کوردستان لە ساڵی ٢٠١٦ دا
Monday, 26/12/2016, 21:10
وا ساڵ بەرەو کۆتایی ئەچێ و ڕووداوەکان گەلێ زۆرن و لەهەژمارکردن نایەت. زۆر لەو ڕووداوانە جگە لەوەی جێگای نیگەرانی و خەم وخەفەت بوە،لەهەمان کاتیشدا؛بۆتە جێگەی شەرمەزاری بۆ بکەرەکانی. لێرەدا هەوڵ ئەدەین بەکورتی هەندێ لەو ڕووداوانە وەبیرخۆمان بێنینەوە کەڕەنگە درێژ کراوەی ڕابردوو بن و لەداهاتووشدا دیسان دوو بارە ببنەوە.
کوردستانی ڕۆژهەڵات: بەداخەوە هەڵسوکەوتی کۆماری کۆت وبەندو قەنارە لەسەر ئازاردان و ئەشکەنجەو لەداردانی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵات،بەردەوام بوە. ئازادیەکان گەلێ لەجاران زیاتر سانسۆرتر کران و ئەوانەی گوێیان لە مێزەر بەسەرەکان نەگرتبێ،ئەوا زیندان و هەڵواسین تاکە هەڵبژاردە بوە. لەهەمان کاتدا،پارتە کوردیەکان کە ئاوات خوازبووین لەو قەفەزەی کەناوی کوردستانی باشوورە ،هەڵبێن. نەك وویستی ئەوەیان نەبوو،بەڵکە ئەم جارە خۆیان وەك مقاشی دەستی بنەماڵەکەی مەسعود بارزانی بینییەوەو شەڕێکی دۆڕاویان دژ بە پەکەکە ،پێ بەئەنجام گەیاندن. لەلایەکی ترە ئەم پارتە کەویانە کەئەبوو کێوی بونایەو دەستەمۆ نەکرانایە لەلایەن هێزەکانی یەکێتی و تیرۆریستەکانی ئێران لەکۆیە بۆسەیان بۆ دانان و لەشەوی یەڵدا،کۆشتارگەیان بۆ ئامادە کردن و ساڵی ٢٠١٦ یان لێکردن بە تاریکی و قات وقڕی.
کوردستانی باکوور: دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکانی پەکەکە و ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە بۆ کۆتایی هێنان بەو سیاسەتە نامرۆڤەیەتیەی پارتەکەی ئاکەپە و نەتە پەرستەکەی جەهەپە دژ بەگەلەکەمان لەباکوور کەخۆی لەهەموو جۆرە پاکتاویەکی نەژادی بینییەوە. دواجار بەمەشەوە نەوەستان و لەزۆربەی شوێنەکان پارتی هەدەپەیان قەدەغە کرد و زۆربەری زۆری ئەندامانیان لەزینداندا قایم کران ،ئیدی شتێك نەمایەوە بۆ ئیستا و ئایندە بۆ چارەسەری گشتی. کەبەداخەوە لەم بارەیەوە ڕۆڵی بنەماڵەکەی مەسعود بارزانی گەلێ بەخراپ دژ بەخۆاستی گەلەکەمان بەکار هات و تا کار گەیشتە ئەوەیەی ئەم بنەماڵە خاینە خەریکن جەنگێکی پرۆکسی دژ بە پەکەکە و کەجەکە هەڵبگیرسینن و ئاماژەکەی لە ئێستاوە دیارە کەساڵی داهاتوو لەگەڵ کۆتایی هێنان بە داعش ،تورکیا و پارتی هەڵئەستن بە مانۆڕێکی سەربازی دژ بە هێزە شۆڕشگێرەکان. هەروەها نابێ ڕۆڵی ناشرینی هەریەك لە(عەلی قەرەداخی و ئەبوبەکر عەلی)و یەکگرتوەکان کەچۆن لەهەوڵی ئەوەدابوون ئەردۆگان وەك فریشتە نیشان بدەن داوا لەهاوڵاتی کورد بکەن ،کاتەکانیان لەتورکیا بەسەر بەرن. هەروەها ئەو ڕۆڵە ناهەموارەی لەکاتی کودەتا دەستکردەکەی تورکیا نمایشیان کرد،گەلێ بەخراپ لەسەر گەلی کورد،شکایەوە.
کوردستانی رۆژئاوا: ڕەنگە زیادە ڕەویی نەبێ لەوەی بڵێین کەوا تەنها ئەم بەشەی نیشتمانی گەورەی کورد ئەگەر چی گەلێ سەرقاڵە بەجەنگی داعشەوە،لێ گەلێ ئاماژەی باشی داوە بە جیهان کەوا لەسووریا هێزێکی وا لەئارادایە کە هەریەك لە ئەمریکا و ڕووسیا لەهەڵپەدان بۆ ئەوەی هەڤاڵبەندی لەتەکدا دروست بکەن. ئەم هێزە جگە لەوەی لە بواری سەربازیدا سەلماندی هێزێکی کاریگەرە و داعش لەسەر دەستی ئەمان کۆتایی پێدێ،لەهەمان کاتدا توانیویەتی چەندین هێز و ئەتنیك و گروپی جیا لەخۆی کۆبکاتەوەو ئەوپەڕی خۆسەری دیموکراتی جێبەجێ بکا. ئەمە سەرباری ئەوەی توانی ئاوەدانی و ڕوناکردنەوەی شار و شارۆچکەکان بەباشی ڕێك بخات و هاوڵاتیان لەوێ بەئازادی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە پێکەوە ووڵات جارێکی تر،دروست بکەنەوە. ئەوەی ماوەتەوە لێرە ئەوەیە ،کەڕێگە نەدرێ کورد لە ڕۆژئاوا تەنها ڕۆڵی تفەنگ بەشانی پێ بسپێدرێ و لەداهاتوودا ڕەچاوی بەرژەوەندی و خواستی گەلەکەمانیان لێ نەسەندنەوەو ئەوەی بەدەستیان هێناوە،لەناو ببرێن.
کوردستانی باشوور: لەم بەشە بەناو ڕزگار کراوو بوونی دەسەڵاتی خۆماڵی و سەرکردەی کورد و خاوەنی حکومەتی نیشتمانی و پەرلەمان،کەچی بەداخەوە زۆرترین گەندەڵی،چەتەگەری،کوشتن وتیرۆرکردن،برسیکرن،نیشتمان فرۆشتن،سوکایەتی بە پێشمەرگە،ژن کوشتن و تێکشکاندنی شکۆی مرۆڤی کورد لێرە بوونی هەیە. لەم بەشە جگە لەهەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی،چەندین پارتۆکەی بەناو ئۆپۆزیسیۆن،ئیسلامی و چەندین دوکانی سیاسی کاریان تەنها گەوجاندنی شەقام و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگایان خستۆتە سەر ئەستۆی خۆیان و هاوشانی دەسەڵاتی خۆماڵی،میلەتەکەمان بەرەو گرێژەنەو هەڵدێر ئەبەن. لەم ساڵەدا جگە لەسیاسەتە ئابووریە سەقەتەکەی حکومەتە بنکە فراوانەکە،پەرلەمانیان پەك خست و پەرلەمان و گزیرەکانیان ڕەوانەی ئەودیو دێگەڵە ،کردەوە. هەر لەپایتەختی ترس و تیرۆردا چەندین کردەی تیرۆر لەلایەن دەزگا بەدناوەکەی پاراستنی بنەماڵە دژ بە چەندین کەس بەئەنجام درا کە دواترینیان دکتۆر ووشیار و کامێرامانەکەی کەی ئێن ئەی. ئەم بنەماڵەیە بڕیاری داوە کەتەنها ڕێگەی تیرۆر دژ بەنەیارەکانی خۆی پیادە بکا و هەولێر بکا بە کۆریای باکوور. لەم شارەدا مامۆستایان و مووچەخۆران نەیانتوانی ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن و خۆپیشاندان بکەن. بۆیە ئەم هەموو قەیران و ئاریشانە لەوە ئەچێ بپەڕنەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧ و کوردستانی باشوور بەساڵێکی گەلێ لەمەی ئێستا خراپتر ببینێ و لەمەش زیاتر ناسەقامگیری و کوشتن و تیرۆر باڵ بەسەر خەڵکدا ئەکێشێ.
کوردستانپۆست: هەر لەم ساڵەدا کوردستانپۆست وەك ساڵانی پێشوو بەبێ هیچ ماندوو بونێك لەهەوڵدا بوە بۆ زیاتر دەرخستنی ڕاستی و مەترسی بۆ سەر گەلەکەمان. ئەم سایتە بەڕێزە وەك ستراتیژیك کاری لەسەر ئەوە کردوە کە دژ بەگەندەڵ و خیانەتکاران لەسەنگەردا بێت و سڵیان لێ نەکاتەوە. بەجۆرێك شەو وڕۆژی خستۆتە سەر یەك بۆ زیاتر ووشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و پاڵپشتی کردن لە مافەکانی هاوڵاتی لە ئازادی،مافی تاك و گەڕانەوەی شکۆ بۆ میلەت. ئەم کارانە هەروا بەسانایی نەکراوەو هەوڵ و تەقەلای بێشوماری وویستوە،لێ چونکێ ئامانجێکی مەزنی لە ئاسۆوە دیارە و هەوڵی بۆ ئەدا بۆ گەلی کورد دەستبەری بکا،ئەمەش بێ هەوڵ و یارمەتی ناوخۆو دەرەوە کارێکی گەلێ مەحاڵ بوە. بۆیە جارێکی تر سوپاسی یەکە بەیەکەی ئەم سایتە بوێرە ئەکەین و هیوام وایە لەخەبات بۆ گەل ومرۆڤایەتی هەر بە پێشەنگی بمێننەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست