ناوچەی ئارام لە سوریا لەڕوانگەی هێزەکانی ناوچەکەوە
Thursday, 02/02/2017, 23:31
ئەوەی تورکیا لە ناوچەی ئارام بۆ سوریا داوای دەکات ناکۆکە لەگەڵ ئەوەی ئەمریکاو ڕوسیاو هەورەها کوردانی ڕۆژئاوا وەک هێزێکی ڕێکخراو وتۆکمەو کاریگەر لە ناوچەکەدا دەیخوازن. ئەو مەبەستانەی کە تورکیا دەیەوێت لە ناوچەی ئارامەوە دەستەبەریان بکات بریتین لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوون و بەهێزبوونی هێزە کوردیەکان و بەدامەزراوەیی بونیان، بەرگرتن بە دروستبوونی کیانێکی کوردی کە بەجۆرێک لەجۆرەکان کاریگەری لەسەر کوردانی باکور دابنێت، دابینکردنی شوێن بۆ چالاکی چەکداری هێزەکانی (بەرەی نوسرە و ئەحراری شام) وەکو ناوچەیەک بۆ هاتوچۆکردنیان یان بۆ ئاسان گەیشتن بە ئامانجەکانیان. هەروەها تورکیا دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە دەستبگرێت بەسەر چالاکیە ئابورییەکانی ناوچەکەو بەتایبەت ئەو بیرە نەوتانەی کە لە ڕۆژئاوادا هەن. بە دامەزراندنی چەند بنکەیەکی سەربازی، تورکیا دەیەوێت ئەو ئەزمونەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیەتی لە رۆژئاواش دوبارەیبکاتەوە کە لە ئێستادا زیاتر لە 15 بنکەی سەربازی تورکی لە هەرێمدا هەن بەمەبەستی ئاگاداربوون لە جوڵەی هێزە کوردیەکان وپاراستنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا.
ئەوەی ئەمریکای ترەمپ وڕوسیای پۆتین و کورد لە ڕۆژئاوا ئەیانەوێت تەواو جیاوازە لە مەبەستانەی تورکیا هەیەتی. ئەو جیاوازیەش خزمەت بە کەمکردنەوەی ئەو رۆڵە دەکات کە تورکیا لە سوریادا دەیگێڕێت. یەکێک لە مەبەستەکانی کورد لە ناوچەی ئارام لە پێناوی سوتاندنی ئەو کارتەیە کە تورکیا لە لە دژی ئەوروپا بەکاری دەهێنێت. ئاشکرایە ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی شەڕەوە ماڵوحاڵیان بەجێدەهێڵن وەکو ئاوارە لە تورکیادا کۆدەبنەوە، لەلایەن تورکیاوە وەکو کارتێک بەکاردەهێنرێن بۆ راکێشانی سۆزی زیاتری ئەوروپا بەلای خۆیدا. لەسەر بنەمای ئەو راستیەی کە تورکیا لایەنێکی شەڕەکەیەو بەشێک لە چالاکی گروپە چەکداریەکان لەلایەن تورکیاوە ئیدارەدەدرێن، دەبێت ناوچەی ئارام لە سنوری تورکیاوە دوربێت. ئەو ئاگاییەی کورد هەیەتی سەبارەت بە دیمۆگرافیای ناوچەکە بخرێتە خزمەت رێگریکردن لە دوبارەکردنەوەی ئەزمونی باشور بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە کە جگە لە کورد نەتەوەی دیکەو کەمایەتیەکان، ناوچەی کێشەلەسەر نەخوڵقێنن. ئەو پێکەوەژیانە نمونەیەکی جوان پیشانی وڵاتانی زلهێزو جیهان دەدات کە ناکرێت بە تەنها بۆ شەڕ وبەرگریی پشت بە کورد ببەستن، بەڵکو دەکرێت وەک نمونەیەک بۆ پێکەوەژیان و ئیدارەدان وبەرەوپێشبردنی قۆناغی دوایی شەڕیش چاوی لێ بکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست