بۆ عیسا بارزانی دەکوژن؟

Wednesday, 04/01/2017, 1:06


جیا لە خراپی سیستەمی حکومڕانی و بوونی گەندەڵی لاوازی کەرتی تەندروستی و  نزمی ئاستی پەروەردە و زانکۆکانی هەرێم سیفەتێکی تر کە هەرێمی کوردستانی پێ دەناسرێتەوە  ئەویش نەبوونی ئازادی رادەربرینە.
جیاواز لە بانگەشەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کە دەیانەوێت وا لە جیهان بگەیەنن سیستەمێکی دیموکراسی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەکات پەرلەمان و حکومەت پەکدەخرێت  ، هەڕەشەو تۆقاندن و لێدان و کوشتن لەسەر دەستی ئەم دەسەڵاتە جێبەجێ دەکرێت.
لەم هەرێمەدا خەڵک هەبووە لەسەر ئەوەی کراسەکەی فڵان رەنگ بووە تیرۆرکراوە یاخود ئەشکەنجە دراوە ، ئاخر لە کوێی دونیا بووە کەسێک بکوژرێت لەسەر ئەو رەنگەی کە حەزی پێدەکات؟
لە کام سیستەمەی دیموکراسیدا جێی دەبێتەوە رۆژنامەنووس لەسەر دەرخستنی راستیەک بەهۆی نووسینی ووتارێکەوە لەناو ماڵەکەی خۆی تیرۆر بکرێت یا بڕفێندرێت و تەرمەکەی لەشارێکی تر فڕێبدرێت یا ئەشکەنجە و سوکایەتی پێبکرێت؟
لە کام سیستەمەی دیموکراسیدا هەیە مامۆستای ئاینی ریشی بسوتێنرێت و سوکایەتی پێبکرێت و تیرۆربکرێت ؟
لە کوێی دونیا هەبووە گەنجێک تەنها لەسەر پۆست کردنی وێنەیەک یا لە ماڵەکەی خۆیدا لەسەر هەڵواسینی وێنەیەکی ئەو سەرکردەیەی خۆشی دەوێت لە ژووری تاکەکەسی  زیندانی بکرێت؟ عیسا بارزانی به نمونە
عیسا بارزانی بەتاوانی هەڵواسینی وێنەی مام جەلال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیکەی شەش دانە مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا بوو ٥-۸-۲۰۱٥ تا ۲۹-۱-۲۰۱٦ گەر رووداوی رفاندنەکەی نەگەیشتبایە میدیاکان و رێکخراوی هیومان رایتس ۆچ دوور نەبوو وەک ئەوانەی تر تیرۆربکرابایە 
سەیرە لە کاتێکدا بکوژانی رۆژنامەنووسان و مامۆستایانی ئاینی و چالاکوانانی تر نەدوزراونەتەوە، هێشتا ساڵێک بەسەر ئازادکردنەکەیدا تێنەپەڕیوە دووبارە هەڕەشەی کوشتن لە عیسا بارزانی دەکرێتەوە ئەمە بۆ؟
ئەرێ عیسا بارزانی هۆکاری ئەو ماڵوێرانییه بەسەر هەرێمی کوردستان هاتووە وا دەیکوژن ئەمەیە نەوتی کوردستانی دزیوە ئەمەیە شەنگالی تەسلمی داعش کرد ئەمە بارزگانی لەگەڵ داعش کردووە ئەمەیە دیموکراسی ئەتککردووە ئەمەیە  پەرلەمان و حکومەتی پەکخستووە ئەمە دەستی دوژمنی هێناوەتە سەر خاکی هەرێم  وا بڕیارتان داوە بیکوژن؟
تکایە رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ راگەیاندکاران و مروڤ دۆستان فریای ئەم دەنگە جیاواز و ئازادە بکەون چونکە لەم هەرێمە دەسەڵات هەڕەشە لەهەر کەسێک بکات دەیکوژێت مێژووی کردەوە قێزەوەنییەکانیان ئەوەمان بۆ دەردەخات دەسەڵات هەر کەسێکی تیرۆرکردبێت پێشتر چەند جارێک هەڕەشەی لێکردووە .
ئێوەش ئەی مافیاکان بەسە دەس لە هەڕەشە و تۆقاندن و تیرۆرکردنی خەڵکی هەڵگرن  هێندەی تر خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان لەبەردەم جیهان ناشیرین مەکەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە