کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد و حەشدی شەعبی

Monday, 13/03/2017, 6:29


لەسەردەمی بەعس دا کاتێک سەرچاوە ئابورییەکانی کوردستانی کاول و وێرانکرد ، و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکەی کوردی تێک شکاند لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگای زۆرەملێوە ، چەندین فەوجی خەفیفە و جاشی دروستکرد و کردیانیە ڤایرۆسک لە جەستەی کورد دا ، و بە هۆی ئەمانەوە قەبارەی جینۆسایدکردنی کوردیشی سامناکتر و ترسناکترکرد ، ئەمە جگە لەوەی سوپاکەی خۆی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگەی نەبوو ، بەهۆی دروستکردنی ئەم فەوجە جاشانەوە هاوسەنگی بۆ سوپاکەی گێڕابوویەوە ، و کوردی بە کورد دەکوشت .
گەورەترین هەڵەی بەرەی کوردستانیش دوای ڕاپەڕینەکە لێبوردنی گشتی بوو بۆ مستەشار و جاشەکان ، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش ، دادگای باڵای تاوانەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بڕیاری دادگایکردنی ژمارەیەکی زۆری سەرۆک جاش و مستەشاری کوردی دەکرد ، بەڵام دیسان حکومەتی هەرێمی هیچ هەنگاوێکی نەنا بۆ گرتن و ڕادەستکردنەوەیان ، تا بە سزا بگەیەنرێن ، بەڵام ئەوەی کە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگری مێژووییە ئەوەیە ئەم جاش و مستەشارانە لە کۆن و ئێستاش دا بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی حیزبە کوردییەکانن .
دوای کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ لە دووهەزار و چواردە دا لەلایەن داعشەوە ، پێشمەرگە دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت توانی زۆربەی ناوچەدابڕاوەکان کۆنتڕۆڵبکاتەوە ، لە ئێستادا حکومەتی عێراق دڵنیایە لەوەی سوپاکەی ناتوانێت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕووبەڕووی پێشمەرگە ببێتەوە ، بە هۆی ئەو پاڵپشتیە نێودەوڵەتیەوە و سەلماندنی هێزی ڕاستەقینەی کە پارێزەری خاکی کوردستان ، لەبەر ئەوە بەدوای ڕێگەچارەیەکی دیکەدا دەگەڕێت بۆ دوای نەمانی داعش لە مووسڵ ، ئەویش دروستکردنی حەشدی شەعبیە لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە کە کوردیش پێکهاتەیەکی زۆرینە و خاوەن خاکی ناوچەکەیە .
ئەگەر حکومەتی بەعس سیستمی فەوجە خەفیفەکانی لەسەر بنەمای پەیوەندی ( ئەفسەر - سەرباز ) کە شوێنی ( ئاغا - جووتیار ) بگرێتەوە ، دروستکردبێت ، و وەلائیان بۆ حیزب و سەرۆک هەبێت . ئەوە حکومەتی شیعەی عێراق حەشدی شەعبی لە ناوچە دابڕاوەکان لەسەر بنەمای میلیشیایی بێ سیستم و دسپلین دروست دەکات ، کە وەلائیان تەنیا بۆ مەزهەبی شیعە هەبێت ، دوور لە هەموو بەها ئەخلاقی و ئینسانیەکان و وەلاخستنی هەموو ڕێسا ئاسمانی و زەمینی و ئەخلاقی و مێژووییەکان .
دیارە چەند هۆکارێک بنچینەیی هەیە ، کە کوردی ناوچە دابڕاوەکان پەیوەندی بە حەشدی شەعبیەوە دەکەن .لەوانە : یەکەم . خەمساردی حکومەت و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەو ناوچانە ، و ئاوەداننەکردنەوەی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک لە دوای دووهەزار و سێ وە . دووەم . هۆکاری ئابوریش دەوری سەرکی هەیە بە تایبەتی ئێستا کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانیش دووچاری قەیرانێکی سەختی ئابووری بووە ، لەبەرئەوە خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ دابینکردنی بژێوییان پەیوەندی بە حەشدی شەعبیەوە دەکەن ، کە حەشد مووچەیەکی باش بە چەکدارەکانی دەدات . حکومەتی شیعەی عێراق ئەم قەیرانە بە دەرفەتێکی باش دەزانێت بۆ پەیوەندیکردنی ڕۆڵەکانی کورد بە حەشدی شەعبیەوە لەو ناوچانە . سێیەم .هۆکارێکی دیکەش ئەوەیه کە کورد لەو ناوچانە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێنەوە ، دووچاری جینۆساید بوونەتەوە لەلایەن سوپای عێراق و گروپە چەکدارییە تیرۆرستیەکان و گروپە شیعییەکانەوە ، لەبەرئەوە ئێستا کورد پەیوەندی بە حەشدی شەعبیەوە دەکات تا دوای نەمانی داعش هۆکارێکی هەبێت بۆ خۆپاراستن لە میلیشیا شیعەکان و گروپەتیرۆرستیەکان ، ئەم پەیوەندییە بیانوویەک دەبێت بۆ خۆ پاراستن .
لە ناو کورد دا چینێک ، گروپێ هەیە لە کوڕانی هەڵهاتوو و ڕەفیق حیزبی و بەعسیە کۆنەکان ، و دوای ڕاپەڕینیش لە کوڕانی یاخی حیزبە کوردییەکان و منداڵانی سەرکەش و بێوەفای عەشایەرەکان درووستبووە ، هەندێکیشیان کەسانی بێ کاراکتەر و نوشوستخواردووی کەشە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکەی شارن . ئەمانە ئەو مەیموونەن کە ساڵانێک یاریکردن و ئەمبەروبەرکردن لە نێو حیزبە کوردییەکاندا ، هەموو هەستێکی پابەندبوون و ئینتیمای تێدا سڕیوەتەوە . ئەوانە ئەو خەڵکەن هێندە بازبازێنی سیاسیان کردووە دواجار هەستیان بۆ هیچ گروپێکی سیاسی و نەتەوایەتی و نیشتیمانی نەماوە . بوونەتە دەستەیەکی یاریکەری ، بێ سیما ، بێ ئایدۆلۆژیا ، بێ پەیوەند ، کە دواجار وەکو جۆرە چەتەیەکی نوێ تەماشای سیاسەت دەکەن . ئەمانە خڵتەی حیزبی کوردی و خڵتەی لاوازبوونی خێڵن . ئەمانە چەتەی حیزبە کوردییەکانن کە بەکاردەهێنرێن بۆ تیرۆری نەیارەکانیان لەناو کۆمەڵگا و لە ناو حیزبەکاندا . ئەمانە ئێستا نەک لە ناوچەدابڕاوەکان ، بەڵکو لە قووڵای هەرێمی کوردستاندا هەوڵی پەیوەندی دەدەن بە حەشدی شەعبیەوە وەکو سەرچاوەی ئابووری و وەکو دژایەتی و تۆڵەکردنەوە لە حیزبەکوردییەکان کە دوای تەواوبوونی ئیشیان لە ناو حیزبەکاندا پشتگوێ و پەراوێزخراون .
هەندێکیش وەکو تۆڵەکردنەوە لە بەرامبەر ستەمکاری هێزە کوردییەکان پەیوەندی بە حەشدی شەعبیەوە دەکەن ، بەبڕوای ئێمە ئەمە هاوشێوەی ستەمکاری هێزەکانە لە میللەت ، چونکە ناکرێت بەهۆی ستەمکاری حیزبە کوردییەکانەوە پەیوەندی بە حەشدی شەعبی یان هەر هێزێکی دیکەوە بکرێت ، لەبەرئەوەی هێزە کوردییەکان ئەبەدی و هەمیشەی نین و تەمەنیان دیاریکراوە و ئەم ووڵاتە تەنیا موڵکی ئەوان نیە ، ئەوەی دەمێنێتەوە نەتەوە و نیشتیمانه ، نەک پارت و حیزبەکان ، مرۆڤ دەبێت بە هۆشیاری و زهری نەتەوەیی و جێبەجێنەکردنی خواستی حیزبی تۆڵە لە پارتەکان بکاتەوە ، نەک پەیوەندیکردن بە هێزە دەرەکییەکانەوە .
هەندێکی دیکە حەشدی شەعبی بە سەرچاوەی ئابووری دەبینێت لەم کاتی قەیرانە ئابوورییەی هەرێم دا ، دیسان ئەمەش هەڵەیەکی مێژووییە ، چونکە ناکرێت لە پێناوی بژێویدا ببیتە بەشێک لە پیلانی نکۆڵیکردن لە میللەت خۆت ، زۆر کاری بە ڕوومەت و سەربەرزانە هەیە مرۆڤ بیکاتە سەرچاوەی بژێوی ، نەک خواردنی نانێکی نامەردانە .
پەیوەندی کردنی کورد بە حەشدی شەعبیەوە لە ناوچە دابڕاوەکان گەورەترین مەترسییە بۆ سەر کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە . چونکە ئەو هێزانە لە داهاتوودا دەست دەکەن بە پڕۆسەی ڕاگوێزان و بەعەرەبکردن و بەشیعەکردن ، و بەگشتی جینۆسایدکردنی کورد لەو ناوچانە بە قازانجی هەژموونی عەرەبی شیعە ، واتا چۆن لە ڕابردوو دا جاش و فەوجە خەفیفەکان دەستێکی باڵایان هەبوو لە ئەنفال و جینۆساید دا ، بەو جۆرەش حەشدی شەعبی بە بوونی کورد تێیاندا جینۆسایدی کورد بەکورد دەکەن .
ئێمە پێشتر لە نانووسینێکی دیکەدا لە ژێر ناونیشانی ( چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنوری هەرێمی کوردستان ) ، چەند پێشنیارێکمان خستە ڕوو ، گرنگترینیان دروستکردنی هێزێکی پێشمەرگەیە لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە . یان دروستکردنی هێزێکی نەتەوەیی کوردی بە داواکردن لە کورد و پارت و عەشیرەتە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕەوانەکردنی بۆ پاراستنی سنوور و ناوچە دابڕاوەکان . بەڵام دیارە حکومەتی شیعەی عێراق لەم هەنگاوەدا پێشکەوت چونکە ئەوان بۆ پاراستنی نفوز و هەژموونی خۆیان پلان و ستراتیجیان هەیە ، بە بەراورد بە سەرکردایەتی کورد ، کە هەرخەریکی بەرژەوەندی حیزبی و کەڵکەکردنی سەرمایە و ململانێی ناوخۆیین .
ئێمە دروستکردنی هێزێکی نەتەوەیی لە کوردی هەر چوار پارچە بۆ پاراستنی ناوچەکانی ماددەی سەد و چل ( هەروەکو چۆن ئێستا گەریلای پەکەکه و پێشمەرگەی پارتەکانی ڕۆژهەڵات شان بەشانی پێشمەرگەی باشوور خۆراگرانە سنوری باشووری کوردستان دەپارێزن ) ، یان دروستکردنی هێزێک لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە کە کورد سەرکردایەتی بکات و زۆرینەش کورد بێت ، لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگە و پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستیەکی واقیعی و مێژووی دەبینین . 
ئەم هێزەش لە سەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یاسایی و پێکەوە ژیان ڕێز لە هەموو پێکهاتە نەوەیەکانی دیکە بگرێت ، ڕێز لە ئازادییە نەوەیی و کلتوری و فەرهەنگی و سیاسی و ئابوورییەکانی پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچانە بگیردرێت . چونکە بەم ڕێگەیە گەر ئەو پێکهاتانە نەبنە پاڵپشتی کورد لە و ناوچانەدا ئەوە نابنە دوژمنی کورد و هەست بە پارێزراوی ژیان و ئازادی و کەرامەتیان دەکەن . 
جێبەجێبوونی هەر پلانێکی دوژمنانی کورد ، هەڵەی گەورەی سەرکردە کوردەکانە ، کە نەخاوەن عەقڵی حوکمڕانین ، نە خاوەنی ئەخلاقی سیاسی و نەتەوەیین ، بەڵکو مافیا ئاسا کەوتونە گیانی میللەت و داهاتی میللەت . هەندێک لە سەرکردە کوردییەکان دەیانەوێت بە هەڕەشە و بەیاننامەی توند گەنج لە حەشدی شەعبی دوور بخەنەوە ، لەکاتێکدا پەیوەندی نەکردنی کورد بەو هێزەوە بە دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی هەلی کار و سەرچاوەی بژێوی و پێشخستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی پێش بەرژەوەندی حیزبی دێت ، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانیە کێشە لە سەرەکان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە