کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە مەلا مستەفاوە دەستپێبکەن

Monday, 06/03/2017, 21:16


ئەو یادەی کە ئەوڕۆ کۆمەڵێک کەس دێنێتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و شانۆی ساڵۆنە حیزبیەکان، ئەوە ناهێنێ خۆیانی پێ بادەن و دەماری ناسیۆنالیزمی حیزبی کوردی پێ ڕەپ بکەن. ئەو یادە بەتەنیا شایانی ئەوەیە خوێندنەوەیەکی زانسی بۆ فەلسەفەی کوردایەتی بکرێت و لەو ڕۆژەدا هەموو ساڵێک جەستەی ناسیۆنالیزمی کوردی کلاسیکی لە گۆڕ بنرێ.
ئێمە هەموومان گیرۆدەی چاکەتێکین، ئەویش چاکەتی کوردایەتیە کە بە دەستی پارتی و لە سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی درواوە لە بەر هەموومانیان کردوە. کەسمان ناتوانین ئەو چاکەتە کە پڕە لە ڕشک و ئەسپێ داکەنین و فڕێیبدەین. لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە تا جەلال تاڵەبانی، لەویشەوە تا نەوشیروان موستەفا بەردەوام هاواریان کرد و دەنگی "نا" یان لە بەرانبەر بارزانیدا بەرزکردەوە، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەبوو:
سەرجەمیان سەرکردەی خاوەن فکر و ئێدۆلۆژی نەبون کە بتوانن ١٠ مەتر لە کوردایەتیەکەی مەلا مستەفا دوورکەونەوە. مەلا مستەفا چۆن توانی لە ڕێگای چەکدارانی کوردایەتی خێڵەکانی وەک" ڕێکانی، زێباری، سورچی و برادۆستی" سەرکوت بکات و ناچاریان بکات ببن بە جاش، توانی هەمان شت بەسەر سەرکردە شاریەکانی "کوڕە یاخیەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی"تاقی بکاتەوە و  ئیبراهیم ئەحمەدی کرد بە جاش. جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان بە هەمو هێزی خۆیانەوە توانیان یەک شت بگۆڕن لە مێژوودا ئەویش: دوای ساڵانی ٨٠ کان خۆیان نەبون بە جاش، بەڵکو لە ئەنجامی سەرجەم ململانێکانیاندا لەگەڵ بزووتنەوەی فیوداڵی کوردایەتی، پارتیان کرد بە جاش. بەڵام بەجاشکردن دەوڵەمەندی و بەهێزی لێکەوتەوە.
پارتی هەر لە بنەڕەتەوە حیزبێکی سیاسی نەبوە، بەڵکو جیهازێکی موخابەراتی لە دەستی هێزە ئیقلیمیەکان. لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا و کوڕەکانی ئامانجی یەکەمینیان لە کوردایەتی بێهێزکردن و سەرکوتکردنی خێڵە کوردیەکان بوە نەک کوردایەتی، هەر لە سەرەتاوە وەک جیهازێکی موخابەراتی لە دەستی هێزە ئیقلیمیەکان بونە. 
لەبەر ئەوەی پرەنسیپی بزووتنەوەی کوردایەتی لە بنەڕەتدا بریتی نەبوە لە نیشتیمانپەروەری، بەڵکو بریتی بووە لە سەرکەوتنی خێڵیک بەسەر خێڵەکانی دیکە، جاشایەتی عەیب نەبوە و ئێستاکەش لە باشوور جاشایەتی بە هەمو مۆدێلەکانی مەوجودە و عەیب نییە. لەو فەلسەفەیەدا سەرکەوتن گرینگە جا بەهەر جۆرێک دەبێ. هاوکات بەزین و شکست عەیبە ئەگەر لە پێناوی ئازادیش بوبێ. ئەی ئەوە نییە دوای هەر خیانەتێک، دوای هەرجارێک کە بزووتنەوەی کوردایەتی لە ژێرناوی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆدا، ئاڵا تەزویرەکەی بەرز ئەکاتەوە و بەپێش سوپای بێگانە ئەکەوێ، ئەچینەوە لای و ئەڵێین:
- براکوژی بەسە!
- براو برا بەردەوام شەڕدەکەن و ئاشت دەبنەوە!
- لە هەموو شوێنێکی دوونیادا براکوژی هەبوە!
- ئیتیفاقی ستراتیژی!!
- حکومەتی بنکەفراوان!!
- ئیتر سبەی چیدیکە دەکەین جارێ نازانین؟
ئەگەر نەتوانین و بوێری ئەوەمان نەبێت کوردایەتی، ڕاپەڕین و پێشمەرگە ڕەخنە بکەین کە هەرسێکیان وەکو بەنزین بۆ مانتۆڕی کوردایەتی خێڵەکی ئەسوتێن، ناتوانین ئەو چاکەتە داکەنین. ئەگەر نەتوانین واز لە بەکارهێنانی چەمکە بێماناکەی براکوژی و کورد کوژی بێنین کە لە هەناوی ئەوانەوە دەرکەوتوەو خزمەت بەوان دەکات و هیچی لێ شین نابێ، ئەوا ناتوانین لەو شەڕفرۆشیەی پارتی ڕزگارمان ببێ کە ئامانجەکەی گەیشتنە بە میرنشینی و ویلایەتی نوێی دەوڵەتی عوسمانی بەسەرکردایەتی خەلیفە ئەردۆغان.
ئەگەر نەتوانین و نەوێرین مێژووی خۆمان ڕەخنە بکەین، هەرگیز ناتوانین لە سێکوچکەی "ئاک – داعش – پارتی" بگەین.
پێشمەرگە کە سەرجەم مێژووەکەی بە شەڕی گوایە براکوژی پڕکراوەتەوە، چ دوێنێ و چ ئەوڕۆ جگە لە گەوجاندنی خەڵک هیچی دیکە نەبوە. ئەگەر کۆمەڵێک کەسی نیشتیمانپەروەر و دروستی لێدەرخەی پێشمەرگایەتی جگە لە حەرەسی بەردەرگای ئاغاکانی کوردایەتی هیچی دیکە نەبوە و نیە. 
خوێندنەوەیەکی ڕاست بۆ ڕاپەڕینی ١٩٩١ مەحاڵە ئەگەر ئەقڵیەتی تەسلیمگەرایی کورد شینەکرێتەوە. ڕاپەڕین، هەڵهاتن و ڕێککەوتن سێ کەربن لەناو دەمی ئەقڵیەتی تەسلیمگەری کوردا. ئێمە پێویستمان بە ددانساز نیە، بەڵکو پێویستمان بە ددان کێشێکە کە بەلای کەمەوە تاوای کێشانی ئەو سێ کەربەی هەبێ کە چەندین ساڵە ڕەگیان لەناو دەم و ددانی کورد داکوتاوە.
ڕاپەرین شتێک نەبو دوژمنانی لێی بترسن. ئەوان "داگیرکەران" بەر لە ڕوناکبیرانی ئێمە، بەر لە حیزبە "گوایە ئۆپۆزیسیۆنەکان"مان ئەیانزانی ڕاپەرینی بێ بەرنامەی ئێمە، وەک سوتانی پوش و پاوان وایە و دوای چەند خولەکێک ئەکوژێتەوە. هەربۆیە دوای یەک ساڵ لە گوایە ڕاپەرینە پیرۆزەکە، بزووتنەوەی کوردایەتی کوردستانی عێراقیان کردە تۆپێکی ئاگرین و فڕێیاندا ناو ماڵی کورد بە گشتی و بەشەکانی کوردستان بەتایبەتی.
ئەوڕۆ لە یادی هەمان بۆنەدا ئەو تۆپە فڕێدەدرێتە شەنگال و ڕۆژئاوا لەژێرناوی دەوڵەتی کوردی و لە ژێر سێبەری ئاڵا تەزویرکراوەکەدا، بە پێشەنگی پێشمەرگە پەروەردەکراوەکانی دەستی میتی تورکی. بۆیە ئەوەندەی ئەوان دوای ڕاپەرین کۆمەڵگە و کەسایەتی کوردیان وێرانکرد، هەرگیز هیچ یەکێک لە داگیرکەران نەیانتوانی ئەنجامی بدەن.
هەڵسەنگاندنی ڕاپەرین و جیاکردنەوەی لە هەڵاتن، مفاوەزات، ئەنفال، هێنانەوەی داگیرکەران و لێدانی کوردانی بەشەکانی کوردستان، جگە لە گەمژەیی هیچی دیکە نیە.
ئەدەبیانی بزووتنەوەی سیاسی کورد پڕە لەو جۆرە حیکایەتانەی سەرەوە و لە هەمووشیان گرینگتر و گەمژەتر حیکایەت و ئەدەبیاتی "براکوژی - خۆکوژی یان کورد کوژی"! ئاخر کەی دووبرا بە قسەی دووژمنەکانیان بەشەڕهاتوون؟ کەی براکان کاتێ شەڕدەکەن بەپێش دوژمنەکانیان ئەکەون و بەر لە شەڕەکە سەردانی ئاغاکانی تاران و ئەنکەرە دەکەن؟
ڕاپەرینی بێ بەرنامە، بێ سەرکردە و بێ ڕێکخراوی پێشەنگ و بێ هێزێکی بەرگری نیشتیمانی پەروەردەکراو کۆتاییەکەی جگە لە ئاشبەتاڵ، کۆڕەو، هەڵەبجە و ئەنفال و ....هتد هیچی دیکە نیە. ئەو ئەقڵیەتە خێڵەکیە تاڵانچیەی کوردایەتی کە پێشەنگایەتی ڕاپەڕینەکانی کوردی کردوە، بەردەوام لە کاتی لاوازی دوژمنێکی، دەستی دوژمنێکی دیکەی گرتوە و لە دوژمنەکەی دیکەی داوە. زۆربەی جاریش بە دەستی دوژمنێک لە بزووتنەوەیەکی "کوردی" لەخۆ پێشکەوتوتری داوە. کاتێک دوژمنەکانیش دەستیان بەرداوە، یان تەسلیم بوە یان ئاشبەتاڵی کردوە و خۆی و خێزانەکانیان چونەتە دەرەوە و خەڵکەکەیان تەسلیمی ئەنفالچیەکان کردوە.
تراژیدیاکانی ١٩٧٤، ئەنفالەکەی ١٩٨٧ – ١٩٨٨، کۆڕەوەکەی ١٩٩١ و لە دواییدا کارەساتەکەی شەنگاڵ ئەنجامی و تاقە بەرهەمی ئەو ئەقڵەن. ئێستاش هەوڵ ئەدەن هەمان تراژیدیا لە ڕۆژئاوا و شەنگالدا دووبارە بکەنەوە.
ئەوانەی ناتوانن دەوڵەتە کوردیەکەی بارزانی کە لە سێکوچکەی "ئاک – داعش – پارتی" سەما دەکات بخەنە ژێر زبڵدان، جگە لە دروشمە بێماناکە لەسەر دیوارەکانیان "نا بۆ شەڕی براکوژی" هیچی دیکەیان بۆ نامێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە