لە نێوان مەلەفی گەندەڵی و مەلەفی خیانەتی پارتیدا
Thursday, 19/01/2017, 0:50
ڕوون و ئاشکرایە کە دەسەڵاتی یەکەم لە کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان)ە و خۆیشی بە خاوەنی کوردستان دەزانێت و هەموو جومگە کایە سیاسییەکانی بەدەستەوەیە، وە دیارە کە چەند حیزب و لایەنێک لێرە و لەوێ دەستباری هەڵە و دزی و سیناریۆ ئاشکراکانی دەکەن یان داپۆشەری لایەنە شاراوەکانی ئەو پارتەن کە لە هەگبەیدایە، سەرەڕای دەسەڵاتی یەکەمی لە کوردستان ئەم پارتە ئەوانی تریش بە نۆکەر و خزمەتکاری خۆی دەزانێت و هەوڵی تەواوی ئەوە بووە کە بەهەرجۆرێک بێت ئەوانیش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، وە حیزب یان بەشێک لە حیزبیان ڕازی کردووە کە وەک ئەو بیربکەنەوە و بیروبۆچوونەکانی ئەو پەسەند بکەن واتە خەبات و تێکۆشانی ڕابردووی حیزبەکانی تری خشستووەتە شاڕێی خزمەت بەو ڕێبازە خیانەتخوازە، مێژووی ئەو حیزبە پڕە لە چەندین هەڵوێستی نەشیاو و دوور لە بەهای کوردایەتی و دژی دۆزی کوردی بووە وە بگرە ماوە ماوە مێژووی خیانەتبازی خۆی دەنوسێتەوە و دووبارەی دەکاتەوە، واتە ماوە ماوە بەرد لەسەر بەرد دەخاتە سەر یەک بۆ تەواوکردنی چەند بەرگێکی خیانەتکاری لە تەواوی مێژووی ئەو حیزبەدا.
لەمێژە ڕوونە کە گرنگترین کێشەی پارتی ئەوەیە هەڵەکانی لا دەبێت بە عورف و مۆدێل و خوویان پێوەدەگرێت، بڕواننە مێژوویی حزبەکە و هەڵەکانی و دووبارەکردنەوەیان، هەڵە یەک لەدوایەکەکانی ئەم دوواییە کە کردوویەتی وەک ڕێگری کردن لە سەرۆکی شەرعی پەرلەمانی کوردستان و چەند پۆلە پەرلەمانتارێک و کۆسرەت ڕەسوڵ و چەند وەزیرێک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و سوکایەتی کردن بە (هێمن) بنەسڵاوەیی و لە کۆتا هەوڵی تازەی ناشیریندا ڕێگری کردن لە دوو پەرلەمانتاری بوێر و چاونەترسی وەک (سۆران عومەر و عەلی حەمەصاڵح) کە دوو پۆڵای قایمی دژی شا دەماری گەندەڵین لە کاتێکدا ئەو دوو پەرلەمانتارە خێزان و ماڵ و منداڵی خۆیان پێ بووە و ویستوویانە بچنەوە ماڵی خۆیان، ڕێگریکردن لەو دوو پەرلەمانتارە ڕێگری کردنە لە تەواوی گەلی کوردستان و سوکایەتی کردنە بەو ئەزمونەی کە هەیەتی و دژایەتی ئازادیخوازان و حەقبێژانە، ڕێگرییە لە کۆی ئەو دەنگە پاکانەی کە ئەو دوو پەرلەمانتارە بە پاکی و پوختەیی بەدەستیان هێنابوو، ئەو ڕێگرییانە پەیامی ڕووی ڕاستی پارتییە بۆ ئەوانەی کە ڕێچکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەیان هەڵگرتووە، دیارە ئەو پارتە چاوی بەو ڕاستییە هەڵنایەت کە ئەو دوو پەرلەمانتارە رۆژ لەدوای ڕۆژ پێگەی جەماوەرییان زیاد دەکات و تاکە هیوایەک کە گەلی هۆشیار پێی هەبێت ئەو دوو پەرلەمانتارە ڕاست بێژەیە.
ڕێگری هەر وەک چەتە ئاسا، بە هێزی میلیشایی و جل و بەرگی ڕەسمییەوە، مافیا ئاسا و خێلەکی ئاسا و بەعس ئاسا، هێزی جاش و خاک فرۆشان، بەهێزی نۆکەرانی بێگانە و دوژمنی ناوخۆ، هێزی خۆ خۆری و مشەخۆری، ئەو پارتە بەئاشکرا و بە بەرچاو ڕاگەیاندنەکانەوە هەردوو بازگەی (دێگەڵە و پردێ)ی کردووەتە (سێگۆشەی بەرمۆدە) لە دژی نەیارانی، لە دژی ئازادیخوازان و ڕاست بێژان، لە دژی دژە گەندەڵکار و گەندەڵچییەکان.
ئەو پارتە بۆیە ڕێگری دەکات لەو دوو پەرلەمانتارە و هاوشێوەی ئەوان چونکە هەر بە بینینیان مشەوەش دەبن، قەڵس و بێتاقەت دەبن، چونکە هەر ئەمانن مەلەفی گەندەڵی دەجوڵێنن بە تایبەت ئەو مەلەفانەی کە پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە وەک چاودێریکردنی یاسای بودجە و موچەی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان و بەهەدەردانی سامانی گشتی و دزی و فێڵەکانیان ئاشکرا دەکەن، بۆندە تەزویرەکان و پڕۆژە وەهمییەکان دەخەنە ڕوو، هەر ئەوانن دەست دەبەن بۆ دەرخستنی ئەو پیلانانەی کە ئەو پارتە بە نیازی جێبەجێکردنیەتی لە خزمەتی ئاغای تورکیدا، ئەو دوو پەرلەمانتارە نە جاشن و نە قەڵەم فرۆش نە جاسوس و خۆفرۆش نە میتن
وخاک فرۆش.
ئەو ڕێگرییە ئەو پارتە گرتوویەتیە بەر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئەو پارتە هیچ ڕاست ناکات لەهەوڵی چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و کێشەکانی کوردستان و وە بگرە بە ویست و خواستی خۆی قوڵترییان دەکاتەوە، وە دەبێت سەرانی ئەو پارتە باش بزانن کە ھەتا سنورە خۆکردەکانی وەک (دێگەڵە و پردێ) نەسڕێتەوە و تا (یوسف و سۆران و عەلی)یەکان بە ئازادی لێی بسوڕێنەوە ئەوا قەت ناتوانێت ئەو سنورانە بسڕێتەوە کە بەسەریدا فەرزکراوە لە لایەن ئاغاکانیانەوە.
لە کۆتاییدا ئەو ڕاستیە دێتە دی کە ئەو بێدەنگییەی حیزبی شەریکە دز هەر وا بە ئاسانی بەسەریان دا ناڕوات و ڕۆژێک دێت جێگرەکەی حکومەت لە (دێگەڵە یان پردێ)ەوە بەشێوەیەکی سوکایەتی و ناشیرین ڕەوانەی زۆنگی سەوزی بکاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست