پارتی بەرپرسیارە لەهێرش بۆ سەر خانەسۆر
Saturday, 04/03/2017, 16:52
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
لەهەلوومەرجێکدا کە رۆژهەڵاتی ناوین لەنێو ئاڵۆزیدایەو هەموو هێزە هەرێمی و جیهانیەکان لەپێناو بەدەستخستنی پێگەی خۆیان لەناوچەکەدا، لەنێو هاوپەیمانی و لێگەڕیندان، هەڵگیرسانی شەڕ بەناوی پێشمەرگەکانی رۆژئاوا (رۆژ)لەدژی خەڵکی شەنگال و هێرش کردنە سەر (یەبەشە و یەژەشە) و گەلی ئێزیدی، هیچ خزمەتێک بە دۆزی تیکۆشانی ئازادی کوردان ناکات.
رێکەوت نیە دوایی سەردانەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق مەسعود بارزانی بۆ تورکیا هێرشەکان لەرۆژئاوا چڕبوونەوەو لە شەنگالیش بەناوی هێزەکانی پێشمەرگەی "رۆژ" هێرش کرایە سەر یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و یەکینەکانی ژنی شەنگال. ئەمەش ئەو راستیە دەردەخەن کە هێرشەکان لەئەنقەرەوە پیلانیان بۆدانراوەو جێگای داخیشە کە بەدەستی کورد جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانج لێی هەڵگیرساندنی شەڕی کورد بەکورد و لەباربردنی دەستکەوتە وەدەستهاتوەکانی کوردستانن، لەهەمانکاتدا لە بەئامانج گرتنی شەنگالدا بڕیاری بەجێهێنانی فەرمانی حەفتاوچوارەمی سەرگەلی ئێزیدیە، کە هێشتا برینەکانی هاتنی داعش و کۆمەڵکوژکردن و بەدیلگرتنی هەزاران(کچ، ژن، گەنج و پیر)ی ئێزیدی ساڕێژنەبوە.
لەم هەلوومەرجەی قەیران و نەهامەتی سەر گەلی کورد لەباشوری کوردستاندا، کەسەرچاوەکەی سیستەمی دەسەڵاتداری باشوری کوردستانە، ئافراندنی نەهامەتی زیاتر بۆگەل و پێداگیری کردن لەسەر جێبەجێکردنی ئەجیندای دەرەکی مەترسی گەورەی لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان درووستکردوە و پێویستە هەرچی زوە پێشی لێبگیرێ.
لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
رووداوەکانی شەنگال ئەو پەیامەی بەهەموو گەلی کورد و لەسەرووهەمووشیانەوە پارتە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا کە ئەگەر خاوەن، هەڵوێستی هاوبەش نەبین ئەوا تاکڕەوانە باشوری کوردستان دەکرێتە گۆڕەپانێک تا ئەجیندای دەوڵەتی تورکی تیادا جێبەجێ بکرێت لەلایەن پارتی دیموکراتەوە.
هەربۆیە وەکو تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لەسۆنگەی بەرپرسیاریمانەوە بەرامبەر بەهەموو پرسە نەتەوەییەکان بانگەوازی لەتەواوی پارت، لایەن و هەموو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین کە وەرن پێکەوە لەپێناوی پێشگرتن لەسیاسەتێک کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کەبەدەستی هێزی ناوخۆی پەیڕەو دەکرێت و زیان بەبەرژەوەندی کوردان دەگەیەنێت، هێزی چالاکی و رێکخستنیمان بکەینە یەک و ببینە بەربەست لەپێشیدا، بەتایبەتی لەشەنگال کە لەئێستادا بۆتە گۆڕەپانێکی پێکهێنانی پیلانی چەپەڵی دەوڵەتی تورکیا.
هەربۆیە دەمانەوێ بۆ رایی گشتی رابگەیەنین و داوا بکەین دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگیرێت و هێزەکەی بەناو پێشمەرگەی "رۆژ "بکشێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە:
1- زۆربەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە گیرەشێویانە دەکەین بۆ سەر خەڵکی شەنگال و هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە، کە بەدەستپێشخەری (پ د ک)ی ئێراق و دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجام دەدرێن.
2- شەهیدانی شەڕ خانەسۆر نامرن و هیوای زوو چاک بوونەوەی بۆ بریندارەکان دەخوازین.
3- بانگەوازی لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان و رێکخراو و کەسایەتیە وڵاتپارێزەکان و جەماوەری بەشەرەفی باشوری کوردستان دەکەین، کە رۆڵ بگێڕن لەپوچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە قێزەونە.
4- پ د ک / عێراق دەستبکێشێتەوە لە شەنگال و رۆژئاوای کوردستان.
5- داواکارین لەپێشمەرگە قارەمانەکان بەهیچ جۆرێک بەشداری ئەو پیلانە چەپەڵە نەبن.
6- داواکارین لەراگەیاندنەکان راستگۆیانە رووماڵی ئەو باروودۆخە بکەن، ئامانجیان کردنەوەی ئەو باروودۆخە نەخوازراوە بێت
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
تەڤگەری ئازادیی کۆمەلڕگەی کوردستان
4/3/2017
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست