کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆڵێ خێزان لە کوردستان پەروەریی کوردیلەکانمان

Monday, 20/02/2017, 23:25


کوردستانی نیشتمانی خۆشەویست جوانمان، ئەو ناوە پیرۆز و شیرینەیە، کە هەمیشە لە ناخی دڵمان و لە هۆش و بیر و خەیاڵمان دایە، بۆتە وێردی شیرینی هەمیشەی سەر زارمان.. کوردستان هەناسە و ژیانمانە.. پێناسە و ناسنامەمانە.. سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستانی رەنگین و قەشەنگمان.. ئەو هەست و سۆزە ناخییە بێوێنەیەمانە.. ئەو هاوبەستبوونە بەهێزە و رەگ ئەستوورەمانە.. کە هەرگیز داگیرکەرانی کوردستان، نەیانتوانیووە و ناتوانن لە دڵی ئێمەی کوردستان پەروەردا هەڵیبکەنن یا کاڵی بکەنەوە.. بەڵکو رۆژ لە دوای رۆژ ئەم هەست و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونەمان بۆ کوردستان گەورەتر و بەهێزتر دەبێت. 
ئەگەرچی سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستانمان، بۆماوە نییە کە لەدایکان و لە باوکانمانەوە بۆمان مابێتەوە.. بەڵام لەگەڵ لەدایکبوونماندا.. سۆز و خۆشەویستی و پەیوەندییەکی رووحی لە نێوان ئێمەی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستانمان لەدایک بووە.. لەگەڵ لە دایکبوونماندا.. خۆشەویستییەکی لە رادەبەدەر بۆ کوردستانمان، لە ناخی دڵماندا بەرجەستەبووە و، چۆتە خوێنمانەوە.. تا ئەو رادەیەی کە کوردستان پەروەری بووە بە گرووپی خوێنمان.. لەگەڵ گەورەبوونمان سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان گەورەتر و شیرینتر بووە.. ئێمە هەردەم خۆمان بە قەرزاری کوردستانمان دەزانین.. لە ئامێزی گەرمی کوردستاندا گۆش و پەروەردە کراین.. لە هەوای پاکیمان هەڵمژی و هەڵدەمژین.. ئاوی شیرین وزوڵاڵی دەنۆشین.. لە خێر وبێری دەخۆین.. بۆیە سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان.. ئەرکێکی پیرۆز و پێویستی هەموو کوردستان پەروەرێکی دڵسۆزە.. خەبات و تێکوشان و خۆبەختکردن لە پێناوی کوردستاندا پیرۆزترین و پێویسترین ئەرکی هەموو کوردێک و، هەموو ئەو نەتەوانەشن کە لە خاکی کوردستاندا دەژین و کوردستان بە نیشتمانی خۆیان دەزانن.. وەکو هاوڵاتییەکی بە ئەمەکی کوردستان، پێویستە خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت و، ئامادەبن کە بەرگریی لێبکەن.
دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان، ئەو قەڵا سەخت بەهێز و خۆڕاگرەیە.. کە لەلەیەن خێزانە زیرەک و وریاکانمانەوە بەردی بناغەی دادەنراوە.. بە هاوکاری هەموو لایەک تا دێت بەرزتر و بەهێزتر دەبێت لەرووی داگیرکەرانی کوردستاندا.
بەبێ کوردستانی شیرینمان ژیان و بوونمان هیچ واتایەکی نییە.. کوردستان پیرۆزترین و گرنگترین و جوانترین نیشتمانە بە لامانەوە.. شەهیدبوونمان لە پێناوی کوردستاندا، لووتکەی دڵسۆزی و سۆز و خۆشەویستی و شکۆداری و سەربەرزی و سەروەری و نەمریمانە.. هیچ خۆشەویستییەک نییە کە بگاتە سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان. شاعیر و بیرمەندی کوردمان (پــــیرەمێر)ی نەمر دەڵێ:
کاولەکـــــەی وەتـــــەن هێـــــندە شـــــیرینە
ژاری دووپشــکی عەربـــــەت هەنگـــــوینە
ئەوانەی کە ناپاکی دەرهەق بە کوردستان دەکەن، ئەوانە سفڵە و نامەرد و ناپاکن.. مافی ئەوەیان نییە کە لە کوردستاندا بژین و.. بنێژرێن.. چونکە ناپاکی و نامەردی دەرهەق بە کوردستان گەورەترین تاوانە و نابێت لێیان ببوورین. 
ئێمە لە بەرواری (٢٥/ ٧ / ٢٠١٥) دا، بابەتێکمان لەژێر ناوی (پێویستە منداڵەکانمان بە کوردستان پەروەری گۆشبکەین) کە لە چەند سایتێکی کوردیدا بڵاوکردەوە.. ئەم نووسینەشمان درێژەدانە بە نووسینی بەرواری ناوبراومان.. بەڵام لێرەدا جەخت لەسەر گرنگی و کارتێکرنی خێزانان کوردمان دەکەینەوە، لە گۆشکردن و پەروەردەکردنی کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان.. کە هیوا و نەوەی داهاتووی کوردستانن.. بە هەست و سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانمان.. زۆر گرنگە هەر لە منداڵییەوە ئەم هەست و هاوبەستەبوونە لە دڵی کوردیلەکانمان بڕوێنین. 
خێزان یەکەمین قوتابخانە و، یەکەمین ژینگە و، نیشتمانی بچووکی منداڵە.. یەکەمین خشتی بناغەی کەسێتی و هاوڵاتیی باش لە لایەن خێزانەوە دادەنرێت.. بۆیە پێویستە خێزانانی کوردمان هەست بەم راستییە بکەن و، لە ئاستی بەرپرسێتیدابن، ئەوە بزانن کە چ ئەرکێکی پیرۆز و هەستیاریان لە ئەستۆ گرتوون.. چونکە کار و هەڵسوکەوت و رەفتار و قسەکانیان، کاریگەری و رەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردیلەکانمان دەبێت.. لە روانگەی چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردنی راست و دروستی کوردیلەکانی ئەمڕۆمانەوە، دەتوانین گەشبین بین و پێشبینی و چاوەڕوانی لە داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان بکەین.. ئەم ئامانج و ئەرکەش،  تەنیا لە ئەستۆی خێزانەکاندا نییە، بەڵکو روواندنی هەست و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کۆردستان لە دڵی کوردیلەکانماندا، کارێکی هاوکاریییە، ئەرک و بەرپرسێتی هەمووانە، لە ئەستۆی قوتابخانە و میدیا و راگەیاندن و پەرتووکخانەکان و دامەزراوە رۆشنبیری و هونەرییەکان و کۆمەڵگا و نووسەران و هونەرمەندان و هەموو کوردستان پەروەرێکە، کە لە خەمی هێنانەدیی داهاتوویەکی باشترن بۆ کورد و کوردستان.. پێویستە پرۆگرامەکانی خوێندن و پەرتووکەکانی خوێندنەوەش لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا، چەخت لەسەر ئەم ئامانجە بکەن و بەو بابەتانە بیان رازێننەوە، کە سۆز و هەستی خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمانی ئەمڕۆماندا بەهێزتر دەکەن، دڵنیاییمان پێدەبەخشن کە ئایندەی کوردستان گەشتردەبێت. 
گرنگترین ئەرک و بەرپرسێتی خێزان ئامادەکردنی تاکە، بە تایبەتیش منداڵان، لە رووی جەستەیی و دەروونی و سۆزداری و رەوشتی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەوە، لە رێگای گۆشکردنیان بە بنەما سەرەکییەکانی سەرکەوتنیان لە ژیانیاندا و، لە شێوازی کار و  هەڵسوکەوت و رەفتارەکانیان لە نێو کۆمەڵدا.. هەمیشە هاندەریان بن بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان.. پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنیان بۆ دابین بکەن.

هەرچەند خێزانەکانمان سەرقاڵی ئیش و کار و دابینکردنی بژێوی و پێداویستییەکانی ژیان و گوزەران بن.. بەڵام نابێت ئەمە بکەن بە بیانوو و پاکانەکردن و پاساوهێنانەوە، بۆ پشتگوێخستن، یا کەمتەرخەمیکردنیان لە پەروەردەکردن و رێنمایی و لە راهێنانی پێویست و دروستی کوردیلەکانمان. 
بۆ پێگەیاندنی کوردیلەکانی ئەمڕۆمان، بە سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانی جوانمان.. پێویستە خیزانی کوردمان ئەم رێباز و شێوازاە پەروەردەییانە بگرنەبەر:
١ـ بەر لە کوردیلەکانمان.. پێویستە دایکان و باوکان، خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت و، لە کار و هەڵسوکەوت و رەفتار و قسەکانیاندا بە ئەرینی و بە کرداری بەرجەستەبووبن.. ئەوسا دایکان و باوکان دەتوانن ببن بە نموونە و پێشەنگ بۆ جگەرگۆشەکانیان.. چونکە خۆشەویسی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان بە قسەی رووت و دروشمی بریقەدار ناڕوێن.. بەڵکو بە کار و رەفتا و قسەی پراکتیکی دەبن بە پێشەنگ و، ئەوسا دەتوانن بە راستی و دروستی، خۆشەویسی و هاوبەستەبوون لە دڵی کوردیلەکانمان بڕوێینن. 
٢ـ پێویستە دایکان و باوکان و بەخێوکەران، ئەوە بۆ کوردیلەکانمان روون بکەنەوە، کە بۆچی پێویستە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان هەبێت..؟
٣ـ فێری کوردیلەکانمان بکەن کە و مافیان هەیە.. هەروەها بەرانبەر بە کوردستانیش ئەرکیان لە ئەستۆدایە.. جێبەجێکردنی ئەرکەکان لە پێش مافەکانەوەن.
٤ـ پیویستە لەسەر خێزانانی کوردمان، ئاڵای کوردستان، کە هێمایەکی بەرزی نەتەوەیی و  سەربەرزی و سەروەری و شکۆداریمانە.. هەر لە منداڵییەوە لە دڵی کوردیلەکانمان خۆشەویست و شیرینی بکەن و، رەنگەکانیان بۆ روون بکەنەوە و.. لە کاتی هەڵکردن و داگرتنیدا.. بە ئەوپەڕئ رێز و نوازشەوە.. دەستی راستیان لەسەر دڵیان دابنێن و بە ئەوپەڕی رێزەوە رابوەستن و، سڵاوی لێبکەن. 
٥ـ پێوویستە هەر لە منداڵییەوە.. فێری چڕینی مارشی نەتەوەییمان سرووودی (ئەی رەقیب) یان بکەین.. هەروەها فێری ئەو سروود و هۆنراوانەشیان بکەین کە سۆز و خۆشەویستیەکی زیاتر بۆ کورد و کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان دەڕوێنن. 
٦ـ فێریان بکەن کە شارەزاییان لە مێژوو و جوگرافیای کوردستاندا هەبێت و.. بە شێوەیەکی ساکار و ئاسانیش باسی شۆڕشەکانی گەلی کوردمانیان بۆ بکەن. 
٧ـ فیریان بکەن کە رێز لە سەرکردە و ناودارانی کوردمان بگرن و شانازیان پێوەبکەن چ پیاوان چ ژنان، بۆ وا ناسران و ناوداربوون و چییان بۆ کورد و کوردستان کردووە؟ 
٨ـ فێریان بکەن کە رێز لە یاساکان و لە دەستووری کوردستان و قوتابخانە بگرن و، سەرپێچییان لێنەکەن.. رێز لە کەلەپوور و لە بەها پیرۆزەکانی کوردستان بگرن. 
٩ـ پێویستە لە بۆنە نەتەوەیی و کوردستانییەکانمان، کوردیلەکانیشمان بەشداربن و.. جلوبەرگی کوردییان لەبەر بکەن.. رۆڵیشیان هەبێت.. وەکو (جەژنی نەورۆز، رۆژی ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە، رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، رۆژی شەهیدانی کوردستان، رۆژی جلوبەرگی کوردی، رۆژی کیمیاباران و مەرگەساتی هەڵەبجە و، یادی ئەنفال، یادی راپەڕینی باشووری کوردستان،... هاد)
١٠ـ پێویستە خێزانە کوردەکانمان هانی کوردیلەکانمان بدەن، کە پەیوەندیی هاوڕێتی بگرن و، هەموو هاوکوردستانییەکی دڵسۆزیان خۆشبوێت و بە خوشک و برا و هاوڕێی کەسوکاری خۆیانیان بزانن.. هەستی هاوکوردستانی و هاوخوێنیان لایان بڕوێنن. 
١١ـ پێویسە دایکان و باوکان یا قوتابخانەکانی کوردستان کوردیلەکانمان بەرن بۆ ئەو شوێنانەی کە هەست و خۆشەویستی و جوانی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان شیرینتر و خۆشەویستر دەکەن.. وەکو: (شوێنەوارە مێژوویەکانمان، مۆزەخانەکانەکانمان، پێشانگا هونەرییەکانمان، هاوینە هەوارەکانمان، ...هاد) 
١٢ـ بردنی کوردیلەکانمان بۆ بینینی ئەو شانۆگەری و فیلمە سینەمایی و ئاهەنگی گۆرانی و شایی و هەڵپەرکێ و یاریی وەرزشی، کە سۆز و خۆشەویستی و کوردستان پەروەریی لە دڵی کوردیلەکانمان زیاتر دەخرۆشێنن. 
١٣ـ پێویستە میدیاکان (تەلەفزیۆنە کوردییەکان ـ ماوەی منداڵان) و راگەیاندنەکان و دەزگا رۆشنبیرییەکان (گۆڤارەکانی منداڵان) تەواوکەری رۆڵی خێزان بن و.. بابەت و پرۆگرامەکانیان بەو ئاراستەیەدابن، کە خۆشەویستییەکی زیاتر و هاوبەسەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان شیرینتر و بەهێزتر بکەن. 
١٤ـ نووسەرانی دڵسۆزی ئەدەبی منداڵان (چیرۆکنووس، هۆنراوەنووس، شانۆنووس، پەخشاننووس، رۆماننووس) رۆڵیان هەیە لە هاوکاریکردنی خێزان و قوتابخانەدا، بۆ روواندنی هەستی ئەرێنی و، زیاتر خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان.. لە دڵی کوردیلەکانمان. 
١٥ـ هاندنی منداڵان بۆ گوزارشکردن لە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان، بە قسە یا بە نووسین یا بە وێنەکێشان.. یا بە هەر چالاکییەکی تر. 
١٦ـ گێڕانەوە یا خوێندنەوەی ئەو چیرۆکە مەبەستدارانە بۆ کوردیلەکانمان، کە دەربارەی خەبات و تێکۆشانی سەرکردە نەمرەکانمان.. یا دەربارەی قارەمانێتی و داستانەکاننی پێشمەرگەی کوردستان نووسراون. 
١٧ـ پێویست پەرتووکخانەکانی ماڵەوە و قوتابخانە و پەرتووکخانە گشتییەکان، بە ئەو کتێبە و گۆڤار و کاسێت و سیدی و میمۆرییە کوردییانە دەوڵەمەند بکرێن، کە سۆز و خۆشەویستیان بۆ کوردستان لە خۆگرتوون.. بە تایبەتیش بەشی منداڵان لە کتێبخانە گشتییەکانی شارەکانی کوردستاندا. 
١٨ـ پێویستە لە ژوورەکانه کوردیلەکان و لە پۆلەکانی قوتابخانەکانیشدا.. نەخشەی کوردستان و دیمەنە رەنگاوڕەنگە قەشەنگ و جوانەکانی کوردستان و وێنەی سەرکردە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان هەڵبوسراێن.. هاندەرن بۆ خۆشەویستییەکی زیاتر و بۆ هاوبەستەبوونێکی بەهێزتر بۆ کورد و کوردستان. 
١٩ـ پێویستە دایکان و باوکان، راستەوخۆ لەگەڵ جگەرگۆشەکانیان، دەربارەی سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان بە ئاسانی باس بکەن. 
٢٠ـ چاندنی رووحی یەکێتی کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان.. ئەوەیان بۆ باس بکەن کە کوردستان لە ئەوپەڕی باکوورییەوە تا باشووری لە رۆژهەڵاتییەوە تا رۆژئاوایی یەک کوردستانە و خاکی پیرۆزی هەموو کوردێکە و، گەلی کوردیشمان یەک گەلە. 
٢١ـ پێویستە کوردیلەکانمان لە ململانێی حیزبی و لە عەشیرەتگەری و ناوچەگەری دووربخرێنەوە.. هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت.. هەردەم بەرژەوەندیی باڵای کورد و کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکیانەوە بێت. 
٢٢ـ هاندانی کوردیلەکانمان، بۆ بەشداریکردن لەو پرۆژە خۆبەخشانەی کە سوود بە کوردستان و بە گەلەکەمان دەبەخشن.. وەکو كۆمەڵکاری بۆ پاکردنەوەی سەیرانگان، کومەک کردن بۆ یارمەتیدانی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە.. کۆکردنەوەی جلوبەرگ بۆ منداڵانی خوشک و برا کوردە لێقەوماوەکانمان،...هاد. 
لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێین، کە چاندنی هەست و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان، لە ماوەی شەو و رۆژێکدا بنیات نانرێت، بەڵکو پێویستی بە پشوودرێژی و وریای هەیە.. بە هەوڵ و کۆششی و هاوکاری هەموو لایەنەکان بنیات دەنرێت. 

لە نووسینی داهاتووماندا، باس لە رۆڵی قوتابخانە دەکەین لە چاندنی خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان. 
رەزا شوان
نەرویـج: ٢٠١٧ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە