کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کێ بەرپرسیارە لە جینۆسایدی هەڵەبجە؟

Thursday, 16/03/2017, 22:24


ڕۆژی 16/3/1988 یەکێکی دیکەیە لە ڕۆژە کارەساتبارییەکانی کورد ، و ڕۆژێکی شوومیشە لە مێژووی حیزب و حکومەتی بەعس و ئێران و چوار پارتی کوردی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، پارتی دیموکراتی کوردستان ، سۆسیالیتی کوردستان ، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ) ، و چەند پارتێکی دیکەی عێراقی ، کە لەم جینۆسایدە دا ( 5000) هەزار کەس بوونە قوربانی سەرەڕای کاریگەرییە خراپەکانی تەندروستی و ژینگەی و ئابووری و یاسایی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ، چەند ڕۆژێک پێش شانزەی سێ ، چوار پارتی کوردی لەگەڵ ئێران ڕێکەوتن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵەبجە دیارە لەم کاتەدا ئێران لە جەنگێکی هەشت ساڵەدا بوو لەگەڵ عێراق ، و حکومەتی بەعسیش لە مانگی شوباتی( 1988 )ەوە دەستی کردبوو بە پیادەکردنی شاڵاوەکانی ئەنفال دژی گەلی کورد ، کە( 182 ) هەزارکەس ئەنفالکران .
دیارە ئێران چەند مەبەستێکی هەبوو لە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵەبجەدا : لەوانە کۆنتڕۆڵکردنی دەریاچەی دەربەندیخان تا لە و ڕێگەیەوە فشار بخاتە سەر بەغدادی پایتەخت . هەروەها بە هاوکاری هێزە کوردییەکان بەرەیەکی دیکەی جەنگ لەگەڵ عێراق دا بکاتەوە تا فشاری زیاتر بخاتە سەر سوپاکەی عێراق . ئەمە جگە لە هاوسنوری هەڵەبجە لەگەڵ ئێران دا .
هێزە کوردییەکانیش دەیانوویست بۆ سووککردنی فشاری سوپای بەعس لە ئەنفال دا بەرەیەکی شەڕ لەگەڵ حکومەتەکەی سەدام دا بکەنەوە و ناوچەیەکی ئازادکراو هەبێت بۆ چالاکییەکانیان ، بەڵام ئێران کە هەڵەبجەی داگیرکرد لەو ماوە کەمەدا ، بە پێی بیرەوەی شایەتحاڵەکانی ئەو ڕۆژگارە ڕێگەی هەموو چالاکییەکی لە هێزە کوردییەکان گرتووە .
هەمیشە باس لە ڕندەیی سوپاکەی بەعس و گەورەیی قەبارەی کارەساتەکە دەکرێت ، کە ئەمە ڕاستیەکی بەڵگە هەڵنەگرە ، بەڵام باس لە هۆکارەکانی ڕووداوە کە ناکرێت ، بۆچی قەبارەی جینۆسایدەکە ئەوەندە گەورە بوو ؟ بۆچی ڕوویدا ؟ بەرپرسیاری هێزە کوردییەکان چیە لە کارەساتەکەدا ؟ ئایا ئێران هەڵەبجەی داگیرنەکردایە قەبارەکەی کارەساتەکە بچوکتر دەبوو ؟ هێزە کوردییەکان هاوپەیمانی ئێران نەبووونایە کارەساتەکە ڕووی دەدا ؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری جەوهەری دیکە .
ئێمە سەبارەت بە داگیرکردنی هەڵەبجە لەلایەن ئێران و جینۆسایدی هەڵەبجە و بەرپرسیاریەتی هێزە کوردییەکان و دڕندەیی بەعس ، لە دوو ڕووەوە لێکدەدەینەوە :
یەکەم : کوردستان بەشێکە لە عێراق ، واتا بە پێی دەستورەکان و یاساکانی عێراقی ، و یاسا نێودەوڵەتیەکان ، و بەپێی ڕێکەوتنامەی لۆزانی ساڵی 1923 ، بەپێ یەکلایکردنەوەی کێشەی موسڵ لەلایەن کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی 1925 ، بەپێ ڕێکەوتنامەی ساڵی 1926 نێوان عێراق - تورکیا ، و بەپێ هەموو ڕێکەوتننامە سنوریەکانی نێوان ( عێراق - ئێران ، عێراق - سوریا ، عێراق- تورکیا ) کوردستان بەشێکە لە عێراق . لەبەر ئەوە داگیرکردنی هەڵبجە لە لایەن ئێرانەوە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و ڕێکەوتن و یارمەتی هێزە کوردیەکانیش بۆ ئێران خیانەتکاریە و کارئاسانیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەژمونی شیعەی ئێرانی لە عێراق ، ئەمە لە کاتێکدا عێراق لە جەنگێکی سەخت دایە لەگەڵ ئێران .لەبەرئەوە بەعس توندترین ڕێگە دەگرێتەبەر دژی خیانەتکاران ، لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین گریمان بەپێی واقیع گەر کوردستان بەشێکە لە عێراق ئەوە جیاوازی نەتەوایەتی و پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و جینۆساید و ئتنۆساید و داگیرکاری و وێرانکاری کوردستان لەلایەن حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق لەبەرچی ؟
دووەم : کوردستان بەشێک نیە لە عێراق ، کە ئەمە ڕاستیەکەیە . کوردستان ووڵاتێکی سەربەخۆیە و کورد خاوەنی کوردستانە و کۆنترین مێژووی هەیە ، بەڵام بە تێپەڕبوونی ڕۆژگاری و لەسەر دەستی ئیمپریالیزم داگیرکراوە و دابەش و پارچە پارچە و وێرانکراوە و لە لایەن عەرەب و تورک و فارسیشەوە درێژە بەو پڕۆسەی داگیرکاری و دابەشکارییە دراوە . ڕێکەوتنامەی لۆزان لەساڵی 1923 دابەشکاری و دوژمنکاری ئیمپریالیزم بوو دژی کوردستان ، لکاندنی وویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە لە لایەن کۆمەڵەی گەلانەوە لەساڵی 1925 لە ژێر فشاری بەریتانیادا نادادپەروەری ئەو کۆمەڵەیە و ووڵاتە زلهێز و براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهان بوو دژی کورد و کوردستان ، هەروەها هەموو ڕێکەوتنامە سنوریەکانی نێوان ( عێراق - ئێران ، عێراق - سوریا ، عێراق - تورکیا ) هەوڵی دوژمنکاری ئەو ووڵاتانەیە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ، لەبەرئەوە لە ئەنجامی پڕۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و جینۆساید و ئیتنۆسایدی حوکمەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق بە تایبەتی لە سەردەمی بەعس و سەدام حوسێن دا کە زوڵم و ستەم و داگیرکاری و وێرانکاری و ئەنفال و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و بە بەعسکردن و کاولکاری دژی کورد و کوردستان گەیشتە لوتکە ، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی و هێزە کوردییەکان هەموو ڕێگاکان بە ڕوویاندا داخرابوو ،کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و ووڵاتانی ئیسلامی و ناوچەی بەهۆی بەرژەوەندییان لەگەڵ بەعس چاوپۆشیان لە تاوانکاری و جینۆسایدی گەلی کورد دەکرد ، لەبەرئەوە بزوتنەوەی ڕزگاریخواز و پارتە کوردییەکان بۆ ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەتی سەدام و بەعس پەنایان بردۆتە بەر ئێران . لێرەدا دەبێت ئاماژە بەو ڕاستیە مێژووییە بدەین ئەنجامی پشت بەستنی و وابەستەی کورد و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە تورکیا و ئێران هەمیشە کارەساتی لێکەوتۆتەوە ، چونکە ئەو دوو ووڵاتە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هاوکاری کورد دەکەن لە کاتی مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانیان یان کاتی بەدیهێنانی بەرژەوەندیەکانیان پشت لە کورد دەکەن و دەستەبەردەری دەبن ، هەروەکو پشت بەستنی شۆڕشی ئەیلول بە ئێران ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975 لێکەوتەوە کە بووە هۆی ئاژبەتاڵ و هەرەسی شۆڕش ، پشت بەستنی هێزە کوردیەکان بە ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دا کیمیا بارانکردنی هەڵبجەی لێکەوتەوە ، ئەگەر چی سەدام دیکتاتۆر و خوێن ڕێژ بوو . بەڵام داگیرکردنی هەڵەبجە لە لایەن ئێرانەوە هۆکارێکی سەرەکی کیمیابارانەکە بوو . پشت بەستنی پارتی بە تورکیا هەمیشە بۆ دژایەتی کورد و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەڕابەرایەتی پەکەکە لە باکوری کوردستان بووە و پارتی بەوەکالەتی تورکیا شەڕی پەکەکە و شەڕی براکوژی و ناوخۆی کردووە ، لەلایەکی دیکەوە ئێستاش وابەستە بوونی هێزەکانی زۆنی سەوز بە ئێران لە داهاتوودا کارەساتی لێدەکەوێتەوە ، بەگشتیش ئەم بێگانە پەرستی و خیانەتکاری و دابەشبوون بەسەر ئێران و تورکیادا لە خەونی ڕزگاری و سەربەخۆی دوورمان دەخاتەوە ، دەکرێت بە شێوەیەکی دبلۆماسی سیاسەتێکی سەکەوتوو بکرێت نەک ئەم وابەستەی و دابەشبوونە ، بەڵام لەسەر حسابی بەرژەوەندی کوردی ڕۆژهەڵات و باکور و ڕۆژئاوا نەبێت .
لەبەرئەوە تەنیا ئەو کاتە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد سەرکەوتوو دەبێت کە تەنیا پشت بە هێز و ئیرادەی گەل ببەستێ و کۆمەڵگا بە ڕێکخستن بکات و هەوڵبدات بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و خاڵە لاوازەکانی مێژووی کورد ڕەخنە بکات خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگا لە ناوبەرێت و خاڵە بەهێزەکانیش بکاتە بنەمای کاری ڕێکخستن و خەبات و بەرخۆدان و سەرکردایەتی شۆڕشیش خزمەتکاری گەل بێت نەک مافیا و تاڵانچی و بێ ڕەوشت ، ئەو قەدەرەش تێکبشکێنرێت کە کورد هەر داگیرکراو ژێر دەستە بێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە