خوسیا مۆخیکا و دەسەڵات وئۆپۆزیسون
Friday, 24/02/2017, 20:57
ئێمەی کورد چونکە ئەزمونێکی دوورودرێژمان لەگەڵ توندوتیژی هەیە بەپێی ئەو جوگرافیایەی کە تێکەوتووینو هەرچواردەورمان هەڕە دووژمنە سەرسەختەکانی مرۆڤایەتین و شمشێرەکانی ئیسلام حوکمیان تێداکردووە، هەمیشەیش ئەو دووژمنانە لەسەر بنەماکانی توندوتیژی ئێمەیان بێدەنگ و دەمکوت کردووە. لەوێوە ئێمە فێری ئەوە بووین کە تووندوتیژی کلیلی دەرگاکانی ئازادی و ڕزگاربوونمانە. ئـێمە دەشێت بەپێ ئەو دووژمنە دڵ ڕەقو سستەمکارانا هەڵسوکەوتکەین کە ژینگەیەکی وایان بۆ خوڵقاندوون کە هەمیشە بیر لە تووندوتیژی بکەینەوە، بەڵام توندو تیژی لەگەڵ خودی تاکی کورد دەچێتە خانەی دیکتاتۆرییەوە وەک ئەوەی ئەمڕۆکە دەگوزەرێت لە باشور، چونکە ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی سستەمکارە و بە زەبری هێز هاتۆتە سەر دەسەڵات ئەو گومانەی لای ئێمەی تاکی کورد دروستکردووە کە دەبێت هەر بەهێز ئەم دەسەڵاتە لەسەر کورسی دەسەڵات لاچێت.
-----------------------------------------
بۆ نمونە: کاتێک لە ٣١ ئابدا یەکێتی بە زەبری دەبابەکانی عێراقی بەعس و چەکداراکانی پارتی لە هەولێر کرانە دەرەوە ئیتر یەکێتی هیوایەکی تری پێ نەبوو بۆ گەڕانەوە بۆ هەولێر چونکا لای ئەویش هێز سەنگی یەکلاکەرەوەی جەمسەرەکانی دەسەڵات بوو هەرگیز بیری لەوە نەکردەوە کاتێک یەکێک بە هێز لە جوگرافیایەک دەردەکرێت هەردەبێت بە زەبری هێز بگەڕێتەوە بۆ هەمان جوگرافیا یاخود دەتوانێت بە کۆمەڵێک پڕۆژەی جوانەوە بگەرێتەوە دڵی ئەو جوگرافیایە بۆ خۆی ڕاکێشێت! یەکێتی لە دوای ٣١ ئابەوە هیچ پڕۆژەو هیواوەیەکی پێنەبوو بۆ خەڵکی هەولێر، بگرە ئەندامەکانی خۆیشی لەماوەیەکی کەمدا بێ ئێومێدو بێ هیواکرد کە ئیتر بڕوا بە خودی حیزبەکەیشیان نەکەن. ئایا یەکێتی نەیدەتوانی لەدوای ٣١ ئابەوە کۆمەڵێک پڕۆژەی جوانو کاری جوان بکات بۆ هەولێر تاکو زامی ٣١ ئاب ساڕێژکاتەوە؟ یان ئەویش هەوڵیداوە لە هەلو مەرجێکیتردا بگەڕێتەوە هەولێرو ئەمجارەیان ئەم پارتی دەرپەڕێنێت! تاکو ئێمە لەسەر ئەم بنەمای بیرو باورەبین هەرگیز ئاسودە نابین یاخود دەبێت لەسەدا پەنجای خەڵکی وڵاتەکەمان دەربەدەرو بکەین تاکو دەگەینە ئەو مەبەستەی کەدەمان دەوێت لەوێیشەوە جارێکی تر ژیان بە شێوەیەکی تر دەستپێدەکاتەوە ئەویش گەڕانەوە بۆ سەر سفر دیسانەوە لەسەدا ٢٥ ئەو دەسەڵاتە دەبێتەوە ئۆپۆزیسۆن لەسەدا ٢٥کەیتری لەسەر بنەماکانی زەبرو توندو تیژی ئەوی تریان دەرپەڕێنیت لەئەنجامدا دەبێت هەر هەموومان سەریەکتری بخۆین لە پێناوی دەسەڵاتدا. ئەمڕۆکە لە باشوردا هەیە دەسەلاتێکی سستەمکار هەیە کە بۆ مانەوەی خۆیشی دەبێت هێزێک دەرەکی هەمیشە بەرگری لێکات چونکێکە ئەمانە لەسەر بنەماکانی هێز هەم بڕوایان بە خۆیان هەیە هەم بڕوایان بە درێژکردنەوەی دەسەڵات هەیە. لەگەڵ ئەو هەموو سەرگەردانێدا هەرگیز دەسەڵات ڕێگەی بەخۆی نەدا کە کەسە جوانەکانی ئەم نیشتیمانە! کەسە شۆرشگێرەکانی ئەم جوگرافیایە لە پێناوی ژیانێکی جوانترو خۆشبەختر خۆیانکردە قوربانی تاکو ئێمەی زیندوو شایستەی ژیانێکی باشتر بین نەک دۆزەغێکمان بۆ بخوڵقێنن! کوشتنو قوربانی ئەو هەموو کەسە جوانە بۆ ئەوەیە کە ئێمەی تاکی کورد بە خەڵکو دەسەڵاتەوە لەوە بگەین کە ئازادی، کە ژیانێکی خۆشبەتر باجێکی زۆرو قوربانیەکی زۆر دەوێت تاکو ئێمە بیپارێزین! تاکو ئێمە قەدری بزانن نەوەک خۆمانی تێدا سەرگەردانکەین. ئایا ئێمە قەدری کەسە جوانەکانی خۆمان لابوو؟ ئەگەر قەدریمان لابوایە ئەمرۆەک دەبوایە جوانترینو خۆشبەخترین ڕۆژگاری ئێمە بوایە. ئێمە لەپاش ئەو هەموو سەرگەردانییەو قوربانیە دووژمنان وایانلێکردوون خەریکی سوکایەتیکردن بەیەک و دووژمنی سەرسەختی یەکترین بین وەک لەوەی بەدووی ڕێگایەکدا بگەڕین کە بمانخاتەوە سەر سکەی ژیانەوە لێبوردنو خۆشەویستی. بەدیوەکەیتری بەژەوەندێکانی دەسەڵاتدا کەلەسەردەمی ڕاپەرینو دوای ڕاپەریندا لێبوردنی گشتی بۆ ئەو جاشو موستەشارانە دەرکرد بۆ ئەوە نەبوو کە ژیان ڕەنگیكی تەبایوو لێبوردن بگرێتو سەرەتایەک بێت بۆ هەڵدانەوەی پەرەیەکی تازەتر تاکو تاکی کورد لە ژێر سێبەری ئازادیدا بێجیاوازی نیشتیمانەکەیان بپارێزن ژیان پڕبێت لە خۆشەویستو ڕێزگرتن لە یەکتری، بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە ئەو جاشو موستەشارانە لە هەلومەرجێکیتردا لە زەمەنێکیتر بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی بۆ مەبەستە گڵاوەکانی خۆی بەکاریان بهێنێتو خەڵکە سادەو شۆرشگێرەکەی بێهوابن لە ژیانو نیشتیمان جێهبێڵن.
خوسیا مۆخیکا سەرۆک کۆماری ئۆروگوای کۆن کە بە هەژارترین سەرۆککۆماری ئەم جهیانە ژماردە دەکراو بە سەرۆکە هەژارەکە نێوبانگی دەرکردبوو بەخۆییو کراسێکی سپیو پانتۆڵەکەیەوە کە بە جەستەو ڕۆحییەوە ئاوێتە ببوون بە شەقامەکانی شاردا پیاسەی دەکردو سەربەرزانە هەوایی ئازادی ئۆرۆگای هەڵدەمژی، ئەو خۆشبەخت بوو بە واتایی تێگەیشتن، ئەو ئەگەرچی سەرۆکێکی هەژاربوو بەڵام توانی خۆشەویستیو دڵی خەڵک بەرێ بۆ خۆیی هەموو خەڵکی وڵاتەکەی خۆشیدەویست، ئەو هەژار لە سەروەتو ساماندا و دەوڵەمەند لە ئەوینو خۆشەویستی. زۆر کەس بە پلەو پایە و پارەی زۆر دەگات بەڵام کەم کەس هەیە لەم دنیایەدا بە خۆشەویستی بگات! تەنانەت کەم کەسیش هەیە لە واتای خۆشەویستی بگات! مۆخیکا یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین کەسی دنیا کەتوانی دڵو خۆشەویستی مڕۆڤایەتی بەرێت بۆ خۆی. ئەو مرۆڤە کە بەشێک لە ژیانی بریتیبووە لە خەباتی زیندانی بە دڕێژای سێنزدە ساڵ زیندانی بووە و دووجاریش خراوەتەوە زیندانی تاکە کەسییەوە هەروەک ئێستاکەی ئۆجەلان! بەڵام هەرگیز پەشیمان نەبووە لە خەباتو بەرگریکردنی لە ئازادیی. گەڕانەوە بۆ ژیانێکی سادە گەڕانەوەیە بۆ ماڵە گەورەکەی خۆشبەختیو تامی ئازادی بەواتای تێگەیشتن.
ئەگەر خوسیا مۆخیکا هەژارترین سەرۆکی دنیا بێت ئەوا ئێمەیش لە باشور گەمژەترین سەرۆکمان هەیە کە سەرۆکی عێراقی تازەیە! ئەم سەرۆکە ئەوەندە حەبی خەویان داوێتی گێژیان کردووە باوریش ناکەم بەمنزیکانە ئەم پیاوە لەم خەونە قوڵە خەبەریبێتەوە، کاتیکیش بەئاگا بێتەوە دەشێت دنیا جیهانێکیتر بێت! ئەم سەرۆکە جگە لەوەی پرسیارێکو پلانێکی پێنییە بۆ ڕووداوەکانی کە ڕوودەدەن یاخود دەشێت ڕووبدەن، ئاوایش هیچ پێنیە بۆ ئایندە، نازانم بوونی ئەم سەرۆکە هەروەک سەرۆکەکەی هەڕێم چ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە کەوا نازناوی سەرۆکیان پێوەگڕێداوە؟ ئایا سەڕۆک دەبێت ئاوا بێت؟ ئاخود دەبێت بە پڕۆژەو گفتو بەڵێن بێتە سەرۆک؟ کێ بوو ؟ ئەمانەی کردە سەرۆکی نەتەوەیەک کە لە ماڵوێرانی و نەهەمەتیو سەرگەردانی نەبێت هیچیتریان پێنیە بۆ ئایندە؟.
|
بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە بە ئینگلیزی کلیکی وێنەکە بکە. بە زمانی عەرەبیش لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بە دوایدا بگەڕێ |
میکاڤیلی لە کتێبی میردا دەنوسێت: پاشاکان لەکاتی بێیشی و پشووداندا دەبێت بچنە سەر چیاکان لەوێوە لەو ژینگە جوان و هێمنەدا بیر لە دواڕۆژی وڵاتەکەیان بکەنەوە و پلان بۆ دواڕۆژیان دابنێن! پێموایە پاشاکانی ئێمە هەمیشە بیریان لای خۆیانو دەسەڵاتی خۆیانە وەک بیر لە خەڵکو خاکو نیشتیمان بکەنەوە!
لە شوێنێکیتر میکاڤیلی دەڵێت: هەر کاتێک دەسەڵاتێک یاخود پادشایەک هەستیکرد کەسێک یان کومەڵێک پەیدا بوونو کورسیو دەسەڵاتەکەی دەخەنە مەترسییەوە دەبێت یەکسەر لەناویانبەرن و بیانکوژن ئەگینا درەنگکەوتن نیشنانەی گەمژەییە، ئەگەر لەناویان نەبات ئەوا ئەو کەسو تاقمە لە کۆتایدا خۆی لەناو دەبەن! پێموایە دەسەڵاتی کوردیو پادشاکانی کورد ئەمە فەلەسەفەیانە! هەرکاتێک کەسێکیان لە خۆیان پیاوترو لەخۆیان بەنمەکترو لە خۆیان خوێندەواترو لەخۆیان زیرەکتر، لە خۆیان شۆرشگێرترو درک پێکردبێت و هەستیانپێکردبێت کە دەبیتە هۆی مەترسی بۆ دواڕۆژیان و دەسەڵاتەکەیان بێیەکودوو، بێ بیرکردنەوە کوشتویانەو لە ناویانبردووە یاخود ئەوەندەیان سوککردووە کە هەرگیز لە نیو ئەو کۆمەڵگە دواکەوتووەدا لەڕووی نەیەت جارێکیتر سەرهەڵبڕێ! فەلسەفەی دەسەڵاتی کورد ئەگەر نەتکوژێ سوکت دەکات!. پێموایە دەسەڵاتداران زیاتر سودو پەندیان لە کتێبەکانی میکاڤیلی وەرگرتووە وەک لە خەڵکە سادەو شۆرشگێر و ڕۆشنبیرەکەی.
دەسەڵاتی کوردی لەجیاتی سوپاسگوزار بێت کە ئەو هەموو خەمخۆر و خەڵکەی لە دووی کۆبۆتەوە، کە بەم ڕۆژگارە ووتەی جوانو پلانی بە نرخو پرۆژەی چاک پێشکەش بەم دەسەڵاتە دەکەن بەبێ بەرامبەر لەباتی خۆشبەختو ئاسودەتر بێت کەچی دهێت تاک بە تاکیان تیرۆرو سەرگەردان دەکات. تەنانەت هەر کەسێک یاخود گروپێک ڕەخنەیەک یاخود توانجێکی لە دەسەڵاتگرتبێت تابۆیانکراوە دورریانخستۆتەوە و موچەکەیان بریوە ولە کار دەریانکردووە. لە وڵاتان دەسەڵات پارەیەکی زۆر دەبەخشێتەو ئەو عەقڵانەی کە پڕۆژەی جوانیان هەیە و پێشەکەش بە وڵاتو دەسەڵاتی دەکەن نەک بیانگوژێت و لەناویانبەڕێت. ژیان بریتییە لە کۆمەڵێک گفتو پڕۆژەی جوان ئەگەر لەمانە بەدوور بێت پێیناڵێن ژیان بەڵکو پێیدەڵێن دۆزەغ وەک ئەوەی هەیە ئەمڕۆکە لە وڵات! چونکە لە وڵات جگە لە دەسەڵاتێکی ستمەکار هیچیتر بەدیناکەیت تاکو بڵێت هیوایەک هەیە بۆ ئایندە.
پێشترلە بابەتەکانیترمدا نوسیم کە ئەم ژیانەی ئێمەی ڕەنگو بۆنی دیکتاتۆرو سستمەکاری گرتووە ژیان ئەوەندە بێ نرخو بێ قیمەت بووە خەڵکی مردن دەخوازن وەک لەوەی لەوە تێبگەن کە ژیان چ سەرمایەکە بۆ مڕۆڤەکان. چوونی ئەو هەموو لێپرساوەی نێوە یەکێتی نیشتیمان بۆ نێوە ڕیزەکانی پارتی زەنگی ئەوەیە کە ئەم خودی لێپرساوانیش حەزیان بەوەیە کە یەکێک کۆنترۆڵیان بکات تاکو لە ژێر سێبەری پارتیدا گوناحەکانو تاوانەکانیان مسۆگەر بێت و ژیانیان بەردەوابێت. ئەوان دەزانن کە ژیان ئیتر تاکو سەر بۆیان ناچێتەسەر دەبێت مووشوری خۆیان بخۆن باشترین جێگە بۆ ئەوان ماڵەکەی پارتییە.! پارتی بتوانێت ئەو هەموو موستەشارو جاشو گێلەکان لەخۆبگرێت بێگومان جێگەی ئەوانیش دەبێتەوە و ژوورێکیان هەرماوە بۆ ئەو کەسانە کە لە زوونی سەوزە دەچنە نێوە ژوورەکانی پارتییەوە. بۆچی پرسیارێک لای ئێمەی کورد دروست نەبوو؟ کەبۆچی هەر لێپرساوەکانی یەکێتی دەچنە نێو ژوورە چۆڵەکانی پارتییەوە؟ بۆچی کەسانی ئاسایی ناچێتە نێو ڕیزەکانی پارتییەوە؟ بۆ هەردەبێت ئەم پیاوە گەورانەی سەوز خۆیان زەردپۆشکەن؟ لەوە دەچێت لە بیری ئەم پیاوانەدا سلێمانی پارتی نەبێت هیچ حیزبێکیتر ناتوانێت داگیریکات و سەری پێشۆرکات؟ لەوەدەچێت ئەوان لەوە گەیشتبن کە خۆیان ئیتر ناتوانن ئەوەی هەیە بیکەن یان ئەوەیکردیان ئیتر پێیانناکرێت؟ هەربۆیە چوونە نێو پارتی باشترین ڕێگەو کورترین ڕێگەیشە! ئایا داگیریکردنی شار دەبێتە مایەی خۆشحاڵی ئەم پیاوانە؟ یاخود ئیتر ئەمە کۆتایی فلیمەکەیە کە دەبوایە بمانبینایە یاخود هەر بە دەستی ئەنقەست پیشانیاندایە؟
سەرۆک کۆماری عێراق یەکێکە لە نوستوترین سەرۆکی ئەم دنیایە ئەگەر هەموو وڵاتەکەی بسوتێت ئەم خۆیو سەرینەکەی هیچیتر گرنگ نییە لە لایی تەنانەت گرنگی بەوەیش نادات کە وێنەکەی بە دیوارو و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هەڵواسرێت یاخود هەڵنەواسرێت، من وێنەیەکی ئەو پیاوەم نەبینی لەهیچ شوێنێکی ئەم زۆنی سەوزو زەردەدا هەڵواسرابێت لەوە دەچێت ئەمیش وەک مۆخیکا گرنگی بە وێنە نەدا بەڵام هەر کە موچەکەیانبری ئیتر ئەم خۆییو ڕاوێژکارەکانی کە هەریەکەیان کچو کورو خزمو ناسیاوی خۆیین بە ئاگا بهێنەوە بۆ موچە. ئەم پیاوە هەرچی کەسو کاری خۆیی هەیە کردوێتی بە ڕاوێژکاری خۆیی و لەدەووری خۆی کۆیکردونەتەوە ئیشی ئەم پیاوانەو ژنانەی سەرۆک بە خۆیو ڕاوێژکارانەوە تەنها حەبی خەوە لەگەڵ پەرداخێک ئاو ئەگینا هیچی تر نییە موچەی ئەمانەیش موچەیەکی خەیاڵییە! ئەوەندەیش حەبی خەونیان داوە بەم سەرۆککۆمارە گێژیانکردووە هەربۆیە تاکو ئێستاکە ئەم سەرۆکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی خۆی خێرهاتنی یەک تاقە کەسی نەکردووە و تاکو ئێستاکە کەس میوانداری نەکردووە. ئەو هەمو ڕاوێژکارانەی سەرۆک کە ئەو هەموو پارەو موچەیە وەردەگرن لە پێناوی چییدا؟ ئەمانە تاکو ئێستاکە چی پڕۆژەیەکی باشیان پێشکەشکرد بە سەرۆک تاکو سەرۆک واژووی لەسەربکات ببێتە سێبەری خەڵکی ماندووی وڵاتەکەی؟
کەچی ئەم دەسەڵاتە ئەم هەموو خەڵکە جوانو بە وەفاو بە نمەکە بێ بەرامبەر بەم ڕۆژگارە ئامۆژگاری سەرۆک و وڵات و کاربەدەستانو لێپرساوان دەکەن کەچی لەباتی ئەوەی پاداشبکرێن تیرۆر دەکرێن! دەسەڵات لەوەتەی هەیە خەریکی تیرۆرکردنی کەسە جوانەکانی نیشتیمانە! خۆزگە ئەم دەسەڵاتەیش وەک سەرۆککۆمار هەر خەریکی خەو بوایە ئەوەندە حەبی خەونیان بدایاتێت تاکو گێژ دەبوو و چاوەکانی دەچووە خەون ئیتر بە تۆپیش بوایە بەئاگا نەهاتایەتەوە.
ئەگەر دەوڵەتی کوردیش دامەزڕێت من هەر لەبەرەی ئۆپۆزیسۆن دەبم، هەمیشە هەوڵدەدەم قاچە گۆجو شکاوەکەی دەسەڵات ڕاستکەمەوە، چونکە کرداری باش، قسەی باش، وتەی باش کاری ئۆپۆزیسۆنە . ئەوە ئۆپۆزیسۆنە کە دەسەڵات دەخاتە سەر سکەی ژیان و بە ڕێگەی ڕاستدا دەیبات تاکو گەل ئازادو سەرفراز بژی. چونکێکە بڕوام وایە کە هەموو کەسێک دەتوانێت خزمەت بە نیشتیمانەکەی بکات ئەگەر ئەو خزمەتەیش بە فڕێدانی قنگی سیگارێکیش بێت بۆ ناو تەنەکەی خۆڵ نەوەکو نیشتیمانەکەی بکات بە تەنەکەی خۆڵ. مەخابن ئێمە نیشتیمانەکەمانکرد بە تەنەکەی خۆڵ هەریچییەکمان بەردەستکەوت فڕێماندایە ناوی.
لەدنیای سیاسەتو دەسەڵاتدا هەمیشە ئۆپۆزیسون توانیوێتی پڕۆژەی جوان و کرداری جوان پێشکەشکات بە حیزبی دەسەڵات تاکو ژیان جوانترو بە نرختر بێت و هاوڵاتیان خۆشبەخت بژین، ئەی ڕۆڵی ئۆپۆزیسون دەبێت چۆنی بێت لەمە زیاتر؟ ئێمە ئۆپۆزیسۆنێکمان هەبوو هەڵپەی دەسەڵاتیدەدا کاتێکیش چووە دەسەڵاتەو چونكیکە ئەزمونێکی ئەوەندەی نەبوو نەیتوانی چۆنچۆنی لەگەڵ ڕووداوەکاندا کەدەشێت ڕووبدەن خۆی ئامادەکات چونکێکە ئەمیش خولیای دەسەڵاتی هەبوو وایدەزانی دەسەڵات سەنگی مەحەکی هەموو کێشەکانە! بەڵام مرۆڤ خۆ دەتوانێت سیگارو ئەلکهول نەخوات پێش ئەوەی دکتۆرەکانی ئاماژەیانکەن! مرۆڤ خۆدەبێت بەردەگای ماڵی خاوێنکات پێش ئەوەی دەسەڵات بەشەق پێیانلابەرێت! کاتێكیش دەسەڵات کارێکی نابەجێدەکات ئەوە ئۆپۆزیسۆنە دەبێت ڕێگەی لێگرێت تاکو ماڵوێرانی بەدوودا نەهاتووە! کاتێک دەسەڵات چاڵو خەندەق بە دووی ئەم نیشتیمانەدا لێدەدات ئۆپۆزیسووین بێدەنگی هەڵدەبژێرێت! کاتێک دەسەڵات واژووی کۆنتراکی سەرروەتوو سامانی ئەم نیشتیمانە دەکات بۆ پەنجا ساڵ بۆ تورکەکان ئەوا دەبێت پێش هەموو کەسێک ئۆپۆزیسوین ڕێگریلێکات ئەگەر هەر نەبوو ئۆپۆزیسون دەتوانێت لە ڕێگەی هاوەڵانی خۆیی و دەنگدەرانی خۆیەوە بڕژێتە سەر شەقامەکانی نیشتیمانو پرۆتێستکات! ئایا ئۆپۆزیسون ئەمەیکردووە؟``
ئۆپۆزیسوێنی کورد کراوەتە دەرەوەی گۆرەپانی سیاسەت کەچی تاکو ئێستاکە یەک تاقە کەسی نەهێناوەتو سەر شەقامەکانی نیشتیمان خەڵکی هوشیارکەنەوە! کاتێک ئەم نیشتیمانە بە بەرچاوانی هەموو تاکێکی ئەم باشورەو هەڕاجدەکرێت و دەخڕێتە مەزادخانەی تورکەکانەوە کەس قسیەک ناکات؟ کەسێک هەڵوێستێک وەرناگرێت؟ ئەو ئێمە بووین! ئەوە ئۆپۆزیسون بوو ئەم دەسەڵاتەی کرد بە کەڵەگا بەسەرمانەوە چونکێکە دەسەڵات بەپێی کاردانەوەکانی تۆ پلانو کاردانەوەی دەبێت! کاتێک تۆ بێدەنگی لەکاتێکدا ئەو هەموو ناپاکیو ماڵوێرانیە دەکرێت تۆ بێدەنگی هەڵدەبژرێتو و بێدەنگ دەبیت. لەوەتەی دەسەڵاتی کوردی هەیە خۆیداوەتە بەر قەدەری ئەو ڕووداوانەی کە لە ئایندەدا دەشێت ڕووبدەن تاکو ئەم پلانی هەبێت و قسەیەکی هەبێت بۆ ڕووداوەکان، ئەمە سەرگەردانی تاکی کوردە کە هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەوەدابووە کە نەیاران و دووژمنانی چیدەکەن و بەتەمای چین یاخود خۆیان بەوە دڵخۆشکردووە تاکو کارەساتێک بەپێ تێڕوانینەکانی ئەمان ڕووبدات ئەوساکە ئەمان قسەیەکیان هەبێت بۆ گوتن. مرۆڤ ئەگەر لە چاواڕوانی ئەوەدا بێت کە چی بەسەر دووژمنەکەیدا ڕوودەدات دەبێت هەمیشە کۆیلەو دەستبەسەر بێت چونكیکە تاکو تۆ پلانێک دادەنێت دووژمنەکەت سەدان پلانی هەیە بۆ دەمکوتکردنی تۆ! هەربۆیە کورد لەباکوردا چاوەڕوانی ئەردۆغانن کە چیدەکات! ئەردۆغانەکان پلانیان چیە بۆ دواڕۆژ! لە ڕۆژهەڵات لە چاوەڕوانی ئەوەدان ئێران بە جەنگێکەوە بتلێ! لە باشوردا لەچاوەڕوانی شەڕی دوای داعشو ڕووداوەکانی دوای داعشو هاتنەوەی ئۆپۆزیسۆن دەکەن. ئەو خەڵکەیان لە چاوەڕوانی ئۆپۆزیسۆنو داعشدا قەتیسکردووە بەبێ ئەوەی یەک دانە پرسیار لەخۆیان بکەن؟ ئایا لەدوای داعشو هاتنەوە ئۆپۆزیسونو بەخستنەکاری دەزگاو جومگەکانی دەوڵەت ژیانی ئێمە باشتر دەبێت یاخود هەتاکو ماون دەبێت بەدوو ئەوەدا چاوەڕوانبین کە دەشێت ڕووبدات کە ڕوونادات؟
خوسیاو ماندێلا دوو کارێکتەری جوانی دنیای شۆرشگێری بوون، بە زیندوویەتی بونە پیاوی سەردەم و چوونە مێژووی مرۆڤایەتییەوە هەردووکیشیان لەبەرەی ئۆپۆزیسۆندا بوون دوای ئەو هەموو ساڵە خەباتو زیندانییە کە هاتنە سەر کورسی دەسەڵات جوانی و ئاشتیو ئارامیان بەخشی بە نەوەکانی دواڕۆژیان نەوەکو فێری توندوتیژیانکەن وەک ئەوەی کەهەیە لە باشور. دەسەڵات کوردی بەناو شۆرشگێرو لە پراکتیکدا دڕندەو سستەمکار وایی لەتاکی کورد کردووە کە ڕقی یەکتری بێتەوە، ببێتە دووژمنێکی سەرسەختی ئایدۆلۆژیو خێڵەکەی تاکو بەرژەوەندێکانی خۆی لەوێوە مسۆگەرکاو لەسەر کورسی دەسەڵات بەردەوامبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست