کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا حەسیب دەبێت دادگایی بکرێ و سزا بدرێ لەسەر تەکفیر و لایەنگری لە داعش

Saturday, 04/02/2017, 13:04


مەلا حەسیب پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەلا رەسول لە سلێمانی لەمیانی راپۆتێكی بی بی سی فارسیدا، دەربارەی ئەو موسڵمانانەی بونەتە زەردەشتی وتویەتی”ئەگەر حوكمێك هەبێت كە دەسەڵاتی ئیسلامی بیكات ئەوا دەبێ حوكمی خوا جێبەجێبكات، دەبێ سێ رۆژ دەرفەت بدرێتە ئەوانە، ئەگەر پاشگەزبونەوە و لەو ئایینە نوێیە خۆیان بێبەری كرد ئەوە زۆر باشە، بەڵام ئەگەر لە ئایینە نوێیەكە ئیدی بۆ نمونە زەردەشتی بێت یان هەر ئایینێكی دیكە جگە لە ئیسلام، نەگەڕانەوە، ئەوا ئەوانە هەڵگەڕاوەن و دەبێ بكوژرێن و حوكمیان ئیعدامە”.
ئەم قسانەی مەلا حەسیب بەئاشکرا هاندانە بۆ کوشتن و تەکفیرکردنی هاوڵاتیانی کوردستان کە وازیان لە ئاینی ئیسلام هێناوە و بیروباوەڕ و ئاینی تر هەڵدەبژێرن. ئەمە هەمان ئەو بڕیارانەیە کە لەسەر دەستی ڕژێم و حزبە ئیسلامیەکان هەزاران خەڵکی سەر بەئاین و بیروڕای جیاواز لە ئیسلام  پێ ئیعدام  دەکەن ، هەروەک ئێران و سعودیە و داعش. ئەوانەی داوای سەپاندنی شەریعەتی ئیسلامی دەکەن بەسەر دەستور و یاساکاندا لە کوردستان ،وەک مەلا حەسیب خوازیاری کوشتن و قەتڵ و عامی هەمو ئەو کەسانەن کە لە کوردستان ملکەچی یاسا و دەسەڵاتی ئیسلامیەکان نابن.
هەربۆیە مەلا حەسیب ڕاشکاوانە دیفاع لە داعش دەکا و لە بەشێكی قسەكانیدا بۆ بی بی سی فارسی دەڵێ “بەشێك لە كردەوەكانی داعش بە گونجاو دەزانێت لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا و دەڵێت كە بەشێك لە كردەوەكانیان وەك نوێژ، رۆژو و پیادەكردنی شەریعەتی ئیسلامی لە كۆمەڵگەدا هاوتایە لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا و بەشێكە لە ئایین بەڵام بە بڕوای ئەو داعش لە كارەكانیدا خاوەن حیكمەت نییە “.کەواتە ئەم مەلایە خوازیاری ئەوەیە کە داعش شەریعەتی ئیسلامی بە حیکمەتەوە جێبەجێ بکا تا بتوانێ بمێنێتەوە . هەر کەسێک دوای ئەو هەمو کوشتارەی یەزیدی و مەسیحی و هەزاران ژن و پیاو و لا و مناڵ کردەوەکانی داعش بە گونجاو بزانێت بێگومان خوازیاری ئەوەیە کە لە کوردستان هەمان حوکمی ئیسلامی داعش دامەزرێنێ تاکو بتوانێ لەماوەی ٣ ڕۆژدا کوشتاری زەردەشتیەکان و هەمو ئەو کەسانە بکات کە باوەڕیان بەئیسلام نیە.
ناوەندی سێکولار لە کوردستان بەردەوام داوای “قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی‌و تەکفیر لەڕێگەی بەکارهێنانی هەر دامودەزگایەک بێت بە دامودەزگا ئاینیی‌و شوێنە ئاینیەکانیشەوە.” دەکات و هەربۆیە بەئەرکی دەزگا بەرپرسەکانی شاری سلێمانی دەزانێ کە ئەم مەلا حەسیب بدەنە دادگا و بەسزای هاندانی کوشتن و هێرشکردنە سەر بیروڕا و لایەنگری لە داعش. هاوکات پێویستە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دژی ئەم بانگخواز و مەلایانەی بەردەوام  هانی کوشتن و توندوتیژی و ڕق دەدەن ناڕەزایەتی دەرببڕن و ڕێگا نەدەن ئەم کۆنەپەرستی و دەنگە دژی ئازادیە زاڵ ببێ لە کوردستاندا. ڕاوەستانەوە دژ بە ئەم مەلایە و هاوشێوەکانی خەڵکی کوردستان لە بەڵای گەشە و دەسەڵات پەیداکردنی کۆنەپەرستی ئاینی دەپارێزێ کە ئەمڕۆ ناوچەکەی کردۆتە دۆزەخ بۆ خەڵکی ئازادیخواز و ڕوخساری مەدەنیەتی کۆمەڵگای وێرانکردوە.
ناوەندی سێکولار لە کوردستان
٢شوباتی ٢٠١٧

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە