کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یاسا یا حیزب، كامیان حاكمی خوێندنی باڵان ؟

Wednesday, 04/01/2017, 2:26


ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی وڵات، په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ته‌نفیزی به‌هه‌مو وه‌زاره‌ت وده‌سته‌باڵاكانه‌وه‌ به‌پێی یاسا  داده‌مه‌زرێن وپسپۆریه‌كانیان دیاری ده‌كرێ‌، هه‌رده‌زگاو دامه‌زراوه‌یه‌ك یاسای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌ر یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه‌ له‌ رووی پێكهاتن و ئه‌داكردنی كارو پسپۆریه‌كانی تا چه‌ند رێز له‌ یاساكان به‌گشتی ویاسا تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌گرێت یا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێشێلیان ده‌كات، ئه‌وه‌ به‌نده‌ به‌ ئاستی سه‌قامگیری سه‌روه‌ری یاسا له‌وڵاته‌كه‌دا.
 له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌رچه‌نده‌ ته‌واوی دامه‌زراوه‌ حوكمرانیه‌كان یاسای تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی غیابی سه‌روه‌ری یاساوه‌ دامه‌زراوه‌كان به‌ مه‌زاجی حیزب پێكده‌هێنرێن وبه‌رێوه‌ ده‌برێن، لای هه‌موان ئاشكرایه‌ كه‌ ته‌زكیه‌و ئینتمای حیزبی پێوه‌ره‌ بۆ پركردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان له‌بری هه‌مو پێوه‌ره‌كانی تر، له‌مه‌شه‌وه‌  پرنسیپه‌كانی سه‌روه‌ری یاساو یه‌كسانی هاوڵاتیان پێشێل ده‌كرێن وله‌ ئه‌نجامیشدا ماف وئازادیه‌كانی خه‌ڵك. 
 ئه‌و پێشه‌كیه‌م به‌ پێویست زانی  تا بێمه‌ سه‌ر یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ژماره‌ (10) ساڵی (2008) وبزانین  چه‌ند رێزی لێگیراوه‌، یاساكه‌ به‌ پێی مێژووه‌كه‌ی  له‌لایه‌ن ئه‌و خوله‌ په‌رله‌مانیه‌وه‌ ده‌رچوه‌ كه‌ یه‌كیه‌تی وپارتی تیایدا باڵا ده‌ست بون و هێشتا ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترا ئۆپۆزسیۆن نه‌گه‌یشتبوه‌ په‌رله‌مان.  
ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا به‌ وه‌زاره‌ت و زانكۆو په‌یمانگاكانه‌وه‌  پێش ده‌رچونی ئه‌و یاسایه‌ وه‌ك ده‌زگاكانی تری هه‌رێم بێبه‌ری نه‌بون له‌ ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی،  زۆربه‌ی سه‌رۆكی زانكۆو راگرو سه‌رۆكی  به‌شی زانستی به‌ته‌زكیه‌و ره‌زامه‌ندی حیزب داده‌نران دوور له‌ پێوه‌ری زانستی ، دوای ده‌رچونی یاساكه‌ش تاكو ئێستا هه‌مان تاس وحه‌مامه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رده‌می به‌رێز دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لاوه‌دین، مۆدیلێكی تر داهێنرا بۆ پركردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی زانكۆ وراگره‌كان، كه‌ له‌ پێگه‌ی ئه‌لكترونی وه‌زاره‌ته‌وه‌  اعلان بۆ پۆسته‌ به‌تاڵه‌كان ده‌كرا و ماوه‌یه‌ك دیاریده‌كرا بۆ پێشكه‌شكردنی داواكاری وسیڤی  له‌لایه‌ن مامۆستایانه‌وه‌ و رۆژێكیش ده‌ستنیشان ده‌كرا بۆ موقابه‌له‌ی  كاندیده‌كان، گوایه‌ وه‌ك وڵاتانی پێشكه‌وتو دیموكرات چانسی وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ بۆ لێوه‌شاوه‌ترین كاندیده‌ له‌رووی هه‌بونی مه‌رجه‌ یاسایی وزانستیه‌كانه‌وه‌ !!  به‌ڵام ئه‌وداهێنانه‌ بۆخۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك بوو، چونكه‌ سه‌رده‌می دكتۆر دلاوه‌ر و دوای ئه‌ویش ئه‌وه‌ی حسابی بۆ نه‌ده‌كرا له‌و بواره‌دا مه‌رج وپێوه‌ره‌ یاسایی وزانستیه‌كان بو، زۆرینه‌ی مامۆستایانی زانكۆ ئه‌گه‌ر راستگۆبین له‌گه‌ل خۆمان ده‌زانین له‌ژێر به‌ره‌ چی ده‌گوزه‌را، چۆنكه‌  پرۆسه‌كه‌ له‌ ئه‌لفیه‌وه‌ تا یای له‌ نێوان كه‌سانی سه‌ر به‌ حزب به‌رێوه‌ ده‌براو لیژنه‌ی مقابله‌كردنیش هه‌ر خۆیان بون، شانسی ده‌رچون له‌ 95% زیاتر بۆ حیزبیه‌كان بو، غه‌یری ئه‌وان یا ئه‌وه‌ته‌ په‌روه‌نده‌كه‌ی وون ده‌كراو  نه‌ده‌چوه‌ مقابله‌وه‌ ، وه‌ ئه‌گه‌ر كاندیدیش بكرایه‌ له‌ رۆژی مقابله‌ زه‌ربێكیان به‌ سه‌ر ناوه‌كه‌یدا دێنا هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و زه‌ربه‌ زۆر جار پێش مقابله‌ش داده‌نرا  !!. 
       مه‌به‌ستی ئه‌و نوسینه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی گشتیه‌ نه‌ك تایبه‌ت و تانه‌و ته‌شه‌ردان له‌كه‌س،  چونكه‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ رۆڵی گرنگ ده‌بینێ‌ له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاو پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی كارامه‌و به‌سوود بۆ دوارۆژی وڵات، ئه‌گه‌ر حیزب بوار بدات به‌ رێره‌وی زانستی خۆیدا بروات ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا هه‌موی زه‌ره‌رمه‌نده‌ له‌و سیاسه‌ته‌ی گیراوه‌ته‌ به‌ر تا ئێستا ده‌رهه‌ق به‌ خوێندنی باڵا، ئاكامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ ده‌بینین زانكۆكان له‌ بری ئه‌وه‌ی كادری به‌توانا له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی ژیان بۆ كۆمه‌ڵگا ئاماده‌ بكه‌ن، بونه‌ته‌ كارگه‌ی به‌خشینی بروانامه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی بایه‌خی نه‌مابێته‌وه‌ له‌و وڵاته‌ بروانامه‌ی زانستیه‌. 
      با هه‌ڵوێستی یاسای خوێندنی باڵای ئاماژه‌ پێكراو بخه‌ینه‌ روو ده‌رباره‌ی دانانی سه‌رۆكی زانكۆو راگرو سه‌رۆكی به‌شی زانستی، ئه‌وجا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چۆن زۆربه‌ی كات مه‌رجه‌ یاساییه‌كان قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حیزبی وتایبه‌ته‌كان كراون له‌ پێدانی ئه‌و پۆستانه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ خاوه‌نی ئه‌و پۆستانه‌ نازناوی زانستی گونجاویان نه‌بوه‌  یاخود خزمه‌تی زانكۆیی پێویستیان نه‌بوه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كانیان، به‌هۆی سیاسه‌تی ئاشكرای جیاكاری له‌ نێوان مامۆستایاندا بۆ پێدان و وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ له‌ئه‌نجامی بیرورای سیاسی وفیكریانه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ به‌وه‌كاله‌ت پرده‌كرێنه‌وه‌و هه‌ندێكیان هه‌ر به‌ وه‌كیلی دوا ئیمزایان كردوه‌ !!، له‌ كاتێكدا كه‌سانی شیاوتر هه‌ن و مه‌رجه‌ یاساییه‌كانیان به‌زیاده‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێلایه‌نن یا سه‌ر به‌حیزبی باڵا ده‌ست نین حسابی  هاوڵاتی ده‌ره‌جه‌ چواریان بۆده‌كرێ‌ !!، به‌ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی  یاسای خوێندنی باڵا كه‌ له‌ ماده‌ی (9) یدا هاتووه‌ و ده‌ڵێ‌ : ( سه‌رۆكی زانكۆ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ له‌سه‌ر پێشنیاری وه‌زیر بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ داده‌مه‌زرێ‌ و قابیلی درێژكردنه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌ك جار و به‌ پله‌ی تایبه‌تی ده‌بێ‌ و به‌پێی ئه‌م پێوه‌رانه‌ی خواره‌وه‌: یه‌كه‌م: بروانامه‌ی دكتۆرای هه‌بێ‌. دووه‌م: به‌لانی كه‌م پایه‌ی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ری هه‌بێت. سێیه‌م: خزمه‌تی زانكۆیی له‌ (10) ساڵ كه‌متر نه‌بێت. چواره‌م: خاوه‌نی تواناو شیاوی كارگێری و شاره‌زایی و ده‌ست پاكی و ئه‌مانه‌تی زانستی بێت له‌ كاركردندا.)، هه‌مان ئه‌و مه‌رجانه‌ش پێویستن بۆ راگری كۆلیج ( ماده‌ی (14)، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی به‌شی زانستیش ده‌بێ‌ نازناوی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ری هه‌بێت(ماده‌ی 16). واته‌ ده‌بێت سه‌رۆكی زانكۆ و راگر نازناوی زانستیان به‌لانی كه‌مه‌وه‌ پرۆفیسۆری یاریده‌رده‌ر بێ‌ و خزمه‌تی زانكۆییان له‌ (10) ساڵ كه‌متر نه‌بێت، ئه‌و خزمه‌ته‌ش له‌دوای وه‌رگرتنی بروانامه‌ی ماسته‌ره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.    وه‌ك بینیمان سیاسه‌تی خوێندنی باڵا هه‌ر ته‌نها پێچه‌وانه‌ی یاساكه‌ی خۆیه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو پێشێلكاریشه‌ بۆ حوكمه‌كانی ده‌ستوری عێراقی ساڵی (2005)،  كه‌ له‌ ماده‌ی(14) بریاری له‌ یه‌كسانی هاوڵاتیان داوه‌ له‌ به‌رده‌م یاسادا بێ‌ جیاكاری له‌ نێوانیاندا به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێ‌ ، و ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌ڵی وه‌ك یه‌ك (تكافو‌و الفرص) بۆ  هاوڵاتیان (ماده‌ی 16) ، مافی به‌شداریكردنی هاوڵاتیان به‌ ژن وپیاوه‌وه‌ له‌ كاروباره‌ گشتیه‌كان (ماده‌ی 20)، به‌رپرسیاره‌تی ده‌وڵه‌ت له‌ پاراستنی تاك له‌ هه‌ر فشارو ناچاركردنێكی فیكری و سیاسی وئایینی، هه‌روه‌ها ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی راده‌ربرین به‌هه‌مو شێوازه‌كان (ماده‌ی 37/دووه‌م، ماده‌ی 38/یه‌كه‌م)، تاكه‌كان ئازادن له‌ رووی فكرو ویژدان وبیروباوه‌ریانه‌وه‌ (ماده‌ی 42). ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌ خوێندنی باڵا گیراوه‌ته‌ به‌ر به‌ قۆرغكردنی ئه‌و بواره‌ بۆ حه‌لقه‌ له‌گوێكانی حیزب و له‌به‌رانبه‌ریشدا بێبه‌شكردنی هه‌مو ئه‌وانه‌ی تر كه‌ له‌ ره‌حمه‌تی حیزب بێ‌ به‌رین به‌هۆكاری جیاوازی فیكری و سیاسی وبیروباه‌ره‌وه‌، ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌ به‌ حوكمی  ئه‌و ماده‌ ده‌ستوریانه‌ و پێشێلكاریه‌كی  زه‌ق و ئاشكرایه‌ به‌ ماف و ئازادیه‌كانی مرۆڤ ویه‌كسانی هاوڵاتیان له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌.
    هه‌رچه‌نده‌  هه‌وڵ بۆ سه‌پاندن و به‌رجه‌سته‌كردنی سه‌روه‌ری یاسا ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ، به‌ڵام دادوه‌رانیش وه‌ك كه‌سانی بواره‌كانی تری كۆمه‌ڵگا له‌ زانكۆكانه‌وه‌ پێگه‌یه‌نراون، بۆیه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو زانكۆكان پێویسته‌ هه‌ست به‌رۆڵی گرینگ وكاریگه‌ری خۆیان بكه‌ن و به‌كرده‌وه‌ له‌ خه‌می به‌رقه‌راربونی سه‌روه‌ری یاسادابن و یاسا ده‌لیلی هه‌ڵسوكه‌وت وبریاره‌كانیان بێ‌ له‌ پێناو به‌رز راگرتنی پرنسیپی سه‌روه‌ری یاساو یه‌كسانی هاوڵاتیان له‌ ئاستیدا، وه‌ك ئاشكرایه‌ ته‌نها یاسا سه‌رچاوه‌ی رێكخستن وهێنانه‌كایه‌ی ژیانێكی ئارامه‌ بۆكۆمه‌ڵگا كه‌له‌سایه‌یدا بتوانی َ هه‌نگاو  به‌ره‌و  پێشكه‌وتن بنێ‌. چونكه‌ پركردنه‌وه‌ی پۆسته‌ زانستی وكارگێریه‌كان به‌ پشت به‌ستن به‌  پێوه‌ری حیزبی و به‌لاوه‌نانی پێوه‌ره‌ زانستی ویاساییه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت له‌ سه‌ر ئاستی زانست و ئه‌دای زانكۆكان ودواتریش له‌سه‌ر هوشیاری كۆمه‌ڵگاو پێشكه‌وتنی، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێ‌ پۆسته‌ زانستی وكارگێریه‌كان له‌ ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش بكرێن،  وه‌ك ئاكامێكی  سروشتی  ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌وا خاوه‌ن پۆسته‌كان ناچارده‌بن به‌ملكه‌چبون بۆ فرمانه‌كانی حیزب و قوربانیدان به‌ رێكاره‌ زانستی ویاساییه‌كان له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئافه‌رینێكی حیزب  و ورازیكردنی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە