نۆستالۆژیای ٣٧ ساڵ تەمەن !
Saturday, 04/03/2017, 1:42
رێبەندانی بێ بەختی کاتێك دەستی پێکرد کە ٣٧ ساڵ لەوەی پێش / شای / ئێڕانیان بۆ رووخاندین وشا گچکەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ باراندین. لە وەرزی بەهاردا کاتێک هەور دەگرمێنێ قارچک یەک بە دوای یەکدا هەڵدەتۆقن! لە مەزن وبچووک.رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەروای بەسەرهات. حیزب وسازمان وگورووپ وەک بەرخی ساوا لە بن سەوەتەدا سەریان دەرهێنا بە بێ ئەوەی تاقە رێچارێکیان بۆ چارەسەری ئەو خەڵکە بێچارەیە پێ بێ. لە کازیوە تا هەنگۆڕێ وتا تاریکی شەو چاوە چاوەیان بوو دەگەڵ یەکتر کە کام حیزب چەکداری زۆرتربێ بە هێزترە! بێ خەبەر لەوەی کە رۆژگارێک دادێ کە تووشی رێگای دەبباخانە و کەوڵی دەباغ دەبن.
هەزارانیان بە کوشتدا، کاروانی شەهیدانیان ریز کرد تا بازەرگانی پێوە بکەن. کەچی لە کاتی هێڕشی پێشمەرگانی وەفادار بە کۆماری ئیسلامی ( قیادە مووەقەتی سەر بە بارزانی ) زۆر زوو ورەیان بەرداو ئاودیوی باشووریان کردن ولە کەمپەکاندا مۆڵگەیان پێ ڕاخستن! ئەوە کاتێك بوو کە نەدەبا هاتبایە. بۆیە دەست بە جێ دەرگای شەڕی چەکداری و قسەی زلی شۆڕشگێڕانەیان بە فیتی ترس وناهەمواریی ژیانی سیاسی وچەکداریان بە حەوت گۆڵە کلیلان لە سەریان داخرا و قڕق وقپ رۆنیشتن . ئەوەی بنە ماڵەی شەهیدانیش چێژتیان تاڵاوی سیاسەتی ئەو حیزب وگرووپانەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوە رێك ٣٧ ساڵە سەوزەڵەمان لۆ دەچڕن.
" بەرهەمەکانی ٣٧ ساڵەتان "
لە سای سیاسەتی بێ سیاسەتیی ئێوەی / شۆڕشگێڕ / ! دارو بەردی رۆژهەڵاتی کوردستان میلیتاریزە کراوە، کەڵ بە موو بەندە!
دوو: گیرۆدەیی و ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوگەنجەکاندا ئاش دەگێڕێ!
سێ : هەر گەنجێک کە خوێندن تەواو دەکا ئەگەر کارتی بەسیج / حەشدی شەعبی / دەگیرفان دانەبێ قەت داینامەزرێنن!
چوار: وڵات لە وێ دەڵێی بۆتە مەڵبەندی مردوان، کەس دوارۆژێکی گەش چاوەڕوان ناکا، لە کاتێکدا ئێوە چاوتان لە ئاسمان بڕێوە ئاغای تڕآمپ کۆماری ئیسلامیتان بۆ بڕووخێنێ.
پێنج: کاتیک لە باشوور بوونە خاوەن مۆڵگە ٢ حیزب بوون! ئێستێ وەک دارێکی وشکی سیخوار لێدراو دەچن کە تووشی گەڵارێزان بوون، بۆ خۆشتان نازانن چیتان دەوێ. ئەوە کورتەیەکی یەکجار کەمە لە ئاکاری ئەو ٣٧ ساڵەتاندا کە بوونە هۆی بێ بەختی خەڵکی هەژار!
شەش: هەزاران مرۆڤی دڵپاک وکورد پەروەر لە داخی ئاکارە قێزەوەنەکانی ئێووە یان خۆیان رادەستی تاران کرد یان هەڵوەدای هەندەران بوون تا تاڵاوی غەریبی کۆتایی بە ژیانیان بێنێ!
حەوت: سەدان کادروتێکۆشەری رۆژهەڵات لە دێمۆکڕات وکۆمەڵە لە ژێرسیاسەتی نیگریسی ئەو دەسەڵاتە بە رۆژی رووناک ترۆر کران ئیووە وەک ترسنۆکترین حێزب وسازمان متتەقوو لێنەهات!
" پڕۆژەی دەرپەڕآندن"
ئەو رۆژانە دەسەڵاتی تاران پڕۆژەیاسایەکی داوەتە پارڵمانتارانی / شیعە ئایین / لە بەغذا وداوای لێکردون سنور وجیرانەتی ڕەچاو بکەن ئەو حیزبانەی کە لە / عێڕاقن / ! وکوردی ئێڕانین دەریان بکەن! دەنا / بەرۆکی هەرێم / بەرپرسە لە هەموو رووداوێکی چآوەڕوان نەکراو! پرسی سەرەکی ئەوەیە: ئێوە ئەگەر سیاسەت زانن بۆ فکری ئەو رۆژەتان نەدەکرد؟ خۆ ناکرێ تا لە تاران ئاخووندێک فسێکی لێ بەربوو ئێووە زراوتان بچێ وئەو کات هاواروزیقەتان گوێی ئاسمان کەڕ بکا داوا لە خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستان بکەن بە هاوارتانەوە بێن! ( کورتە ویدئۆی عەوڵای مەهتەدی لە کاتی کۆبوونەوەی هەموو بەرپرسانی حیزی لە زڕەگوێز ).ئەدەی ئەو کات داوایان لێدەکردن با کۆنگرەی نەتەویی ببستین بۆ ببونە بەرانی شەڕکەر، کەستان قەبووڵ نەدەکرد؟ ئێووە ترستان لە بێچووە مار بوو، ئێستێ دووچاری ئەژدیهاش بوونەتەوە. هەتا دوێنێ بە بیانووی ئەزموونی دەسەڵاتی باشوور ( ئەو ئەزموونە خاوێنە) بنێشتە تاڵەتان بە بژۆڵانەوە نابوو چاوتان کەسی نەدەدیت!
من مالیکی خۆش ناوێ نە بەرئەوەی کە دەگەڵ گەندەڵێکی وەک مەسعود ناکۆکیان هەیە.بەڵام بیر لە بێدەسەڵاتی ئوردووگانشینەکان دەکەمەوە کە دیسانیش لە بەر دەست تەنگی ملکەچی بارزانی دەبن. کەشوهەوایکیان خۆڵقاندووە کە گۆیا ئەو پڕۆژە یاسایەی کە بۆ دەرکردنی ئەو حیزبانە دراوەتە پارڵمانتارانی شیعە لە بەغدا کاری دەوڵەتی یاسایە و نوری مالیکی لە پشت سەری ئەو یاسایەیە!پیلانەکە زۆر لەوە مترسیدارترە کە ئەو ئاغایانەی کۆی سەنجەق و زڕەگوێز تیف تیفەی دەدەن. ئەوەی کە دەبێ ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە: سەتا لە ٧٠ی بەرپرس وکادروبنەماڵەکانیان پاسپۆڕتی وڵاتانی ئورووپی وئامریکا و،،،، دەگیرفان دایە. هەر رووداوێکی خراپ بقەومێ قاچیک دەکەنە چوارقاچ بۆ خۆیان وماڵ منداڵیان تێیدەقوولێنن! ئەوەی دەمێنێتەوە پێشمەرگە وبنەماڵەی هەژاری پێشمەرگەیە.
جەعفەر کەریمی
٢/٣/٢٠١٧
سندوقی کوردستانپۆست
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست