ئایا ترامپ دەبێتە سۆپەرمان یان جەنگاوەرێکى دۆڕاو؟
Thursday, 09/02/2017, 0:13
ڕاپۆرتى شیکارى: ئارام هادى
* وڵاتانى ئەوروپى لەخۆکۆکردنەوەدان!!.
* دامەزراوەکانى ئەمریکا و ڕۆڵیان لە سیاسەتدا
* ڕۆڵى ئاسایشى نەتەوەیى لە دەستنیشانکردنى کاندیدى سەرۆکایەتیدا
* ترامپ دەبێتە سوپەرمان یان جەنگاوەرێکى دۆڕاو
* ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەجێنداى ترامپدا
* ئەمریکا لە ترسى چین لە ڕوسیا نزیک دەبێتەوە!!
*ئەمریکا لە ئایندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات
* چارەنوسى ترامپ
*سەرچاوەکان
-----------------------------------------------
*وڵاتانى ئەوروپى لەخۆکۆکردنەوەدان!!.
پێشتر ئەوروپیەکان بەکاڵکردنەوەى سنورەکانیان و پەرەدان بەسیستەمى حوکمڕانى دیموکراسى و پێکەوەژیانى ئاشتیانەى گەلان لەناو وڵاتەکانیان، زەنگى بەهەشتى سەرزەوى یان بەگوێى جیهاندا دەچپاند، بۆ ئەمەش یەکێتى نەتەوەکانى ئەوروپایان دامەزراند لەگەڵ ئەمەشدا یەک بازاڕى هاوبەش و یەک دراوى هاوبەشیان هەبو(euro) بەڵام ئێستا بەچونەدەرەوەى (ئینگلیزەکان)لەو یەکێتى یە گریمانەى بەهێز ئەوەیە لەداهاتودا چونەدەرەوەى وڵاتەکانیتر نەوەستێت تا لێک هەڵوەشاندنەوەى یەکێتى یەکە!!، وڵاتى چین لە بازدانى قەبە ناوەستێت تا لە ڕوى سەربازى و سیاسیەوە نەگاتە سەرکەوتنەکانى وەک ڕوە ئابوریەکەى، هەرچى ڕوسیاشە جەنگى ناوخۆیى سوریا بۆى بوو بەخێر و بەرەکەت و دووبارە بەقورسایى و لێزانیەوە گەڕایەوە ساحە گەرمەکە(ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست)، بەجۆرێک هیچ وڵاتێک بەقەد ڕوسیا لە ڕەوشى نالەبارى سوریادا دەستکەوتى نەچنیەوە بە ئەمریکاشەوە!!، داخستنى سیستەمى پەڕلەمانى لەتورکیا و هەڵپەکانى ئەردۆغان ڕوە و کۆماریەکى تا ئەندازە توند، ئەگەرى زۆرە ئەو وڵاتە بەرە و دابەشبونى یەکجارى ببات، بەڵام تاکە شانسى تورکیا کۆمارى ئیسلامى ئیرانە کەبۆ ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتیش ئەمریکا، دۆستایەتى تورکیایان بە هەڵە و کەموکوڕیەکانەوە پێباشترە تا ئیران، ئەم خۆکۆکردنەوەى وڵاتان سەرهەڵدانى بیرى ناسیۆنالیستى لەئەڵمانیا و هاتنە سەرکارى هاوشێوەکەى( ترامپ) لەفڕەنسا، دەرچونى ئینگلیزەکان لە یەکێتى ئەوروپا و هاتنە ناوەوەى ڕێژەیەکى بێشومارى کۆچبەر لەئەوروپا بەگشتى، لە ڕەوشى پێش جەنگێکى زۆر ترسناک دەچێت، کە هەرچى هەیە تیایدا بەکاربێت!!.
*دامەزراوەکانى ئەمریکا و ڕۆڵیان لە سیاسەتدا
بەهۆى باڵا دەستى ئەمریکا بەسەر جیهاندا، گۆڕانکاریەکانى ئەو وڵاتە گەر پەیوەندیشى بەناوخۆى وڵاتەوە هەبێت دەبێتە جێگەى باس و خواسى جیهان و زۆرترین جاریش بڕیارە دەرەکیەکانیان کاریگەرى زۆر لەسەر وڵاتانى جیهان لەمەڕ گۆڕینى سیستەمەکانى حوکم دادەنێت، کلتورى ئەمریکى لەبنەچەدا لەچاو هەر وڵاتێکیتردا فرە ڕەنگترە، بەجۆرێکە بەئاستەم دەتوانى ڕەنگەکانیان جیاکەیتەوە، سەربارى ئەمەش( سپى و زەرد)پێستە ئەوروپیەکان قۆرخى پایەکانى سیاسەتیان لەو وڵاتە کردوە، تادواجار ناچار بون بۆ خۆدوورگرتن لە هەژمونى (ئینگلیز. ئیسپانى . فەڕەنسى)یەکان، مۆدێلێکیان بۆخۆیان لە (کاوبۆیى)ەکان(گاوانەکان)، داتاشى و ئێستا زیاتر لەسەر ئەو چەمکانە دەڕۆن، وەک فکرێکى خۆماڵى، دیارە کلتورى (کاوبۆیى)ەکانیش زیاتر بە شەڕانگێز و خۆبەزلزان و سەرکردایەتى جیهان ناویان دەرکردوە!!.
سیاسەتکردن و دەوڵەت بەڕێوەبردن لە (کۆشکى سپى)یەوە زۆرجیاوازتر و قورسترە لە چاو هەر کۆشکێکى وڵاتێکیتر جا لەهەرکوێیەکى جیهان بێت، لەبەر ئەم هۆکارانە( مانەوەى ئەمریکا بە باوکى جیهان. پاراستنى یەکگرتویى ولایەتەکان، دڵڕاگرتنى کۆنگرێس و ئەنجومەنى نوێنەران، لەهەموشى گرنگتر و مەترسیدارتر دەوڵەتى قوڵ)، یان شاراوە، لەهەندێک شوێنیش دەستەواژەى دەوڵەتى (پشتى پەردە)ى پێدەڵێن، لەناوخودى ئەمریکیەکانیش زیاتر بە کۆمپانیاى ئاسایشى نەتەوەیى ناسراوە!!، سیاسەتى ناوخۆیى و دەرەوەیان جا ئەگەر ستراتیژ بێت یان تاکتیکى، هێندەى ئەم دامەزراوانە بە ئۆکەى دەوڵەتى شاراوە دایدەڕێژن بایى نیوهێندە گەلى ئەمریکى ئاگادارى نیە، تەنانەت هەندێک جار ڕۆڵیان لەدەستنیشانکردنى سەرۆکى وڵاتیشداهەیە و قسە و بڕیاریان گەڕانەوەى نیە، هەمیشە دەوڵەتى پشتى پەردە بڕیارەکان لە ئەمریکا بە قازانجى ئەو سیاسەتەى دایڕوشتوە دەشکێنێتەوە، سیاسەتى ئەمریکى لەمێژە دابەشى سەر دوو بۆچونى جیاواز بوە لە ناوخۆى ئەمریکادا کە لەناو دوو پارتى سەرەکیدا کۆبۆتەوە (دیموکراتەکان، کۆماریەکان)، ئەم دوو حزبە بەجۆرێک ڕێککەوتون کە زۆربەى کات هەر لایەکیان بۆ دووخول لە دەسەڵاتدا بمێننەوە هەندێک جاریش خولێک بەڵام زیاتریان نیە، جگە لە یەک جار لەسەر و بەندى شەڕى جیهانى دووەمدا (ڕۆزفێلت ) بەهۆکارى تایبەتمەندیەکانى شەڕى دووەمى جیهانى بۆ سێ خول لەسەر دەسەڵات مایەوە، دەوڵەتى شاراوە کە ئیتر لەئێستابەدواوە لەم شیکاریەدا بە ئاسایشى نەتەوەیى ناویان دەبەم، خۆیان لەسەروى حزب و حکومەت و سەرۆککۆمار و دادگاکانیشەوە دەبینن، بەجۆرێک ئاڕاستەى ڕوداوەکان دەکەن خۆیان نابینرێن و هەمیشە بزرن، بەداڕێژەرى سیاسەتە دەرەکیەکانى ئەمریکاش دەناسرێن، بەپێى ستراتیژى ئەم دەزگایەبێت، کاریان تەنها پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى ئەمریکیەکانە، لەکاتى پێویستدا بەپێى هەل و مەرجى زەمەن دوابڕیار لەسەر یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆکایەتى دەدەن.
*ڕۆڵى ئاسایشى نەتەوەیى لە دەستنیشانکردنى کاندیدى سەرۆکایەتیدا
ڕێکەوتنێکى ستراتیژى قوڵ لە نێوان هەردووحزب هەیە بۆ دابەشکردنى ڕۆڵەکان، بەجۆرێک دیموکراتەکان زیاتر سەرقاڵن بە کێشە ناوخۆییەکانى وڵاتەوە و هەرکاتێکیش دەستوەردانى دەرەکیان کردبێت، کەمتر ڕاستەوخۆ خۆیان پێى هەستاون لەڕێگەى دۆستەکانیانەوە دەست وەردانیان کردوە لەو شوێنانەى کەمەبەستیان بوە، نمونە ڕێوى بیابانى سەردەمى کلنتۆن و شۆڕشەکانى بەهارى عربى سەردەمى ئۆباما، بەڵام کۆماریەکان ئارەزومەندن لەو گۆڕانکاریانەى کە لەدەرەوەى سنورەکانى خۆیان دەستى پێدەکەن ڕاستەوخۆ بە وجودى خۆیان بیکەن، لەنمونەى شەڕى کەنداوى دووەم بۆ پارێزگاریکردن لە وڵاتى کوەیت، ڕوخاندنى هەردوو دەسەڵاتى ئەفغانستان و عیراق لە دواى یانزدەى سێپتەمبەر، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕەچاوى هەلومەرجى جیهان دەکەن لەو پەڕى توڕەیى جیهاندا بەرامبەر بە سیاسەتى ئەمریکى، کەسێکى وەک ئۆباماى لەسیاسەتدا نەرم و لەلایەک موسڵمان دەهێننە کۆشکى سپى، لەدواى ئەویش وەک نوێترین تاقى کردنەوە (ترامپ)کە کەسایەتیەکى جێگیرى نیە، وە خاوەن پاشخانێکى سیاسیش نیە، ئێستا لەکۆشکى سپى یە، وشەى یەکەم و کۆتایى ئەم پیاوە دروستکردنەوەى (ئەمریکاى بەهێز و مەزن)ە کە بەردەوام بەزاریدا دێت!!.
*ترامپ دەبێتە سوپەرمان یان جەنگاوەرێکى دۆڕاو
کۆشکى سپى لەلایەن کۆمەڵێک لەنوخبەى سیاسیەوە قۆرخکراوە، بەردەوام وەک تۆپێک وایە لەناو یانزدە یاریزانى دیاریکراودا هەرجارە و کەسێک شەقى تێهەڵدا، بەهاتنى (ترامپ)، کەهیچ پاشخانێکى سیاسى نیە و تەنانەت پێشتریش ڕۆڵێکى ئەوتۆى نەبوە لەبەڕێوەبردنى سیاسەتدا، جگە لەبەشداریکردنى لەچەند فلمێک و گۆرانى و پێشکەشکارى بەرنامەى تەلەفزیۆنى، ئایا سیاسەتى نەرمى (ئۆباما بەرامبەر ئیران و ڕوسیا و چین)، ترامپى بەهێزى باوەڕبو بەخۆى و گەلەکەى هێنایە پێشەوە؟، یان ئاسایشى نەتەوەیى ئەمریکى، بەشێوەیەکى نهێنى کاریان بۆکردوە و کەسێکى توند و ڕەقیان لەسیاسەتدا بەمەبەست هێناوەتە پێشەوە؟، لەهەردوو حاڵەتەکەدا دەبێت ترامپ زۆر لەوە بەهێزتربێت کە تا ئێستا دەرکەوتوە، چونکە سیستەمى حوکمڕانى ئەمریکى لەو وەرەقەى هەر ڕۆژ جارێک دەدرێتە دەست سەرۆک بازى بەسەردابدات، کوشتنى سەرۆکى بەدوادا دێت، جا بەتیرۆرکردن بێت، وەک (جۆنیف کەنەدى) یان ژەهر خواردکردن بێت، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەرکى سەرۆکى نوێ قورسە، سیاسەتەکانى ترامپ هانى هاتنە سەردەسەڵاتى هاوشێوەکانى دەدات لە وڵاتانى ئەوروپیدا، کە لەئێستادا مەیلێکى زۆرى ئەو سیاسەتە هەیە لە فڕەنسا و ئەڵمانیا، بۆهاتنە سەرکارى پارتە ڕاستڕەوەکان، پێشتر باسى خۆکۆکردنەوەى وڵاتانى ئەوروپیمانکرد، ئەوەى لێى چاوەڕوان دەکرێت، بەهاتنە سەرکارى ڕاستڕەوەکان، بازاڕى هاوبەش و دراوى یەکگرتوو، دواجار لێکهەڵوەشانەوەى یەکێتى یەکە و تۆخکردنەوە و توندکردنى سنورەکانى لێدەکرێت، ڕەوشى سیاسى و کۆمەڵایەتى پێش جەنگى دووەمى جیهانى باڵ بەسەر ئەوروپیەکان و جیهاندا دەکێشێت!.
*ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەجێنداى ترامپدا
ترامپ لە بەرنامەیەکى کۆنى( ئۆپرا)ساڵى1988زدا، دەڵێ ئەمریکا دەبێت لەبەرامبەر پاراستنى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بەتایبەت( سعودیە و کوەیت و ئیمارات و قەتەر)، وەک مانگا بیان دۆشێت و هەرچى سەروەت و سامانیان هەیە لێیان وەربگرێت، ئەم تێڕوانینانەى ترامپ ئێستاش لەناخیدا پەنگى خواردۆتەوە و هەر لەسەر هەمان بیر و باوەڕە بەرامبەر بەو وڵاتانە بەڵام ئێستا سیاسیانە دەرى دەبڕێت و پەیڕەوى دەکات، گریمانەى هەرە بەهێزیش بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیى لەوڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەردوو وڵاتى (ئیران. تورکیا)ن، لە نوێترین کۆبونەوەى (ماردین ئۆڵبرایت)ى وەزیرى پێشوترى ئەمریکا، لەگەڵ کۆمەڵێک لە باڵیۆز و دیپلۆماتکار و کەسانى ئەکادیمى وڵاتەکەى سێ خەتەرى جدیان لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى ئەمریکا باسکردوە، دانەیەکیان هەنگاوەقەبەکانى ئەردۆغانە بەرە و دیکتاکتۆریەتى مەترسیدار، لەگەڵ ئەمەشدا ئەمریکا باش ئاگادارە تورکیاى ئەردۆغان چۆن هەموو هێزى خۆى لەهاوکارى گروپە تیرۆریستیەکانى ناو سوریا و عیراقدا سەرف دەکات و بۆتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆژەکانى سەرۆکى نوێ، کەواتە دەبێت گۆڕانکارى لە حوکمى تورکیادا بکات، جا بە کودەتایەکى بەهێزبێت، یان تەداخولى ڕاستەوخۆى ئەمریکیەکان!!، یان دابەشکارى وڵاتەکە بۆچەند وڵاتێکى بچوکتر!!، بەڵام وەک پێشتر باسمکردوە تاقە کارتى بەهێزى تورکیا ئیرانە لە1979وە هیچ کات نێوانى ئیران و ئەمریکا خۆش نەبوە، ترامپ لە بانگەشەکانى هەڵبژاردندا بەئاشکرا باسى لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو ڕێکەوتنە5+1ى دەکرد و بەمەترسى بۆسەر ئاسایشى نەتەوەیى دەزانێت، بەڵام گۆڕانکارى لەتورکیا گەر دواشبکەوێت دواجار تورکیا مەحاڵەلێى دەربازبێت، بەڵام بۆ وڵاتانى عربى هەروەک خۆى وتەنى ڕۆڵى مانگاکە دەبینن لەدابینکردنى شیر بۆ ئەمریکا.
*ئەمریکا لە ترسى چین لە ڕوسیا نزیک دەبێتەوە!
سەرکەوتنەکانى چین لەبوارى ئابوریدا دەمێکە تەنگى بە ئەمریکا و ئەوروپا هەڵچنیوە، بەڵام چین نایەوێت تەنها لەبوارى ئابوریدا سەرکەوتوبێت و هەمیشە وەک ئۆقیانوسێک شەپۆلى سەرکەوتن لە ڕووى سەربازى و سیاسیشەوە دەدات، کە ئەمە بۆئەمریکا زۆرمەترسیدارە و سەرکەوتنى چین واتاى مردنى ئەمریکا!!، هەر لەبەر ئەمەش هەست بەپەیوەندیەکى تەندروست دەکرێت لەنێوان (ترامپ و پۆتین)دا، دەکرێ ئەم دوو سەرکردەیە بەئاگادارى ئاسایشى نەتەوەیى وڵاتەکانیان ڕێککەتبن، ئەمریکا هاوکاربێت لەهێنانە پێشەوەى ڕوسیا بۆ ناو ململانێى جیهانى وەک ڕابردوو، لەبەرامبەردا ڕوسیا پشت لە چین بکات!!، بۆ ئەمریکاش تا دەرفەتى هەبێت، لەگەڵ ڕوسیادا دەکەوێتەوە ناو ململانێ چونکە بۆهەردوو وڵات باش لە تاکتیک و ستراتیژى یەکتر تێگەیشتون و دەست و پەنجەیان لەگەڵ یەکتر ڕاهاتوە، بەڵام بۆ هەر یەکێکیان چین وڵاتێکە تا لە سیاسەت و چاوتێبڕینەکانى تێدەگەن زەحمەتە، لەسەر و هەموشیانەوە سەربارى ململانێى دژوارى قۆناغى جەنگى سارد هەمیشە لە دوالوتکەدا بەپەیوەندیەکى تەلەفونى نێوان(کرملین و کۆشکى سپى)دۆخەکە ئاسایى بۆتەوە، بەڵام مەرج نیە چین لە دواخاڵدا بە یاریەکى نەرم گرژیەکان خاوبکاتەوە، ترسناکترین وڵات بەلاى ئەمریکاوە چینە!!، چونکە گەر تورکیا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتێکیتر لەجێگەیەکیتر ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆژەى ئەمریکیدا، ئەوا تەنها لەناوچەیەکى دیارى کراوى جوگرافیدا ڕێگە لەئەمریکا دەگرن، بەڵام چین باڵادەست بێت لەسەرانسەرى جیهاندا دەبێتە ژانەسەرێکى جدى بۆ ئەمریکیەکان.
*ئەمریکا لە ئایندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات
بەهۆى دۆخى ناجێگیرى جیهان بەگشتى و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەتى، سەرەتاى کۆتایى هێنانى نکوڵیکردنى کورد هاتۆتە پێش، بەتایبەت لەڕووبەڕووبونەوەى شەڕى داعشدا، لە باشورى کوردستان سەرکەوتنەکانى پێشمەرگە و لە ڕۆژئاواى کوردستان سەرکەوتنەکانى شەڕڤان، بەهاوکارى هاوپەیمانان کوردى بەرە و سەرکەوتن برد، دەتوانین بڵێین سەرکەوتنەکانى (پێشمەرگە و شەڕڤان)، وڵاتانى ناچار بەهاوکارى زیاترکرد، پێشتریش لە وتارێکدا بەناونیشانى (ئایا ئەمریکا دەبێتە دۆستى ڕاستەقینەى کورد)لەو بارەوە بۆچونەکانم خستۆتە ڕوو، گرفتەکە لەوەدایە،لەلایەک ناکۆکى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان لەناوخۆیان و لەلایەکیتر بنبەستبونى سیاسەتى حکومەتى هەرێم لەگەڵ کانتۆنەکانى ڕۆژئاوادا، ڕێگرە لەبەردەم دیاریکردنى چارەنوسماندا، گەر کورد یەکهەڵوێست و یەکڕەنگ بێت هەلێکى مێژویى بۆ ڕەخساوە و هاتۆتە سەر ئەوەى کە لەدەستى نەدات، چونکە لەهەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا ترامپ بە ئاشکراوتى کوردەکان لە ڕوبەڕوبونەوەى جەنگ لەگەڵ تیرۆریستان سەرکەوتوبون و پێویستە لەسەرمان هاوکارى زیاتریان بکەین، گەر ناوماڵى کورد یەکگرتووبوایە گومانى تیانەبوو، ترامپ قسەگەلێکى زۆرترى لەمەڕ مافى سیاسى و دیاریکردنى چارەنوسى کوردان دەکرد لەناوچەکە، لەبەر ئەوەى ئیدى کوردان سەلماندیان کە تواناى بەڕێوەبردنیان هەیە و هێزێکیشن کە بەبێ بونى کورد دۆخى ناوچەکە وەک ڕابردوو هەمیشە جەنگە و سەقامگیرى بەخۆیەوە نابینێت، لەهەموشى گرنگتر سیاسەتى کورد یارمەتیدەرنیە بۆ بیرى توندڕەوى.
*چارەنوسى ترامپ
ترامپ بەدەر لە هاوکارى ئاسایشى نەتەوەیى، پنتاگۆن و ئەنجومەنى پیران و ئەنجومەنى نوێنەران، گەر ئەم دامەزراوانەش هاوکاریبن، ئەوا سەرکەوتنى ئاسانترە، بەڵام گەر ئەم دامەزراوانە هاوکارى نەبن، تەنها ئاسایشى نەتەوەیى(دەوڵەتى شاراوە)هاوکارى بن، هەر سەردەکەوێت بەڵام زەحمەتیەکانى زیاتردەبن و سەرکەوتنى قورستردەبێت، گەر پیاوى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیى نەبێت ئەوا گریمانەى ئەوەدەکرێت پێش خولى دووەمى ئەگەرێک لەم ئەگەرانە ڕووبەرى خودى ترامپ بێتەوە(دەستلەکارکێشانەوەى بەبێ ویستى خۆى. دەرنەچون لەهەڵبژاردنى خولى دووەمى سەرۆکایەتیەکەى لەکاتێکدا خۆشى کاندیدبکاتەوە. یاخود تیرۆرکردنى)، ئایندە وەڵامدەرەوەیەکى دروستتردەبێت تا ئێمە ئێستا قسەى لەبارەوەبکەین، بەسەرکەوتنەکانى دەبێتە سوپەرمان، بە شکستەکانى دەبێتە جەنگاوەرێکى بەهێز بەڵام بێ هاوکارى چارەنوسى جەنگاوەرێکى دۆڕاوى لەپێشە.
*سەرچاوەکان.
*دائرة المعارف/ بەرگى یەکەم
*فەرهەنگى سیاسى زاراوەکان
*زانیارى گشتى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست