کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەوڵەتی کوردی بۆتە پارەی قەڵب (ساختە)!

Tuesday, 24/01/2017, 1:23


دیسان بارزانی زاری کەفی کردوە وتەپڵی سەر بەخۆیی وزوڕنای دەوڵەتی کوردیمان بۆ لێدەدا. گووتنێکی کوردی هەیە دەڵێ: لەو کەسانە مەترسێ کە هاتوهاواریان زۆرە. لەو کەسانە بترسێ کە بێدەنگن ولە بنەوە بڕ. ئەو نەخوێندەوارە وا دەزانێ سەربەخۆیی کوردستان وەک چەوەندەر دەچێ کە لە تەندووری نیوە گەرمدا هێدی هێدی بپیشێ وپاشآن بخورێ ئەوە جاری چەندمە خۆی لە لای خەڵک  شیرین دەکاو لە لای دووژمنیش بۆتە گەمەو گاڵتە جاری . باشووری کوردستان وەک شەیتانە بازاڕێکی لێ‌هاتووە کە کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە ، لەو ناوەشدا بەرداشی نەزانی حیزبی وچەکداری داردەستی سەرکردەی سەرشۆڕوفرۆشی نەفتی رۆژانە ژیانی سیاسی وداهاتووی خەڵكی وەک کەکراوێک لێکردوە کە لە گەروی فەقیرو هەژاراندا بۆتە مۆڵگەی بێچارەیی بە چەنگ ئەو دەسەڵاتە قێزەونەوە. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لە لایان سەرۆک عەشیرەیەکی وەک مەسعود بارزانی وەک پارەی ساختەی لێ‌هاتووە کە جار جار دێ وجار جاریش دەڕوا، بەڵام کەس وەری ناگرێ!
سووتمان ودووکەڵ وبێ داهاتوویی دەوڵەتی کوردی بارزانی بۆ خەڵکی هەژارە و خوێن فرۆشی وخۆ دەوڵەمەند کردنیش بۆئەو دەسەڵاتەیە کە لە ماوەی ٢٦ ساڵ حکمڕانی تەنیا نۆکەرایەتی تورک وفارسیان بۆ بۆتە میداڵیای زێڕین کە لە یەخە و بەرۆکی خۆیان و بنە ماڵەیانی بدەن! هەموو جارێک کە رووی لە هەندەران دەکا وەک قشقڕە دەئاخفێ وخۆی وا نیشآن دەدا کە هەم سەری پیوازو هەمیش بنی پیواز.
تاقمێک لە نۆچەکانی جەلال تاڵەبانیش دەزانن تازە مامیان زمانی ناگەڕێ تا هەرای مانگە شەو بکاو بڵێ هەر کەس دژی من بوەستێ بە سووژن چاوی دەردێنم! بۆیە تاو ناتاوێک دەڵێن با بارزانی رەوانەی ماڵەوە نەکەین وبیکەینەوە بە سەرۆکی خۆمان.بێ گومان ئەو سیاسەتەش دەستی بیانی تێدایە، کۆماری ئیسلامی هەر چەندی کەم تا کورتیك دژایەتی بارزانی بکا ( بە قەستی )، بەڵام ئەوی لە کەسانێکی دیکە پێ باشترە چون کلکی بارزانی دەدەست خۆیان دایە ودەزانن چی لە باراندا نییە. بۆیە باشی لێ تێگەیشتوون کە داستان ، داستانی تووتنی خۆش وئاغای کەرە.
هیچ جیاوازیەک لە نێوان مالکی وعەبادیدا نییە لە ئاست کێشەی نەتەوەی کورد، کاکە سەن ومامە سەن هەر یەکن. ئەگەر تۆ وبابت مرۆڤێکی نیشتمان پەروەر بایەن بۆ رقی شەخسی خۆتان خاکی کوردستانتان هەڕڕاج نەدەکرد. واتزانیبایە مالیکی لە سەر کارە وئەو دەوڵەتەش کە تەنیا بۆ سەری ڕەشی خۆتانە رابگەیەنە ولەو زگەش بەوە. مێشکت وەک دەهۆڵێکی بەتاڵ دەچێ کە پڕي لە هەوای بێ دەرەتانی ولە دوورەوە دەنگت خۆشە. خەڵک نان نییە بیخوا، کار نییە بیکا، یاسا نییە پشتی پێ ببەستێ، لە دوارۆژی خۆی ناهۆمێدە تۆ باس لە دەوڵەتی کوردی دەکەی! بۆ پێتوایە چون چەکدارت زۆرە وسامانی خەڵكی هەژار بە تاڵان دەبەی، دەتوانی دەوڵەتی کوردی رابگەیەنی. ئەو دەوڵەتەی تۆ قەرارە پەردەی لە سەر لا بەری وەک بنێشتی پووچەڵی لێ‌هاتووە کە تەنیا بە کاری سەری ڕەشتان .لە کۆتاییدا هەر ئەوەندە دەلێم: پیاو نی ئەگەر دەوڵەتی کوردی رانەگەینی. حیکایەتی تۆ حیکایەتی ڕێویەی کە دەکونێوە نە دەچوو، قانگەلاشکی لە کلکی خۆی دەبەست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە