چیرۆکەکانی چیا: لەگەڵ شەپۆلەکان بەڕێکەوتم ، چەند ئارەزوو دەکەم ڕابردوو بنێژم، (چیرۆکی ژمارە ١١)
Thursday, 26/01/2017, 3:06
کۆپتەرەکان لەڕانە مەڕێکیان دابوو...!
چوار هاوسەفەر لەگوندی داریکەلی بەڕێکەوتین بەرەو گوندی دەیلێژە ،بەهەورازەکەدا ڕوەو چیاکە دەڕۆیشتین ، چوارکەس هەم لەتەمەن هەم لەبیرکردنەوەشدا جودابووین ، من هەمیشە پەیرەوی ئامۆژگاریەکی گیڤارام دەکرد ، کە لەنامیلکەی شەڕی پارتیزانیدا نوسیبووی " کە بەچیادا هەڵگەڕایت ، هیچ پەلەمەکە ڕەنگە لەسەر لوتکەکە دوژمنی لێبێت" من بەکاوەخۆ دەڕۆیشتم و بیرم لەلای ئەو چیرۆکەبوو کە شوانە گەنجەکە گێڕایەوە بۆمان . شوانەکە گوتی : "من شمشاڵم دەژەند چوارکۆپتەر هاتنە سەر ڕانە مەڕەکە و بێ ئەوەی مەڕەکان ئازاریان دابن بە ڕەشاش و بۆمب دایانگرتینەوە ، چەند دەقیقە لەسەر یەک لێیان داین ، ئەو ناوەیان کردە دۆزەخ گیا سەوزەکان گڕیان تێبەربوو ، پاش ئەو تاوانەی ئەنجامیان دا ملیان شکاند و ڕۆشتن ، من ڕانم زاماربوو پارچەیەکیش دای لەپشتم بەڵام مەڕو بەرخ و بزنەکانیان داغانکرد، ئەو بەعسیانە ٥٣ سەر یان کوشت" ، ئەوەی جێگەی نیگەرانی من بوو "بازە" سەگەکەی هاوڕێم بوو ئاسنێکی گەورەی سورەوەبوو لەناوسکی دابوو ، ئاسنەکە دەوت لەکورەدا دەرتهێنابوو سور دەچوەوە ،بازە فرمێسک لەچاوەکانی دەچۆرا دوایی مرد ، منیش بەقەلەم بڕەکەم فریا کەوتم چەند سەر مەڕێک سەربڕم تا بەئازارەوە نەمرن . چەند بەرخی تازە لەدایک بوو گوانی دایکیان دەمژی ، ئەوان نەیان دەزانی ئەو ە چیبوو ڕوویدا ؟ لەناو قەرسیلەکەدا هەر هەڵدەبەزینەوە شوانەکە ووتی : من بڕیاری خۆم داوە پاشماوەی ماڵاتەکە جێدەهێڵم و چەک هەڵدەگرم ، هەر بۆخاتری فرمێسکی بازە ئەو کارە دەکەم . من بەچیاکەوە ئاوڕم دایەوە بۆ ناودێکە کەلاوەی دیوەخانەکەی " مەلیک مەحمود"م دی ، ئەو جێگەیەی ڕۆژانێک بوو ببوە هیوا بۆ ئەم گەلەکەم ، گەیشتمە سەر چیاکە ، پیاوێکی پیر بەکاوەخۆ جگەرەی دەکێشا و خۆی دابوو بەسەر گۆپاڵەکەیدا ، سڵاوم لێکرد کزەبایەکی سارد لێیی دام ، چونکە هاوڕێکانم سەربەرەوخوار دەڕۆیشتن ، منیش نەوەستام مامە ی جگەرەکێش ووتی: دەڵێ دەچن بۆری نەوتەکان ڕزگار دەکەن ؟ دڵیابن ڕزگاریشی کەن هەردەبێت لەسەرەدابن تا تەنەکەیەک نەوتان دەستدەکەوێت ، ئەو پیاوە دنیا دیدەبوو ئەم ڕۆژگارەی دابەگوێمدا کەئەمڕۆیە ئەو بەردەوام بوو ووتی : پەلەکردنەبۆ؟ شەیتان پەلەیکرد چاوێکی خۆی کوێرکرد. ئای ئەو پیاوە پیرە ناوسکی پڕبوو لەقسە ، بەڵام لەو کاتەدامن گوێگرێکی باش نەبووم بۆی ، بەهیوام لێم ببورێت.
پێشمەرگەیەک تەشتێک خوێنی خواردەوە ...!
لە گوندی لەخۆشناوەتی ڕۆژێک پێش ئەوەی "سوارئاغا" تەسلیمی ڕژێم بێتەوە ، چەند سەر مەڕێکیان بۆ هێزەکە کڕیبوو کە لەو ناوچەیە مۆڵببووین ، لەسەر چەمەکە لای نزیکی ماڵی خوا پێشمەرگەیەک لاواز چاوەکانی بەقوڵدا چووبوو چوار مەغزەنی بەستبوو کڵاشیکۆفێکی قۆناغداری لەشاندابوو ، بەخۆی و تەشتێکی سپێوە نازانم لەکوێ دەستکەوتبوو ؟ هەر مەڕێکیان سەر دەبڕی، تەشتەکەی دەدایەبەرو خوێنەکەی بەئیشتهاوە دەخواردەوە ، یەک دوانێک چاویان لێکرد ، بەڵام ئەو برادەرە خوێنەکەی وادەخواردەوە دانە زەرد بوەکانی سورهەڵدەگەڕان ، من یەکەمین جارم بوو شتێکی وا ببینم هێڵنجم داو ڕشامەوە . ئێستاش نەم زانی ئەمە لەکامە قوتابخانەی شۆڕش و ژیان وانەی خواردنەوەی خوێنی فێرببوو؟ ئەو دەیویست چیمان پێبڵێت ؟
ئەو جاشەی پارەیان لەناو دەمی نابوو ....!
لەسەر چەمەکەی گوندی باڵخ چایخانەیەکیان دانابوو، ئەو ڕۆژە ئەو نیوەڕۆگەرمە منیش لەگەڵ چەند هاوڕیەکم لەوێ بووین ، بڕیارمان دابوو گەر تراکتۆرێک لێرەوە گوزەر بکات، بڕۆین بۆ دۆڵبێشک و لەکونەماسی خۆمان لەئاوەکە هەڵکێشین و تۆزێک ئەوگەرما پڕوکێنە لەخۆمان دورخەینەوە پشیلە شۆرێکیش بکەین ، چەند هاوەنێک لەسورەقەڵاتەوە ئاراستەی کارێزە کۆنکرا ، ئێمەش بەدەم دەنگەوەچوین کە نیشانەی شەڕکردنی ڕادەگەیاند ، کە گەیشتین پکابێک و چوار لاشەی جاشیان لە ڕۆخی شەقامەکە گڵەکە دانابوو ، من لە لاشەکان نزیک بوومەوە ، تەنها یەکێکیان چاوەکانیان داخستبوو، سیانەکەی تر چاو دەمیان زەقببوو ، لەناو دەمی جاشێکدا تۆپەڵی وردەو لەدەمی جاشێکی تردا پارەی کاغەز دانرابوو، من بەو پێشمەرگەیەم ووت : داخۆ کێ ئەمەی کردوە ؟ لەوەڵامدا ووتی ئەم جاشانە لەپێناوی پارەدا خۆفرۆشی دەکەن . پێشمەرگەیەک هات پارە کاغەزەکانی دەرهێنا ، من سەیرم کرد ووتم: چی دەکەیت؟ لەوەڵامدا ووتی : "دەچم جگەرەی پێدەکڕم" . ووتی: تۆش شاهید بە پێنج دنارو ڕوبعێکە ، ئەو بەنیاز بوو وردەی ناو دەمی جاشەکەی تریش دەرکات بەچیلکەیەک . بەر لەماوەیەک ئەم پێشمەرگەیە م دی کتێبی "ئێستاتیکای" کەمال میراودەلی بەدەستەوەبوو دەیخوێندەوە ، منیش ووتم : بەڕاستی ئێستا تیکایەکی نازدار نمایش دەکەیت . دوای ڕاپەڕین ئەو هاوڕێ یە بەداخەوە خۆی کوژی کرد .
لەچیای کاروخ : گەر بەڕووناکی بەم ڕێگەیەدا بمهێنانایە نیوەتان بەردەبوونەوە....!
لەگوندی مەلەکانەوە بەڕێکەوتین بۆ چیا بەرزەکەی کاروخ ، ڕێچکەکەکە زۆربوو ڕێگاکەش چەند دەمژمێرێکی کێشا و شەو داهات ، ساماڵ بوو هەزاران ئەستێرە لەئاسماندا دەدرەوشانەوە ، نازانم ئێمە بەسەر دیوارێکەوەبووین بەدوایی یەکدا دەڕۆیشتین و خۆمان بەشاخەوە نوساندبوو ،وەک ئەوەی پێ لەهێلکە بنێین هەنگاومان دەنا ، " شەهید کەریم نالە" سندوقێکی فیشەکی بی کەی سی لەدەستی بەربۆوە یەک جار گوێمان لێبوو دای لەتاشەبەردەکان ، دوای بۆ دۆڵەکە ڕۆی ، ئیتر زانیمان کە ئێمە چەندە بەجێگەیەکی ترسناکدا ڕێدەکەین ؟
هەرچۆنێک بوو گەیشتنە سەر چیاکە "سەهید سەعیدی حەمەزیاد" کەئەوسا سەرتیپی ١٢سۆران بوو لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی ئەو ناوچەیە ڕێنیشاندەرمانبوون . کەدوا پێشمەرگە گەیشت . شەهید سەعید ووتی: خۆشحاڵانە هەموو گەیشتن؟
بەس بەڕووناکی لەم ڕێگەیەوە بمهێنانایە نیوەتان بەردەبونە خوارەوە .
لەسەر چیاکەوە ئاگرەکانی بابەگوڕگوڕ بەدەرکەوتن ، کەڕۆژ بۆوە دیمەنێک زۆر سەرنجی ڕاکێشام کە چاڵابەفرەکان بوو کە پڕی بوو لەبەفری زەرد باو خەڵکەکەش لەبەر خۆرەکەدا ئەستیڵیان دروستکردبوو بەفەکەیان بەشاخی بزن دەبڕی و قاڵب قاڵب لەسەر ئەستێڵکەکە دایان دەنا کە دارەڕایان بۆکردبوو بەفرەکە دەتوایەوە و دەبوەئاو ، ئەو ئاوە ڕەنگ بۆرەیان بەکار دەهێنا بۆ خواردنەوەو دەشیان دا بەماڵاتەکە ، بەڕاستی هەتاو سەرماهەموو ئەم خەڵکەی سوتاندبوو دەمووچاو دەستیان قڵیسابوو لەمرۆڤی چاخێکی تر دەچوون . ماوەی یەک دووڕۆژ لای ئەم مرۆڤە بەهەشتیانە ماینەوە کە پڕبوون لەمیهرەبانی و سادەی . دوایی بەچیاکەدا داگەڕاین بۆ دۆڵێکی نزیک ڕەواندوز.
شوانێکی پیر قومبەلەیەکی هێشوی پیاتەقیبۆوە....!
ڕۆژێکی بەهاربوو، ڕێمان کەوتە گوندێکی جوان کە سەوزای دایپۆشیبوو ،هەمووشتێک سەوز دەچۆوە دەیان گوڵە حاجلە و گوڵاڵەسورە سەمایان دەکرد لەکزەباکەی بەهاردا ، لەبەردەم ماڵی خوادا مۆڵمان کردبوو ، باسیان لەو شوانەدەکرد کە قومبەلە هێشوەکەی پیا تەقیوەتەوە ، من پرسیم داخۆ فڕۆکە جەنگێکانی ڕژێم ئێرەی بۆردمان کردوە ؟ ووتیان بەر لەماوەیەک لەو چیایەی ئەو بەری دابوو، ووتم: دەچم سەر دەدەم لەو شوانە بزانین بۆچی ئەو قومبەلەیە پیا تەقیوەتەوە و چۆن بوە ؟
من و دلێر و کوڕێکی تر کە ناوەکەیم بیرنەماوە چوین بۆلای خاڵۆی شوان ، دلێر ووتی : " بەڕاستی تۆ دەبوو لەڕۆژنامە کارت بکردایە ، ئەمەنە بەدوای ڕووداوەکانەوەیەت " هەرسێکمان پێکەنین ، ئەو هاوڕیەی ترمان ووتی: ئەوە ڕێگەیەکی باشە ئێستا ئەو زامدارە ڕەنگە لەوێ نانی نیوەڕۆش بخۆین ، بەدڵنیایەوە خۆراکی باشیان لێناوە.
بەدەم پێکەنینەوە گەیشتینە ئەو ماڵەی کە شوانە پیرەکە ی لێبوو .
کەسەرمانکرد بەژوورەکەدا و سڵاومان کرد ، پیاوێکی ڕیش ماش و برنجی جگەرەی دەکێشا و ئەو ناوەی قاندابوو دانیشتبوو دەم بەپێکەنین ، دەوریشی چەند خەڵکی تری لێبوو ، ڕێزی زۆریان نیشان داو ئیتر لەدەمی مامەی شوانەوە چیرۆکەکەمان بیست.
مامە ی شوان ووتی : من جاری یەکەمم نی یە کە قومبەلەی نەتەقیوو هەڵگرمەوە ، لەدوای ئاشبەتاڵەکە ، ناپاڵمێکمان هێنایەوە ئاوایی و هەموو باروتەکەیمان دەرهێنا ، ناپاڵمی هندی بوو ، لەم شۆڕشە نوێەشدا چەند جار قومەبەلە وتۆپی نەتەقیوم کردۆتەوە، بەڵام ئەم "باینجانە ڕەشە" لە زەوێکە چەقیبوو زۆر هەوڵم دا دەری بێنم ،دەرنەهات منیش بەبەردێک یەدووجارم لێدا ، ئیتر نازانم چۆن بوو تەقێوە پیاما ؟ پێدەکەنی هەردوو چاوەکانی پڕبوون لەفرمێسک .
کەسەیری لەشیمان کرد لای ڕاستی هەمووی پارچەبوو ،لەهەندێک جێێکە برینەکەی وا کرابۆوە خوێنەکەی مەیبوو ، ووتمان داوێک دەرمانێک ئەی هەر نەبێت بچۆ بۆخەستەخانەی شۆڕش .
پێکەنی ووتی : هیچ نی یە یەک دووڕۆژ پشوو دەدەم ، "باینجانە ڕەشێکی خوێڕیم" پیاتەقیوە ، سبەی دووسبەی دەچمەوە لای ماڵاتەکەم ، فێربووم کە ئیتر بەبەرد نابێت قومبەلەی نەتەقیوو بەیت .
هاوڕێکەم پێشبینێکەی ڕاست دەرچوو پاشکەمێک ئێمەش خۆراکێکی باشمان خوارد کە مەڕێکیان بۆ شوانەکە کوشتبۆوە تا هێزی بۆ بگەڕێتەوە.
هاوڕیەکمان ڕاوی ماسێکانی ماڵی خوای دەکرد...!
کەشەڕگەی قەیوان ماوەت درێژەی کێشا ، ئێمە لەگوندێکی چۆڵبوو هەوارمان هەڵدابوو ، گوندێک سەردەمانێک سەدان ماڵی گەرمی کۆکردبۆوە، ئێستا پێاوێکی پیری چاوکز و پیرێژنێکی وەک داربەڕووی تەنها لێرەمابوون ، پیرێژنەکە بەخۆی و چیلکەی کۆکراوەو دووپرچی سپی و زەردەخەنەیەکی تاڵ کە دانە شاشەکانی تێدا نمایش دەکات هەموو ڕۆژێک دەردەکەوت ، پیاوە پیرەکە هەموو ڕۆژێک کولێرەیەکی ڕەقی زەدباوی لەئاوی جامولکە کە دەنا و دەیخوات ، ئێمەش ماوەیەک چەند کۆترێکی بەجێماومان ڕاوکرد کە لەیەکدوو تەنەکەی ژەنگاویدابوون لەگوێسەبانەی ماڵێک ، لەو ماڵەی لێشی دەمەینەوە چوار کورەی هەنگیان جیهێلابوو کەپڕبوون لەهەنگوین ، ئیتر گاڵەمان بەخواردنی دەکرد ، بەڵام هاورێیەکمان هەبوو هەموو نیوەڕۆیەک یەک دووماسی دەهێنایەوە ، کە خۆم لێگرت سەیرم کرد دەچێت لەسەر حەوزی مزگەوتەکە کە تژی بوو لەماسی گەورەو بچوک ئەوانەی ڕاو دەکرد، لەتێ نانی هەڵدەدایە حەوزەکەوەو ماسێکان دەهاتن تابیخۆن ، ئەویش بەزمەی تفەنگەکەی دەیدا بەسەریاندا و دەکەوتنە سەر پشت . دوایی ماسێکان بەو فێڵەیان زانی ، بەڵام هاوڕێکەمان لەدەرزی سنجاق قولاپێکی دروست کرد تالەوێ بووین ئەو بەردەوام بوو ، تاڕۆژێک بەتۆپی کیمیاوی لەگوندەکەی دا و ڕاوی هاوڕیکەمی پەکخست .
هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم نی یە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکورتانە ، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە داگیرکەن و بۆخۆیانی بەرن و بیکەنە مێژووی کەسایەتیان ، کەزۆریان نەلەدور نەلەنزیک ئاگایان لەم هەموو ڕووداوەنەبوەو ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نی یە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست