تورکیا و سوریا و کوردەکان .. خوێندنەوەى دیمەنێکى شێواو
Friday, 23/12/2016, 17:03
هەر لە دەستپێکى شۆڕشى سوریاوە، سەرزەمینى شام بووە مەیدانێکى مەزن، بۆ جەنگى بەوەکالەتى نێوان هێزە هەرێمیەکان، بە جۆرێک هەریەکەیان لە هەوڵداندا بووە بۆ وەگیرخستنى بەرژەوەندییەکانیان، لە ڕێگەى پاڵپشتى و هاریکارى دەستە و لایەنە ناکۆکەکان.
هەر لەیەکەم ڕۆژەوە هەڵوێستى تورکیا ڕوونبووە بۆ شۆرش و پاڵپشتى داخوازى و ویستى گەلى سوریا بووە، بۆ ڕزگاربوونیان لە زۆردارى و ستەمى تایفەگەرى، کە سیماى ڕەفتارى ڕژێم بووە بۆ چەندان ساڵ.
تورکیا تەنیا بە داواکردنى ڕۆیشتنى ڕژێمى ئەسەدەوە نەوەستاوە، کە لە هەموو بۆنەیەکدا ئەم خواستەى دەخستەڕوو، بەڵکو زیاتر و فراوانتر لەمەش بە شێوەیەکى بەردەوام هەستاوە بە پێشکەشکردنى هەموو پاڵپشتیەکى ڕامیاریی و سەربازى بۆ یارمەتیدانى ئۆپۆزسیۆنى چەکدار و لایەنگرانى، بەمەبەستى بەرەنگاربوونەوەى سوپا و ڕژێمەکەى ئەسەد.
تورکیا ئەو دەوڵەتەیە کە ئیسلامییە عەرەبەکان وەک دەوڵەتێکى خاوەن مەرجەعیەتى ئیسلامى پۆلێن دەکات، ئیخوانەکان وەک بەشێک لە ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى دادەنێت، بەم شێوەیە بۆ تورکیا ئاسایى و سروشتى بوو کە مەیلى بەلاى پشتگیریکردنى ئۆپۆزسیۆنى ئیسلامیدا ڕۆیشت، وە ئەوە دەرکەوت لە پاڵپشتیکردنى بۆ سوپاى ئازاد، کە ئیخوانموسلیمین زاڵبوون بە سەریدا و کۆنترۆڵیان کردبوو.
سەرەراى ئەو پشتگیرییە گەورەییەى (سوپاى ئازاد) کە لە لایەن تورکیاوە دەکرا، بەڵام بە لاوازى مایەوە لە هێنانەدى سەرکەوتنێکى هەستپێکراو "بەرجەستە"، لە گۆڕەپانى سوریادا، لە کاتێکدا "داعش و بەرەى نوسرە"، بە زاڵدەستى و کۆنتڕۆڵکردنى گۆڕەپانەکە مانەوە، لەسەر ئەم دیمەن و پاڵپشتیەى ئۆپۆزسیۆنى چەکدارى ئیسلامى" سوپاى ئازاد" لە لایەن تورکیاوە، هێزە نێودەوڵەتیەکان ئەنقەرە، بە پشتگیریکردنى ئەو دەستە و گروپە تۆمەتبار دەکەن.
بەروارى 11ئۆکتۆبەرى 2015، ڕۆژێکى ئاسایی نەبوو لە مێژووى ململانێى سوریادا، چونکە لەم بەروارەدا هێزێکى تازە لە دایکبوو، کە توانى هەڵوێستى نێودەوڵەتى و بە تایبەتیش هەڵوێستى (تورکیا) لەمەڕ بارودۆخى سوریا بگۆڕێت.
کە ئەو ڕۆژەش بریتیبوو لە ڕاگەیاندن و دامەزراندنى "هێزەکانى سوریای دیموکرات"، کە باڵێکى سەربازییە بۆ نەتەوەى کورد، سەرەڕاى ئەوەى چەندین پێکهاتەى جیاوازى وەک (سورى، عەرەب، سریانى و تورکمانى) لە هەناوى خۆیدا کۆدەکاتەوە.
هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە ماوەى چەند مانگێکى کەمدا، زیاتر لە (27) لیواى سەربازى و باڵى چەکداری گرتەخۆى، ئەمەش ژمارەیەکى قورس و زەحمەت بوو بۆ هاوکێشەى سوریا، دواى ئەوەى چووە پاڵ هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژى داعش، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش پاڵپشتیەکى گەورەى لێکرد، سەربارى ئەوەى سەربازە ڕۆژئاواییەکان شێوەیەکى تایبەت مەشقیان پێکردن، بەم چەشنە توانیان سەرکەوتنى گەورە بەدەستبهێنن لە ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆردا، هەر ئەمەش وایکرد سەرکەوتنى بەرچاو بەدەستبهێنیت، لە ڕزگارکردنى چەندین شارى سوریا لەژێر دەستى ڕێکخراوى داعش، کە دیاریترینیان (کۆبانێ "عین عرب" و منبج) بوون.
لە دواى زیادبوونى ڕۆڵ و پێگەى کورد لە سوریا و لە لایەکى تریشەوە بەردەوامى سەرکەوتنە سەربازییەکانى "هێزەکانى سوریاى دیموکرات"، ترسى هێزە هەرێمیەکانى ورژاند لە سەروو هەمووشیانەوە تورکیا، هەر بۆیە تورکیا لە سەرەتاوە کەوتە تۆمەتبارکردنى کوردەکان، بە تایبەتى لە دواى ڕزگارکردنى منبیج، ڕایگەیاند کە کوردەکان هەوڵیانداوە واقیعێکى نوێى دیموگرافى بسەپێنن لەم شارەدا، بەم مەبەستەش بەزۆر دانیشتووە عەرەبەکانیان ناچار بە کۆچکردن کردووە، بەڵام سەرکردایەتى کوردى بەردەوام بێمەنەتى و بێتاوانى خۆى ڕادەگەیەنێت و ئامادەیی خۆیشى پیشانداوە بۆ قبوڵکردنى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکان.
هەروەکو چۆن تورکیا هەوڵیداوە بۆ تەقاندنەوە و لەباربردنى ماڵى کوردى، لە ناوەوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ (مەسعود بارزانى)پتەوکرد، کە بە هەڵوێستە دوژمنکارییەکانى دەناسرێتەوە بەرامبەر کوردەکانى سوریا، هەروەها کەوتە پشتگیریکردنى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردى، دژ بە پارتى یەکێتى کوردستانى (PYD).
دواى کودەتا شکستخواردووەکەى تورکیا، ئەردۆگان کەسى نەدۆزیەوە کە هاوسۆزى بۆى هەبێت، بێجگە لە "ورچى ڕوسى- الدب الروسى" کە مەبەست لێى "پوتین"ە، لە هەمان کاتدا دەوڵەتە ئەوروپیەکان کەوتنە ئاراستەکردنى ڕەخنە و ئاگاردارکردنەوەى ئەردۆگان لە سیاسەتە تۆڵەستێنەکانی، بەرامبەر بە کودەتاچیەکان، ئەمەش دەزگاکانى ڕاگەیاندنى تورکیاى هاندا بۆ ئاماژەدان و لێدواندان بە تێوەگلانى "واشنتۆن – ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا" و هێزە خۆرئاواییەکان بە پاڵپشتیکردنى کودەتا.
هەڵوێستى ڕوسیا بەرامبەر کوداتاکە، بەستەڵەکى نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆى تواندەوە و یوو بە پاڵنەرى ئەردۆگان بۆ ئەوەى خۆى ببینێتەوە لە ئامێزى "ورچى ڕووسى – پوتین"، کە ئەمەش بووە پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنى هەموو ئەو ناکۆکى و هەڕەشە بەرامبەرییانە، کە لێوان هەر دوو وڵاتدا بوونى هەبوو، کە بە هۆى خستنەخوارەوەى فرۆکەیەکى ڕووسى لە لایەن تورکیاوە لە سنورى سوریادا ڕوویدا.
نزیکبوونەوەى تورکیا و ڕوسیا کاریگەرى گەورەى لە سەر دۆخى سوریا هەیە، بەوپێیەى مۆسکۆ بە یاریکەرێکى بەهێز دادەنرێت لە ڕووداوەکانى سوریادا، کە خاوەنى پەیوەندیى و دەستڕۆیشتووییە لە سەر ڕژێمى سوریا و ئۆپۆزسیۆن بە تەواوى ئاراستە جیاوازەکانیەوە.
دواى چەند کاتژمێرێکى کەم لە کۆبوونەوەى پوتین لە گەڵ ئەردۆگان و ڕاگەیاندنى لوتکەى ڕووسى و تورکى وئێرانى، ڕووبەڕووبوونەوە لە شارى "حەسەکە" لە نێوان سوپاى ڕژێم و هێزە کوردییەکان ڕوویدا، سەرەڕاى هەبوونى ئەوەى وەسف دەکرێت بە " ئاشتى سارد" لە نێوان ئەو دوو لایەنە و ڕێکەوتنێکى ڕانەگەیەنراوى ڕژێمى سوریا بە رێگەپێدان بە دروستکردنى هەرێمێکى کوردى لە باکورى سوریا، بە شێوەى حوکمى زاتى ( خۆبەڕێوەبەرى لە ڕۆژئاوا).
ئەم ڕووبەڕووبوونەوانەى "حەسەکە" پاڵنەرێکبوون بۆ گۆڕانکارى لە هەڵوێستى تورکیا و ملکەچبوونى بۆ ڕووئیا و ستراتیژى ڕوسیا بۆ چارەسەرکردى قەیرانى سوریا، لەبەر ئەوە پشتگیرى مانەوەى بەشار ئەسەدى کرد لە سەرۆکایەتى ڕژێمدا ، ئەمەش بە ڕوونى بەدیار کەوت لە لێدوانەکانى "یەڵدریم – سەرۆک وەزیرانى تورکیا"، کە بۆ یەکەمجار وایدانا کە بەشار ئەسەد کێشە نیە و بەشێکە لە چارەسەر، کە ئەمەش پێچەوانەى ڕوئیاى تورکیابوو لە کاتى بەرپابوونى شۆڕشى سوریا لە ساڵى (2011)دا.
بەم پێیە ڕژێمى تورکیا هەندێک لە ئەندامەکانى ئۆپۆزسیۆن و لایەنگرانى لە حەلەب کشاندەوە و گواستنیەوە بۆ شارى جرابلس لە سەر سنورى سوریا و تورکیا، وەک دەستپێکێک بۆ ڕزگاربوونیان لە (داعش).
سەرکەوتنى هێزە کوردییەکان و دەرکردنى ڕژێمى سوریا لە حەسەکە و کۆنتڕۆلککردنەوەى، بووە هاندەرێک بۆ تورکیا بۆ دەستوەردان بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لە باکورى سوریا و جوڵەپێکردنى پرۆسەیەکى سەربازى ئەوەى ناسرابە ( قەلغانى فورات)، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسیەکانى داعش و ڕێکخستنەکانى چەکدارە کوردەکان، ئەوەى کە تورکیا بە رێکخستنى تیرۆریستى ناویان دەهێنێت، "بە پێى ڕاگەیاندراوێکى تورکیا".
بەدڵنیاییەوە تورکیا ناتوانێت هەڵبستێت بە هەنگاوى دەستوەردانى سەربازى زەمینى لە سوریا، بە بێ هەماهەنگى لەگەڵ ڕژێمى سوریا و بەرپرسانى فەرمى مۆسکۆ و تاران، مەبەست و تێڕوانینى دیمەشق بە ئیدانەکردنى ئەو هەنگاوەى تورکیا، تەنیا یەک لێکدانەوە لە خۆدەگرێت، کە ئەویش بریتیە لە ڕێکەوتنێکى ڕوون و ئاشکرا کە بۆ ئەو مەبەستە دەبێت لە نێوان هەردوو لاینەکەدا بکرێت.
بەم پێیە دەستوەردانى سوپاى تورکیا لە سوریادا، سەرکەشییەکى ناڕێکخراو وناپەسەندى ئەردۆگانە، کە ئەمەش دەرئەنجامێکى قورسە بۆ سوپاى تورکیا، ئەمە لە کاتێَکدا هەتا ئێستا شۆکى (15)ى تەمووزى بەسەرەوە ماوە.
پێویستە ڕەچاوى ئەوە بکرێت کە کۆتایی پێهێنانى "پارتى یەکێتى کوردستانى – PYD" لە باکورى سوریادا، کارێکى ئەوەندە ئاسان نیە کە ئەردۆگان)پێشبینى بۆ کردووە، ئەمە لە کاتێکدا دەوڵەتى تورکیا نزیکەى (30)ساڵە شکستیخواردووە لە کۆتایپێهێنانى "پارتى کرێکارانى کوردستان –PKK".
دەکرێت ئەو بیانوویەى تورکیا قبوڵکراوبیت، لە ترسى دەستڕۆیشتوویى کورد و خەونى دروستکردنى دەوڵەت بەڵام پرسیار ئەوەیە تورکیا چۆن پشتگیرى "حکومى زاتى – خۆبەڕێوەبەرى" کوردەکانى عێراق کرد و بەڵام دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ ویستى کوردەکانى سوریا لە هێنانەدى ئەم خەونەیاندا ؟!
لەو باوەڕەدام کە فکرەى کۆتاییپێهێنانى کوردەکان، لە بەدیهێنانى خەونەکەیاندا، وەک ئەوەى لە (سایکس بیکۆ)دا ڕوویدا قابیلى دووبارە بوونەوە نیە، ئەمە دواى ئەوەى کورد لەو بەندکدنە گەورەییەى هاتەدەرەوە و پەیبرد بە هێزى خۆى، هەروەها بووەخاوەنى دانپیانانى نێودەوڵەتى،، بەدەر لەوە یەکەمین هەنگاوى سەقامگیربوونى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بە ندە بە دانپێدانانى مافى کورد بە پێى ستراتیژییەک کە ڕەچاوى سروشت و ناوچە و بارودۆخ و تایبەتمەندى و مافە مێژووییەکانى بکات.
نوسینى/ محسن عوچ اللە – گرنگیدان بە کاروبارى جیهان و قەیرانەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دۆسیەى کورد و ئیسلامى سیاسى و جیهادى.
لە عەرەبیەوە/ هاوکار ڕەفیق
سەرچاوە/ زەمانى تورکى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست