چیرۆکەکانی چیا : هەڵکەندنی گۆڕ بۆ شەهید، (چیرۆکی ژمارە١٠)
Wednesday, 04/01/2017, 0:36
لە بەهەشتیش ووشکە ساڵییە دوێنێ لە قڵیشەکانی بن پێی دایکم بینیم (سوهراب)
---------------------------------
ساڵی ١٩٨٥ دوای ئەوەی لەجەولەی ناوچەی خۆشناوەتی گەڕامەوە ، ڕێکەوتی جەژنی قوربان بوو ، دایکم و چڕۆی خوشکم لەگەڵ پورم و دایکی هاوڕیەکیشم لەشارەوە هاتبوون ،هاوڕیەک کە ئەوسا سەربازی ڕاکردووبوو ، ئێستا پاڵەوانی ڕووداوەکانە، ماڵەکەی خۆی داینێ کە لەگوندی "گاپیڵۆن " بوو. ئەوە ڕۆژێک پێش جەژن بوو کە بەعارفە ناوزەند دەکرێت میوانەکانمانمان هەواڵی شارو خۆراکی شاریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو . گوندی گاپیڵۆن کە ئێستا بۆتە" ناحیە " چەند دوکانی لێکرابۆوە ، چایخانە و حەمامی سەفەری و لەبن کەپرەکەشدا شەوانە فلیم لێدەدرا و ڕەوشی سینەمایەکی هاوینی گرتبوو ، کوڕێکیش کەناوی "مامۆستا تەها"بوو وێنەی خێرای دەگرت بەکامێرایەک و وێنەکەی دەدایەوە خاوەنەکەی دوای تۆزێک کە باوەشێنی وێنەکە ی دەکرد ، ئێستا ئەو کامێرایانە ڕەنگە لەمۆزەخانەکاندا ئاسەواریان مابێت ، ئاوەدانیەکی سەیر ئەم گوندە و ناوچەیەی تەنیبۆوە ، دەیان بارەگای حیزب و پارتەکانی ئێران لەم دۆڵەدابوون . چەند جۆرلە "چریکی فیدای ، کۆمەڵە ، دیمکرات ، سازمانی خەبات ، ڕاهی کارگەر... هتد بونی هەبوو . بیرمە ئەو شەوە فلیمی "ڕێگا"ی یەلماس گۆنایان لێدا لە ژێر کەپرەکە دا .
لەم گوندەدا خەڵکانێکی زۆر هەواریان هەڵدابوو زۆرکەس سەربازی هەڵاتووی جەنگ بوو یان لەچونیان بۆ ئورپا و مانەوەیان لەهۆردوگاکانی ئێران و بێهیوابوون لەگەشتکردن بۆ ئورپا ، ئیتر بەهەر هۆیەک بێت گەڕابونەوە گوندەکان و ناوچە ئازادکراوەکان کە جاران وامان ناونابوو ، لەچاوەڕوانیدا ژیانیان دەکرد ، کاک ئەنوەری زەڕەنگەر ماوەیەک چایخانەیەکی دانابوو لەگەڵ کاک خەباتدا، کاک ئەنوەر هەمووشەوێک دەیخواردەوە ، لەکارێزەوە ئارەق دەهات ، ڕۆژێک هەواڵێک بلاو بۆوە کە سەری بتڵە ئارەقەکان دەخولێتەوە . تکایان کرد کە کەس نەی خواتەوە ڕەنگە زەهریان تێکردبێت ..! لەو ماوەیەدا ڕژێم هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا لە سنوری تیپی ٢١ کەسانێک بەژەهر شەهید ببون. منیش بەکاک ئەنوەرم ووت؛کاک ئەنوەر تکایە مەخۆرەوە دەڵێن سەری بتڵکە دەخولێتەوە ڕەنگە دەسکاری کرابێت، لەوەڵامدا ووتی: "سەماش بکات من هەر دەخۆمەوە".
دوای ئەوەی شەڕگەی قەیوان ماوەت دەستی پێکرد ، کاک ئەنوەر و کاک خەبات چایخانەکەیان نەما ، کاک ئەنوەر دەستی کردە دروستکردنی محەلەبی ، چونکە ڕژێم نەی دەهێشت هیچ شتێک بۆ گوندەکان بێت دێکەش نیمچە چۆڵ ببوو تەنها شەکری کڵۆ هەبوو یان کەلە شەکر ، کاک ئەنوەر بەکەلەشەکر محەلەبێکەی دروست دەکرد ، بێستونیش بۆ گاڵتەکردن پێی دەوت " محەلەبیەکی دیژلەمەم بەرێ " . لەو چیایانە هەم کۆمێدیا بوونی هەبوو هەم تراژیدیا شانبەشانی یەک هەمووڕۆژێک نمایشی خۆیان دەکرد . یادی بەخێر لەم ساڵانەی دوایدا کاک ئەنوەر ژیانی جێهێشت .
هەرلەنزیک گاپیڵۆن ، جارێک لەبارەگایەک چریکەکان لەگەڵ یەکدا لێیان بوە شەڕ ، لەچاوتروکانێکدا چەند کەسیان لەیەک کوشت ، منیش چوم بۆ ئەو بارەگایە تا جیایان کەینەوە و شەڕەکە درێژە نەکێشێت ، یەکێک لە چریکەکان مەغزەنەکەی فیشەکی گڕداری تێدابوو بەلەشیا تەقیبۆوە ناوسکی هاتبۆ دەرەوە . شەڕەکەیان لەسەر ئەوەبوو داخۆ یەکێتی سۆڤیەت سۆسیالیستە یان نا ؟
|
دایکم و چرۆ خوشکم ئەو ڕۆژە لەگاپیڵۆن ئەم وێنەیامان گرت |
هەرئەوشەوە بەیادی جارانەوە زۆری خێزانەکە پێکەوە ماینەوە لەماڵی ئەو هاوڕیەمان و لەبەرڕوناکی لۆکزەکەدا چیرۆکی لەیەک دابرانمان بۆیەکتر باس دەکرد . دایکم هەواڵی شارو خزم و ناسیاو ترس و خۆشاردنەوەی خۆیانی بۆباس دەکردم و هیچیش نیگەران نەبوو لەوەی کە بەسەریاندا دەگوزەرا.
هەستم بەوەدەکرد کە چەندە شانازی بەم کارەمانەوەدەکات کەدەستمان داوەتێ و پێشمەرگەین ، دایکم دەیووت:"دۆست و دوژمن سڵاوتان لێدەکەن ، ڕێز نیشان دەدەن کەدەیان بینم ئەوان دەزانن کوڕمان پێشمەرگەیە" . کوڕم خەم لەهیچ مەخۆ ئێمەباشین ، دەژین و سەربەرزین لەناوخەڵکدا .
نازانم ئەوشەوە دایکم خەوت یان نا ؟ بەڵام بەئاگابووم کە بەتانێکەی پیادا دام و ماوەی چەند دەقیقەیەک هەر لێی دەڕوانیم تا ووتم :دایە بڕۆ بخەوە واڕۆژ دەبێتەوە .
پورم و دایکی هاوریکەم نوێژی بەیانی کرد و ئیتر ژوورەکە پڕبوو لەدەنگە دەنگ و بڕیاریان دا چێستی جەژن گەرم بکەنەوە چونکە لەشارەوە زۆر شتیان هێنابوو ، لەپڕێکدا دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکە بەرزبۆوە ، مەلای مزگەوت ووتی :" ڕەحمەتی خواتان لێبێت ، وەرن باگۆڕ بۆ دوو پێشمەرگە کە شەهیدبوون هەڵکەنین بەر جەژن کردن ...! ئەوەتانێ ڵاشەکانیان هێناوەتە ماڵی خوا .
دایکم وخوشکەکەم دەستیان کردە گریان ، ووتم بۆ دەگرین ؟ هەر نەبێت ئەوانە کەسێک هەیە لاشەکانیان بشارێتەوە ...!
دایکم ووتی : ئای چەند لەو ڕۆژە دەترسم ....!
پاش ساڵێک خوشکەکەم چرۆ دڵی کون ببوو ، لە بەغداد لە خەستەخانەیک ماڵئاوای لەژیان کرد ، دایکم و پورم دایکی ئەو هاوڕیەشم هەر لەژیاندا نەماون ،تا پێیان بڵێم ئەم چیرۆکە باسی ئێوەشی تێدایە .
شەهیدەکان نێژران و بونە خاوەنی گۆڕ ،چێشت هەنگاو میوانەکان سواری پشتی پیکابە شینەکەبوون بۆ کارێزە و لەوێوە بۆ شار ، چاوەکانیان سور هەڵگەڕابوو ، خۆراکەکانی جەژن کەسیان نەیان خوارد و لەماڵی خانەخوێکەمان جیان هێشت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست