ڕووداو بوو یان تیرۆر؟
Saturday, 24/12/2016, 20:29
لە یاسای دارستاندا شێر پاشایەكی بەهێزە و بۆ تێركردنی خۆی سڵ لە هیچ گیاندارێكی تر ناكاتەوە ، بەڵام یاسایەكی تایبەتی هەیە ئەوەش ئەوەیە كە تەنها ئامانجی پەیداكردنی ژەمێكە بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی نەك سڕینەوە و پاكتاوكردنی هەمو ئەوانی تر، هاوكات لەناو سەرجەم ئاژەڵە گۆشت خۆرەكاندا كردەوەكانی گورگ جێی سەرنج و سەرسوڕمانە، چونكە زیان گەیاندنی وچاوچنۆكی و كۆمەڵكوژكردنی ئەوانەی توانای بەرگری كردنیان لاوازە لە بەرامبەریدا كەم وێنەیە، دەرئەنجامی پەلاماردانەكانی ئەوەند دڕندانە و قێزەوەنە هەمو پەلاماردانێكی ترسناك و خوێناوی بە كاری گورگ هەژمار دەكرێت.
هەڵبەتە لە جیهانی مرۆڤایەتیدا جیاواز لە هەمو مرۆڤێكی ژیاندۆست توركە نەژاد پەرست و فاشیستەكان خۆیان بە نەوەی گورگ دەزانن ، ئەوانە باوەڕیان وایە لە ڕەگەزی ئەو منداڵە ون بووەن كە بەشیری دێڵە گورگێك گەورە بووە، بۆیە لە ئێستاشدا بە لە خۆبایبونەوە گروپی گورگە بۆرەكانیان هەیەو ئاماژە و هێمای شانازی ئەندامەكانیان لە بۆنەكانیاندا وێنەی گورگە، پارتی نەتەوەپەرستی توركیا MHP))ش هەڵگری هەمان ئاوەز و لۆژیكە ، ئەو گورگ پەرستانە لە جیاتی بەرزكردنەوەی دوو پەنجە بە واتای سەركەوتن, ئەوان دوو پەنجەی ناوەڕاستی دەست لە گەڵ پەنجە كەڵە پێكەوە دەنوسێنن بە شێوەی دەمی گورگ و پەنجە توتەوە دۆشاو مژە بەرز دەكەنەوە وەك هەردوو گوێی گورگەكە و هیتلەریانە دەست دەرێژ دەكەن.
نەوەی گورگەكان تازەترین كردەوەی تیرۆریستی ئاشكرایان كوشتنی باڵوێزەكەی ڕوسیا بو, چەتەكانی ئەحرار شام و بەرەی نوسرە "كە ئەردۆگان تا كاتی فرۆشتنیان بە روسیا و ئێران و بەشار" هاوكاریان بۆ لە وێرانكردنی حەلەبدا گرتیانە ئەستۆی خۆیان و ئاماژەیان بە هاوكاری گروپی گورگە بۆرەكان كردووە لەو تیرۆرەدا.
مەبەستی سەرەكیم لەم نوسینەدا تیرۆركردنی لاوێكی تری كوردە، مردن یان كوشتنی كاپتنی یانەی تۆپی پێی ئامەد سپۆر لە مردنێكی ڕوداوی تەرافیك ناچێت، زیاتر لە كوشتنێكی بە ئەنقست و نەخشە بۆ كێشراو دەچێت بە دەستی تیمێكی شارەزا.
كاپتنە كوردەكەی یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر، كە چەند رۆژ پێش ئێستا گۆڵی یەكسانی بەرامبەر یانەی فەنەرباخچەی تورك تۆمار كردبوو، دوای دوو رۆژ بێسەروشوێن بوون، لە درەنگانی شەوێكدا تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.
دیاربەكر سپۆر لە ساڵی 1968 وە دامەزراوە، جگەلەوەی هەمیشە گێچەڵ بەو یانەیە كراوە و سزادراوە لە لایەن دەوڵەتەوە لە ساڵی 2013 دا یاساخ كراوەو داخراوە، دواتر بە ناوی ئامەد سپۆر دەستی بە كارە وەرزشیەكانی كردووە، ئامەد سپۆر بە هۆی كوردبوونی یاریزان و ستافی بەڕێوەبەریەكەوە هەموو كاتێك زەحمەتی بۆ سازكراوە و ئاستەنگی لە پێش سەركەوتنەكانی دروستكراوە، لە ساڵی ڕابردوودا دوای بردنەوەیان لە یانەیەكی تورك ، هێرشێكی دڕندانەی فاشستەكان كرایە سەریان و یەك لە بەڕێوەبەرانی یانەكە بەسەختی بینداركرا.
ئەو یانە كوردییە نەك هاوكاری ناكرێت وەك یانەكانی تری توركیا، بەڵكو زۆر جار سزای قورسی مادیش دەدرێت، بۆیە سزای ئەمجارە گەیشتە لوتكەی فاشیزمی و دڕندایەتی نەوەی گورگەكان، دوای دیار نەمانی تەرمی شێخموس ئۆزەر، كاپتنی یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر دۆزرایەوە، ئەوەش لە كاتێكدا كە ئۆتۆمبێلەكەی لە ڕێگای ئەلعەزیز- گۆزەلی بە وەرگەڕاوی بینرابوو، كاتێ كە دۆزراوەتەوە تەرمەكەشی لە نزیك ئۆتۆموبێلەكەی فڕێدرابوو.
شێخموس ئۆزەر تەمەن 36 ساڵ و كاپتنی یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر بوو، هەرچەندە بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی یانەی ئامەدسپۆردا ڕاگەیەندراوە، (كاپتنی یانەكەمان، كاكی ئێمە شێخموس ئۆزەر لەبەر ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە) بەڵام هەواڵەكانی شاری ئامەد ئەوە ڕەت دەكەنەوە كە بە ڕووداوی هات و چۆ گیانی لە دەستدابێت، بەڵكو ئاماژە بەوە دەكەن كە كاپتنەكەی ئامەدسپۆر كوژراوە و بۆ شاردنەوەی تاوانەكە وەك ڕوداوی ترافیك پێشاندراوە،
هەڵبەتە ئەوەش دوای ئەوەی گۆڵی یەكسانی بۆ یانەكەی تۆماركردووە لە بەرامبەر یانەی فەنەر باخچە، ئەم تیرۆر و كوشتنە هاوشێوەی كردەوەی نازییەكانە، لە كاتی دەسەڵاتدارێتی نازیەكانی ئەڵمانیا، تیپێكی نازیەكان لە بەرامبەر تیپێكی تردا یاری دەكات، لە كۆتاییدا نازیەكان یاریەكە دەدۆڕێنن، لە بەر ئەوەی دۆڕان پەسەند ناكەن پەلاماری تیپی بەرمبەر دەدەن و كاپتن و یاریزانێكی تر لەناو گۆڕەپانەكەدا دەكوژن.
گیان لە دەستدانی ئەو یاری زانەكوردە بەتەواویی لە كارێكی تیرۆرستی نەوەی گورگەكان دەچێت، نەك ئەوەی كە ڕاگەیاندراوە گوایە ڕوداوی ترافیك بووە و بەبرینداری ماوەتەوە و لە سەرما ژیانی لە دەست داوە، دواتریش لە ڕێگەی سیگناڵی مۆبایلەكەیەوە دۆزراوەتەوە، خۆ ئەگەر وابێت دەبو زووتر بەو ڕێگەیە بیاندۆزیایەتەوە، نەك لە دوای دوو ڕۆژ بێسەر و شوێن بونی، هیوادارم لاوانی كورد باشتر گورگەكان بناسن چونكە زۆر لەو گورگانە لە كەوڵی مەڕدان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست