پەیامێک بۆ بەڕێز قوباد تاڵەبانى
Thursday, 16/02/2017, 23:19
پێشمەرگە دێرینەکانى یەکێتى نیشتمانى بە درێژایی سەڵى 2016 تەنها 7 موچەیان وەرگرتوەو ساڵى 2017 ئەوە هەر هیچ. هەموو جارێک کە موچەشیان وەرگرتبێ ، تا خۆپیشاندانیان ئەنجام نەدابێ ، موچەکەیان پێنەدراوە . لەم ڕۆژانەدا ئەو پێشمەرگانە ڕێپێوانیان ڕێک خست بۆ بەر دەم مەکتەبى سیاسى حیزبەکەیان لە سلێمانى و داواى مافى خۆیان کرد.
لە ئەنجامى ئەوەدا بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت ، هاتە دەنگ و موژدەى بە پێشمەرگەکان دا لێرە بە دواوە هەموو مانگێک لە کاتى خۆیدا موچە وەر ئەگرن و چیتر دواناکەوێت و ناوەکانیشیان دەخرێتە سەر لیستى پێشمەرگەو وەکو ئەوەى ئەوان پێشمەرگە نەبوبن. ئەم قسەیەى بەڕێز قوباد تاڵەبانى وەکو دەسکەوتێک وموژدەیەکى گەورە ڕاگەیاندرا.
لە ڕاستیدا پێدانى موچە بە پێشمەرگە دێرینەکان ، بە تایبەتى پێشمەرگەى یەکێتى ، لە کاتى خۆیدا ، مەکرەمەو خێرو سەدەقەى هیچ کەس و لایەنێک نییەو ناشکرى و نابێ پێدانى موچە بە پێشمەرگەکانى یەکێتى لە کات خۆیدا وەکو دەسکەوت سەیر بکرێت ، بەڵکو ئەوە حەقێکى شەرعى خۆیانەو دەبێ ئەوە لە ئەوەلیاتى کارەکانى حکومەت بوایە ، ئەگەر ئێمە خاوەنى حکومەتى ڕاستەقینەى هاوڵاتیان بوینایە ، بەڵام ئێمە حکومەتى بنەماڵەمان هەیە .
کاک قوبادى بەڕێز نە ئاگادارى خەبات و تێکۆشانى پێشمەرگەکانى یەکێتییە و نە شارەزایشى هەیە لە مێژوى حیزبەکەی . لە ڕاستیدا ئەم کوڕە لاوە بە هۆى خەبات و ناوبانگى باوکییەوە هاتۆتە سەر حازرى و دڵۆپێک عەرەقى نەکردوە ، بۆیە ، ئەو وەعدەى خۆى بە پێشمەرگەکان وەکو دەسکەوت و موژدە ناو دەبات ، هەرچەندە تا ئێستا هەر قسەیەو هیچى تر .
بۆیە دەمەوێت ڕوى دەمم بکەمە کاک قوبادوو لێی بپرسم :ئایا ئەزانى و خەبەرت هەیە ئەو پێشمەرگانەى لە 14 ماگدا تەنها 7 موچەیان وەرگرتوەو بۆ هەموو موچە وەرگرتنێکیش دەبێ بە ڕێپێوان بێنە بەردەرگاى مەکتەبە سیاسى حیزبەکەت داواى موچەکەیان بکەن ، کێن و چییان کردوو؟؟.
ئەوانە ئەو قارەمانانەن لەگەڵ ئەوانەى شەهید بون ، کە دواى ئاشبەتاڵە ئابڕوبەرەکەى بنەماڵەى بارزانى و لەو کاتەدا کە هیچ کەسێک ئومید و هیواى نەمابوبو بە شۆڕش، چەکى شەرەف و کەرامەتیان کردە شانیان و شۆڕشى نوێی گەلەکەمانیان دەست پێکردەوەو باوکیشت یەکێک بوو لە ڕابەرانى ئەو شۆڕشە . ئەو پێشمەرگانە ئەوانەن کە باوکتیان گەیاندا لوتکەى دەسەڵات بوو بە سەرۆک کۆمارى عێراق. ئەوانە بوون کە پۆستى جێگرى حکومەتى کوردستانیان بە تۆ بەخشى و تا ئەو کاتە هەر کوردستانیشت نەدیبوو . ئەوان کە بنەماڵ’ى بارزانیان گەڕاندەوە کوردستان .
ئەو کاتەى ئەوان شەڕى دوژمنیان ئەکرد ، بنەماڵەى بارزانى ئەوانەى ئێستا هەموو سامانى ئەم وڵاتە بەتاڵان ئەبەن بۆخۆیان ، لە کەرەج و تاران بون و ئاگایان لە هیچ نەبوو . هەتا سەڵى 1986 جگە لە چەند مەفرەزەیەک کە لە بادینان هەیانبوو ، کە لە هەوڵى شەهید کردنى پێشمەرگەکانى یەکێتیدا بوون یەک پێشمەرگەیان لە هەموو گەرمیان و شارباژێڕو دۆڵى جافایەتى وناوچەکانى ترى کوردستان نەبوو .
بنەماڵەى بارزانى ئەندامەکانى سەر بەخۆیان ئەناردە ناو جاشەکان و پێشمەرگەى یەکێتییان شەهید ئەکرد. بەڵام بۆ ئاگادارى جەنابتان تا سەڵى 1964 ، 4 هەزار پێشمەرگەى قارەمانى یەکێتى نیشتمانى شەهید کرابون . ئەوەى دەمەوێت لێرەدا بە کاک قوبادى ڕاگەیەنم ئەوەیە :
ئەو ئەندامانەى پارتى ، کە لەناو جاشەکاندا تەنها لە هەوڵى شەهیدکردنى پێشمەرگەدابون ، ئێستا موچەکانیان لە پێشمەرگە دێرینەکانى یەکێتى ئەوانەشى شەهیدیا کردون زۆر زیاترەو هەموو مانگێکیش بەبێ دواکەوتن لەسەر لیستى یەکەکانى 80ى پارتى موچەکانیان وەر ئەگرن و پاشەکەوت ئەوان ناگرێتەوە . شەهید کردنى ئارام و ڕیشەو سەدانى تریش شاهیدى ئەو ڕاستییەن و جگە لە تۆ هەموو کەس ئەوە ئەزانێت .
جەنابى کاک قوباد: تا ساڵى 1986 پارتى بە هەر شێوەیەک بۆى کرابَى پێشمەرگەى یەکێتى شەهیدکردوە، نازانم ئاگادارى دەستانى هەکارى ساڵى 1979 هەی کە لەو کاتدا چییان کرد؟؟. لە ساڵى 1986 یەکێـتى لەگەڵ پارتى پەیمانى ئاشتەوایی مۆرکرد و دواى ئەو مێژوە ڕێگا درا مەفرەزەکانى پارتى بێنە گەرمیان و شارباژێرو دوڵى جافایەتى و ناوچەکانى تر . بۆ ئاگاداریشت ژمارەیان زۆر کەم بوو .
ئێستا خۆت کەسى دوەمى حکومەتى و دڵنیاشم ئاگات لەوە هەیە وەکو ئەڵێن ژمارەى هێزى پێشمەرگە بە پێی لیست 400 هەزارى تێپەڕاندوەو هەموو کەسیش ئەزانێت کە ژمارەى ڕاستى پێشمەرگە لە نیوەى ئەوەش کەمترە . ئەوانى تر هەموو وەکو بندیوار لە سەر لیستى یەکەکانى 70 ى یەکێتى و 80 ى پارتین . بەڵام ژمارەى بندیوارەکانى یەکێتى لەچاو هى پارى زۆر کەمترن.
پارتى هاتوە هەرچى بەناو پێشمەرگەى سەر بەلق و ناوچەکان و بارەگاکان و هەمو ئەوانەشى کە هەر بۆ دەنگدان ناونوس کراون و لەهیچ شوێنێکیش پێشمەرگەنین و نەبون و ناوى ئەو ئاوارانەى کە کاتى خۆى دواى ئاشبەتاڵ چونە ئێران و خەڵکانى تریش کە لە ئەوروپا بۆ خاترى موچە بونە پارتى و بەردێکیان نەخستۆنە سەر بەردێک بۆ کورد و زۆریش لەوانە هەر زۆر پیاوى خراپ بون لە سەردەمى بەعسدا
ناوى هەموو ئەوانە خراوەتە سەر لیستى یەکەکانى 80 و کە ژمارەیان بە دەیان هەزار کەس ئەخەمڵێنرێت و هەموومانگێکیش بێ دواکەوتن و لە کاتى خۆیدا موچە وەر ئەگرن و پاشەکەوت ئەوان ناگرێتەوە . بەمەرجێک بەشێکى زۆرى ئەوانە موچەى خەیاڵییان هەر بە گۆترە بۆ بڕاوەتەوە . بە لاتانەوە سەیرنەبێ کار گەیشتۆتە ئەوەى ژنانیان وەکو حیمایە ناونوس کردون .
پرسیار لێرەدا ئەوەیە : یەکێتى لە ساڵى 1976 وەو دواى ئاشبەتاڵ شۆڕشى دەست پێکردۆتەوە و پارتیش لە ساڵى 1986 هاتونەوە ناو کوردستان بە ژماریەکى زۆر کەم . پێم ناڵێن : بۆچى ئێستا ژمارەى پێشمەرگەى پارتى و شەهیدەکانیان چەند قاتى ئەوانەى یەکێتین؟؟.
ئێمە کە باسى پێشمەرگە دێرینەکان ئەکەین مەبەستمان ئەانەیە کە بەڕاستى پێشمەرگە بون و هەرگیز ئێمەش لەگەڵ ئەوەدانین کە ئەو بندیوارانەى لەسەر لیستى یەکەى 70 یەکێتین ، وەکو پێشمەرگەى ڕاستەقینە حسابیان بۆ بکرێت و باشتر وایە ناوى پێشمەرگە ڕاستەقینەکانى یەکێتى لە لیستێکى تایبەتدا تۆمار بکرێن .من زۆر بە دڵنیاییەوە بە کاک قوباد ئەڵێم : کە تەنها لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى ژمارەى بندیوارەکانى پارتى ، ئەوانەى لەسەر لیستى یەکەى 80 پارتى تۆمار کراون و مانگانە بێ دواکەوتن و بێ پاشەکەوت کردن لە موچەکانیان لە کاتى خۆیدا پارەکە وەر ئەگرن چەندین جار ژمارەیان زیاترە لە ژمارەى پێشمەرگە دێرینەکانى یەکێتى . پارتى بانقێکى تایبەتى لە پیرمام کردۆتەوەو موچەى بندیوارەکانیان لە ڕێگاى ئەو بانقەوە دابەش ئەکەن بۆ ئەوەى ئەو فرت و فێڵانە ئاشکرا نەبن .
ئێستاش دەنگۆیەک هەیە گوایە کارتى بایۆمەترى بۆ وەرگرتنى موچە یەکەکانى 70 و 80 ناگرێتەوە . ئەگەر ئەمە ڕاست بێ ، کەواتە دروستکردنى ئەو کارتە تەنها بۆ چاوبەستەو هیچى تر ، چونکە زۆرترینى ئەو کەسانەى کە حەقى ئەوەیان نییە موچەیان هەبێت ،بە پلەى یەکەم ئەوانەن لە سەر لیستى یەکەى 80 پارتى و و دواى ئەوە یەکەى 70یەکێتین.
زەرەر مەندى یەکەم کە پاشەکەوتى موچە ئەیانگرێتەوە ، خانەنشینى مەدەنى و مامۆستایان و بە گشتى فەرمانبەرانن . لە ڕاستیدا دەبوو ئەمانە زۆرترین موچە لە کاتى خۆیدا وەرگرن نەک ئەو کەسانەى بۆ مەبەستى دەنگدان کراونەتە موچە خۆر و بونەتە بارێکى قورس بەسەر بودجەى هاوڵاتیانەوە .
بەڕێزم: لە کاتێکدا خۆت بە جێگرى سەرۆکى حکومەت و نوێنەرى زونى سەوز و هێزى گەورەى یەکێتى ئەزانى ، جارێک لە جاران پرسیوتە یان بیرت لەوە کردۆتەوە ، یان ڕاپۆرت و پەیامى ئەو هەموو نوسەر و ئەندام پەڕلەمانانەت خوێندۆتەوە لەسەر ئەو هەموو ناعەدالیەتیانە ، هەر لە دامەزراندن و پێدانى ئیمتیازات و بەرزکردنەوەى پلەو ئەو جیاوازیە گەورەیەى لە نێوان زونى زەرد و سەوز دەکرێت و بۆچى خۆت کردۆتە کەڕەى ناو شەربەت ؟؟. دەبوو جارێک لە جاران بپرسى و بزانى بۆچى نەسریەى شارەوانییەکى زونى زەرد چەند قاتى شارەوانییەکى زونى سەوزە . بۆچى ئێمە ئاگامان لەوە هەیە کە پارتى بەردەوام خەڵکانى سەر بەخۆى دادەمەزرێنێت ، ئەمە لە کاتێکدا دەڵێن دامەزراندن نییەو تەنانەت یەکەم و دووەم و سێیەمى دەرچوى زانکۆکانیش بە هۆى قەیرانى داراییەوە شانسى دامەزراندنیان نییە ، بەڵام تۆ ئاگادار نیت.
ئەو حکومەتەى تۆ تێیدا بەشدارى بەردەوام باسى قەرز دارى هەرێم دەکات و بە قسەى ئێوە بێت هەرێم 29 ملیار دینار قەرزدارە . باشە ڕۆژێک لە ڕۆژان نەت پرسى مانگانە ئەو هەموو نەوتە ئەفرۆشرێت و موچەش بە نیوەو روبعە موچە ئەدرێت ، ئەى کەواتە بۆچى قەرزدارین .
عەبادى ئەڵێت : ڕۆژانە 550 هەزار بەرمیل لە ڕێگاى سۆمۆوە بنێرنە دەرەوە ، ئێمە موچەى فەرمانبەرانى هەرێمتان بۆ ئەنێرین . لەوەڵاما وەزیرى دزینى سامانە سروشتییەکان ئەڵێت: ئەگەر خۆمان نەوت بفرۆشین پارەمان زیاتر دەست ئەکەوێت . باشە بۆچى ناپرسى ئەگەر پارەى زیاترمان دەست ئەکەوێت ، بۆچى موچە نییەو ئەڵێن قەرزدارین ؟؟. ئەى جارێک لە جاران پێشنیارى ئەوەت کرد ، وەزیرى بەناو سامانە سروشتییەکان لە پۆستەکەى دوور بخرێتەوە لەسەر ئەو هەموو گومانانەى لە سەرى هەیە ؟؟.
پارتى بەردەوام بەوە خۆڵ ئەکاتە چاوى خەڵک گوایە بۆیە ئێمە خۆمان نەوت ئەفرۆشین ،چونکە مالیکى بودجەى هەرێمى کوردستانى بڕێوە . ئەوەش درۆیەکى شاخدارە" کاتێک تۆ بە سەربەخۆیی نەوت بفرۆشى و پارەکەى ڕادەستى بەغدا نەکەى ، ئەوانیش ناچار نین بودجەى تۆ بنێرن .
با ئەم پرسیارەش لە جەنابى کاک قوباد بکەم و بەو هیوایەى وەڵامێکم دەسکەوێت . بەردەوام ئێوە باسى قەرزدارى حکومەت و قەیرانى دارایی ئەکەن و ئەوە ئەکەنە پاساو بۆ نەبونى موچە . باشە موچەى نشینگەکان و پاسپۆرت کە مانگانە لە لایەن حکومەتى ناوەندەوە دێت ، بۆچى نایدەنە فەرمانبەرانى سەر بەو دام و دەزگایانەو ئەوەپارەى ئێوە نییە ؟؟. بەڕاستى وەڵامێکى مەعقولتان هەیە بۆ ئەم پرسارە ، یان ئەڵێن ئێمە بە ئارەزوى خۆمان کار ئەکەین و ئەم وڵاتە موڵکى باوباپیرانمانەو خۆمان لێی بەرپرسیارین. کەواتە ئەگەر مالیکیش جارێکى تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران و بودجەى تەواویشمان بۆ بنێرێت ، ئێوە هەر ناماندەنى َ.
هەموومان ئەزانین کە دۆسییەى نەوت هەموى لە ژێر دەستى پارتیدایەو یەک کەسى یەکێتى نازانێت جگە لە هەندێ کەس نەبێت کە بەرژەوەندى تایبەتیان لەو بوارەدا هەیە وەکو نەوت فرۆشتن بە قاچاخ و لە ڕێگاى تانکەرە و هەندى دەسکەوتى تر کە بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئەوەى پارتى بە ئاشکرا تاڵانى ئەکات بۆ خۆى .
جەنابتان کە جێگرى سەرۆکى حکومەتى دەبێ ئاگات لە ئێمەیلە هاککراوەکانى وەزیرى وزەى تورکیابێت ، کە لە سایتى سپى میدیا بڵاوکراوەتەوە ، لەسەر چالاکیەکانى کۆمپانیاى ئێکسۆن موبیل ، کە ئەم زانیاریە سەرنج ڕاکێشانەى تێدایە :
لە کاتێکدا هەڵکەندنى بیرێکى نەوت لە عێراق بە 5-6 ملیۆن دۆلارو لە کوەیت بە یەک ملیۆن دۆلار تەواو دەبێت ، ئاگات لەوە هەیە ئەم نرخانە لە کوردستان چۆنە ؟؟؟. وەکو لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە ئەڵێت : هەڵکەندنى بیرێک لە بلۆکى قەرەهەنجیر لە نێوان 80-100 ملیۆن دینارە بۆ کۆمپانیا تورکیەکان و بە تایبەت خاتریان دەگرن . هەڵکەندنى بیرێک لە پیرمام بە 155 ملیۆن دۆلارە.
لە ئەلقوش بە 167 ملیۆن دۆلار بوە بۆئێکسون و کۆمپانیاى وزەى تورکى . دواى دەرهێنانى نەوت لەو کیڵگانە پارەى هەڵکەندنى ئەو بیرە نەوتانە لە موچەى پێشمەرگە دێرینەکانى حیزبەکەى تۆ وەر ئەگرنەوە . لە کاتێکدا ئەم هەموو پارەیە ئەدەن بە کۆمپانیا بیانیەکان بۆ هەڵکەندنى بێرێک و دواجار دەبێ خەڵکى کوردستانیش پارەکەى بدەنەوە ، لەوانەیە ئەو بیرانە بەقەدەر تێچوى بیرەکە نەوت بەرهەم نەهێنێت . باشە کاک قوباد پرسیوتە ئەم هەڕاج کردنە بۆچى ؟؟. تۆ دڵنیای لەوەى کە بنەماڵەى بارزانى ژێر بە ژێر لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە ڕێک نەکەوتون و لەوەشدا دزى ناکەن ؟؟.
بۆ نمونە : کاک ئاشتى زیرەک لە دزیدا دەڵێت : هەڵکەندنى بیرێک لە کوەیت بە یەک ملیۆن دۆلارەو لە عێراقیش بە 5 ملیۆن دینارە . من ئەم بیرە ئەدەم بە تۆ بە 50 ملیۆن دۆلار و 10 ملیۆن دۆلارى بۆمن . لە کاتێکدا جگە لە خۆى کەسیتر ئاگاى لەم گرێبەستە نەبێت ، زۆر ئاساییە ئەم کارانە بکات . بەم شێوەیە گرێبەستیان لەگەڵ ئەم کۆمپانیانە مۆر کردوە ، بۆیە ئێستا ئەو هەموو نەوتە ئەفرۆشرێت و بەشى موچە ناکات .
ئەزانم خۆت هیچ نازانى بەڵام چەندین جارە باسى ئەوە ئەکرێت ، پارتى بە بەرنامە هەوڵى ئەوە ئەدات بیرە نەوتەکانى شیواشۆک چۆڕ بڕ بکات لەبەر ئەوەى دەکەونە سنورى دەسەڵاتى حیزبەکەى تۆوە . باشە قسەیەکت لەسەر ئەوە کردووە .
هەرچەندە پارتى زۆر بێ منەتە لە یەکێتى ، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەن لە ئێستادا پارتى پشى پشى بۆ یەکێتى ئەکات و هەوڵى کاراکردنەوەى ڕێکەوتنى ستراتیجى نێوانیان ئەدات . لە لێدوانى هەموو بەرپرسەکانى پارتیدا ئەمە دووبارە دەبێتەوە و ئەڵێن:
ئێمەو یەکێتى بە یەکەوە دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین . ئێمەو یەکێتى خاوەنى خەباتین . ئێمەو یەکێتى خاوەنى هێزین . ئێمەو یەکێتى خاوەنى ئەم وڵاتەین . ئێستا هەندێکیان بە شێوەى ئەم قسانەیان گۆڕیوەو ئەڵێن : هەموو شتێ: بە یەکێتى یەکلا دەبێتەوە . ئێستا تۆپەکە لە گۆڕە پانى یەکێتیدایە و یەکێتى خاوەن خەباتە . یەکێتى هێزێکى گەورەیە . هەموو ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەیە ،هەنگاوى یەکەم : یەکێتى لە گۆڕان و حیزبەکانى تر دوورخاتەوە بۆ مەبەستى تایبەتى خۆى . دووەم: بۆ ئەوەى دواى ئەوەى یەکێتى بۆ تاک بۆوە ، ڕێکەوتنى لەگەڵ بکات و ئامانجەکانى خۆى بەدى بهێنێت . بۆیە ئەگەر بەوردى سەرنج لە لێدوانى بەرپرسەکانى یەکێتى بدەى ، لێدوانى بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى مامە حەمەیی بۆ پارتى پێوە دیارە . زۆرن ئەوانەى لەناو یەکێتیدا ، کە هەوڵى ئەوە ئەدەن لەگەڵ پارتى پێک بێنەوە . من نازانم ئەوانە ئەزانن پارتى بۆچى هەوڵى نزیک بونەوە ئەدات یان نازانن ؟؟؟ .
بەڵام ئەم بەرنامەیەى پارتى بۆ ئەوەیە کە بەبێ کێشە چۆن بۆ بەرژەوەندى خۆى نەوتى هەموو کوردستان و کەرکوکى بەتاڵان برد ، ئێستا غازەکەش ئاوا تاڵان فرۆش بکات . ئێستا تورکیا ئەوەندەى پێویستى بە غاز هەیە ئەوەندە پێویستى بە نەوت نەماوە و لەبەر ئەوەى غازەکەش دەکەوێتە سنوورى ژێردەسەڵاتى یەکێتى لەبەر ئەو هۆکارە پارتى پێویستى بە ڕێکەوتن هەیە لەگەڵ یەکێتى .
کەواتە هەوڵە درۆینەکەى پارتى بۆ ئاشتەوایی ناو ماڵى کورد بۆ بەتاڵان بردنى غازە ، نەک دڵسۆزى بۆ میللەت و ئاگادار بە پارتى دەیانەوێ تۆش ڕاکێشنە ناو یاریەکەوەو ئەیانەوێت بتکەنە واجیهەى جێبەجێکردنى پلانەکانى خۆیان و تۆش بەشدار بکەن لە بڕیارداندا بۆ ئەوەى دوایی کەس نەتوانێت بڵێت ، پارتى بە بێ ئاگادارى بەرپرسانى یەکێتى ئەوەى کردوەو ئەوەتا جێگرى سەرۆکى حکومەت کە لەسەر پشکى ئەوانە ئاگادارە .
ئەوەتان لە یاد نەچێت ، ئەگەر بونى ئەو غازە لە زونى زەرد بوایە ، پارتى چۆن لە لایەنەکانى تریش بێ منەت بووە ، بە هەمان شێوەش لە یەکێتى بێمەنت دەبوو بە تایبەتى لە ئێستادا کە یەکێتى ناوەندى بڕیارى نەماوە و پارتى هەوڵ ئەدات لایەنێکى ناو یەکێتى ، یان کەسانێکى ناو یەکێتى بەلاى خۆیدا ڕاکێشێت و بە هۆى ئەوانەوە دەست بەسەر غازى گەرمیاندا بگرێت .
بەڕێزم : جەنابتان جێگرى سەرۆکى حکومەتن دەتوانى بۆمان رون بکەیتەوە بۆچى قەرزدارى کۆمپانیاى دانا غازین .؟؟. وەکو دەرکەوتوە تا ئێستا کۆمپانیاى داناغاز بڕى 3 ملیار دۆلارى کردوە بە ماڵ بەسەر حکومەتى هەرێمدا وەکو غەرامە لە برى ئەو سەرپێچیانەى هەرێم کردویەتى . لەم ڕۆژانە دا داناغاز بڕى 121 ملیۆن دۆلارى لە حکومەتى هەرێم بردەوە .
حەز دەکەم ئەم باسەت بۆ ڕون بکەمەوە بۆ ئەوەى کەباسى غاز کرا کەمێک زانیارێت هەبى َ : کاتى خۆى کە کۆمپانیاى داناغازى ئیماراتى هاتە کوردستان بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانى غاز و گرێبەستى لەگەڵ حکومەتى هەرێم مۆر کردوە ، لە کێڵگەکانى کۆر و مۆر و ناوچەى چەمچەمال . دیارە ئەو کۆمپانیایە سەرکەوتو بوو لە دۆزینەوەى غاز لە کۆر و مۆر و ئەوەتا غاز دەر ئەهێنرێت بۆ ماڵان و بۆ کار پێکردنى ویسگەکانى کارەباش بەکار ئەهێنرێت .
لە ڕاستیدا من هیچ بەڵگەیەکم بۆ ئەمە لەبەر دەستدا نییە بەڵام وەکو ئەڵێن : سەرەتا ئەم کۆمپانیایە برى 200 ملیۆن دۆلارى وەکو شیرینى داوەتە حکومەتى هەرێم ئەوەش بۆ بژاردنەوەى زیانەکانى هاوڵاتیان . پارتى ئەم 200 ملیۆن دۆلارەى داوەتە یەکێتى بە مەبەستى ئەوەى یەکێتى بێدەنگ بکات و ڕێگانەدەن کۆمپانیاى دانا غاز کۆمپانیایەکى پیترۆ کیمیایی لە نزێک چەچەماڵ دروست بکات . وەکو ئەڵێن :
دانا غاز بەرنامەکەى ئەوە بوە ئەوەندوە یەکەى کارەبایی دروست بکات ، بەشى هەموو عێراق کارەبا وەبەر بهێنن. بەرنامەیان هەبوە ناوچەى چەمچەماڵ زۆر ئاوەدان بکەنەوە . بەڵام پارتى ئەمەى بە مەترسى زانیوە و بە باشیان نەزانیوە سنوورى سەوز ببێتەخاوەنى داهاتى خۆى و ڕێگاى نەداوە کۆمپانیاى دانا غاز بە دواى دۆزینەوەو دەر هێنانى غازدا بگەڕێت .
لەو کاتەوە داناغاز لە دادگاى تایبەتى لە لەندەن بەردەوام سکالاى یاسایی لەسەر حکومەتى هەرێم تۆمار ئەکات و تا ئێستا بڕى 3 ملیار دۆلارى لە هەرێم بردۆتەوە . بە دڵنیاییەوە ، هەرێم زۆر زیاتر لە 3 ملیار دۆلارى تریشى زیان بەرکەوتوە لە بەرامبەر بەو هەموو گازویلەى کڕیویەتى بۆ کارپێکردنى ئەو یەکانەى کارەبا وەەبەر ئەهێنن و لەو مامەلەشدا گەندەڵى زۆر گەورە کراوە بۆ بەرژەوەندى بەرپرسەکانى پارتى .
جەنابى کاک قوباد بیر بکەرەوە بپرسە بۆچى بەرپرسانى پارتى بەلایانەوە گرنگ نییە دانا غاز چەند پارە لە حکومەتى هەرێم دەباتەوە ؟؟. سەرۆکى پارتى بۆ نایەتە دەنگ؟؟. بنەماڵەى بارزانى هەوڵى ئەوە ئەدەن داناغاز کوردستان بەجێ بهێڵێت و ئەو ئیمتیازە بدەنە کۆمپانیا تورکیەکان و خۆشیان لە ژێرەوە ببنە هاوبەشیان و هەمو قەرزەکانى کۆمپانیاى دانا غازیش بە خەڵکى کوردستان بدەنەوە .
ئەگەر کەمێک بە وردى سەرنج بدەى بە باشى تێ ئەگەى ئەمانە چەند دوژمنى زونى سەوزن و چۆن کار ئەکەن بۆ ئەوەى وێران ببێت . ئامادەن 176 ملیۆن دۆلار بدەنە کۆمپانیایەکى تورکى بۆ دەرهێنانى نوت لە ئەلقوشدا ، لە کاتێکدا مەعلوم نییە کە باى ئەو پارەیەى نەوت تێدابێت ، بەڵام لە نزیک چەمچەماڵ غاز خۆى دێتە دەرەوەو ڕێگا نادرێت کارى تێدا بکەن و سودەکەى بۆ بەرژەوەندى خەڵکى ناوچەکە بێت .
حەز ئەکەم ئەوەشت وەبیر بێنمەوە کاتى خۆى زۆریان بە باوکت گوت پۆستى سەرۆکى کۆمار وەر مەگرە چونکە هیچ دەسەڵاتێکت نابێ و هیچت بۆ کورد پێناکرى و عەیبداریش دەبى. بە قسەى کەسى نەکرد و هەر واش دەرچوو. کوردستانى بەجێ هێشت بۆ ئەو پۆستە و هەرێمى کوردستانى تەسلیمى مەسعود بارزانى کرد و ئەمەى ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستان ئەگوزەرێت ، ئەنجامى ئەو هەڵەیەى باوکت بوو . حیزبەکەى خۆى بەجێ هێشت و ئەوەتا ئەبینى یەکێتى لە چ حاڵەتێکدایەو چۆن بەر پرسە باڵاکانى ئەم حیزبە هەر یەکەیان بەجۆرێک هەڵس و کەوت ئەکەن .
کاتى خۆشى کاک عیماد ئەحمەد لە شوێنەکەى ئێستاى جەنابدابوو ، هەمان قسەو باسى ئێستا لەسەر تاڵانى نەوت ئەکراو کە لێیان ئەپرسى ئەیگوت : ئاگام لە هەموو شتێکى نەوت هەیە ، هەر وەکو ئێستاى جەنابت ئاگات لە هیچ نییەو پاکانە بۆ دزیەکانى پارتى ئەکەیت و خۆڵیش ئەکەیتە چاوى خەڵکەوە .
بەڕاستى لەوە ئەچێ بنەماڵەى بارزانى یان شانسى زۆر گەورەیان هەبێ ، یان عەساى سحریان بە دەستەوەبێ یان نمەکیان زۆر چەوربێ بۆیە هەرچى لێیان نزیک دەبێتەوە ، دەبێتە بەندەى موخلیسیان و پاکانەیان بۆ ئەکەن . هیوادارم تۆش هەڵ’ى باوکت دوبارە نەکەیتەوەو چیتر لە پۆستێکدا نەبێت ، کە کەسایەتیت لەکەدار بکات . لە ڕاستیدا دەبوو لە سەرەتاوە ئەو پۆستەت قبوڵ نەکردایە چونکە تۆ ئەزمونت لە حوکمڕانیدا کەمەو وەر گرتنى ئەو پۆستە بەرپرسیاریەتییەکى زۆر گەورەیە ناتوانیت سەرکەوتوبێت بە تایبەتى لەگەڵ ئەم تاڵانچیانە.
بەڕێزم : لە کاتێکدا لە هەولێر شەقامى 100 مەترى و 120 مەترى و سەدان پرد دروست کراوەو سەدان ملیۆن دۆلاریان تێچووە، لە شارى سلێمانى هیچ پڕۆژەیەک جێبەجێ ناکرێت ، بە بەهانەى ئەوەى قەیرانى دارایی هەیە . باشە بۆچى قەیرانى دارایی هەر سلێمانى گرتۆتەوە ؟؟. پردى کۆبانى لە سلێمانى لەبەر بێ پارەیی تەواو ناکرێت . ئەى باشە شەقامە 100 مەتریەکەى سلێمانى بە کوێ گەیشت .
دڵنیام لە گەڕانەوەت بۆ سلێمانى بەسەر ئەو پردەى لاى خەستەخانەى 400 قەڵەوێرەییدا یان بەلایدا گوزەر دەکەى بۆ ماڵەوەتان بۆ دەباشان ، ئەمجارەیان کە گەڕایتەوە کەمێک لاى پردەکە دابەزەو سەیرى بکە چۆنە. ئاخر مانایەکى هەیە حکومەتێک مانگانە بایی یەک ملیار دۆلار نەوت بفرۆشێت و نەتوانى پردێکى وا بچوک نەوژەن بکاتەوە ؟؟. بەڕێزم وەکو لەسەرەوە نوسیومە بۆچى پارە بۆ هەولێر هەیە و موچەى دەیان و بگرە سەدان هەزارى بندیوار ئەدەن ، بەڵام کە دێتە سەر باسى سلێمانى دەیبەستنەوە بە قەیرانى داراییەوە . پارتى و بنەماڵەى بارزانى بە بەرنامە ئەوە ئەکەن و قینى خۆیان بە سلێمانى ئەڕێژن و وەکو چۆن سلێمانى لاى سەدام حوسەین وەکو سەرى مارەکە وابو، لاى پارتی و بنەاڵەى بارزانیش سلێمانى هەر سەرى مارکەیە .
تۆ جێگرى سەرۆکى حکومەتى و بڕیارى پێک هێنانى پارێزگاى هەڵەبجە دراو لە زونى سەوزە . هاوڵاتیان پارەیان کۆکردۆتەوە بۆ کڕینى پێداویستى فەرمانگەى پارێزگاکەو بیناشى نییە . باشە تۆ چۆن خۆت بە جێگرى سەرۆکى حکومەت ئەزانى نەتوانى بڕى یەک ملیۆن دۆلار بۆ ئەو پارێزگایە خەرج بکەى ؟؟؟. لە کاتێکدا خەرج کردنى یەک ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەیەکى سنوورى پارتى ، پرسى سەرۆکى حکومەتیشى ناوێت .
لە کۆتایی ئەم نوسینەدا پێتان ئەڵێم : ئەگەر جەنابتان لێرەش بە دواوە وەکو ڕابوردوو بێدەنگ دەبێت و ئەرکى ئێوە هەر دەبێت بەڵێ ، ئەگەر هەر وەکو ڕابوردوو بەکارت ئەهێنن بۆ پەردەپۆشکردنى تاڵانیەکانیان ، ئەگەر وەکو ربوردوو ، بێدەنگ ئەبێـت لە دۆسیەى نەوت و تاڵانکردنى سامانى ژێر زەوى ، ئەگەر لێرەش بە دواوە بێدەنگ دەبێت لەو گرێبەستانەى کە بڕیارە لەگەڵ کۆمپانیاکان مۆر دەکرێن ، بۆ دەرهێنانى کانزاکانى ژێر زەوى .
ئەگەر لێرەش بە دواوە بێدەنگ دەبیت لەو هەمو ناعەدالتیانەى لە نێوان زونى سەوز و زونى زەرد دەکرێت ، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەگەر بێدەنگ بێت لەوەى هر گرێبەستێک مۆر بکرێت بۆ دەرهێنانى غازى گەرمیان لە لایەن هیچ کۆمپانیایەکى تورکییەوەو هەوڵ دان بۆ پەڕاوێز خستنى داناغاز ،
بەناوى هەموو شەهیدانى یەکێتى و شەهیدانى کوردستان و هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان و بە ناوى خەڵکى خۆ ڕاگرى کوردستانەوە و لەبەر خاترى کەسایەتى خۆت و بنەماڵەکەت ،داوات لى َ ئەکەم واز لەم پۆستە کارتۆنیە بهێنەو وەرە ناو ئەو کەسانەى دڵسۆزن بۆ گەل و نیشتمان . خۆ ئەگەر کار هەر وەکو ڕابورد و بڕوات و تۆش هەر ئاوا بێدەنگ بێت ، ئەوە دەبێت جەنابتان باش بزانن کەس بە نوێنەرى خۆیت نازانێت و ناتوانى بڵێی نوێنەرى زونى سەوزى ، ناشتوانى بڵێی نوێنەرى بنەماڵەکەى خۆمم، چونکە بەبەرچاوى خۆتەوە سوکایەتیان پێدەکرێت لە لایەن پارتییەوەو تۆش بى َهەڵویستى .
ئەگەر هەر وەکو ڕابوردو بێدەنگ و بێ هەڵوێست بێت و هەر لە شوێنەکەى خۆت بمێنیتەوە ، ماناى ئەوەیە خوێنى شەهیدان و خەباتى پێشمەرگەکانى یەکێتى و جەماوەرى یەکێتیت دەکەیتە قوربانى پۆستەکەى خۆت و بەر نەفرەتى مێژوش دەکەوى . خۆ ئەگەر خەڵکى کوردستانیش ڕازیبن کەسانى وەکو تۆ سەرکردەیان بێت ، منیش سەد جار پێت ئەڵێم پیرۆزت بێت .
کۆتا قسەشم بۆ هەموو خەڵکى گەرمیانى سەربەرز ، بۆ هەموو خەڵکى چەمچەماڵى تێکۆشەر ، ئەگەر مەردایەتیتان تێدا ماوە ، هەر کۆمپانیایەکى تورکى هاتە ناوچەکەتان بۆ تاڵانکردنى غازەکەتان ، مەردانە وەکو جاران لێیان ڕاپەڕن و لەناویان بەرن . دەرکەوت ئەگەر خۆتان فریاى خۆتان نەکەون کەس فریاتان ناکەوێت . دڵنیاتان ئەکەمەوە چەندەتان لە بەرهەمى نەوت دەسکەوت ، هەر ئەوەندەشتان لە بەرهەمى غاز دەس ئەکەوێت .
بڕۆن بۆ پێشەوە دەست لە دەست و قوەت لە خوا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست