دیسان بەهارە و باس وخواسی چاکسازی هاتە ئاراوە
Thursday, 12/01/2017, 2:42
ماوەی ساڵێکی رەبەقە، فەرمانێک لە لایەن خەڵکانی عالی نەسەب لەسەر چاکسازی لەکوردستاندا دراوە و، بەینەبەین و هەر جارەو بێ ئەوەی هیچ شتێکی راستی لەبارەوە بدرکێنرێت، دەنگ بەرزدەبێتەوە و لە کاتێکی دیاریکروای خۆیدا کە ئەم دەسەڵاتە و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پێویستی پێی بێت لەبەرچەندین هۆ، ئەم بابەتە دێتەوە بیری دەسەڵات و دوور لە جەوهەری پرسەکە کۆبونەوەی حزبیی و فەرمانرەوایی بۆدەکەن و دەامودەزگا حزبی و سێبەرەکانی پێوە سەرقاڵ دەکەن . ئەمیش لە پێناو کۆمەڵێک ئامانجی لاوەکی: لەوانە خۆدەربازکردن لە فشاری جادە و نارەزایەتی خەڵک و نزیبکونەوەی یادەکان و کات کوشتن و لە پێناو ئامانجێکی سیاسی رۆژانە و دوور لە جەوهەری خودی چاکسازی . تەماشادەکەیت هەندێک دەستە و خەڵکانی سەر بە کۆمەڵێک دەزگای بەناوسەربەخۆی لە بنەرەتدا حزبی و بەموحاسەسە دروستکراوی دەسەڵات و حزبە دەسترۆیشتوەکان، دەکەونە جموجوڵ و باس وخواسی چاکسازی گەرم دەبێت، بێ ئەوەی دەست بخرێتە سەر خودی برینەکان و ئاشکراکردنی چۆنێتی چارەسەرکردنیان و گرتنەبەری رێگەیەکی زانستی و واعقبینانە و دوور لە ململانێی سیاسی، بە شەرمەوە کۆبونەوەی لاوەکی بۆ دەکەن .
چاکسازی وەک چەمکێکی هەمەگیری فراوان، یان بەشێویەکی ریشەیی چارەسەری گەندەڵی و لادان و کەموکورتی و کێشە هەمەچەشنەکان دەکات، یان بە رێژەیەک لە بوارێکدا یا لەسەرجەم بوارە سەرەکیەکاندا گۆرینی راستورەوا و وەزعی نالەباری خەڵک لەلایەنی سیاسی و ئیداری و مالی و تەنانەت رۆشنبیری و ئیخلاقیش بەرەو پێشەوە دەبات و، پرۆسەیەکی بەردەوامی سیستمێکی دیموکراسی و پێشکەوتنخوازانەیە.
وا ئێستا و ئا لەم کاتەدا دەنگی زوڵاڵی دەسەڵات بەرزبۆتەوە و باس لە چاکسازی دەکەن!! ئەم جارەش یان وەک ئەڵتەرناتیڤی بابەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بۆ مەبەستی تر موزایەدەی پێوەدەکەن، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ ناتوانن باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بکەن، یان لە ژێر فشاری جادە نزیکبونەوەی کۆتاییهاتنی کاتی شەری داعش و هاتنەوەی نەورۆز و یادەکان و موژدەبەخشینەوەیە بە خەڵک و، لە پێناو زەمینەسازی پێشوەختەیە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، یان دەیانەوێت بەم بابەتەوە کێشە سەرەکیە هەرەگەورەکە، کە خۆی لە سێ خاڵدا دەبینێتەوە، ئەویش بەرجەستەکردنی پرسی سیستمی سیاسی پەرلەمانی و کێشەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و کاراکردنی پەرلەمانە، بە باسکردنی شتی بچوک و لاوەکی و کۆبونەوە لەسەر گەندەڵی وردی خوارەوەی جۆگەڵە ئاسای دوور لە رووبارە گەورەکەی گەندەڵیە بەربڵاوەکە، پەردەپۆش بکەن و خەڵک مەشغوڵ بکەن و دەیانەوێت پرسە گەورەکان لەبیری خەڵک بەرنەوە و بەردەوام بن لە سەر ئەم حاڵەتەی قۆرخکاری و بێ یاسایی و نەبونی هیچ شتێکی شەرعی لە کوردستاندا . دەیانەوێت تاوەکو هەڵبژاردن وەک خۆیان مەبەستیانە بەرێی بکەن.
ئەگینا چاکسازی وەک پرسێکی فراوانی بەردەوام مەرجی پێشوەختە و ئالیەتی تایبەتی خۆی هەیە، لە زەمینەیەکی نەبونی ئەو مەرجانەش لە بنەرەتدا، لە هەرێمی کوردستاندا بێ بنەما و بە روکەشانە باس لە چاکسازی دەکرێت، ئەو واقیعەش لە ئەمانەدا خۆی دەبینێتەوە:
1-نەبونی شەفافیەت و باس نەکردنی بابەت و پرس و کێشەکان وەک خۆی .
2- نەبونی دەسەڵاتێکی پاک و نەزیە کە متمانەپێکراو بێت بۆ هەنگاونان بەرەو چاکسازی .
3- نەبونی دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی سەربەخۆی دوور لە سێبەر و فەرمانی حزب و کەسایەتیەکان .
4-جگە لە کۆبونەوەی هەرەمەکی و قسەوباس و راپۆرتی زارەکی و بەشداری خەڵکی نابەرپرس و دوور لە متمانەی خەڵک، هیچ ئالیەتێکی زانستیانەی دروست و هیچ ئامرازێکی پێویست بۆ چاکسازی لە ئارادا نیە.
5- نەخوێندنەوەی دروستی قۆناغەکە و گرنگی نەدان بە کات لە چارەسەرکردنی کێشەکان و نەبونی تەبایی و یەکریزی و هەماهەنگی لایەنە سەرەکیەکانی کوردستان، گەورەترین گرفت و تەگەرەی بەردەم چاکسازی راستەقینەی کوردستانە .
ئەوەی پێویستە و لە هیچ شوێنێک لەبەرچاو نەگیراوە، کە کێ چاکسازی دەکات و کێ پێی دەکرێت و چۆن دەکرێت ؟
لە کوردستانی خۆماندا دەتوانین بڵێین، لە سێ رێگەی سەرەکیەوە دەکرێت هەنگاوەکانی چاکسازی پیادە بکەین: یان دەسەڵات و مەرجەعێکی متمانەپێکراوی زاهید و دەست و داوێن پاک و دوور لە گەندەڵی و خاوەنی دەستە و تاقمی دڵسۆز و خەلکی دەوروبەر خاوێن، ئەمیش تا ئێستا لەکوردستاندا نیە، یان لە رێگەی دامودەزگای مەدەنی یان دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵاتی بەهێز و کاریگەر و باوەرپێکراوی سەربەخۆی دوور لە هەژمونی حزب و کەسایەتیە دەسترۆیشتوەکان، کە ئەمیش لەم کاتەدا لە کوردستاندا بونی نیە، یان بە پەرلەمانێکی کارای خاوەن دەسەڵاتی چاودێری و تەشریعی راستەقینەی دوور لە فەرمانی حزبی و کەسی، کە دیسان ئەمیش بونی نیە .
بۆیە، ئەم قسەوباسە تازانەی لەم چەند رۆژەدا دەربارەی چاکسازی دەیبیستین، تەنها بۆ چەند ئامانجێک نەبێت بۆ جێبەجێکردنی خودی پرۆسەکە نیە، لەبەر ئەوەی ئەوکەسانەی ئیدعای چاکسازی دەکەن بەخۆیان لە چاکسای زەرەر دەکەن و بە هەر پرۆسەیەکی لەم چەشنە گەندەڵیە هەمەچەشنەکانیان زیاتر دەکەونە بەر نەفرەتی خەڵک و ئامانجە دوورمەوداکانیان ناپێکن . بۆیە چاکسازی بە خەڵک و دامودەزگایەک دەکرێت کە دەستی لە گەندەڵیەکاندا نەبێت، بە لایەن و کەس و حزبێک دەکرێت کە ئیرادەی راستەقینەی چاکسازی هەبێت و راستگۆ بێت و تەکسبین و بەرژەوەنخوازی تەسکی حزبی و شەخسی و نەرجسی نەبێت و کاری جدی بکات و دوور بێت لەچەواشەکاری و بەخۆی هۆکاری ئەم فەوزایە نەبێت کە لە کوردستاندا هەیە . بۆیە، ئێستا و پێشوەختە بە روونی دەیڵێم، بەم دەسەڵاتە و بەم پێکهاتە و بەم عەقڵیەتە فەرمانرەواییەی کوردستان و بەم گەندەڵکاری و مافیایەی تەشەنەی کردووە هیچ متمانە و باوەرێکم بەوە نیە کە تاکە هەنگاوێکی چاکسازی راستەقینە دوور لە پینەوپەرۆ جێبەجێ بکرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست