کۆماری سێدارە و تیرۆری ڕەش
Thursday, 22/12/2016, 20:35
ئەگەرجی شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی دیسامبەرشەوێکی زێرینە بۆ گەلانی ناوچەکە بە گشتی و بۆ کورد بەتایبەتی، چونکە یادی لەدایک بوونی ڕێبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان قاسملوە. لەم شەوەدا هەمووان چاوەڕێی بەڕێکردنی بوون یەڵدا بوون لەگەڵ دەربرینی گەپو خۆشی، بەڵام مەخابن دووبارەو دەبارە ئاخوندەکانی کۆماری سێدارە دەستی بەخوێن سوری گەیاندە بارەگای هێزەکانی دیموکراتو چەندین گەنجی خەڵتانی خوێن کرد. مەسجەکەی کۆماری بەناو ئیسلامی هەڵگری چەند پەیامێک بوو؛ یەکەم، جارێکی دیکە دڵنیایان دایەوە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە عیراق، کە هەمیشە و بەئاسانی دەتوانن هەموو لەمپەرەکانی سێکیوریتی دەسەڵاتی خۆجێی هەرێم ببڕنو تەراتێن بکەن بۆ لێدانی نەیارەکانیان لە هەر کوێیەکی ئەم خاکە بێت.
دووەم، ئەم کردەوە تیرۆریستییە لەم شەوە دیاریکراوەدا کە یادی لەدایک بوونی قاسملوی ڕیبەرە، دووبارە بریندارکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و زیندووکردنەوەی تیرۆری ڤیێنە. دوا پەیامیشی پێویستە هەڤاڵانی حزب هەڵوەستەی لەسەر بکەنو ددان بەوەدا بنێن، بەڵی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێت ئێوە بە دوو پارچەیی لاوازو بێ دەرەتانن لە ئاست هەر پێشهاتێکی ئێمەدا.
ئەوەی جێگەی ئەسەفە، هەردوو باڵی حزبی دیموکرات لەیادە کارەساتبارەکاندا هەماهەنگنو لە سەرنگەرێکدا دەبینرێن، بەڵام کە دێتە باری سیاسی ئەوا سپەیسێکی گەورە لە نێوانیاندا دەبینرێتو ڕوحی پێک هەڵکردنیان تا سەر ئێسقان داماڵراوە.
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم تیرۆرە ڕەشەی ڕژێمی ئێران بێندەنگ نەبێت و ئیدانەی بکات، هەروەک ئاشکرایە حزبی دیموکراتی کوردتسانی ئێران دروشمی ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلانی ئێران بەرزکردووەتەوەو بڕوایان بە دانوستانی دیموکراسیانە هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکان گەلانی ئێران. لەو نێوەشدا یەکییەتی نیشتمانی کوردستان تۆمەتباری سەرەکییە تا دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەو ڕاگەیاندنی بۆ ڕای گشتی.
ئەوەی پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی کوردیو گەلانی ئێران، ئەوەیە هەمووان بەیەک دەنگ بڵێین نا بۆ تیرۆری ڕەش، نا بۆ کۆماری سێدارە، بەڵی بۆ ئازادی، بەڵی بۆ دیموکراسی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست