کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویستە یەکێتی و گۆران ئاگایان لەم یاریەی پارتی بێت

Sunday, 15/01/2017, 0:30


پێش ئەوەی بە چری بچمە نێو ناوەرۆکی  باسوخواسەوە،  دەبێت هەر لە سەرەتاوە زۆر بە راشکاوی بڵیم، زەرورە کە  هەندێک کادری یەکێتیی خاوەن پشتخانی جۆربەجۆر ، بە تەنها لە چاو و هەڵوێست و رەفتاری کۆن و مێژووی نەوشیروان موستافەوە، گۆران بە گشتی نەخوێننەوە و، بە هەمان شێوە هەندێک لە هەڵسوراوانی کورتبینی گۆران، بەتەنها لە چاو ململانێ و رکابەری و رەفتار و هەڵوێست و مێژووی مەلا بەختیارەوە، یەکێتی بە گشتی نەخوێننەوە و، دەبێت هەر لایەکیان لەم کاتە زۆر هەستیار و چارەنوسسازەدا وا تەماشای ئەویتر بکات، کە نە نەوشیروان موستەفا و نەش مەلا بەختیار لە ساحەی سیاسی کوردستان و هەردوو حزبەکەدا هەن و تەنها بەرژەوەندی هەردوولا و گەلی کوردستان بزوێنەریان بێت و فشارە هەمەجۆرەکانیان بەو ئاراستەدا بێت، تاوەکو پێشتر پارتی زەفەریان پێ نەبات . 
پاش ئەم هەموو کات کوشتن و مەیلساردی و بێهیواییە، وا لەپاش دواکۆبونەوەی پارتی و یەکێتی،  ئەمرۆ پارتی بانگەشەی ئەوە دەکات کە رەنگە گفتوگۆی لایەنەکان بگاتە دەرئەنجامێک، ئەمیش بە پشتبەستن بە جۆرێک لە راوبۆچونی تازەی یەکێتی  و نیمچە قایلبونی بە هەندێک بۆچون و، بەوەی کە جۆرە گۆرانکاریەک لە هەڵوێستی لایەنەکان و بە تایبەتی پەیوەندی گۆران و یەکێتی روویداوە و تا رادەیەک بێهودەبونیان لە رێکەوتنی نێوانیان پێوەدیارە و، بەو پێیەی  راوبۆچونی تازەی یەکێتی کە لە سۆنگەی کێشە و بێشە نێوخۆییەکانیەوە مامەڵە هەمەجۆرەکانی لەگەڵ گۆران و پارتی رێکدەخات و،  تەماشای پرس و کەیسەکان لە چەندین روانگەی جیاجیای پشت بەستو بە بۆچون و عەقڵیەت و پشتخانی سەرکردەکان و جۆری روانینی کەسە دەسترۆیشتوەکان بۆ پرس و پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا دەکات  و، دیسان  بە پێی پەیوەندیە حزبی و شەخسیەکان و لەسەر رێژەی  قازانج و زیانی تەسکی شەخسی و ململانێی باڵ و کەسەکان و بە تایبەتی پەیوەندیان لەگەڵ گۆران و پارتیدا، مامەڵەکانیان رێکدەخەن و ریزبەند دەکەن، پارتی زۆر گەشبین بووە و  ئەم خۆشنودیەی راگەیاندووە  . بۆیە دەبێت یەکێتی و گۆران ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرن :
1-دەبێت یەکێتی و گۆران باش بزانن فراوانبونی درزی نێوانیان لە قازانجی مانۆر و بۆچون و یاریەکانی پارتی دەکەوێتەوە و تەنها هەردوولایان بە تایبەتی و گەلی کوردستان بە گشتی زیان دەکەن .
2- مانەوەی رقو کینەی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی کۆن( واتە یەکێتی و گۆرانی ئێستا و کادرە حازربەدەستەکانیان ) و دوور کەوتنەوەیان لە لێبوردەیی و موکوربون لەسەر دژایەتی شەخسی و حزبی، تەنها لەسەرحسابی بەرژەوەندیە گرنگەکانی یەکێتی و گۆران دەکەوێتەوە و لەدەرئەنجامدا بەزەرەر بۆ گەلی کوردستان بە گشتی دەکەوێتەوە .
3- فرەلێدوانی و هەڵوێستی زۆر و جۆراوجۆری کادران و هەڵسوراوە سەرەرۆکانی یەکێتی وگۆران و لەبەرچاونەگرتنی وەزعی نێوخۆی یەکێتی و گۆران و نەخوێندنەوەی خۆمەڵاسدان وسیاسەتەکانی پارتی، جگە لە دروستکردن و فراوانبونی خاڵی لاوازی هەردولا و دوورکەوتنەوەیان لەیەکتر هیچ شتێکی تری لێ سەوزنابێت و جگە لە هەردوولا هیچ لایەک زیان ناکات .
4- زۆر پێویستە و بە تایبەتی لەم کاتەدا، سەرکردایەتی هەردوو لایەن بە بیروعەقڵێکی ستراتیجیانەی یەکجار زیرەکانەوە بیربکەنەوە و رەفتار و مامەڵە بکەن و خۆ بەدوور بگرن لە رهەڵویشت و قسە و بۆچونی کرچ و کاڵی خەڵکانێک کە واقیع وەک خۆی ناخوێننەوە و بەرووکەشانە لە پرسەکان دەروانن و یاریە هەمەجۆرەکانی لایەنە نێوخۆیی و دەرەکیەکانیان پشتگوێ خستوە( بە تایبەتی سیاسەتی پارتی لە پەرتکەوزاڵبە و ئامۆژگاریەکانی تورکیا و ئێران لەمەر پرسە نێوخۆییەکانی کوردستان ) بە روونی نابینن و نازانن هەڵوێستی یەکانگیری پارتی لەگەڵ هەرلایەکیاندا بێت قازانجەکەی کاتیە و، ئەگەر لە زەرەری کاتی لایەکەیتر بێت، لە زەرەری دوور مەودای هەردولایاندایە و، ەر درزخستنە نێوانیان بە تەکتیک و مانۆری پارتی و دوور خستنەوەیان لە رێککەوتنەکەی نێوانیان بۆ دواجار بە پاشکۆیەتی هەردولایان بۆ پارتی دەکەوێتەوە . پێویستە هەردوولا بە وردی سیاسەتی خۆیان و پارتی لێکبدەنەوە و دوور بن لە قسەی نەستەق و باق و بریق و هەڵخەڵەتێنەری پارتی بۆ ئەم قۆناغە و، خۆیان لە مەلەزاتەکان و دەمچەورکردنە هەمە چەشنەکان بە دوور بگرن .
ئەوەی روونە بۆ هەردوولایان تاقیکرایەوە، کە پارتی تاوەکو سنوری بەرژەوەندیەکانی خۆی لە گەڵ هەر لایەکیانە کە رێککەوتنی لەگەڵ بکات  و پەیوەندی باش بێت لەگەڵیدا، ئەمە هەم لە رێکەوتنە ستراتیجیەکەی لەگەڵ یەکێتیدا  و هەمیش لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆراندا بۆ بەشداریکردنی لە حکومەتی هەرێم دەرکەوت . وا ئێستا دیسان پارتی خەریکە ئەو یاریە لەگەڵ یەکێتیدا دووبارە دەکاتەوە  . دەبێت یەکێتی بە تایبەتی لەم بارەوە وریا بێت و مێژووی باش لەبیر بێت و ئەوەش بزانێت پارتی نیازی ئەوەیە هەر جارە یەکێک لەم دوولایەنە لە بەرامبەر ئەویتر بەکار بێنێت . زۆر پێویستە دەرس و پەندیان وەرگرتبێت و هیچ لایەکیان نەیەکێتی و نەش گۆران، بە تەنها لە گفتوگۆکان بێ یەکتری هیچ هەنگاوێک نەنێن . 
بۆیە بە باشی دەزانم بڵێم، لەم کاتەدا و پاش ساردبونەوەی نارەزایەتیەکانی خەڵک و بێهودەیی و درێژبونەوەی چاوروانی و زاڵبونی مەیلساردی، پارتی دەیەوێت بەم هەلقۆستنەوەیە مەرامەکانی بسەپێنێت و لەم بەینەدا یەکێتی دیسان لە خشتەبەرێت و دووری بخاتەوە لە گۆران . بۆیە زۆر پێویستە لەسەر یەکێتی و گۆران بەرژەوەندی تەسکی سەرکردەیەک یان کادرێک یان هەڵسوراوێکی تازەپێگەیشتو فەرامۆش بکەن و نەهێڵن هەڵوێستی ئەم و ئەو زاڵ بێت بەسەرستراتیجی بیر و عەقڵباندا 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە