لەڕاپەڕین چی فێربووین؟!
Thursday, 09/03/2017, 19:04
ڕاپەڕین دەنگى ناڕەزایی خەڵک و تەقینەوەى تووڕەیی دەروونە ئازاردراوەکانە..ڕاپەڕین شکۆفە و چەخماخەى ئەو دڵسۆزانەیە کە لە ژێر پۆستاڵی پیس و نەگریسی جەلادە خوێنمژ و داپلۆسەرەکان دەپلیشێتەوە.. ڕاپەڕین گۆڕینى واقعێکى نەخوازراوى پڕ شەرمەزارییە بۆ واقعیکى خۆشنوودى.. ڕاپەرین نووسینەوەى مێژووە ڕەشەکانە و هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکى تازەیە بۆ ئەوەى هەمووان لەژێر چەتری حوکمرانیەکى مشەخۆر دەربکات بۆ حوکمڕانیەکى دیموکراسی و دادپەروەری.. ڕاپەڕین شەرمەزارکردنى بەها کپ کردووەکانە بۆ چرۆکردنى بەهای بەرزوپیرۆزى مرۆڤایەتى کە ئازادانە مرۆڤەکان گوزارشت لەناخ و دەروونى خۆیان بکەن و دیاردە چەقبەستوەکان بۆ لۆتکەى بەختەوەری بگوازنەوە..ڕاپەڕین ڕاماڵینى جەورو ستەمە بۆ هاتنەکایە پێکەوە ژیان و یەکتر فبوڵکردن.. ڕاپەرین سوتانى نەخشە دەستکردەکانى ئەو مرۆڤانەیە کە حوکم بە سەرکوتکاری دەکەن تا لەو ڕێیەوە نەخشەڕێگایەکى تازە ونوێ بۆ کۆمەڵگایەکى تەندروست هەڵچنن.. ڕاپەرین ڕەتکردنەوەى شەڕو شۆو پەردە لادانە لە تەریکستانى شەوە بێکۆتاییەکانى هەموو شت بۆ من و هەموو شتى ئێوە بۆ من.. ڕاپەڕین..ڕاپەڕین....هتد.
کاتێک لە چەمکى ڕاپەرین تێگەیشتین، دەبێ خوێندنەوەمان بۆ ئاوێنەى دوێنێی ڕابردوو ، ئەمرۆمان نیشان بدات، ئایا بەرو بوومى ڕاپەرین بەکوێ گەیشت؟ ئایا ڕاپەرین توانى ببێتە وەرچەرخان؟ ئایا ڕاپەرین زوڵم و ستەمى لەگۆڕنا یان درێژەى بەهەمان زوڵم و ستەمدا؟ ئایا سەرکردەکان پەندیان لە وانەکانى ڕاپەرین وەرگرت یان چاوەڕوانى ئەوەن کەسانێکى دیکە ڕاپەرینیان بەرامبەر بکات و بیانەکە پەند و وانەى زەمانە؟ ئایا راپەرین تێنووی کوردایەتى شکاندین یان هەر بە ئاواتى ئەوەوەین ڕاپەرینێکى دیکە ڕووبدات تا لە خنکانی تێنوێتى رزگارمان بکات و هەوایەکى دیکەى ئازادى هەڵمژین؟.
مێژووى حزبەکان دیارە چیان کردوە و بە چ ئەجێندایەکەوە پەیڕەوى بەرنامەکانیان کردووە، قسەمان لەسەر ئەوە نیە، کاکڵی قسان، لەماوەى حوکمرانى ئەوەندە ساڵەى دوای 5/3/1991 کە یەکەم چەخماخە لەدەروازەى راپەرین –رانیە- بە گەواهی بەرپرسان هێشتا حەز و ئاوات و خەونەکانى هاولاتیانیان نەهێناوەتە دى و خەڵکە دلسۆزەکەى ئەو سەردەمەى راپەرین و فەرامۆشکراوەکان ئەوە ناشارنەوە کە ئەوان بۆ ئەو حوکمرانیە راپەرینیان نەکرد کە لە سایەیدا بەها پیرۆزەکانیان خراوەتە ژێرپێ و دەستڕۆیشتوان ئەوەندەى لەخەمى خۆیاندان نیو ئەوەندە پەرۆشی خەڵکەکە نین، ئەوە لەکاتێکدایە ڕاگەیاندنەکان بەیەک دەنگ لە پێنجی سێی هەموو ساڵێک تا بیست و یەکى ئازار کە ئازادکردنى شاری کەرکوکە، سەرى زمان و بنى زمانیان تەنها و تەنها هەڵدانە بە شان و باڵی خۆ و حزبەکانیان کە مرۆڤ بەو تێڕوانینە گومان دەبات کە جەماوەرى بەشەرەفی کوردستان بوونیان نەبووە لەکاتێکدا دەزانین ئەگەر پێشمەرگە پشت ئەستوور بەو جەماوەرە بەرگریکار و خودان مقاوەمەتە نەبوایە بەو ژمارە کەمەی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکان هیچ نەدەکرا و ئەوەش واقعێکە نکۆڵی لێ ناکرێ.
وانەکانى راپەرین فێرمان دەکات:
1- زوڵم هەر زوڵمە چ کورد بیکات یا بەعس و بێگانە.
2- خەڵک لە بێدەنگى دوای راپەرین ئەو دەرفەتەیە پەیامێک بە بەرپرسان دەدات بۆ ئەوەى بزانن تا کوێ دەڕۆن.
3- گوریسی برسیکردن و پشتگوێخستن چەند درێژە بکێشێ دەگاتە خاڵێک هەموو شتەکان لە تورەیی خۆی دەپێچێتەوە.
4- تامەزرۆی سەربەخۆیی و حکومەتى کورد دەبێ راپەرین بکاتە مەدالیای پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن بەجۆرێ کە بتانەوێ خەڵک لێتان بەگلەیی نەبێت، حزمەت بکەن و ناکۆکى و ململانێکانتان بەلاوە بنێن.
5- دروست بوون و پێگەیشتنى گەنجانى ئەم سەردەمە ئەوەندە گوێ لە رابردوو ناگرن بەقەت ئەوەى حزب و حکومەت چی بۆ دەکات.
6- با خەیاڵی ئەوحزبانە ئاسوودە نەبێت وابزانن کورد دژ بەکورد ڕاناپەڕێ، ئەوە بیرکردنەوەیەکى نالۆژیکیەوە و هەقیقەتى شەری براکوژی چەند ساڵەى رابردوو ئەونموونە زیندووەى نیشان نەداین چۆن لەپێناو بەرژەوەندى تەسکى حزبایەتى وحوکمرانى کوردستان زیاتر لە چواردە هەزار کەسی کورد بەکوشت چوو کە لە هەندێ شوێن برا سەنگەری لەبرای خۆی گرتبوو، ئامۆزا ئامۆزای خۆی دەکوشت و سەرەنجام بەکوێ گەیشت ئەوەیە کە ئێستا دەیبینین.
7- حوسنی موبارەک و سەدام و زەینولعابیدەین خۆ عەرەب بوون و هەر عەرەبەکان لێیان راپەرین، کەواتە نابێ ئەو ئەگەرە بەدوور بزانین کە کورد لە کورد راپەرێ.
8- هێشتا ئاسۆ لەبەردەم حزب و لایەنەکان رووناکە و کاتى ئەوەیە کە یادى راپەرین دەکەنەوە دەست لەسەر برینەکان دابنێن و قۆڵی خۆیان لێ هەڵبماڵن کە چ شتێکى لەبەرژەوەندى ئەو کوردە ستەمدیدە و ڕەش و رووتەیە ئەوە بکەنە پرۆگرام و لەپێشینەى کارەکانیان کە هەموو لایەکمان بە دڵخۆشیەوە بڵێن: ئۆخەى بەرهەمى ڕاپەرین وخوێنى شەهیدان بەفیڕۆ نەڕۆیشت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست