کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عەبادی پاش نەمانی داعش چی بۆ شەنگاڵ دەكات

Monday, 13/03/2017, 5:46


بۆچی عیراق بێدەنگی هەڵبژاردووە لەمەڕ هێرشی سەر كۆمەڵگەی خانەسور لەشەنگاڵ و شەرڤانانی ئێزیدی"یەبەشە و یەژەشە"، ئەم بێدەنگیەی حكومەتی ناوەند لەكوێوە ئاو دەخوات، ئایا حكومەتی ناوەند و سەرۆكوەزیرانی عیراق پاش وەردەرنانی داعش لەخاكی عیراق پێویستیان بەشەرڤانان نامێنێت، یان پێویستیان بەئێزیدیەكان.
رۆژی سێ ئادار، كۆمەڵێك لەچەكدارانی پارتی و ئەو چەتانەی كە پێشتر یان لەسوریا ئەندامی ئەمنی رژێمی سوریا بوون، یان حكوم دراوی هەتاهەتایی بوون، یانیش لەدەشتی نەینەوا هاوكار و دەست و پەیوەندی داعش بوون بۆ هێرش كردنە سەر كەمینە نەتەوەییەكانی تر لەهەرێمەكە لەوانە ئێزیدیەكان، شەبەك، توركمان و مەسیحیەكانی، جارێكی تر لەسەروبەندی دەنگۆی كۆتاییهێنان بەداعش هێرشیان كردە سەر كۆمەڵگەی خانەسور و شەرڤانانی ئێزیدیخان"یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدیە"كان و پۆلێك لە رۆڵەكانیان ئێزیدی شەهید و بریندار كران، ئەگەر چی لەئاستی نێوخۆیی كوردستان لە"هەرچوارلای كوردستان" و هەندەرانیش كورد و دۆستانی لەبەرامبەر بەو هێرشانە ناڕەزایەتیان نیشاندا و ئەو پەلامارەیان شەرمەزار كرد كە چی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حكومەتی ناوەند و حەیدەر عەبادی نوزەی پێوە نەهاتووە و دیارە لەمەو بەدواش نوزەی پێوە دەرناكەوێت.
حكومەتی ناوەند و حەیدەر عەبادیش لەخەیاڵی ئەوەدان كە پاش نەمانی داعش، ئێدی پێویستیان بەیەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگاڵ نامێنێت، چونكە ئەو شەرڤانان تەنیا بۆ كاتی شەڕی گەرم پێویست بوون بوو حكومەت و لەبەرامبەر بەهێرشی چەتەكان وەكو كارتێكی گۆشار حیسابیان بۆ دەكرا و لەهەمانكاتیشدا، بۆ خۆ رزگاركردن و خۆ بەدورگرتن لەكێشە و ململانێیەكانی ناوچەكە، مامەڵەیان لەگەڵ ئێزیدیەكان و هێزەكانی بەرخۆدانڤانی كردوە.
ئەو بێدەنگیە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە حكومەتی ناوەند و سەرۆكوەزیرانی عیراق بەبێ ئامادە بوونی ئێزیدیەكان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئێرادەكەیان، دەیەوێت جارێكی تر ئێزیدیەكان بەبێ هێزی پاراستن و خۆبەرێوەبەری بهێڵێتەوە، واتا بۆی گرنگ نییە كە بارزانی هێرشی سەر ئێزیدیەكان بكات، یان داعش، ئەوەی لەم قۆناخەدا بۆ ناوەند گرنگە، ئەوەیە كە نایەوێت نێوان خۆی و بارزانی تێكبدات و ئیرادە و بوونی ئێزیدیەكانی بۆ زۆر گرنگ نیە، وەگەرنا هەر زوو دەتوانی لەسەر ئەو هێرشەی كرایە سەر كۆمەڵگەی خانەسور قسەی خۆی هەبووبا.
حكومەتی ناوەند و حەیدرە عەبادی بەگوێرەی ئەو تەسریحاتانەی خۆیان باس لەوە دەكەن كە بەچاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێش پەلاماری سەرداعش لەگەڵ بارزانیدا رێككەوتبوون، بۆ ئەوەی پاش نەمانی داعش لەئێراق، دەبێت پێشمەرگە لەجێ ناكۆكی لەسەرەكان"مادەی 140"، بكێشنەوە بۆ شوێنی پێش گرنگی موسل و شەنگاڵ، ئەوە لە كاتێكدایە كە هیچ رێككەوتنێك لەم رووەوە لەگەڵ هێزەكانی شەنگاڵدا نەكراوە، واتا هێزەكانی ئێزیدیخان، بۆیەش حكومەتی ناوەند دەیەوێت هەمان رێكەوتنیش بۆ یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگاڵیش وەكو دیفاكتۆیەك بەكاربهێنێت. غافڵ ئەوەی كە كاتێك ئەوان بڕیاری سەرداعشیان لەموسل گرت، هەردوو لایان رێككەوتنبون كە نابێت، گەنجانی ئێزیدی بەشداری رزگاركردنی موسل بكەن.
بەڵام ئەوەی كە نە حكومەتی ناوەند و نەش سەرۆكوەزیرانی عیراق حیسابیان بۆ نەكردەوە، ئەوەیە كە هەم موسل و هەم شەنگاڵیش لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بوو كە داعش پەلاماری دا و خەڵكی ئێزیدی گەورەترین زەرەرمەندی ئەو پەلامارانەی داعش بوو، نەك حكومەتی ناوەند و بارزانی. 
هەر بۆیە لەسەر حكومەتی ناوەندە كە لەجێ بێدەنگی لەبەرامبەر بەقڕكردنی ئێزیدیەكان و داگیركردنی هەرێمەكەیان لەلایەن بارزانیەوە، وەكو بەرپرسیاریەتیەكی ئەخلاقی هەم حكومەتی ناوەند و هەمیش خودی سەرۆكوەزیرانی عیراق حەیدەر عەبادی ئەو كەسانەی بەرپرس بوون لەوەی كارەساتی شەنگاڵ رووبدات دادگایی بكەن و حیسابیان لێ بخوازرێت و هەمیش قەرەبووی ئێزیدیەكان و هەرێمەكەیان بكاتەوە و باشترین قەرەبووكردنەوەش بۆ ئێزیدیەكان، پەسەند كردنی ئێرادەی ئازادی ئێزیدیەكان و قەبوڵكردنی هێزی خۆپارێزی ئەوان و هاوكاریكردنیانە بۆ بۆژاندنەوەی هەرێمەكەیان و لەهەمانكاتیشدا، هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر بەهێرشی چەتەكانی بارزانی و ئاكەپە"ئەردۆغان" بۆ سەر ئێزیدیەكانە؛ چونكە لەدواییدا ئەوەی بۆ عیراق و سەرۆكوەزیرانی عیراق دەمێنێتەوە خودی ئێزیدیەكان و هێزە بەرخۆدانڤانەكەیەتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە