کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزن نانی شوان دەخوات

Monday, 13/03/2017, 6:22


(شیكردنەوەیەكی كورت دەربارەی پارتی)
 جوڵاندنی ھێز بەرەو كەمپی مەخموری ئاوارەكانی باكوری كوردستان ئەجەلی خاوەنی ھێزەكەیە
 پارتی دیموكڕاتی كوردستان تا ئەم ساتە گەورەترین كۆسپی بەردەم خواستە شەرعیەكانی گەلی كوردستان بووە، بۆیە بائیتر سنورێكی بۆ دابنرێت.
 ئەوەتا خەریكە لەپێناو خواستی دەوڵەتی توركیا گەورەترین پێشێلكاری مافی مرۆڤ ئەنجام دەدات، ئەویش ھێرشكردنە سەر پەنابەرانی توركیایە لەچوارچێوەی ھەرێمی كوردستانی عێڕاقدا.
 ھاتنی سوپای توركیاش بەكرداری بۆ ناو خاكی ھەرێمی كوردستانی عێڕاق دیسان گەورەترین پێشێلكاری مافی مرۆڤە، چونكە دەیەوێ لەپەنابەران بدات، سەرەڕای ھەبوونی دۆسیەی پێشێلكاری مافی مرۆڤ، كە ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەماوەی ١٨ مانگ تۆماری كردووە.
 ئەگەر قەرار وایە پارتی لەسەر خیانەتەكانی بەردەوام بێت بائەم شەڕە بكرێت چونكە ئەمە چارەنووس سازە بۆ تەواوی گەلی كورد یەكلاكەرەوەیە.
 بینیمان، لەباكوری كوردستان دەوڵەتی توركیا ڕۆژانە سەدان ئۆپەراسیۆنی دژی ھاوڵاتیان دەكرد، چەندین گەڕەكی لەشارەكانی ئامەد، جزیرێ، سێرت، گەوەڕ، جۆلەمێرگ، بەیت وشەباب، باشكەلە، نوسێبین و سڵۆپی...تاد وێران دەكرد كەچی پارتی لە%٤١ی داھاتی نەوت وگازی ھەرێمی كوردستانی دەبەخشی بە (ئاكپارتی) و خودی ئەردۆگان.
 لەدوو ھەڵبژاردنی دوایی توركیا (٧ی ژوون و ١ی نۆڤەمبەر) پارتی دیموكڕاتی كوردستان بەئاشكراو لەسەر حسابی داھاتی گەلی باشور بودجەی لەبەرژەوەندی زیادبوونی ڕێژەی دەنگی ئاكپارتی دابین دەكردو حزبێكی دامەزراند بەناوی (پاك) بۆ پشتیوانی لەئەردۆگان و دژایەتیكردنی (ھەدەپە).
 دوای ئازادكردن دەیان گروپی چەكداری لەڕۆژئاوای كوردستان ھەر لەسەر حسابی داھاتی ھەرێم پارەداركرد بۆ دژایەتیكردنی ئیدارە خۆجێكانی كورد.
 داخستنی دەروازەی سێمالكاو لێدانی خەندەق و ڕێگریكردن لە ھاوكاریەكان بۆ كوردانی ڕۆژئاوا، لەپێناو خواستی توركیا.
 جگە لەپەلكێشكردنی ھێزەكانی ئێران و عێڕاق و توركیا بۆسەر خاكی ھەرێم لەماوەی شەڕی نێوخۆیی كە پێشێلكاری نێودەڵەتین، لەماوەی حكومەتی فرەشدا بەئاشكرا گەندەڵی و داگیركردنی زەوی وزاری گشتی بەیاسایی كردووە، ھەركاتێ گرێ لەدڵی درووست بوبێت كودەتای كردووە، بەلولەی تفەنگ و كەلەپچەو تەعزیبی زیندانە حزبیەكان و نانبڕین بەرپەرچی ڕۆژنامەنووسان و چاڵاكانی مەدەنی وسیاسی و خۆپیشاندەران و فەرمانبەرانی داوەتەوە، ھەرچیەك خۆی تێدا قوتب نەبووبێت قبوڵی نەبووەو تێكیداوە، ھەر پڕۆژەیەك لەھەرێم لەخزمەتی سیاسەتی خێڵی بەرزانی و ئەجێندای دەوڵەتی توركدا نەبووبێت فەشەلی پێھێناوە.
 پارتی دیموكڕاتی كوردستان لەپێناو ڕازی كردنی ئێرانی شاو ئێرانی خومەینیدا كۆمەڵێك سەركردەی شۆڕشگێڕانی ڕۆژھەڵاتی تیرۆركرد، شەھید موعینی و ھاوڕێكانی بەنمونە، ھاوكاری ئیتڵاعاتی دەكرد و لەزێوەی ڕۆژھەڵاتدا شەڕی دژی پێشمەرگەكانی ڕۆژھەڵات ھەڵگیرساندو دەیانی كوشتن و سەدانی برینداركرد، جگە لەدیلەكان.
 لەشەڕی ھەكاری ساڵی ١٩٧٦دا پێشمەرگەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی تیرۆركرد لەپێناو داخوازیەكانی لەدەوڵەتی عێڕاقی بەعسیەكاندا.
 لەساڵی ١٩٨٦دا لەپێناو پشتیوانی توركیا شەڕی لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە ھەڵگیرساند، لەساڵی ١٩٩٢دا سەدان گەریلای پەكەكەی بەزیندوویی و بەمردوویی فرۆشت بەتوركیا، لەساڵی ١٩٩٦ تاكو ١٩٩٨ جەپھەی دژی پەكەكە كردەوە، لەشاخەكانی بناری قەندیل لاشەی گەریلاكانی بەدوای سەیارە عەسكەریانیاندا ڕادەكێشاو دواتر تەسلیمی توركیای دەكردن، لە گوندی وەرتە گەورەترین سوكایەتی بەكچە گەریلایەكی شەھید كرد، ھەرلەشەڕی پەكەكەدا لەچیای گرمەندیل سەری دوو لەگەریلاكانی لەلاشە جیاكردنەوەو ناردنی بۆ توركیا.
 لەماوی حوكمی پارتیدا لەدوای دەركردنی سوپای عێڕاق لەھەرێمی كوردستان جەیشی توركیای لەناوچەی ئامێدی جێگیر كردووە، لەشەڕی داعش ڕێخۆشكەری كرد بۆ ئۆپەراسیۆنی لێدان لەھێزەكانی پەكەكە.
 لەشەڕی داعشدا بەبیانووی بەھێزی داعش شەنگال و سنورەكانی ڕۆژئاوا-باشوری كوردستانی واڵاكرد بەڕووی داعشدا بۆ شەرعیەتدان بەھاتنی سوپای توركیا بۆناوچەكەو دروستكردنی مەترسی بۆسەر ھێزەكانی پەكەكە.
 پارتی دیموكڕاتی كوردستان تاكە كۆسپی بەردەم گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەی بووە، ھەوڵیدا خۆی قوتبی كۆنگرە بێت تاكو بیكاتە سەبەتەی بەرژەوەندیەكانی توركیا، كە بۆی نەگونجا ھەر لەژێر فشاری توركیا نەیھێشت كۆنگرەكە ببەسترێت.
 پارتی دیموكڕاتی كوردستان لەگشت ھەڵبژاردنەكانی كوردستان لایەنی تەزویرو بەشینەوەی پارەو ترس وتۆقاندنی گەلی دەنگدەربووە، كەواتە ھەمیشە ڕێگربووە لەبەردەم پڕۆسەی دیموكڕاسی.
 پارتی دیموكڕاتی كوردستان بەناوی سەربەخۆیی داھات لەپێناوی زیاتر دزین و گەندەڵی و دەست گرتنی تەواوەتی بەسەر تەواوی سێكتەرەكانی وەبەرھێنان و ئیدارەی ھەرێم، گرێبەستی لەگەڵ كۆمەڵێك شەریكەدا كردووە كەخۆی تێییاندا سەھمی سەرەكی ھەبێت، ئێستاش بەھۆی فشاری توركیا بۆكارپێدانی شەریكەكانی ئەو وڵاتە لەھەرێم میللەتی باشوری كوردستانی خستۆتە ژێر قەرزێكی بێ شوماری ئەو شەریكانەی كە دەریان دەكات بۆ جێگرتنەوەی شەریكە توركیەكان.
 ھەموو ئەمانەو زیاتریش لەپێناوپاڵپشتی توركیا بۆمانەوەی لەكورسی سوڵتەدا بەناشەرعی و دەستكەوتنی پارەو سامان و لێدان لەپارت ولایەنە كوردیەكانیتر.
 ئەمە پارتی بووەو دڵنیاشم ھەرئەوە كارو سیاسەتی دەبێت، چونكە نە (پارت) و نە (دیموكڕات) و نە (كوردستان)ین بەڵكو خێڵێك لەقاڵبی پارت و خۆسەپێنی لەژێر ناوی دیموكڕاسی و خزمەتی بێگانەو دوژمنی كورد بەناوی كوردستانیەوەن.
 بۆیە لەبەر ڕۆشنایی ئەو مێژووە كە بەكورتی باسم لێوەكرد ڕاستر وایە گشت تاك و پارت و كۆمەڵێك دژایەتی بۆ پارتی دەرببڕن و ئەگەر شەڕیش ڕوو بدات پشتیوانی لە پەكەكە بكەن.
 سەرەڕای ئەوەی كە ھەموومان دەزانین لەناوبردنی پەكەكە مەحاڵە خودی پارتی دیموكڕاتی كوردستانیش دەزانێ كەچی لەپێناو لەدەستنەدانی پشتگیریەكانی دەوڵەتی تورك خەریكە نانی شوان دەخوات.
 من دژی شەڕم، بەتایبەت شەڕی نێوخۆیی، بەڵام پارتی دیموكڕاتی كوردستان ھیچ بژاردەیەك بۆ پەكەكە ناھێڵێتەوە، وەك ئەوەی كەھیچ بژاردەیەكی بۆ گەلی مەزڵومی باشوری كوردستان نەھێشتۆتەوە، ئەم حزبە لەسەرەتای دروستبوونیەوە تەنھا باوەڕداری ھێزی چەكەو بڕوای بەلێك تێگەیشتن و مامەڵەی مەدەنی نەبووە، لەھەر پرسێكدا دەستی داوەتە چەك ئەگەر تواناكانی زیادبووبن، ئەگەرنا لەكاتی بێھێزیدا نزمی نواندووە، بۆیە ئەگەر لاوازبوو داوای دانوستان دەكات تاكو ئەوكاتەی خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات، ئەمەش نەریتی خێڵەكانی سەدەی نۆزدەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە