هاوڵاتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ دا ئەم هیوایەی هەیە
Monday, 02/01/2017, 3:06
زۆربەی هاوڵاتی کوردستانی باشوور کاتێ پرسیاری ئەوەی لێکرا،کەئایا حەز و هیواکانت چین بۆ ساڵی نوێ،زۆربەی زۆریان هەمان وەڵامیان هەبوو . ئەویش،هیوامان وایە کوردستان ببێ بەدەوڵەوت،کوردستان بتوانێ قەیرانەکانی ساڵی ٢٠١٦ تێپەڕێنێ،کوردستان قەیرانی مووچە و بێ کارەبایی و بێ ئاوی و بێ خزمەتگوزاری ماڵ ئاوایی لێ بکا و چارەسەریان بکات. هیواداربوون حکومەت ئاوڕێك لە مامۆستا و مووچەخۆران بداتەوەو بارودۆخی ناهەمواری پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان چاکتر بکا. هیوایان ئەخواست ساڵی نوێ وەك ساڵی ڕابردوو نەبێ و شەڕی داعش کۆتایی پێ بێ. ئەمە و زۆربەری هیواکان خۆیان لەم جۆرە شتانە دووبارە ئەکردەوە کە ئەوە بۆ ماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوو چارەسەر نەکراوون و حکومەت بەهەموو کابینەکانیەوە ،قەیران دوای قەیران بۆ هاوڵاوتی دروست کردوەو کابینە دوای کابینە بۆ ئەوەی دوای خۆی جێهێشتوەو تا وای لێهات قەیرانەکان ئەوەندە کەڵەکە بوون ،کەچارەسەر کردنیان مەحاڵە.
هاوڵاتی کوردستان هەتا ئەم کاتەش تەنها هیوایان هەیە. تەنها هیوا ئەخوازن. تەنها خەونیان هەیە. تەنها داوا ئەکەن و ئەپاڕێنەوە. زۆرجاریش ئەکوڕوزێنەوە. وا ساڵی ٢٠١٧ یەو تا ئێستا داوا ئەکەن حکومەت ئاوڕی خێرایان لێبداتەوە. دوای ئەو هەموو ساڵە و ئەو هەموو ئەزموونەی حکومەت و حزب و دام و دەزگاکان ،کەچی هاوڵاوتی تەنها و تەنها هیوای هەیە.
بەداخەوە هاوڵاتی کوردستان ئەبوو لەمێژ بوایە قۆناغی هیواو خەون و داواکاری و دەست پانکردنەوەو چەمینەوەی تێپەڕاندایە. هاوڵاوتی دوای ئەو ماوە دوور و درێژە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە چەتەییە ئەبوو فێری جۆرێك لەبیرکردنەوەی جیاواز ببوایەتەوەو بەجۆرێکی تر بەرخووردی بکردایە. ئەبوایە هاوڵاتی لەم کاتەدا کە خاوەنی هیچ نیە،بگەڕایە بەدوای میکانیزمی پەیداکردنی شت. تۆ کاتێك خاوەنی هێچ نیت و ئازادیت لێ زەوت کراوەو هەرچی خزمەتە سەرەتاییەکانە نادەنێ،ئێدێ کاتی ئەوەیە هیوات ئەوەبێ،چۆن پیلان دائەڕێژی بۆ ئەوەی مافی زەوت کراوت بۆ بگەڕێتەوە. چێ بکەی بۆ ئەوەی شکۆی شکاوت چاك بکەیتەوە. چۆن خۆت ڕێکبخەیت و بەرەنگاری ئەوانە ببیتەوە کە ئەو هەموو سووکایەتیەت پێ ئەکەن و سنووریان بۆ دابنێی.
تاکەی هاوڵاتی تەنها خەون و هیواو داواکاری هەبێ....تاکەی هاوڵاتی نابێتە خاوەنی خۆی و خۆی بڕیاردەر و پیلان داڕێژەر بێ...تاکەی نابێتە خاوەن پرۆژە و بیری خاوەنچێتی لای خۆی دروست ناکا...ئەرێ بەڕاست کاتی ئەوە نەهاتوە ئەم پرسیارانە لای خۆی بووروژێنێ؟؟ ئێمە پێمان وابوو هاوڵاتی چیدی بەتەمای ئەم دەسەڵاتە نیەو لێرەوە خاڵی کۆتایی بۆ دائەنێ و خۆی بەدەستی خۆی ژیانێكی تر بۆ خۆی و نەوەکانی دوای خۆی ،دائەڕێژێ.پێمان وابوو،هاوڵاتی ئەم نیشتمانە بەهۆی ئەو گەشە دیارەی جیهانی ڕۆژنامەگەری و بوونی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و فەیسبوك ،هەنگاو تەنها بەرەو پێشەوە ئەنێ و ناگەڕێتەوە دواوە. وامان ئەزانێ دوای ٢٦ ساڵ لەدەسەڵاتی مافیا و خێڵگەرایی و کورد کوژی نەوەیەك هاتوە بەئاسانی سپی لە ڕەش جیائەکاتەوە. پێمان وابوو ئەم نەوەیە گیانی شۆڕشگێری و یاخیبوونی لەوەی پێش خۆی زیاترە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست