کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسەتى برسى کردنى هاووڵاتیان لەپێناو چیدا؟

Sunday, 08/01/2017, 1:32


حکومەتى هەرێمى کوردستان ماوەى چەند ساڵێکە سیاسەتى برسى کردنى هاونیشتیمانیانى خۆى گرتۆتە بەر  کە ئەم سیاسەتە بە شێکە لە ستراتیجیەتى سەرکردە سیاسیەکانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار لە پێناو ناچار کردنى خەڵکى کە ملکەچى سیاسەتەکانیان بن و کاریگەرى ئۆپۆزسیۆن کەم بکەنەوە.
سیاسەتى برسى کردن لە پاڵ ئەوەى کە سیاسەتێکى نا ئەخلاقیە چەندین دەر ئەنجامى ترسناک بەدواى خۆیدا دەیەنێت کە کاریگەرى نەرێنى لە سەر هەرێمى کوردستان بە جێدەیەڵێت.
دەروازەیەک بۆ ناساندنى سیاسەتى برسى کردن
سیاسەتى برسیکردن بریتیە لەو سیاسەتەى کە لە ڕێگەیەوە  هاوڵاتیان ناچار دەکرێن لە بارو دۆخێکى ئابورى قورسدا ژیان بگوزەرێنن بە شێوەیەک کە تواناى ئەوەیان نەبێت بتوانن پێداویستە سەرەتایەکانى ژیان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن .
جاران ووڵاتە داگیرکەرە گەورەکان ئەم سیاسەتەیان دەگرتە بەر  بەرامبەر بە هاوڵاتیانى ئەو ووڵاتانەى کە داگیریان دەکرد ئەمەش لە پێناوى ئەوەدا بوو کە هاوڵاتیانى ئەو ووڵاتەى کە داگیریان کردووە ملکەچى و سیاسەسەتەکانیان ببن.
ئەم سیاسەتە سیاسەتێکى نا ئەخلاقیە بەو پێیەى لە سەر ئەوە بنیاد نراوە کە سوکایەتى بە شەرە فو کەرامەتى  مرڤ بکرێت،  تاکەکان ناچار دەکرێن لە پێناو ئەوەى کە درێژە بە ژیانى ئاساى خۆیان بدەن چاو لە ناعەدالەت و  گەندەڵیەکانى دەسەڵات بپۆشن.
لە راستیدا دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان لە پێناو  ملکەچ کردنى خەڵکى هەرێمى کوردستان ئەم سیاسەتە دەگرنە بەر و دەیانەوێت لەم رێگەیەوە درێژە بەمانەوەى خۆیان بدەن.
ئامانجى پیادەکردنى سیاسەتى برسى کردن
دەسەڵاتدارانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار لە هەرێمى کوردستان بەر پرسیارى سەرەکین لە پیادە کردنى ئەم سیاسەتە لە پێناو بە دەست هێنانى زۆر ترین داهات بۆ خۆیان و پارتە کانیان ئەم سیاسەتەیان گرتۆتەبەر وە بۆ سەر شێواندنى خەڵکێش هەمیشە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دۆخە دەر ئەنجامى قەیرانى داراییە بەڵام لە ڕاستیدا شتێک بەناوى قەیرانى داراییەوە بوونى نیە.
قەیرانى داراى قەیرانێکى دروستکراوە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە پێناو بردنى داهاتى ئەم هەرێمە بۆ گروپێکى بچوکى دەسەڵاتدار
یەکێکى تر  لە ئامانجە بنەڕەتیەکانى سیاسەتى برسى کردن کە لە لایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە پیادە دەکرێت بریتیە لە دروست کردنى کۆمەڵگەیەکى مەڕ ئاسا کە بەڵى بۆ هەموو سیاسەتەکانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار بکات.
بەگرتنەبەرى سیاسەتى برسى کردن لەلایەن  حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەسەڵاتداران دەیانەوێت    کە خەڵکى ناچار بکەن جارێکى تر بگەڕێنەوە ناو هەردوو پارتى دەسەڵاتدار و لە چوار چێوەى ئەو پارتانە سیاسەت بکەن لە پێناو ئەوەى کە لە رێگەى ئەم پارتانەوە بتوانن هەندێک داهاتیان دەست بکەوێت بۆ درێژە پێدان بە ژیانى ئاساى خۆیان.
 ئەکرێت ئەمەش بە خەیاڵێکى سیاسى  ناو ببەین چونکە دواى ئەوەى ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵێکى دیارى بینى لە ووشیار کردنەوەى خەڵکى هەرێمى کوردستان لە میانەى (2009-2013 )  ئەگەر بە قورسکردنى گوزەرانى خەڵکى هەندێک ناچار بن پەنا بۆ هەردوو پارتى دەسەڵاتدار بەنەوە، ئەوە بە تێپەڕبوونى ئەم دۆخە دەکەونە بەرەى دژایەتیان .
دەرئەنجامى سیاسەتى برسیکردن
زۆر جار سیاسەتى برسى کردن دەبێتە هۆکارى سەرەکى بۆ دروست بوونى هەندێک دیاردەى کۆمەڵایەتى کە ئەکرێت بە لادانى کۆمەڵایەتى ناوى بێنین وەک (لەشفرۆشى).
  هەرێمى کوردستان ئێستا لە لێوارى ئەوەدا کە ئەم دیاردەیە بەرەو هەڵکشان بڕوات وە خەڵکانێک تەنها لە پێناو ئەوەى کە ژیانێکى ئاساى  بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن دەست دەکەن بەم کارە.
ئەکرێت ئاماژەش بەوەش بدەین کە ئەکرێت هەر لە ڕووى کۆمەڵایەتیەوە بەهۆى ئەم سیاسەتەوە دزى کردن تەشەنە بسێنێت.
جگەلەمانەى کە ئاماژەمان پێکرد  ئەم سیاسەتە بۆتە هۆى  ئەوەى کە ڕێژەى جیابوونەوەى خێزانەکانیش زیاد بکات لەهەمان کاتیشدا چونە ناو پرۆسەى هاوسەرگیرى کەم بکات.
سیاسەتى برسى کردن لە ڕووى ئابوورییەوە بۆتە هۆى ئەوەى کە جوڵەى ئابورى کەمبکات و بازارەکان وەکو جاران مامەڵەى ئابورى بە شێوەیەکى فراوان بەخۆوە نەبینن.
لە ڕووى سیاسیەوە ئەم سیاسەتە هۆکارێکى سەرەکیە بۆ  ئەوەى کە هاوڵاتیان متمانەیان بە حکومەت و پارتە سیاسیەکان نەمێنێت و ناڕەزایەتیەکانیان دەر ببڕن  بەچەندین جوڵانەوە لە شێوەى بزاوتى رێکخراودا .
ئەو بێمتمانەیەى کە لە دەر ئەنجامى پیادە کردنى ئەم سیایسەتەوە دروست بووە لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات دور نیە سەر بکێشێت بۆ دروست بوونى توندوتیژى سیاسى ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە