداربوان لەخەمى شار و باشکردنى دانیشتوانەکەى دا  نین. بۆیە هەقى خۆیەتى کە ئیدى جەماوەرى بەشەرف و زیان مەندى هەڵەبجە هەڵوێست وەرگرن، ئەو بەرپرسانە بناسن کەئوتۆمبیلى گران بەهاو جلى ئاڵو واڵا بۆخاترى کورسى و ریزى پێشەوە دێن .داوایان لێ ئەکەم کە بە شتى روکەش و بێ نرخ  فریو نەخۆن، بەهێنانى یەک دووپارچە فڕۆکەى شکاو، تاوانکاران و و هاوکارانیان لەیاد نەکەن. باشتریشە کەساڵێکى دیکە رێگە نەدەن هیچ بەرپرس و حزبێک توخنى ئەو یادە بکەوێت. بۆخۆیان لەگەڵ خەم و ئازار  گریانەکانیان ،ئەو رۆژەش بەماتەمینى بەڕێبکەن و چیدى بوار نەدەن کە هەڵەبجە ببێَتە دوکانێک و بازرگانان گیرفانى خۆیانى لێ پڕ بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە