لاى مەلا بەختیارهەموو رۆژێک یەکى نیسانە
Thursday, 02/02/2017, 22:40
خاڵە رەحیم هەبوو لەسلێمانى یادى بەخێر، پیاوێکى فسە خۆش وخۆش مەشرەب بوو. بە (رەحیمە فشە) ناوى دەرکردبوو، بەڵام درۆ و فشەکانى ئەم بەڕێزە تەنها بۆ خۆشى و هێنانە پێکەنینى خەڵکى بوو، خەڵکیش ئەیانزانى کە وایە، بۆیە زیاتر ئەیان دواند و داواى قسە و فشەى تازەیان لێدەکرد.
خاڵە رەحیم مرد وچووە جێى هەقى خۆى، لەپاش خۆى کۆمەڵێک قسەو نوکتە و گاڵتەو فشەى بەجێهێشت، کە مرۆڤ بە باسکردن و گێرانەوەى رەحمەتى بۆدەنێرَیت، چونکە پیاوێکى سادە و دەست و دڵپاک وبێ کێشە و گرفت بوو.
بەڵام ئەمڕۆ کە دەبینین خەریکە مەلا بەختیار،هەر بەراستى و بێ شەرمکردن و حەیا، بەبێ ئەوەى بڵێت کاکە من ئەم قسانە ئەکەم خەڵک ئەیبیستێتەوە، کەسێک هەیە بەرپەچم بداتەوە بەدرۆم بخاتەوە، نەخێر ئەو زاتە هەر سوورە و سورتریشە لە سەر درۆ و فشەکانى و پێى وایە بەو کارەى ئەتوانێت خەڵک لەخشتە بەرێت، بەوە ئەخوازێت سوکایەتى و ئیهانەکانى پێشوى پێ ئارایشت بکات و لەبیر خەڵکى بەرێتەوە.
هەرکەسێک بوایە لەجێى مەلا بەختیار بەئەندازەى گەردێک ورە و غیرەت و پیاوەتى لەخوێنیدا بوایە، نەفرەتى لەسیاسەت و یەکێتى دەکرد و بۆخۆى بەدەردى خۆیەوە دادەنیشت، کەچى ئەم مەلا بێعارە، ئەم مەلا بێ کەرامەتە، تا سوکایەتى پێبکرێت، تا بدەن بەدەمیا زیاتر زۆرتر پێى شاگەشکە ئەبێت و وەک ئەوەى خەڵات و پاداشت کرابێت،
سەردەمانى شاخ هەموو بیستمان کە ئەو کاتەى مەلا ئاڵاى شۆڕش (ئاش) بوو، چى پێنەکرا؟ بەچ دەرد و سوکایەتییەک برا، لە تەویلە و گەوڕدا، دەیانخەواند لە کڵاو رۆژنەوە پێشمەرگە میزى پیا دەکرد. دەیان جار پاکانە و سازشى لەسەر ئەو هەڵوێستەى کردووە، دەیان جار گریاوە و پاڕاوەتەوە، کە نەیکوژن، بەڵام پاشتر کە لێى خۆش بوون، وەک نە باى دیبێت نە باران، بە ریسوایى و زەلیلى و سەرشۆڕى هاتۆتەوە ناو یەکێتى و دەستى کردۆتەوە، بە ستایش و پیا هەڵدان بەشان و باڵى بنەماڵەى تاڵەبانیدا.
من پێم خۆشە یەکێتى بارو دۆخى لە ئێستا خراپترى لى ێبێت. پێم خۆشە کە چەندین مەلا بەختیار لە نێو یەکێتیدا هەبن، بۆ ئەوەى بەجارێک یەکێتى نەمێنێت و لە گۆڕەپاندا بسڕێتەوە. بەڵام یەک راستى هەیە و پێم خۆشە کە هەموو لایەک بیزانن، ئەویش ئەوەیە کە یەکێتى ئێستا چۆتە حاڵەتى واوەیلا و لەمەرگ نزیک بۆتەوە، هۆکارێکی گرنگ و خولقێنەرى ئەو بارە، خودى مەلا بەختیارە، بەدرۆ و دەلەسەى رێکخراوە بەناو دیموکراتیەکەى، یەکێتى وتاڵەبانى پێ لەخشتە برد، کاتى دەنگدان و رۆژگارە هەستیارەکان، تاڵەبانى وەک پیشەى هەمیشەیى حەزی دەکرد کاسترۆ ئاسا چەند سەعاتێک قسە بۆ خەڵک بکات، بۆ ئەوەش داواى لەمەلا دەکرد، کە رێکخراوى خوێندکارانى بۆ بنێرێت، مەلاش زۆر چاو قایمانە، ئەچوو کۆمەڵێک وابەستە و پیاو و ئەڵقە لەگوێکانى خۆى کۆدەکردەو دەیبردن بۆ قەڵاچوالان، تاڵەبانیش بەو ژمارە زۆرە خۆشحاڵ دەبوو، دیسان بۆ رۆژێکى دیکە داواى لە مەلا بەختیار دەکرد، کە توێژى لاوانى بۆبنێریت، مەلاش ئەچوو هەر ئەو کەسانەى بۆ ریکخراوى ژنان و هونەرمەندان و وەرزشەوانان،.....ئەبرد. (برادەرێک لەسەر ئەوە گێرایەوە ئەیگوت من تا ئێستا نازانم چیم! لاوم، خوێندکارم، وەرزشەوانم،هونەرمەندم..بەڵام لەهەمووى خۆشتر ئەوە بوو، کە لەگەڵ هەموو چونێکمان بۆلاى تاڵەبانى، لە چێشتخانەکەى گرگاشە ( چێشتخانەیەکە لەسەر چەمى قەلاچوالان) لەسەر حسابى مەلا نانى چاک دەخۆین)
هەرهەمان مەلا خۆڵى کردە چاوى تاڵەبانى و لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردن و دروستبونى گۆڕاندا، ئەوەى بەتاڵەبانى و یەکێتى وت، کە گۆڕان کۆمەڵێک کەسن و هیچ سەنگ وقورسایەکیان نىیە، رەنگبێت بتوانن سێ چوار کورسى بهێنن، ئەو شتەش لە تەلەفزێونەکانى یەکێتیدا کرا بە دیمەنێکى کۆمیدى و گاڵتەجاڕى و پیشانى بینەر درا. بەڵام کاتێک بینرا کە گۆڕان چەند پێش یەکێتىی کەوتووە، یەکێتىیی بەهۆى درۆکانى مەلاوە کەوتە دۆزێکەوە، ئیدى راست و دروستى مەلا دەرکەوت. کاری لەسەر باری دەروونی تالەبانیش کرد و زۆر پێی تێکچوو. وا بزانم سەرەتاى نەخۆشکەوتن و لەزمان کەوتنى تاڵەبانى لەوەوە رویدا، ئەوسا شەرەکەی لەگەڵ مالکی کە ئەو شەوە بەتەواویی تێکچوو نەهاتەوە سەر خۆی.
لەگەڵ ئەو هەموو درۆ و فڕوفیشاڵەى مەلا بەختیار دیسانەوە وەک کاراکتەرى سەرەکى یەکێَتى عارى نەناوە، هەر سوورە لەسەر درۆ و قسەکانى، لە تازەترین درۆیدا کە لەفەیسبوک کردویانە بەمەخسەرە ئەڵێت (لە ئاوایى حەمەى کەرەم بوین، لەشەڕێکدا 22 کۆپتەرمان بۆهاتووە) هەرچى مەلا بناسێت و رۆژێک لەگەڵیدا ژیایبێت ئەزانێت کە ئەوەى باسی دەکات لەئەلفەوە تا کۆتایی هەمووى درۆیە، ئەى گەر راست دەکات بۆ ناوى یەکێک لەو هەموو پێشمەرگانە نابات کە لەو شەڕەدا بەشداربون، برینداربوون، شەهیدبوون؟ لەوەش خۆشتر رەنگبێت ئەو سەردەمە هەموو سوپاى عێراق خاوەنى نیوەى ئەو کۆپتەرانە نەبوون کە بۆمەلا چووبون.
درۆ بکە، درۆ بکە تا بڕوات پێدەکەن، هەر لەسەر ئەم تیۆرییە دەتوانین بە مەلا بەختیار بڵێین: (درۆ یکە درۆ بکە تا ریسواتر ئەبیت)
لەوانەش خۆشتر نەوشیروان مەستەفا بۆ زیاتر سوککردن و گاڵتە پێکردن لە بیرەوەریەکانیدا ئەڵێت ئەو کاتەى ئارام شەهید بوو. مەلا بەختیار یەکسەر رایکرد بۆ بەرى قەراغ، پێى وابوو کە هەر کەسێک بچێتە قەراغ ئەبێتە شەهید ئارام.
دڵم خۆش بوو، وتم لەپاش ئەوەى کە لەلایەن کوڕانى تاڵەبانى یە سوکایەتى بە مەلا کراوە قسەى پێ وتراوە، قوباد هەستاوە تێسرەواندوە، مەلاش سەرى خۆ هەڵگرتوە، چووە بۆ ئەوروپا و بە بیانوى کۆنگرە و ئیشوکارى سۆسیال دیموکراتەوە، قەدەرێک لەوێ دەمێنێتەوە، بڕوام وابوو کە جارێکى دیکە سەرناکاتەوە بە کوردستاندا و نەفرەت لە رابردوى خۆى و یەکێتى و پۆستەکەى دەکات، کەچى دوێنى شەو زۆر چاوقایمانە وەک شێخ رەزا دەڵێت: (چەرمى رووى هێندە قایم بوو) وەک هیچ رووى نەدا بیێت، لەساڵیادى شەهید ئارامدا جارێکى دیکە کەوتەوە درۆ و دەلەسە و خۆبادان. کە لە برى ئەو، من لێرەوە چین چین ئارەقى شەرمەزاریم دەڕشت.
پێشینان چاکیان فەرمووە (سەگ لەقەسابخانە نەمرێت عومرى بەزایەع چووە) مەلاش بە سوکایەتى و بێ رێزیەى و تێهەڵدانەى یەکێتى گۆش کراوە ئەوەى لێ ببڕێت کۆتایى پێدێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست