کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داعش و ئیسلامى سیاسى

Monday, 02/01/2017, 3:00


مرۆڤ بە گورگى لە دایک نابێت،بەڵکو دەکرێت بە گورگ،داعش ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە جیهادییەیە کە خۆى گەیاندە دوا پلەو لوتکەى وەحشیگەرى و ترۆپکى توندوتیژى،داعش زادەى هەلومەرجى مێژووى و سیاسى و سایکۆلۆژیاى کۆ مەڵگاى عەرەبى و دەسەڵاتى فاشیزم و دیکتاتۆرى و نیزامى شمولى ئوممەى عەرەبى یە،کە ڕیشەى مێژووى ململانێى مەزهەبى لە پشت فۆڕمى داعشەوەیە.
داعش پەیامێکى ئاسمانى نیەو لەلایەن خواوەندەوە بۆ مرۆڤایەتى هاتبێتە خوارەوە،بەڵکو کۆمەڵێک مرۆڤى خوێنمژ و خوێنڕێژ و گومڕاو سەرلێشێواو بێ ئەقڵ خوڵقاندوویانە،هەر بۆیەش دزێوترین مرۆڤ لە ڕاستەوە بۆ چەپ لە نێو ئەم گرووپە تیرۆرستیەدا کۆ بوونەتەوە،خۆ لادان لە ماهیەت و دەرخستنى حەقیقەتى داعش لەلایەن گروپ و ئیسلامیە سیاسیەکانەوە،لە لایەکەوە ڕاکردنە لە بەر پرسیارەتى و لە لاکەى تریشیەوە خۆگەوجاندن و خۆڵکردنە چاوى خەڵکە.
هەموومان مێژووى پڕۆسەى سەرهەڵدان و جێگیر کردنى ئەم کەش و فەزا ئازادییەى کوردستانمان لەبەر چاوەو  سەر پاکى ئەو هێزە کۆمەڵایەتى و سیاسیانەى ڕۆڵى گرنگ و کاریگەریان هەبووە لە باشورى کوردستان دەناسین،ئێمە ڕۆڵى توندڕەوى ئایدۆلۆژیاى ئیسلامى سیاسیشمان لە دەسپێکى ئەزمونەکەدا بینى و دەشزانین چۆن بە چنگاڵە خوێناوییەکانیان،لە هەوڵى خنکاندنى مەلۆتکەى ئازادى و دامەزراندنى کانتۆنەکانى حوکمى شەریعەت و بە ئەفغانستانکردنى کوردستاندا بوون.
ساتێک ڕەوتە جیاوازەکانى ئیسلامى سیاسى،بە ناچارى و وەکو تاکتیکى خۆیان،گەمەى دیموکراسییان قبوڵکرد لە پڕۆسەى سیاسى کوردستاندا،تێکەڵاوى هەڵبژاردنەکان بوون،ئەوە ماناى بڕوا بوونى ئەوان بە دیموکراسى و حوکمى فرە لایەنە نەبوو،بگرە بەکاربردنى فەزایەک بوو لە ئازادیى هەڵبژاردن و دیموکراتییەک کە"ئەوان نەک هەر بڕوایان پێى نیە،بگرە باوە کوشتەى هەر نەفەس و بوارێکن کە ڕەنگى ئازادییان لێ دەڕژێ"،بۆ گەیشتن بە هەوارى دەسەڵاتێکى "شەرعى و خودایى"کە بە زەبر و خوێن ڕشتن پێى نەگەشتن.
هەڵتۆقینى داعش و پەلامارى وەحشییانەى ئەو هێزە ئیسلامیە مرۆڤکوژ و ئەنفالچییە،زەمینەیەکى لە بارى بۆ تەشەنەکردنى دیاردەى چەوتاندنى فیکر و بیرکردنەوەى ئازاد ساز کردوەو "یەکێتى زانایانى کوردستان"یش،پاڵپشت و هاوکاریانە.
هەندێک لە مەلاکان و واعیزکارانى مزگەوتەکان،لە مینبەرەکانیانەوە،لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیس بووک و گرتە ڤیدیۆیەکانیانەوە،ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەو خۆ،فیکرى توندوتیژى ئیسلامى بڵاو دەکەنەوە،لایەنگرى لە داعش دەکەن،ڕەوایی بە تیرۆر و کۆمەڵکوژى دەدەن،پەڕلەمان و حکومەتى هەرێمیش خەم ساردن و ئەقڵ میوانیان نی یە.
ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانى ئیسلامى،لە وەرزى سەرهەڵدانى داعش و دامەزراندنى خەلافەتى ئیسلامیدا،ناوێرن و ناخوازن،خەندەقێک لە نێوان فیکرى سەلەفى ئیسلامى و داعشدا هەڵبکەنن و پێمان بڵًێن داعش لە کوێى کەلەپورى فیکرى ئیسلامیدا جێگاى گرتوەو ئەوان لە کام ماڵى ئیسلامیدا پۆلێنیان دەکەن،ناوێرن چونکە پێیان وایە ئاییندەى داعش ڕوون و پرشنگدارە و دەبێت مەودایەک بۆ دواى باڵا دەستى داعش بۆ سازش و هاو خەندەقییان بهێڵنەوە،ناخوازن،چونکە لە قوڵایى نەستى ئاینیاندا،پێیانوایە کە ئەو ئامانجەى داعش هەوڵى بۆ دەدات و بۆ دابینکردنیان هەموو ڕەگەزەکانى دەرەوەى خۆى ئەنفال دەکات،هەمان ئەو ئامانجانەن کە ئەمان لە فەزاى "دیموکراتى مارانەدا"خەباتى بۆ دەکەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە