یەكێتی و شەڕ بەوەكالەتی پارتی
Tuesday, 24/01/2017, 1:47
دەنگوباس گەرمە لەبارەی رێكەوتنی پارتیو یەكێتی لەسەر " سەفقەیەكی" نوێی هاوشێوەی 30 حوزەیران بۆ دابەشكردنەوەی پۆستەكانی هەرێمو،ئاوتكردنی بەشێك لەلایەنە نەیارەكانی پارتی لەپرۆسەی سیاسیدا..بەپێی سەرچاوەكان لەپەراوێزی كۆبونەوەكەی هەردو وەفدی دانوسكاری یەكێتیو پارتی لەهەولێر، كۆبونەوەیەكی داخراو كراوەو تیایدا هەردو وەفدەكە رێكەوتون لەسەر ئەوەی مەسعود بارزانی لەپۆستە ئێكسپایەرەكەیدا بمێنێتەوەو نیچیرڤان بارزانیش بەردەوامبێت لەبەڕێوەبردنە سەقەتەكەی حكومەتی هەرێمدا،لەبەرامبەردا یەكێتی بگەڕێتەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان،بەمەش بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵ ئاوت بۆ دەرەوە لەسەر هەڵوێستە سیاسیەكانیان دژ بە حیزبی قائید، سەرباری ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنی هەردوكیانەوە!.
پێشتریش یەكێك لەئەندامانی وەفدی دانوستكاری یەكێتی ئاماژەی دابو لەسەر پێویستی مانەوەی بارزانی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمدا، رەنگە ئەمەش لەمیانی كۆبونەوەكانی هەردو وەفدەكە بەرگوێی یەكێتی درابێ، بۆیە رازیبون بەمانەوەی هەردو بارزانی مانای تەسلیمبونە بە ئیرادەو ویستی پارتییەوە، لەلایەكی تریشەوە پاشگەزبونەوەی پارتیو بارزانییە لەهەمو ئەو بەڵێنە برییقەدارانەی چەند مانگێكە مێشكی خەڵكیان پێ مەشغوڵكردوە.
حاڵی حازر یەكێتی تەنها پۆستی چەند جێگرێكی هەیە لەناو دەسەڵاتدا، وەك جێگری سەرۆكی هەرێمو جێگری سەرۆكی حكومەتو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشو چەند وەزیرێكی بێكاری ناو حكومەت، لەم پۆستە بێدەسەڵاتانەش زیاتر بەڕەوا نەبینراوە بۆ یەكێتی، ئەوەی تازەیە لەو مەسەلەیەدا تەنها وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە.. جا پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە" ئایا وەفدەكەی یەكێتی تەنها لەپێناو زەوتكردنێكی ناشەرعی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە ئامادەن تەزحییە بەهەمو حزبەكەو جەماوەركەیان بدەن لەپێناو مانەوەی هەردو بارزانی لەپۆستەكانیاندا؟. یان هەر نەبێ بۆ یەكجاریش هەڵوێستێكی بوێرانەو دیموكراسییانە بنوێنن دژ بەسیاسەتە چەوتەكانی پارتیەوە؟. چونكە ئێمە ئەزانین كەوا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەپێی بنەما دیموكراسییەكان وبەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەر گۆڕان كەوتوەوە نەوەك لەدیوەخانەی پارتیدا پێی بەخشرابێو سەرۆكی دیوەخانەكە بۆی هەبێ بەدڵی خۆی ئاڵوگۆڕی پێبكا، لێرەدا ئەو یارییەی پارتی ئەیكات زۆر ترسناكەو هیچ مانایەك بۆ هەڵبژاردنو ئیستحقاقی هەڵبژادن ناهێڵێتەوەو یەكێتیش ئەبێتە بەشێك لەو تاوانە گەورەیە دژ بە دیموكراسیو كودەتا بەسەر یاساوە!..
پارتی هەر لەسەرەتاوە ئەم هەمو قەیرانەی هێنایە ئاراوەو تەنها لەسەر ئەوەی كەوا سەرۆكی شەرعی پەرلەمان ئامادەنەبو ویلایەتە ناشەرعییەكەی مەسعود بارزانی درێژ بكاتەوە بەسەفقەیەكی سیاسی هاوشێوەی سەفقەكەی 30 حوزەیران، ئێستاش كە پارتی ئەیەوێ ئەو سەرۆكی پەرلەمانە لاببات،بەنیازە رێخۆشكات بۆ سەفقەیەكیتر لەگەڵ یەكێتی ماوەیەكی دوورتر بداتەوە مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی بەردەوامبێ لەپۆستەكەیدا، لەمەشدا ئەبێ بپرسین"یەكێتی چ قازانجێك لەمەدا ئەكاتو بۆچی بەشێك لەسەركردەكانی رازین بەپاشكۆیەتی پارتیو بەهەمو بریارەكانی دیوەخانەكەی رازی ئەبن؟..بەرژەوەندی یەكێتی لەكوێی ئەم سەفقانەیە كە پێشتر باجێكی زۆر قورسیشی داوە كاتێك زیاتر لە دە كورسی پەرلەمانی كردە قوربانی سەفقەكەی 30 حوزەریرانەوە؟.ئایا ئەم سەفقانە خزمەت بەیەكێتی ئەكەن یا تەنها لەپێناو بەرژەوەندی بەشێك لەو سەركردانەی یەكێتییە؟.
یەكێتی رێكەوتنێكی سیاسی لەگەڵ گۆڕاندا هەیە كە ئومێدوابو بگاتە ئاستی یەكگرتنەوەش كەچی ئێستا بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی بۆ خاتری چاوی ڕەشی پارتی نەك دژی ئەو رێكەوتنە ئەوەستنەوە كە بەحزووری مام جەلالو دڵخۆشی ئەوەوە ئیمزا كراوە، بەڵكو ئەیانەوێ بەیەكجارەكی گۆڕان لەپرۆسەی سیاسی ئاوتبكەن..پرسیارە گەورەكەش ئەوەیە" ئایا ئەندامو جەماوەری گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی هەروا دەستەوەستان ئەوەستن لەبەرامبەر ئەم كودەتا هاوبەشی پارتیو بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی، یاخود شەقام ئەتەقێننەوە بەروی یەكێتی لەزۆنەكەی خۆیدا.هەڵبەت پارتی هیچكات گوێی نەداوەتە هەر ناڕەزایەتیەك لە زۆنی سەوزی یەكێتیدا، بەڵكو دڵیشی پێخۆش بوە، ئیدی یەكێتی لەپای چی زۆنەكەی خۆی وێران ئەكا لەپێناو سەرخستنی ئیرادەی پارتی لە تاكڕەوییو دیكتاتۆریەتدا؟.
رەنگە بەشێك لەسەركردە هەولێریەكانی ناو یەكێتی زۆر پەرۆشی وەزعی سلێمانیو ناوچەكانیتری نەبن،لەپێناو بەرژەوەندییە تاكەكەسیەكانەوە ئامادەبن یەكێتیش بفرۆشنە پارتی، بەڵام سەیرە ئەوان ئەوەندە كورتبین بنو نەترسن لەوەی رەنگە ئەمجارەیان پرۆشكی ناڕەزایەتیەكان هەولێریش بگرێتەوە، چونكە ئەمدو حزبە پەراوێزخراوانە سەدان هەزار هەوادارایان لەناو هەولێریشدا هەیە، ئەگەر ئەو تەوازونە سیاسییە نەبوایە دەمێكبو ئەمدو حزبە شەقامی هەولێریشیان جوڵاندبو.
پارتی یاریەكی زۆر ترسناك ئەكات كە راگەیاندنی شەڕی ناوخۆیە لەدژ نەیارە سیاسیەكانی، ئەوەی جێی داخە بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی خۆیان خزاندۆتە ناو ئەم شەڕەو،لەبری پارتی شەڕێكی بەوەكالەت لەگەڵ لایەنە نەیارەكانی پارتی و شەرعییەتی یاسادا ئەكەن،ئەمەش بەهەمو پێوەرێك شەڕی خۆ تڕێنە پارتی لەدوورەوە سەیری ئەكاتو پێی پێئەكەنێ؟.
هیچ گومان لەوەدانیە هەر پەراوێزخستنێكی دو هێزی جەماوەری گەورەی وەكو گۆڕانو كۆمەڵو بەشی زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتیو بنكە جەماوەرییەكەی ئەم زۆنە ئەهەژێنێ، ئەوسا بەپرسیاریەتی گەورە ئەكەوێتە سەرشانی ئەو سەركردە كۆیلانەی بەفیتی پارتی هەڵئەپەرنو گوێرایەڵی بریارەكانی دیوەخانەی ماڵباتی بارزانی ئەبن..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست