میللەت لەنێوان کات کوشتنى پارتى و دوفاقیەتى یەکێتى دا
Tuesday, 20/12/2016, 21:20
ئەوەى کە ئێستا دەگوزەرێ و دەبینین پارتى کەوتۆتە خۆى بۆ سەردانى لایەنەکان ، تا هەموویان پێکەوە بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە دابنیشن و راوێژ و گفتوگۆ بکەن و چارەسەر و رێگە چارە بۆ قەیرانە دروستکراوەکە بدۆزنەوە، کە بەبڕواى هەمووان،جگە لەکات کوشتن و سەرقاڵکردنى خەڵک و حزبەکان هیچى دیکەى لێ شین نابێت، چونکە پارتى جگە لەپرۆژەو بەرنامەى خۆى، گوێ بەهیچ شتێک نادات و، هەموو سەرنج و رەخنە و تێینى و رێگە چارەى لایەنەکان بە شتێکى نا مەنتیقى و دژ بە بەرژەوەندى خۆى ئەبینێت.مەبەستى یەکەم وکۆتایى پارتى هێۆرکردنەوەى شەقامى کوردییە،تا ئەو فشار و زۆریەى لەسەریەتى ، بەهۆى ئەو دیدار و گفتوگۆیانەوە، تۆزێک بارى سەرشانى سووک بکات، هەمان کاتیش تا کاتى هەڵبژاردن خەڵک و حزبەکان بەو شتە بێ بایەخ و پڕو پووچەوە سەرقاڵ بکات ، لەژێریشەوە کار بۆ ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنى داهاتوودا براوەى یەکەم بێت. گەر نا ئەوەى کە پارتى دەیکات ئەوەى کە فازل میرانى بۆتە دەمڕاست وسەر پشکیان ،جگە لە دراما و نواندنێک هیچى دیکە نى یە، چونکە لە دەستپێکەوە نیەت و مەرامى پارتی روون و ئاشکرا بوو، پارتى بۆ ئەوەى زیاتر کات بکوژێت و رۆژگار بەهەدەر بدات،دێت بەچەند هەفتەیەک یەک دیدار ساز دەکات، ئەویش بۆلاى کێ بۆلاى لایەنەکانى دۆست و ژێردەستى خۆى،کە ئەمەش مەرامى تایبەتى لەپشتەو، بەئاشکراو بێ پەردە بە یەکێتى و گۆڕان و دژ بەرەکانى دەڵێت ،وەرگرتنى دیدو بۆچوونى ئەو حزبۆکانەمان لەئێوە پێ گرنگترە، کە هەموو باش دەزانن پرس و راوێژ لەگەڵ ئەو لایەنانەدا تەنها روکەشەو هیچى تر،سەربارى ئەوەش گەر پارتى نیەت و پەرۆشى چاکسازى و تێپەڕاندنى قەیرانەکانێتى ،ئەوا وەک رۆژى روون ئاشکرایە کە سەرتۆپى قەیرانەکان،تەواوى نەهامەتییەکانى کوردستان سەرچاوەکەى مەسعودە،دەى ناڵێت با لایەنەکان تا کاتى هەڵبژاردن سەرۆکێک دیارى بکەن، ئەى باشە گەر بەراستى ئەو قسەیە دەکات، با بەکرداریش واز لەپۆستەکەى بهێنێت دەسبەردارى کورسییەکەى بێت. نەک بەدەم شتێک بڵێت و بەکردەوەش شتێکى تر بکات.
کەس هەیە باوەڕ بەوە بێنێت کە مەسعود ئەو قسەیەى بەراست بێت، کەس هەیە هێندە خۆش باوەرٍِ بێت بڕوا بەوە بکات کە مەسعود و بنەماڵەکەى وا بەسووک و سانایى لەکورسى دەسەڵات دوور بکەونەوە.؟!مرۆڤ گەرسەرپێى تەماشاى هەڵوێست و کارە ناشایستەکانى پارتى بکات، کە چۆن دەستى گرتوە بەسەر هەموو خێر و بێرى وڵات ،کە پەنا دەباتە بەر ناشیرینترین کردەوە ئەویش برسیکردنى پیر و پەککەوتەو هەتیو وبێوەژنانە ،گەر لەرێکەوتنە پەنجا ساڵەیەکەى تورکیا بنواڕین ،گەر سەیربکەین چۆن مەسعود کوڕ و بنەماڵەکەى کردوە بەبەرپرس و دەسەڵاتدار و، رێگەى بۆ تەخت کردوون، ئەوا ئەگەینە ئەو راستیەى کە ئەگەر هەڵبژادنێکى پاک و بێ فرت و فێڵیش بکرێت،(کەشتێکى ئەستەم و محاڵە) پارتى و بنەماڵەش دۆڕاوبن و دەنگ نەهێنن،دیسان دەسبەردارى ئەو پۆست و کورسییە نابن مەگەر بە کودەتا و راماڵێن.
لەوسەریشەوە هاوپەیمانەکەى پارتى(یەکێتى) ئەویش چەشنى پارتى، بۆ خۆ رزگارکردن لە فشارو ناڕەزایى خەڵک دێت لەرێگەى بایکۆت و خۆپیشاندان و ناڕەزاییەوە خۆى لەو قەیرانە تەریک دەکات، لەژێرەوە وا نیشان دەدات کە تەواوى کێشەو نەهامەتییەکان هۆکارەکەى پارتى یە، گەرنا یەکێتى لە بەرەى گەلدایەو پەرۆشى ژیانى سیاسى ئابورى کۆمەڵایەتى خەڵکە، لەسەرەوە بۆخۆڵکردنە چاوى خەڵک دێت لەرێگەى پەرلەمانتارانى بەغدا شتێک دەڵێن کە میللەت پێى خۆش بێت،لەژێریشەوە بەجۆرێکى دیکە رەفتار دەکەن ،کەبەقازانجى پارتى بێت،گەرنا ئەویش مەبەست و ئامانجى کات کوشتن و خۆدزینەوە لە خواست و داواکارى خەڵک نى یە، خۆ تەواوى ئەو نەوتەى کە خەڵک دەڵێن پارتى و ئاشتى هەورامى بازرگانى پێوەدەکات ،لەسەدا هەشتا و پترى لەبن دەستى یەکێتى یەوە دەخرێتە بەر دەستى پارتى و رەوانەى تورکیا دەکرێت، ئەمەیان چەندى بەچەند؟ لەوەش زیاتر دانانى قوباد وەک جێگرى نێچیر تەنها هەر بۆ ئەوەیە کە لەگرێبەست وشیرینى نەوت و فرۆشتنى ئاگادار بێت و واژوى بکات،گەرنا قوباد جگە لەفەرمانبەرێکى سادە هیچى تر نى یەو ناتوانێت بچوکترین فەرمانبەر دابمەزرێنێت و لەتوانایدا نى یە یەک دینار بەبێ پرسى نێچیر ببەخشێت.
یەکێتیش چ بنەماڵەى تاڵەبانى و چ سەرانى، هاوشێوەى پارتى گاڵتەیان بەو کارەى پارتى و چاکسازى و دەستاو دەست کردنى دەسەڵات دێت، ئەوانیش دەخوازن تا کاتى هەڵبژاردن رەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت،خەڵک بەو بەیت و بالۆرە و قسە و درۆکانى مەلابەختیار سەرمەست بکەن،بە سیناریۆى ناکۆکیەکانى خۆیان خەڵک لەپرسە هەنوکەییەکان دوور بخەنەوە.چەند ساڵێکیش بەو سیاسەتە چەواشەکاریە بیبەنە سەر.میللەتیش کە قوربانى یەکەمەو،زیان مەندى گەورەیە ،بۆخۆى پاڵى لێداوەتەوە بۆتە تەماشاکار،مێش میوانى نى یە ،تەنها دووراو دوور پرتەو بۆڵە دەکات و، جارجارێکیش بۆ چەند کاتژمێرێک بایکۆت و خۆپیشاندان ئەکات.کە هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت ویەک زەڕە ترسى بۆ سەر دەسەڵات نىیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست