ناوچە کێشە لەسەرەکان بە شەڕ یەکلایی دەبێتەوە؟
Monday, 13/03/2017, 5:42
لەدوای پرۆسەى ئازادى عێراق و کۆتاییهاتنى حوکمى بەعسیسزم، کورد لەچوارچێوەى هەرێمێکى سەربەخۆ و لە بازنەى عێراقی فیدراڵدا عێراقی دوای سەدامیان دامەزراند و تەوافوق و ڕێکەوتنى سیاسی بووە بابەتى پێکەوە ژیان و کارکردن کە ئەو وڵاتەى لەوەتەى دامەزراوە (سەردەمى مەلەکى بۆ کۆماری) دیموکراسیەتێکى ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی کە هەموو پێکهاتەکان لەژێر چەتر و سێبەری حوکمڕانیەکى ئازاد و دادپەروەر و دیموکراسی کۆبکاتەوە و مافی کەم نەتەوەکان و بنەمای شەراکەت بکاتە هەوێنى مانەوە و داننان بەو واقیعەى دەسەڵاتى گەل بۆ گەلە.
لەساڵی 2003 بەدواوە ناوچە کێشە لەسەرەکان بووە بابەتى گەرمى حوکمڕانى نێوان هەرێم و بەغدا.. بە دەیەها دانیشتن بەڕێوە چوو تا میکانزمێک بۆ یەکلاکردنەوەى ئەوناوچانە بدۆزنەوە، کورد ناوچە دابڕاوەکان بە بەشێکى دانەبڕاوى کوردستان دەزانن و ئەوانیش بە ناوچەیەکى عەرەبنشینى دەزانن، لە هاوکێشەى سیاسیدا کورد و عەرەب هەر خۆی بەخاوەنى ئەو ناوچانە دەزانێت وەئەگینا هەر شتێک بە کێشە لەسەر داندرا،هەر کەسە دەیەوێ لە گفتوگۆکان پشکى شێری بەر بکەوێ و شەڕی خۆی لەسەر دەکات، ئەوەى من تێبینى بکەم:
1-دوای شەڕی داعش هەر ئەگەرێک بۆ ڕاگەیاندنى سەربەخۆیی کوردستان، حکومەتى ناوەند ئەگەر نکۆڵی لەسەر ئەو ڕاگەیاندنەیش دەرنەبڕێ ئەوە ئامادە نیە دەست لەسەر هیچ لەوناوچانە هەلگرێ کە ئێمە بە کوردستانى تێ دەگەین و ئەوانیش بە هی خۆیانى دەزانن.
2-نەگەیشتن و کۆبوونەوەى یەک لەدوا یەک وەکو چۆن کورد ئەوەندە حکومەتەی بەڕێکرد لە ئەیاد عەلاوى و مالیکى و عەبادى و هەر یەکەیان بەڵێنیان دەدا بەناوى ماددەى سەد و چل بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان یەکلایی بکەنەوە بەڵام کەسیان ئامادە نەبوو لەپێناو داهاتووى خۆیان تابە خیانە تلە قەڵەم نەدرێن سازشیان لەسەر ئەو بابەتە نەکرد و بابەتەکەیان بەکراوەیی یەک بۆ یەک هێشتۆتەوە.
3-گومان دەکرێ دوای نەمانى داعش ئەگەر کورد بەو پێگە لاوازەى ناوەخۆیی کە هەیەتى و ناتەبا و خودان یەک هەڵوێست و خیتابی سیاسی نییە، ئەوەش لەبەردەم بەهێز بوونەوەى سوپای عێراقی و پشتگیریە نێودەوڵەتیەکان لێی پەلاماری ئەوناوچانە بدەن و سەنگەری خۆیانى لێ قایم بکەن کە ئیتر بۆ کورد و ئەو پێکهاتە شل و شۆقەى هەیەتى نەتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێت.
4-سەربەخۆیی کوردستان خۆی لە یەکلابوونەوەى چارەنووسی ناوچە دابڕاوەکان دەدۆزێتەوە، بەبێ ئەوناوچانە بەپێی دید وتێڕوانینى چاەدێران ئەوبەشەى هەرێم کە هیچ شتێکى بەسەر بەغداوە نەماوە زۆر دەمێکەئازاد و سەربەخۆیە و ئەو سەربەخۆییە هیچ لەبارودۆخی کێشە لەسەرەکان ناگۆڕێ.
5-سەرکردایەتى سیاسی کورد ئەوەى لەسەریەتى:
ڕ-ناوماڵی کورد رێکبخاتەوە و واز لەململانێی تەسکى حزبی و پۆست و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانى بێنێت.
ب-برەو پەرە بە پەیوەندە دیبلۆماسیەکانى بە دنیای دەرەوە بدات و ئەو شاندانەى سەردانى بەغداو دەرەوە دەکەن کەسانى داکۆکیکار و بەمانای وشە دیبلۆماسیبن.
ج-کاری جدى بۆ رێکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە بکرێ کە هەمووان بە یەک ئیعاز و یەک فەرمان ببنە نمونەى هێزێکى نیزامى بەدەر لەو هێزانەى بە فەرمانى ئەو حزب و ئەوحزب دەجوڵدرێن.
د-هەوڵى لایەنەکان بۆ گەڕانەوەى کورد بۆئەو ناوچانە چڕ بکرێتەوە و خۆئامادەکردن بۆ هەر هەڵبژاردنێک بتوانین وەک ئەمری واقیع کوردبوونى ئەو ناوچانە بسەلمێنین.
ه-دەبێ هەموو سەرکردایەتى سیاسی کورد تا پێگە و جێگەى کورد لەو ناوچانە پتەو نەکەن بیر لە سەربەخۆیی نەکەنەوە وەئەگینا ئەنجامەکان ئەگەری لەدەستدان و مەترسیەکان ڕەنگە چاوەڕوان نەکراو بێت.
و-ئەجێندا و بەرنامەڕێژی کورد بۆ هەر ئەگەرێک دەبێ کۆدەنگى لەسەربێ کە هەموومان بەجارێ ڕوو بەڕووى هەڕەشە و ئەگەرەکان ببینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست