کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسعوود بارزانی: لە ئاشبەتاڵی شەنگاڵەوە بۆ زڕەخەوی رێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان!؟(بەشی دووهەم و کۆتایی)

Thursday, 09/02/2017, 0:24


نووسین و شیکاری: مەولوود ئافەند
لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی نەخوازراودا تێدەپەڕێ، لە لایەک دووچاری شەڕێکی سەخت و داسەپاو بووەتەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، لە لایەکی دیکەوە دووچاری قەیرانێکی دارایی توند بووەتەوە، ھەموو ئەوانە بارگرانییەکی گەورەیان درووست کردووە، بەڵام لە نێو ھەموو ئەو دژوارییانەشدا هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی رێفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەربەخۆیی.
----------------------------------------
خەونی گەوڕە و لەمێژینەی کورد بۆ سەربەخۆیی ئێستا لە نێو گشت سەرکردەکانی کورددا،"مەسعود بارزانی" زیاتر داکۆکی لەسەر دەکات و دەڵی ئەمە مافی کوردە و پێویستە بەمنزیکانە خەڵکی کوردستان دوابڕیاری خۆیان لەسەر بدەن.
بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا کورد دەتوانێت لەگەڵ بوونی ئەو ھەموو بەربەستانە، خەونە گەوڕەکە بکات بەڕاستی و لەم کابۆسە ڕزگاری بێ؟
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چ شتێک وای لە بارزانی کردوە،سەرەڕای ئەوەی کووشتن و تیرۆر و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و تەنیایی گەڵی عێراق وکوردی تێکداوە و رۆژانە ھەروەک دەزانین تەواویی کورد و ھێزەکانی پێشمەرگە ڵەگەڵ تیرۆر و تیرۆریستان کە دووژمنی ئازادی و تەواویی بەھا ئینسانییەکانن دەست و پەنجە نەرم دەکەن،بگاتە ئەم قەناعەتەی کە باس لە جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان بکات؟دیارە خەونی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان خەونێکی دێرینی گەڵی کوردە لە ھەموو پارچەکانی کوردستان،بەڵام ئەمەی لەسەر ئاستی مەیدانی سیاسی کوردستان کەوتۆتە رۆژەڤەوە بەشێکی زۆری پێوەندی بە ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھانەوە ھەیە،کە زەلھێزەکانی جیھانی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەک ئەمریکا و ئیسرائیل و ئاڵی سعوودیا سەرکێشی دەکەن و ھاوشێوەی دروستکردنی سێگۆشەی ھێز و دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان کایە دەکەن بە داشە بچووکەکانیان لەم ھەرێمەدا،ئەوەیش لە دۆخێکدا کە عێراق زیاتر لە ھەموو قۆناغەکانی مێژوویی خۆی پێویستی بە خەبات و تێکۆشانی ھەمەلایەنە و یەکگرتوویی و تەبایی ھەیە،بۆ دەڕێژە پێدانی جەنگی تیرۆر و تیرۆریستانی تەکفیری ـ جیھادیەکان،بۆیە ئەوەی ئەمرۆ زیاتر ڵە ھەموو شتێکی ەر پێویستە بۆ عێراق و عێراقییەکان بوونی (یەکگرتووییە).
بۆیە من پێمۆایە، بارزانی بە خستنە رۆژەڤی پرسی سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە بەغدا بەدوای ھەڵسەنگاندنی کردەوە و دژ کردەوەی ناوخۆیی و دەرەکی ئەم پرسەدا دەگەڕێت،تاکوو بەم شێوەیەی بگاتە ئەنجامی ئەم پرسیارەی کە (بەستێنەکانی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان تا چ رادەیەک ئامادە کراوە).
لەویدا کە بارزانی دەترسێت بچووکترین فورسەتەکان بۆ ھەڵگرتنی ھەنگاوی پراکتیکی بەمەبەستی پراکتیزەکردنی خۆاستە لەمێژیینەکانی خۆی بکاربێنی،ھیچ گومانێک بوونی نییە،بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەو تەنیا لە کاتی عەملیکردنی خۆاستەکانی خۆی تووشی دڵراوەکی و شەک و گومان دەبێتەوە.
لەسەر ئەم ئەساسەش،وا دێتە پێش چاو کە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان عێراق ـ باشوور،ھاوتەریب لەگەڵ بارزانی بۆ مەبەستی رزگاربوون لەو شەک و گومانەی کە تێکەوتونە،جارێکی تر پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم بێنە بەرباس،تا بەم شێوەیەی فەزای گشتی و بەختی ناوخۆیی و دەڕەکی گریدراوی ئەم پرسە تاقیبکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەیش،ڕەنگە زۆربوونی کردەوە تیرۆریستیەکان لە ناوخۆی عێراقدا لەم رۆژانەی دواییدا و بەتایبەتی داوای تەقینەوەکەی ناوچەی (کەرادە)بەغدا و (بەلەد)لە سامەرا،بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ھاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکانی مەسعوود بارزانی لەسەر ئەو باوەڕنە کە عێراق ئیتر ناتوانی قەت ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینی و لەم دۆخەشدا ماسی گرتن لە ئاوی شێلوو باشترە و زەمینەخۆشکەرە بۆ ئەوەی بتوانن لەم وەزعەدا سەربەخۆیی خۆیان لە سایەی نائارامییەکانی ئەم دواییانە فەراھەم بکەن.
ھەروەک پێشتریش باسم کردوە،سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ـ عێراق سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەی پارچە پارچەکردنی عێراق دەبێت،پرۆژەیەک کە سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) زۆربەی جاران لە مەراسم و چاوپێکەوتن و گفتوگۆکاندا زۆری بە تووندی دژی بووە و ھەڵوێستی خۆی نیشانداوە و ماوەیەک پێش ئێستاش لە وەڵامی پرسیاری ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق رایگەیاند بوو؛"سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی کوردەکان دا نییە و ناتوانی بەرژەوەندییەکانی ئەوان دابین بکات".
"حەیدەر عەبادی" لەگەڵ بەیانی ئەوەی کە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی  عێراق دەبێتە ھۆی کارەساتی  زیاتر،گووتی؛ "پارچەبوونی عێراق ناتوانی کێشە و ناکۆکی تایفی و ئەتنیکی چارەسەر بکات و دەبێتە ھۆی قوڵکردنەوەی زیاتری جەنگی مەزھەبی و تایفی لە عێراقدا، بۆیە باشترین چارەسەر مانەوەی خاکی عێراق بە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی".
سەرەڕای ئەوەی ھەڵوێستەکانی دەوڵەتی مەرکەزی (بەغدا)لەمەر سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ـ عێراق،روون و ئاشکرایە،بەڵام لەم چوارچێوەدا کۆمەڵێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیھان لە پرۆژەی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەکەن،بۆ نموونە عەرەبستانی سعودی و ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا،جیاواز لەم دوو وڵاتەش،تا ئەو جێگایەی کە پارچەکردنی عێراق دەبێتە ھۆکارێک بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی زایۆنیستی (ئیسرائیل) لە ناوچەکدا،ئەم دەوڵەتش پشتیوانی لێدەکات.
پارچەکردنی عێراق پرۆژەیەکی ئەمریکایی ـ زایۆنیستی:
(جۆ بایدن)راوێژکاری ئێستای سەرۆککۆماری ئەمریکا، تەنیا کەس بوو،بۆ جاری یەکەم لە ساڵی (٢٠٠٦)دا،باسی پرۆژەی پارچەکردنی عێراق و دابەشکردنی بۆ سەر سێ ھەرێمی سەربەخۆی(شیعە،کورد و سوننە)کردوە،ھەر گرێدراوی ئەمەش،(رۆژنامەی السفیر)ی،چاپی لوبنان لە ڕاپۆرتێکدا بەم شێوەی باسی لێوە کردوە،"ئەگەر ساڵی ٢٠١٤ ساڵی داگیرکاری داعشە لە عێراق و ساڵی  ٢٠١٥ ساڵی دەستێوەردانی ناوچەیی لە لایەن تورکیە لەم وڵاتەدا بێت،ئەوە بێگومان ساڵی ٢٠١٦پرۆژەی (جۆ بایدن)لەبارەی چارەنووسی عێراق دووبارە دەخرێتەوە بەردەم گفتوگۆ"،بۆچوونەکانی جۆ بایدن زۆر بە باشی ھەڵوێستەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر چارەنوسی داھاتوی عێراق ئاشکرا دەکەن.لەناو پێکھاتەی دەسەڵاتی سیاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا،(بایدن)تەنیا شەخسێک نییە کەلەسەر گرنگی پارچەکردنی عێراق تەئکید دەکاتەوە.
پارچەکردنی خاکی عێراق ئەوەندە بۆ واشنتۆن جێگەی بایەخە کە لە راگەیاندن و لێدوانەکانی تری بەرپرسانی ئەمریکایی دەتوانین زۆر بەباشی دەرکی پێبکەین.ھەر لەم چوارچێوەیەدا،ژەنەڕاڵ (ریمۆند ئۆدێرنۆ)سەرۆکی ژووری سووپای ئەمریکا راگەیاندبوو،بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە ناو سوننە و شیعەکانی عێراقدا ھەر رۆژ ئەستەمتر دەبێت،بۆیە تەنیا بەژاردەی چارەسەری پارچەکردنی ئەو وڵاتەیە،ھەروەک خۆیا دەکات ھەرێمی کوردستانی باشوور بۆ پراکتیزەکردنی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانییەکی بێ سنووری لێدەکرێت،پاڵپشتیەکانی واشنتۆن لە پرۆژەی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان تەنیا لە ئاستی لێدوان و راگەیاندنی روکەشدا نەماوەتەوە،بەلکوو ھەنگاوی گرنگیشی لەم زەمینەیەدا بۆ ھەلگیراوە.بۆ نموونە دەتوانین باس لە پەسەندکردنی رەشنووسی پرۆژە بڕیاری (پڕچەککردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە چەکدارەکانی سوننەی عێراقی بکەین، بێ گەڕانەوە بۆ مۆڵەتی یاسایی و بڕیارەکانی حکوومەتی مەرکەزی بەغدا)لە ئەنجوومەنی نوێنەران دا.
کۆنگرێسی ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە ئامانجی ئەوە بوو تا بتوانی خزمەتێکی گەوڕە پێشکەش بە لایەنە  دابەشکەرەکانی عێراقی بکات و رەھەندەکانی دابەشکردنی عێراق ئاسانتر بکاتەوە،ھەرچەندە ئەم پرۆژەیەش بە ھەوڵە بەرفراوانەکانی دیپلۆماسی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق،لە کۆتاییدا بە نارەزایەتی کۆنگرێسی ئەمریکا رووبەروو بۆوە.
بێگوومان پشتیوانی زۆر وبەھێزی ئەمریکاییەکان ڵە پارچەکردنی عێراق لە چوارچێوەی پرۆژەکانی خۆیان، بۆ دروستکردنی "رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"جێ دەگرێت،ئەوەی لەم پرۆژەیەش بەرداشت دەکرێت،دروستکردنی رۆژھەڵاتێکە جگە لەوی کە تا ئێستا ھەموومان شایەدی بووینە،دەبێت؛"رۆژھەڵاتی ناڤینی تازە"لە رۆانگەی ئەمریکاییەکانەوە بە دابەشکردن و پارچەکردنی ئەم وڵاتانە لەم ناوچەیەدا ئەنجامدەدرێت و لە کۆتاییشدا دەبێتە ھۆکاری لاوازکردنی تەواویی ئەم وڵاتانە،لە پرۆژەی "رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"دا،رژێمی زایۆنیستی و ماسیۆنییەکانی یەھوودی دەستێکی باڵایان دەبێت و قسەی یەکەم و کۆتایی ئەوان دێکەن لە ناوچەکدا بە گشتی.
ئەمریکاییەکان زۆربەی جاران ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە "ئاسایشی ئیسرائیل ھێڵی سووە" و "ئەمنیەتی ئیسرائیل،ئەمنیەتی ئەمریکایە"و لەم روویەشەوە بە بۆچوونی ئەوان ھەرچەندە وڵاتانی ناوچەکە لاوازتر ببن،ئیسرائیل دەسەڵاتی مانۆر لێدانی لە ناوچەکدا زیاتر دەبێت و زیاتر و زیادەتریش لە ئاسایش دادەبێت.وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرۆژە شوومەکەی خۆی بۆ دابەشکردنی خاکی عێراق لە ژێر درووشمی "فیدڕالیزم"حەشار دابوو و لەم دەستەواژەیەی بۆ شاردنەوەی ھەوڵە شاراوکانی بۆ زەربە لێدان و لاوازکردنی یەکگرتووی ناوخۆیی ئەم وڵاتە کەڵکی وەردەگرت.
ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان و خێڵی بارزانی لە قۆناغی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە دەوڵەتی مەرکەزی بەغدا ھاوکاتە لەگەڵ پشتییوانییەکانی دەوڵەتی ئەنکەرا و ئاکپارتی،وێرای ئەوەی دەوڵەتی تورکیە بە دڕێژایی مێژوو لەگەڵ کوردەکان کێشە و ناکۆکی بەردەوامی ھەیە،بەڵام کێشەی کوردەکانی باشور وھێزی پێشمەرگە لە ناوخۆی عێراقدا بۆ ئەوان لە مەسەلەی کوردەکانی تر جیاوازە و دەوڵەتی فاشیزمی تورکیە بە دڕێژایی ساڵانی ڕابردو و ھەمیشە پێوەندی باش و نیازپاکی لەگەڵ خێڵی بارزانیدا ھەبووە،لە فرۆشتنی نەوت و گڕێبەستە نەوتیەکانەوە تا دەگاتە پەیوەندی سەربازی دوولایەنە لە ئاستی جیاواز و سەرەوەدا،کە ڕەنگە نەھێنی ئەم پێوەندییانە تاکوو ئێستا بۆ ڕای گشتی و چاوەدێرانی سیاسی و شرۆڤەکارانی ناو جیھانی سیاسەتی کوردی و ھێزە سیاسییەکان ئاشکرا نەبووە.
لە لایەکی ترەوە،دەوڵەتی تورکیە بێ وەرگرتنی ئیجازەی یاسایی و بێ گەڕانەوە بۆ بڕیارەکانی پەرڵەمان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکوومەتی مەرکەزی بەغدا دەستی بە کرێنی نەوت لە ھەرێمی کوردستان کردوە،سەرەڕای چەندین جار ئاگادار کردنەوە لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکوومەی مەرکەزی،بێ گوێدانە سیاسەتەکانی بەغدا ھەروەک خۆی لەکرێنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە.
وەک دەزانین کڕینەوەی نەوتی دزراوی سوریە لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ دەوڵەتی تورکیە بۆتە بازرگانێکی باش و پڕداھات،ئەم جۆرە بازرگانیەش زۆر لەگەڵ میزاجی بەرپرسانی ئاکەپە و"ئەردۆغان"دا دێتەوە،دەوڵەتی تورکیە لە ھەوڵی ئەوەشدایە تا لە ڕێگەی مەسعوود بارزانی و مافیاکانی نەوتی ھەرێمی کوردستان وعێراق تەواویی نەوتی دزراوی عێراقیش لە دەستی داعش بە نرخێکی ھەرزان دەربخەن و لەم ناوەندەشدا خزم و کەسانی ئەردۆغان و بارزانی دەستێکی باڵایەن ھەیە لە دزینی نەوت و سامانی گشتی ھاوڵاتیانی کوردستان و تورکیە.
لەلایەکی تریشەوە، بوونی چەندین بنکەی ھێزی سەربازی و ھەواڵگری میت،ژیتەم و ھێزی تایبەتی سوپای تورکیە لە شارەکانی ئاگری،ئامێدی،دھۆک و بەم دوایانەش ناوچەی بەعشیقە کە دەکەوێتە پارێزگای موسڵ، خۆی دەرخەری ئەم ڕاستیە کە لە دوای رووخانی سیستەمی دیکتاتۆری سەدام حوسێن،دەوڵەتی تورکیە بە بەھانەی بوونی پەکەکە و ھێزەکانی گەریلا و جەنگی تیرۆر بە "زمانی خۆیان" دەست بەسەر تەواویی رووبەری خاکی عێراق و کوردستاندا بگری و بۆ ئەم مەبەستەش خێڵی بارزانی وەک کولتوری ھەمیشەیی خۆیان چاوساغیان بۆ دەکەن و لەژێر ناوی تورکیەی ھاوپەیمان،خەرێکی سیاسەتی بە دوو ئیدارەیکردنی ھەریمی کوردستان و دابەشکار سیاسی و قۆرخکاری حیزبی و بەتاڵانبردن و ھەرزانفرۆشی ژێرخان و سەرخانی کوردستانن و دەستکەتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانن.
بێ خەباتی چەکداری گەریلا و بکارھێنانی چەک لە ساحەی سیاسی باکووری کوردستاندا گەڵی کورد ناتوانی بگات بە خواستە ڕەواکانی خۆی،بۆیە رەتکردنەوەی تێزی خەباتی چەکداری پارتیزانی بە بۆچوونی من خۆی لە خۆیدا ھەڵەیەکی کووشەندەی تری ئەم گرووپ و تاخمانەیە کە دەخوازن لەسەر ئەم ھەڵویستە کەلێنەکانی ناو بزووتنەوەی شۆڕشی کورد لە باکووری کوردستان زیاتر گەوڕە بکەن و کۆدەنگی و یەک ھەڵوێستی گەڵی کورد و پەکەکەی زیاتر پارچە بکەن،ئەوەش بەشێک بوو لە ئەجیندای سەردانەکی مەسعوود بارزانی بۆ تورکیە و دانیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ سەرانی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی،دانوستان و پرۆسەی گفتوگۆ لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیەی زۆر دەمێکە کۆتایی پێھاتووە و ئیتر گەڕانەوە بۆ سەر ماسەی دانووستان بۆتە شتێکی مەحاڵ،بارزانی خۆشی ئەم ڕاستیەی باش دەرک کردوە،بەڵام ناخۆازی لەبەر ڕای گشتی کوردستانیان و لایەنە سیاسیەکاندا ئەم حەقیقەتە بەڕاشکاوی ئاشکرا بکات،گۆڕانگاری نوێ چ بەڕێوەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیە؟ئایا شتێک ماوەتەوە لە نێوان کورد و تورک بەناوی ئاشتی و دیالۆگ؟بۆچی بارزانی ڕای گشتی جەماوەری کوردستان بەم جۆرە لێدوانانە چەواشە دەکات؟
وەک بینیمان لە دوای سەردانەکی بارزانی بۆ وڵاتی تورکیە،سوپای تورک دەستی بە لەشکەرکێشی دەرەوی سنوورەکانی خۆی کرد و لە سوریە و روژئاوای کوردستان و ناوچەی جەرابلۆس ھێرشی کردۆتە سەر گووند و ماڵ و حاڵی کوردەکان؟ھەر ئەمرۆ چۆن ھێزە سیاسیەکانی ناو تورکیە بەتایبەتی ئاکەپە و مەھەپەی نەژاد پەرست باسی ھێرشی بەرفراوانتر دەکەن بۆ سەر شەرڤانان و پەیەدەی،بە بەھانەی ئەوەی کوردەکان خەریکن لە رۆژئاوای سوریە بە ھەماھەنگی و ھاوکاری ئەمریکا دەوڵەتی کوردی دروست دەکەن و ئەوەش مەترسی ھەیە بۆسەر ئاسایش و داھاتووی یەکپارچەیی خاکی تورکیە،کاتێک ھەموو ڕاستێەکانی خۆیان ئاشکرا دەبن ئیتر چ پێویست دەکات خۆمان بەخاپێنین و خۆڵ بخەینە چ لەسەر ئەو بنەمایەش،دەبێ تورکیە وەک ھاوپەیمان و ھاوبەشی ڕاستەقینەی بارزانی لە قۆناغی دابەشکردنی عێراق و ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق سەیر بکەین،جگە لەمانە تورکیە و ئەردۆغان و بارزانیەکان لە ھەوڵی ئەوەدانە بە دەستێوەردان لە کاروباری رۆژئاوای کوردستان و سوریە کێشە و تگەرە بخەنە پێش حکوومەتی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان کە پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک (پەیەدە)سەرۆکایەتیان دەکات.
سەرەڕای ئەوەش،عەرەبەستانی سعوودی یەکێکی تر لەم وڵاتانەیە پشتگیری لە پارچەکردنی خاکی عێراق دەکات و تا ئەمرۆش ھەوڵێکی زۆری بۆ داوە.بەرپرسانی ئاڵی سعوودیا بەردەوام بەڵیدوان و راگەیاندن ئاگری جەنگی تایفی لە ناوخۆی عێراق گەرمتر دەکەن و لە ھەوڵی زەمینە خۆشکردن دانە بۆ دابەشکردنی عێراق،بۆ نموونە کۆنسولی سعوودیا لە عێراق "سامر ئەلسەبھان"لە کاتی پرۆسەی ئازادکردنی شاری رۆمادی و موسڵ لەدەستی گرووپی تیرۆریستی تەکفیری داعش،لە ھەوڵوێستێکدا لەھەمبەر بەشداری ھێزە خۆجییەکان لەم ئۆپەراسیۆنە دا،خەڵکی سوننی نشینی ئەو شارانەی بە قەبووڵکردنی بەشداری ئەندامانی ھێزە خۆجیەکانی شیعە ھاندەدا".
سعوودییەکان لە ھەوڵی ئەوەدان بەدروستکردنی دوو جەمسەری "شیعە و سوننە"لە عێراقدا زەمینەی پێویست بۆ پارچەکردنی خاکی عێراق فەراھەم بکەن،ھەوڵدانێک تا بە ئەمرۆ ناتەواو ماوەتەوە،چۆن ھەموومان بینیمان کە ھێزەکانی شیعە و سوننە چۆن پێکەوە بۆ لە ناوبردنی گرووپی تەکفیری ـ تیرۆریستی داعش بە ھێزێکی یەکگرتوو و تۆگمە بەشداریان لەم جەنگەدا کرد.
بەھەرحاڵ،سەرەڕای ھەوڵدانە بەرفراوانەکانی نێودەوڵەتی لە ئاستی ناوچەیی و جیھانی بۆ پارچەکردنی عێراق،ھۆز و عەشیرە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە ئەمرۆکە بەشێوەیەکی یەکگرتوو و یەک ھەڵوێست لەدژی تیرۆریستانی وەستاونەوە و بێگومان تا کاتێک خۆاست و ئیرادەی گەڵی عێراق بۆ پاراستنی یەکگرتوویی و یەک پارچەیی بمێنیتەوە،پرۆژەی دابەشکردنی خاکی عێراق ناتوانی واقیعی بکرێت،شایەدیش ھۆکاری سەرەکی شکەستی ئەم پرۆژەیە تا بەئەمرۆ ھەر ئەو یەکگرتوویی و یەک ھەڵوێستی و گریدانە بێت لەناو گەڵی عێراقدا.
تێبینی؛
ئەم بابەتە پەیوەندی بەپرسی ئێستای ناو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و بۆ ئەوەی خوێنەری کورد بتوانن ئەو دیوی پێشهاتە سیاسیەکانی ناوچەکە گریدراوی پرسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بزانن،بە پێویستم زانی لێدوان و بەڵگەنامەکانی تایبەت بە دیپلۆماسی پشت دەرگا داخراوەکان کە لە ماڵپەری وێکلیکس بە ژمارە فایلی [١٠٨٤٦٨]بڵاو کراوەتەوە لێرەدا بخەمە روو..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە