بەچەکى هاوپەیمانان شەڕی یەک دەکەن!
Thursday, 16/03/2017, 23:12
هێشتا لە بیرمە دەرهاوێشتەکانی دوای ڕاپەڕین لە هەڵبژاردنەکانى 1992 کە پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى لێکەوە، ئاسۆیەکى نوێی بەڕووى خەڵکى بەشمەینەت و ستەمدیدەى کۆمەڵانى خەڵکى ئەو هەرێمە کردەوە کە هەمووان بە گەشبینیەوە بڕواننە داهاتوو.. لەوانە دەنگودۆی هێزى چەکداری جزبەکان بەناوى هێزى یەکگرتووەوە لە ژێر چەتری وەزارەتێک بەناوى وەزارەتى پێشمەرگە یەک دەخرێ و لەو چەک و جبەخانەى ئەو فەیلەقانەى ڕژێم بەجێیان هێشت و کەوتە دەست حزب و لایەنە سیاسیەکانى کوردستان، هەرچی چەکێک هەیە بە سووک و قورسەوە دەبەخشرێتە ئەو وەزارەتە ساوایە، بەمەیش بەشێکى کەمیان لێی دا و ترسی شەڕی براکوژی ئەزموونى چەند ساڵەى رابردوو وای لە حزبەکان بەتایبەت حزبە زلهێزەکان کرد کە هێشتا تەم و مژی ئەو ڕابردوەیان نەڕەوێتەوە و لە ئامادەباشی خۆیاندا هەموو چەکە قورسەکان ڕادەست نەکەنەوە.
هێزە یەکگرتووەکە ئەوەندە بە یەکگرتوویی نەمایەوە، ساڵێک و چەند مانگێکى بەسەر تێپەڕی، جارێکى تر شەڕی براکوژی یەخەى گرتین و هەر بەو چەکانەی سوپای عێراقی شەڕی یەکیان پێ کرد، ئەوەش چ جای سەرگەردان و ماڵوێرانى بۆ کوردستانیان، خەریک بوو خەونى لەمێژینەمان لەگۆڕنێ و لەو ساتەوە بووە خاکەکەمان بووە گۆڕەپانى دەستوەردانى وڵاتانى هەرێمى و لە هەر ئەگەرێکى دانیشتن و کۆبوونەوە و ڕێکەوتنى لایەنە پێک ناکۆکەکان، ئەو زلهێزە هەرێمیانە چالاکیەکانیان لە کوردستان سڕ دەکرد و بێ دەنگیان دەنواند، چونکە دەزانن بە یەکگرتوویی بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد ئەوانە وا بەئاسانى ناتوانن حوکمڕانى ئەم هەرێمە بکەن و وا بەئاسانى ئەجێنداکانیان پیادە بکەن.
زۆر جار دەوترێ: مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە، ئەگەر نێوماڵی کورد رێک نەخرێتەوە و وەزارەتى پێشمەرگە بە کردەوە وەزارەتى هەمووان نەبێت، مەبەستم لەو قسانە هیچ هێزێک لەدەرەوەى ئەو وەزارەتە نەجوڵدرێ و ئیعاز لە حیزبەوە وەرنەگرێ و بەنیشتمانى نەکرێ، ڕەنگە دووبارە بوونەوە سەرهەڵدانى هەر شەڕو شۆیەکى نەخوازراو، بەهەمان ڕبەى تەق تەق وەک نەوەدەکان ئەو چەکانەى ئەمریکا و ئەڵمانیاو هاوپەیمانان بە کوردى داوە( چەکە مۆدرێنەکان) ئەوە لەسەر یەکى تاقی بکەینەوە، لەو هەنگاوانەی پێویستە کاریبۆ بکرێ:
1- وەزارەتى پێشمەرگە بە دامەزراوەیی بکرێ کە گوزارشت لەهەمووخەڵکى کوردستان بکات نەک چەند حزبێک و تەواو.
2- ڕاکێشانى بەزۆرەملێیی (تەجنید)ی جاران بەپێی تەمەن و بەبێ چاوپۆشی هیچ کەسێک بۆ خزمەتى سەربازى بانگ بکرێن، ئەوەش زیاتر ئەو وەزارەتە بەرەو دامەزراوەیی و دام و دەگایەکى نیشتمانى دەبات.
3- ئەو هەموو ناوەى لەم و لەو نراوە (هێزە چەکدارەکان)، هەموویان بکرێنە یەک ناو و وەزارەتى پێشمەرگە سەرپەرشتیان بکات.
4- بڕیارێکى ناوەندى هەبێت کە هەمووان پێیەوە پابەند بکات نەک بەهۆی وەلای هێزێک بۆحزبەکەى بریاری لایەکەى تر ڕەت بکاتەوە.
5- گۆڕینى دەم و چاوەکان و جێگرتنەوەیان بەکەسی بێ لایەن لەکاتێکدا حیساب بۆ قسە و فەرمانەکانیان بکرێ.
6- یەکگرتوویی هێزى پێشمەرگە لەژێر یەک چەتری کوردایەتى هیچ دوژمنێک ناتوانێ زەفەری پێ ببات، بەپێچەوانەوە هەر ئاڕاستەیەکى جیاواز وا دەکات ئەم وڵات و ئەو وڵات زۆر بە ئاسانى دەست لەکاروبارەکانى وەربدات و دواجار ئاقیبەتمان خێر نابێت.
7- نیەت،.. دیسان نیەت.. بوێری و کوردایەتى دەتوانێ ئەو پەرتەوازیە یەک بخات وەک چۆن هاوار دەکەین دەڵێین تا کورد ماڵی خۆی یەک نەخات ناتوانێ بەرامبەر تەحەدیەکان ببێتەوە، ئەوانەى کۆسپن لەبەردەم سەربەخۆیی و یەکڕیزى ماڵی کورد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست