لە پەراوێزی وتارەكەی هەلۆ ئیبراهیم ئەحمەددا
Wednesday, 08/02/2017, 23:30
نامەكەی كاك هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد كە ئاراستەی كاك قوباد تاڵەبانی جێگری بەناو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردبوو،هەقیقەتێك سەلمێندرا كە ساڵانێكە سەرانی پارتیو نوسەرەكانی دەرباریان"نانو پیاز"یان پێ ئەخوارد، كاتێك لەلێدوانو وتارەكانیاندا تەئكیدیان لەسەر ئاگاداری سەركردایەتی یەكێتی ئەكردەوە لەدۆسیەی نەوتو بەتاڵانبردنی سەروەتو سامانی ئەم میللەتە. تەنانەت جەماوەرەكەشمان بەچەواشەكارییەكانی پارتیو نوسەرەكانی تا حەدیك هەڵخەڵتێنرابون كە میللەت بەعام یەكێتی بەشەریكەبەشی دزیەكانی دەسەڵات بزانن.. ئەم نامەیە كە بەئیمزای كەسایەتیەكی دیاری كوردستان بڵاوكرایەوە تەحەددایەكی گەورەبو بۆ ئەو كەسانەو سەلمێنەری ئەو راستیەش بو كە لەدەیان وتاردا خۆم باسم كردوە كەوا یەكێتی وەكو حزب شەریكە بەشی دزیەكانی دەسەڵات نەبوە..پێشترو ئێستاش هەمان بۆچونم هەیە،چونكە هیچكات یەكێتی وەكو شەریكێكی راستەقینەو ستراتیژ لەلایەن پارتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكراوە، بۆیە سەركردەكانی یەكێتی دەمێكە باسیان لەكۆتاهاتنی رێكەوتنە ناهاوسەنگە ستراتیژییەكەیان لەگەڵ پارتیدا كردوەو بەمردوو حسێیان كردوە.
پارتی هەروەك رەفتارە دیكتاتۆریو تاكڕەوییەكانی خۆیەوە هەمیشە لەپشتی پەردەوە رێكەوتنی گوماناوی لەگەڵ ئەم ئەودا كردوەو،بەبێ ئاگاداری یەكێتیش هەمیشە بەردەوام بوە لەدزینی سەروەتو سامانی میللەت..ئەگەر ئەپرسن بۆچی یەكێتی بەم حاڵەوە رازی بوە، وەڵامەكەم پێشتر داوەتەوە كە وتومە" لەترسی هەڵگیرسانی شەڕی براكوژی" یەكێتی بێدەنگی كردوە، چونكە هیچ كەسێك بەقەدەر یەكێتی شارەزای ئاكارو ئەخلاقو رەفتاری پارتی نیە،باش ئەزانێ بۆ دەسەڵاتو پارە ئامادەیە گەورەترین خییانەت لەمیللەتەكەی خۆی بكات بەگەڕاندنەوەی شەڕی ناوخۆشەوە. پارتی كە لەسەر پێنج دوكانی قەڵادزی ئامادەی شەڕێكی كاولكەری ناوخۆ بێت، هەڵبەت ئێستا سڵناكاتەوە لەو شەرە لەسەر ئەم هەمو ملیارات دۆلارەی مانگانە ئەیدزێت، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا بێتە دەنگو سامانە دزراوەكانی بنەماڵەی بارزانی ئاشكرا بكاتو بڕیاری موسادەریان بدات كە تەنها بەشی دوو كەسی بنەماڵە (مەسعود بارزانی وهوشیار زیباری) خۆی لە 80 ملیار دۆلار ئەدات.
بابگەڕێینەوە سەر مەسەلەی نەوتەكەمان..من پێموایە بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی بەشیان لەو سامانە دزراوەدا هەیە، هەر لەتانكەری نەوت گواستنەوەو پشكەكانیان لەپاڵاوگە ناشەرعییەكانەوە، تا تەندەری پرۆژەكانو ئەو جانتا دۆلارانەی ئەچێتە ماڵەكانیان لەبری كڕینی ویژدانیانەوە،بەڵام وەك سەركردایەتی یەكێتی هیچ بەشێكی لەم دزینانەدا نیە، نامەكەی كاك هەلۆ تەحەددایەكی گەورەبو بۆ ئەوانەی دەیانوت یەكێتی بەشی لەو نەوتەدا هەیە.پارتی تا ئێستا توانیویەتی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی بەپارەی دزراوی نەوتەوە بۆ لای خۆی رابكێشێ، بۆیە ئەمرۆ ئەبینین هەر ئەو سەركردانەن شێلگییرانە دیفاع لەپارتیو نزیكبونەوەی یەكێتی لەگەڵیدا ئەكەنو ئەیانەوێ بزوتنەوەی گۆڕانی هاوسەنگەری خۆیان بەلاوە بنێن چونكە گیرفانی گەرم نیەو بەرەو پارووە چەورەكە هەنگاو ئەنێنو سندانیش لەمیللەت.
پارتی لەجیاتی ئەوەی لێدوانەكانی چەند ساڵی رابردوی خۆی بسەلمێنێ كە وتویەتی یەكێتی شەریكە دز بوە لەگەڵیدا، بەهەناسە تەنگییەوە كەوتۆتە خۆی بۆ چەواشەكردنی میللەتو لەككەداركردنی كەسایەتی كاك هەڵو و بنەماڵەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژنامە بەخۆڕا دابەشكراوەكەی بەناو( هەولێر) بەدزینی وتاری سایتێكی قێزەونی وەكو"خواكورك"سەروتارێكی نوسیوە گوایە هێرش دەكاتە سەر كەسایەتی كاك هەڵۆ و خانەوادەكەی،نوسینەكە پێشتر لەو سایتە بێزراوەدا بەناوی"وەڵامێك بۆ هەڵۆی برایم ئەحمەد"بەئیمزای"چاودێرێك"بڵاوكراوەتەوە.سەرنوسەری رۆژنامەی هەولێر بەدەستكارییەكی كەمەوە هەمان ئەو وتارەی كردۆتە سەروتاری رۆژنامەكەی لەژێر ناونیشانی" هەلۆ برایم ئەحمەد، تۆ كێیت؟.جا ئەو سەرنوسەرەی هەولێر زۆر باشتر لەخەڵكیتر ئەزانێ مامۆستا برایم ئەحمەدو خانەوادەكەی كێن، زۆر باشتریش ئەزانێ كاك هەلۆ یەكێك بو لەو كەسایەتیە ئازایانەی لەكاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم ركابەری سەرۆكە دیكتاتۆرەكەی حزبەكەی ئەو بو، لەوەش باشتر ئەزانێ مامۆستا برایم ئەحمەد خاوەن ئەكادیمیای شۆرشگێڕییەتیو خەباتی كوردایەتیو بەرخۆدانو نیشتمانپەروەری بوەو، ئاغاكانی خۆیشی لەحوجرەی خۆفرۆشیو خییانەتكاریو نیشتمانفرۆشی.
سەرنوسەری هەولێرپۆست بەمافی كەسێكی ئەم ولاتە نازانێ پرسیار لەبارەی سامانی میللەتەكەیدا بكاتو،ئەو مافە تەنها بەقەڵەمە بەكرێگیراوەكانی خۆیانو حكومەتە شكستخواردوو وەزیرە دزەكانی خۆیانی ئەزانێ،ئەو كە"كوردستان پۆست" بەجنێوخانە وەسف ئەكات، بیر لەدرۆخانەكەی خۆیان ناكات هەر لەسەرۆكی دەوڵەتە چاوەڕوانكراوەكەی چوار پارچەی كوردستانەوە تا دەگاتە رۆژنامە رووزەردەكانیانەوە.
ئەم میللەتە خەوتوەی ئێمە بەوتارو هەڵوێستەكانی كەسایەتی وەكو كاك هەڵۆو شانازخانو بەشێك لەسەركردە ئازاو بوێرەكانی یەكێتیو حزبە بەهەڵوێستەكانیترو میدیای ئازادەوە بەخەبەر هاتۆتەوەو راستی دزینو بەتاڵانبردنی سەرەوەتو سامانەكەی ئاشكرا بوە، بۆ وەڵامی سەروتارەكەی هەولێر پۆستیش تەنها ئەو دێرە شیعرەی نەزار قەبانی ئەهێنمەوە كە فەرمویەتی" كاتێك بیرمەند ئەبێتە زوڕناژەنی دەسەڵات، بیرو پێڵاو یەكسان ئەبن بەیەك".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست