شۆڕش و هەڤاڵ شەقێکیان لەقسەکەی نەوشیروان وەشاند
Thursday, 23/02/2017, 22:30
ساڵی ٢٠١١ مووچە ئەدراو ئاو و کارەبا زۆر لە ئێستا باشتربوو،بازاڕ بەردەوام لەجووڵەدا بوو. خەڵکی ئەو کات گەڵتەیان بە خارج ئەکرد و زۆری ئەوانەش لەهاندەرانەوە ،ئەگەڕانەوە بۆ کوردستان. خۆ ئەوە باسی لەوە ناکرێ کەوا چۆن خانمان هەر خەریکی دەعوەت و دەعوەت کاری و جگە لەگۆڕینی لووت و ڕوخساریان،ڕۆژانە گۆڕنکاریان لەناو ماڵ و پەردەو قەنەفەدا ،ئەکرد. بەکورتیەکەی ئەو کات بەبەراورد بۆ ئێستا،ئاسمان وڕێسمانیان جیابوو لەلایەن باری ئابووری خەڵک و حکومەتی هەرێم و زۆر شتی تر. هەروەها ئەو کات مەسعود ئێکسپایەر نەبوو بوو،پەرلەمان ئیفلیج نەکرابوو،وەزیرەکان ئاودیوی دێگەڵە نەکرابوونەوەو لەسەرو ئەوانەشەوە، هەژاری وبرسێتی و ئاسایش بەو شێوەیەی ئێستا نەبوو.
کەچی،نەوشیروان مستەفا هەفتەیەك پێش ڕووداوەکانی ١٧ شوبات فووی کرد بە بووقەکەی گۆڕانداو خەڵکی هاندا دژ بە حکومەتی بنەماڵە و ئەو شەوە ووتی؛ مەسعود لە ئیران بەزۆر هێنامانەوە و نەی ئەیووست بەشداری ڕاپەڕین بکا. هەر بۆیە ئەم قسەی نەوشیرون مستەفا جۆش و خۆرشیەکی لای گەنجی سلێمانی دروست کرد و ئەو ڕۆژەی کە مۆڵەتی خۆپیشاندانی ١٧ شوبات وەرگیرا و دواتر ڕێڕەوی خۆپیشاندان بەرەو لقی چواری پارتی گۆڕدرا و جاشە کلك زەردەکان کەوتنە کوشتن و تیرۆرکردنی گەنجی شار.... هەر ئەو شەوە خانمەکەی تەلەفیزۆنی گۆڕان لەزاری نەوشیروان مستەفاوە ووتی؛ئەو کەسانەی چوونە سەر لقی چوار(گێرە شێوێنن). نەوشیروان مستەفا دوای ئەوەی زانی پارتی سوعبەت ناکا و لەجیاتی بەرد بە بیکەی سی وەڵامی گەنجی کورد ئەداتەو ەو هیچ کات دودڵ نین لە کوشتنی هاوڵاتیان ،تۆنی خۆی گۆڕی و ووتی ئەوان چۆن سیناریۆیان هەیە،ئێمەش بەهەمان شێوە،ئەمە سەرباری ئەوەی چەندین شەهید وبریندار هەبوون.
وا ئەمڕۆ جارێکی تر و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی،هەریەك لە شۆڕش حاجی و هەڤاڵ ئەبوبەکر کەهەریەکەیان (د) یەکیان پێش ناوەکەی خۆیان خستوە. لەسەر گڵکۆی شەهید سورکێو زاهیر داوای بەردەوامی پەیامی شەهیدانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتر ئەکەن و پێیان وایە ئاڵاکەی ئەوان هەرگیز دانانەوێ و ئەبێ بەردەوام بن لەخەبات.
باشە ئەگەر ئەوان بە چەند دێڕێکی نەوشیروان مستەفا کوژران و کران بە گێرە شێوێن،ئێدی چ پێوست ئەکا ئێوەی زمان لووس و ترسنۆك و هیچ لەبارا نەبوو بێ ئەوەی کەس داوای لێتان کردبێ ،یەکی بە مایکێکەوە دەرئەکەون و قسەی باق و بریق هەڵئەڕێژن. بۆ واز لەو گێرە شێوێنانە ناهێنن و بیەڵن لە گۆڕەکەدا بحەسێنەوە. وەیان بەنیازن جارێکی تر لەخشتەیان بەرن و وا هەڵبژاردن نزیك بۆتەوە بۆ ئەوەی بەهۆی عەباکەی ئەوانەوە خۆتان حەشار بەن و لەژێرەوە بشیڕێنن؟؟ گەر ئەوان گەنجی گێرە شێوێنن و ئەزموونەکەیان خستە مەترسیەوە،دەی ئێوەش وەك نەوشیروان مستەفا گۆڕەپانەکە بۆ پارتی و یەکیتی چۆڵکەن و ئەوەندە خۆتان لەکامێراکان نزیك مەکەنەوە.
خۆئەگەر ئەزانن ئەو گەنجانە گێرە شێوێن نین و کەسی دڵسۆز و کورد پەروەربوون،ئەوا پێوستە وەك پیاو بێن وبڵێن ئەوەی نەوشیروان دەرهەق بەم گەنجانە ووتوونی،هەمووی هەڵەیەو داوای لیبووردن بکەن. دەنا گەر ئەو کارە نەکەن ئەوا مافی خۆیەتی لەمەو دوا کەس وکاری شەهیدانی ئەو ڕۆژەو هەموو ڕۆژەکانی تر نەیەڵن بێنە نێو ئاپۆڕەو نەیەڵن هیچ شتێ بڵێن. ئێوە تەنها بۆ دەنگ کۆکردنەوە بەکاریان دێنن،ئێدی وازیان لێبێنن و ئەوەندەی تر گاڵتە بەهەست و نەستیان مەکەن. ئێوە خوێنی ڕژوای ئەوانتان لەسەر مێزی بەناو حکومەتە بنکە فراوانەکە وەرگرت و وا ئێستا چونکە دەرکراوون و بەتەمان بچنەوە ناوی،ئەتانەوێ لەڕێگای کەس و کاریانەوە فریویان بدەن و جارێکی تر لەخشتەیان بەرن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست