کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڕێز ئەندامانی مەكتەبی سیاسی

Wednesday, 18/01/2017, 20:42


بەڕێز ئەندامانی مەكتەبی سیاسی
بەڕێز دەستەی كارگێڕ 
سڵاوێكی هەڤاڵانەی گەرمتان ئاراستە دەكەین‌و دەستخۆشیتان لێ‌ دەكەین كە لەو ماوەیەدا هەموو كات‌و توانای خۆتان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی هەرێم تەرخان كردووە. ئومێدەوارین لەهەوڵەكانتان سەركەوتوو بن‌و بەدڵنیاییەوە ئێمە پشتیوانتانین‌و هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی هەوڵەكانتان تەرخان دەكەین.
ئێمەی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەئەم یاداشتەمان بەئێوەی بەڕێز پێشكەش كردووەو ناوەكانیشمان لەخوارەوە نوسیوە، راو بۆچون‌و پێشنیارەكانمان سەبارەت بەهەندێ‌ پرسی گرنگ دەخەینە بەرچاوتان بەو ئومێدەی كە بەتێروتەسەلی لێیان بكۆڵنەوەو بایەخیان پێ‌ بدەن.
1-ئێمە پشتیوانی لەدەستپێشخەرییەكەی بەڕێز بارزانی دەكەین‌و بە دەستپێشخەرییەكی گونجاوی دەزانین. هیوامان وایە مەكتەبی سیاسیی بەڕێزیش بەهەموو تواناوە پشتیوانی لەو دەستپێشخەرییە بكات‌و كاری پێویست بۆ جێبەجێ‌ كردنی بكات بۆ ئەوەی بتوانین هەرێم لەو بارودۆخە خراپەوە بگوێزینەوە بۆ بارودۆخێكی باشترو ئاسودەیی بۆ هاووڵاتییەكانمان بگێڕینەوە. بۆچونی ئێمە ئەوەیە كەئەم دەستپێشخەرییە دەبێ‌ بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ‌ كەبەڕێز بارزانی رایگەیاندووەو گۆڕانكاری لەهەر سێ‌ سەرۆكایەتی ئەنجام بدرێ‌. لادان لەو بنەمایە هیچ بایەخێك بۆ هەوڵەكانی چارەسەر ناهێڵێتەوە. كادیران ‌و جەماوەری یەكێتی‌و ئێمەش بڕوای تەواومان بەپەرۆشیی ئێوە هەیە بۆ جێبەجێ‌ كردنی دەستپێشخەرییەكە بەو جۆرەی كەبەڕێز بارزانی رایگەیاندووەو هیوامان وایە هەموو تواناتان بۆ ئەم مەبەستە بخەنە كار.
2-پشتگیریی ئەوە دەكەین كەیەكێتی پڕۆژەیەكی نیشتمانیی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێم هەبێت، بەتایبەتی كەبڕیاری ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیە بڕیاری كۆبونەوەی رۆژی 24ی كانونی یەكەمی 2016ی ئەنجومەنی سەركردایەتییە. ئەو رەخنەیەشمان قبوڵا بفەرمون كەئێمەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەدەنگمان بەئامادەكردنی پڕۆژەكە داوە، گەڵاڵەی پڕۆژەكەمان بۆ نەنێردراوەو لەمیدیاكان خوێندومانەتەوە.
دڵنیاین لەوەی كەبەڕێزتان لەوە تێدەگەن كەهیچ پڕۆژەیەك نابێتە پڕۆژەی فەرمیی یەكێتی ئەگەر لەئەنجومەنی سەركردایەتی تاوتوێ‌ نەكرێ‌‌و دەنگی پێ‌ نەدرێ‌. بەگونجاویشی دەزانین كە پرۆژەكە رەزامەندیی ئەنجومەنی ناوەندیشی لەسەر بێ‌.  هەروەها پێمان خۆشە ئەوەمان بۆ روون بكەنەوە كەگەڵاڵەی پڕۆژەیەكی هێشتا پەسندنەكراو لەئەنجومەنی سەركردایەتی، چۆن دزەی كردووە بۆ میدیاكان‌و بەزمانی كوردی‌و عەرەبی بڵاوبۆتەوە. دڵنیاین كەئێوەش وەكو ئێمە لەم مەسەلەیە نیگەرانن. وەك باوە، ناكرێ‌ مەسەلەیەكی وا بەبێ‌ لێكۆڵینەوە تێپەڕێ‌. پێشنیار دەكەین لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەدزەكردنی پڕۆژەكە پێك بهێنرێ‌ بۆ ئەوەی وردەكاریی ئەم كارە خراپەمان بۆ روون ببێتەوە.
دیارە نابێ‌ دزەكردنی گەڵاڵەی پڕۆژەكە مەسەلە بنچینەییەكەمان لەبیر بباتەوە، ئەویش مەسەلەی تاوتوێ‌ كردنی پڕۆژەكەیە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و دەركردنی بڕیاری پێویست لەبارەیەوە.
3-پێشنیار دەكەین پێكهاتەی شاندی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵا پارتی گۆڕانی بەسەردا بێت بۆ ئەوەی ئەو شاندە بتوانێ‌ ئەركەكەی خۆی بەچاكترین شێوە جێبەجێ‌ بكا. مەرج نیە هەموو ئەندامەكانی شاندەكە لەدەستەی كارگێڕو مەكتەبی سیاسی بن. بەپێویستی نازانین ئەوە رون بكەینەوە كەئێمە رێزێكی بێ‌ پایانمان بۆ هەموو ئەندامەكانی شاندەكە هەیەو هیچ گومانێكمان لەهەوڵدانیان بۆ سەرخستنی دانوستانەكان‌و دەربڕینی راو بۆچونەكانی یەكێتی بەچاكترین شێوە نیە. بەڵام بۆ بەرژەوەندیی یەكێتیی وا گونجاوترە شاندەكە تەنها لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێك نەیەت.
ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ بەشداری كردن لەپێكهاتەی ئەو شاندە. گرنگ نیە پێكهاتەی شاندەكە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بگۆڕدرێ‌ یان لەدەرەوەی كۆبونەوە. ئەگەر لەدەرفەتێكی نزیكدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەسترا، دەكرێ‌ ئەم بابەتە لەوێ‌ باس بكرێ‌‌و ئەگەر زانرا كۆبونەوەكە دوا دەكەوێ‌، هیچ كێشەیەك نیە ئەگەر لەدەرەوەی كۆبونەوە پێكهاتەكەی بگۆڕدرێ‌.
4-ئێمە بەبایەخێكی زۆرەوە دەڕوانینە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵا پارتی دیموكراتی كوردستان‌و داوا لەبەڕێزتان دەكەین هەموو كۆسپەكانی بەردەم پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە لابەرن. لەڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ ئەو پەیوەندییە گرنگە، داواكارین لەكۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا لیژنەیەك لەچەند ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پێك بێت بۆ تاوتوێ‌ كردنی مەسەلەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵا پارتی‌و پێشكەش كردنی راپۆرتێك لەم بارەیەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەدیاری كردنی هەڵوێستی كۆتایی لەڕێككەوتنی ستراتیجیی نێوان یەكێتی‌و پارتی.
5-بەقەد ئەوەی كەپەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵا پارتی بەپێویست دەزانین، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵا بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویست دەزانین. بۆیە بەپێویستی دەزانین رێككەوتنی سیاسیمان لەگەڵا گۆڕان كارا بكرێ‌‌و گۆڕانكاری لەپێكهاتەی سەركردایەتیی هاوبەشی نێوان هەردولا بكرێ‌ بەجۆرێك كەلێپرسراوی مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی ببێتە ئەندامی سەركردایەتیی هاوبەش چونكە سنوری ئەو مەڵبەندە پەیوەندیی راستەوخۆی بەمەسەلەی رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و گۆڕانەوە هەیە.
6-جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كەپێویستە مەكتەبی سیاسیی بەرێز بەرنامەیەكی هەمەلایەنە بۆ كاراكردنەوەی مەڵبەندو مەكتەب‌و دەزگاكانمان‌و چاك كردنی باری بژێوی كادیرەكان دابنێ‌‌و كێشە داراییەكانی ئەو مەڵبەندو مەكتەب‌و دەزگایانە بەپێی توانا چارەسەر بكات.
7-پێشنیار دەكەین لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا مەسەلەی هەڵبژاردن تاتوێ‌ بكرێ‌. بۆ كادیران‌و جەماوەری یەكێتی زۆر گرنگە ئەوە رابگەیەنرێ‌ كە یەكێتی هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردو خاوێن دەخاتە گەڕ. پێویستە لەئێستاوە لیژنەی تایبەت بۆ خۆئامادەكرن بۆ هەڵبژاردن بەسەرپەرشتیی دەزگاری هەڵبژاردن پێك بهێنرێ‌. دیارە ئەمەش پێویست بەوە دەكات كەهەموو پێداویستییەكان بۆ دەزگای هەڵبژاردن دابین بكرێن. ئێمە هەمومان لەخزمەتی دەزگای هەڵبژاردن داین‌و هەر كارێك ئەو دەزگایە پێمان بسپێرێ‌ بەخۆشحاڵییەوە ئەنجامی دەدەین.
 
لەگەڵا ئەوپەڕی ڕێزدا. . .
 
پەروین كاكە حەمە
بڵێسە جەبار فەرمان
سیروان كوێخا نەجم
سامان گەرمیانی
فەرید ئەسەسەرد
لەتیف شێخ عومەر
رەهبەر سەید برایم
خالید شوانی
وەستا رەسوڵا
هەڵۆ پێنجوێنی
ئاڵا تاڵەبانی
د. جوان ئیحسان

كادرەكانی یەکێتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە